Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم تیمۆساوس 1-6

لە پۆڵسەوە کە نێردراوی عیسای مەسیحە بە فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و عیسای مەسیحی هیوامان،

بۆ تیمۆساوس، کوڕی ڕاستەقینەم لە باوەڕدا:

با نیعمەت[a] و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.

مەترسی فێرکردنی جیاواز

کاتێک بۆ ناوچەی مەکدۆنیا چووم، لێت پاڕامەوە لەوێ لە شاری ‏ئەفەسۆس بمێنیتەوە، تاکو خەڵکێک ڕاسپێری فێرکردنێکی جیاواز[b] نەدەن و گوێ نەدەنە ئەفسانە و ڕەچەڵەکی بێ کۆتایی، چونکە دەمەقاڵەی لێ دەکەوێتەوە، لەبری پلانی خودایی ئەوەی لە باوەڕە. ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە[c]: خۆشەویستییە لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی. هەندێک لەمانە لایانداوە، بەلای قسەی پووچدا ڕۆیشتوون، دەیانەوێ ببنە مامۆستای تەورات، هەرچەندە ئەوەی دەیڵێن و دەیچەسپێنن تێیناگەن.

بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت، هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان، 10 داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت، 11 بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە.

سوپاسکردن بۆ بەزەیی خودا

12 سوپاسی عیسای مەسیحی گەورەمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم. 13 کە جاران کفرکار و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام بەزەیی پێم هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی کردوومە. 14 نیعمەتی مەسیحی گەورەمان لەناو مندا سەرڕێژ بوو، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەست دێت.

15 ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە. 16 بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 17 با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.

18 کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە جەنگێکی باش بجەنگی، 19 دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە. هەندێک ڕەتیان کردەوە، جا لەلایەنی باوەڕەوە کەشتییان تێکشکا[d]، 20 لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن.

نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک

بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو ژیانێکی ئاشتییانە و بە هێمنی بژین، بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە. ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن، چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش[e] لە کاتی گونجاو بوو. بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.

جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە بێ تووڕەیی و مشتومڕ.

ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە[f] بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، 10 بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.

11 ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. 12 ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت[g]، بەڵکو لە هێمنیدا بێت، 13 چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. 14 هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. 15 بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.

مەرجەکانی چاودێر

ئەم قسەیە ڕاستە: ئەگەر یەکێک چاوی لە چاودێری بێت، حەزی لە چاکەکارییە. چاودێر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، وریا، ژیر و بەڕێز، میوان دۆست بێت، بتوانێت خەڵک فێربکات، سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، بەڵکو دڵنەرم بێت، ناکۆکی نەکات، حەزی لە پارە نەبێت. خێزانەکەی باش بەڕێوە ببات، منداڵەکانی بەوپەڕی ڕێزەوە ملکەچ بن. ئەگەر کەسێک نەزانێت خێزانەکەی بەڕێوە ببات، چۆن چاودێری کڵێسای خودا دەکات؟ تازە نەبێت لە باوەڕ، نەوەک لووتبەرز بێت و بکەوێتە سزای شەیتان. دەبێت ناوبانگی باش بێت لەلای ئەوانەی لە دەرەوەن، نەوەک قسەی بێتە سەر و بکەوێتە بەر داوی شەیتان.

مەرجەکانی خزمەتکار

خزمەتکارانیش دەبێت بەڕێز بن، دوو زمان نەبن، شەراب زۆر نەخۆنەوە، چاویان لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، بە ویژدانێکی پاک نهێنی باوەڕ بپارێزن. 10 با یەکەم جار تاقی بکرێنەوە، کە بێ گلەیی بوون، با وەک خزمەتکار[h] خزمەت بکەن.

11 ژنەکانیش دەبێت بەڕێز بن، بوختانکەر نەبن، وریابن، لە هەموو شتێکدا دڵسۆز بن.

12 با خزمەتکار مێردی یەک ژن بێت، ماڵ و منداڵیان باش بەڕێوە ببەن، 13 چونکە ئەوانەی باش خزمەتیان کردووە، پلەیەکی باش و متمانەیەکی زۆر لە باوەڕیان بە عیسای مەسیح بەدەستدەهێنن.

گەورەترین نهێنی

14 هەرچەندە هیوادارم زوو بێمە لات، بەڵام ئەمانەت بۆ دەنووسم، 15 تاکو، ئەگەر دواکەوتم، بزانی لە ماڵی خودا خەڵک چۆن ڕەفتار بکەن، ئەوەی کڵێسای خودای زیندووە، کۆڵەکە و بناغەی ڕاستی. 16 بە دانپێدانانی گشتی، نهێنی لەخواترسی گەورەیە، ئەمەیە:

«ئەو لە جەستەدا دەرکەوت،
        لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە پاکانەی بۆ کرا،
لەلایەن فریشتەکانەوە بینرا،
        لەنێو نەتەوەکان جاڕی بۆ درا،
لە جیهاندا باوەڕی پێ هێنرا،
        لە شکۆمەندی بەرزکرایەوە.»

فێرکارانی دووڕوو و درۆزن

ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ، لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک لە باوەڕ هەڵدەگەڕێنەوە، شوێنی ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون، لە دووڕوویی درۆزنان، ویژدانیان داخکراوە. هاوسەرگیری قەدەغە[i] دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت. هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە، چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.

خزمەتکاری باشی مەسیح

ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، بە وشەکانی باوەڕ و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت، ئەوەی شوێنی دەکەویت. ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام مەشق بکە لەسەر لەخواترسی. وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.

ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی تەواو پەسەندکردنە. 10 بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، کە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران.

11 بەم شتانە ڕاسپێرە و فێر بکە. 12 با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە نموونەی باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. 13 هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. 14 ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.

15 بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت. 16 ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.

شێوەی هەڵسوکەوتی باوەڕداران

پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە، گەنجانیش وەک برا، پیرێژن وەک دایک، کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.

دەربارەی بێوەژنان

ڕێز لەو بێوەژنانە[j] بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن. بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا. بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە. بەڵام ئەوەی بە چێژ دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. جا ئەمانەیان ڕاسپێرە تاکو بێ گلەیی بن. بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.

ئەگەر بێوەژن تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت لە لیست بنووسرێت، 10 بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.

11 بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک زەوقیان هەستێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن. 12 ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە[k]. 13 هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی شتێک دەکەن کە پێویست نییە. 14 بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت، ماڵ بەڕێوە ببەن، دەرفەتێک نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان، 15 چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.

16 ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.

پیرانی کۆمەڵە

17 ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن[l]، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن، 18 چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،][m] هەروەها: [کارگەر شایانی کرێی خۆیەتی.][n] 19 سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت. 20 ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتی بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن.

21 لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە، شتێک مەکە بە دەمارگیرییەوە.

22 بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ، بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.

23 ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو هەندێک شەراب بەکاربهێنە لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت.

24 هەندێک گوناهەکانیان ئاشکرایە، پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێک دوایان دەکەوێت. 25 بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.

بابەتی کۆیلە

هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان، با وا دابنێن گەورەکانیان شایانی ئەوپەڕی ڕێزن، تاکو کفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت. ئەوانەی گەورەکانیان باوەڕدارن با سووکایەتییان پێ نەکەن، چونکە بران، بەڵکو زیاتر خزمەتیان بکەن، چونکە ئەوانەی سوود لە خزمەتیان وەردەگرن باوەڕدار و خۆشەویستن.

جا ئەمانەیان فێربکە و هانیان بدە.

خۆشەویستی پارە

ئەگەر یەکێک بە فێرکردنێکی دیکە خەڵک فێردەکات کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی دروستی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و لەگەڵ ئەو فێرکردنەی لەسەر لەخواترسی ڕاوەستاوە، ئەوا لووتبەرزە و هیچ تێناگات، حەز لە شەڕەقسە و دەمەقاڵێ دەکات کە دەبێتە هۆی چاوپیسی، ناکۆکی، بوختان، گومانی خراپ و ململانێ. ئەمانەش ئەو کەسانە دەیکەن کە بیریان خراپ بووە و ڕاستییان لێ ون بووە، لەخواترسی بە بازرگانی دادەنێن.

ڕاستە لەخواترسی ئەگەر بە قایلبوون بێت قازانجێکی گەورەیە. لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە. جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین. بەڵام ئەوانەی حەز دەکەن دەوڵەمەند بن، دەکەونە تاقیکردنەوە و داوەوە، هەروەها دەکەونە زۆر ئارەزووی گەوج و زیانبەخش کە وا دەکات مرۆڤ تێبکەوێت و لەناوبچێت. 10 لەبەر ئەوەی خۆشەویستی پارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک. هەندێک کەس بەدوایدا گەڕان ون بوون لە باوەڕیان و خۆیان تووشی ئازارێکی زۆر کرد.

تێکۆشانی باوەڕ

11 بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ. 12 لە تێکۆشانی باوەڕدا باش تێبکۆشە، دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک باش دانت پێدا ناوە لەبەردەم شایەتی زۆردا. 13 ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی، 14 کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، 15 ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان، 16 تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.

17 دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕاسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین. 18 ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن، ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن، 19 بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێک بەدەستدەهێنن کە ڕاستەقینەیە.

20 تیمۆساوس، سپاردەکە[o] بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست، 21 کە هەندێک کردیانە پیشە و سەبارەت بە باوەڕ گومڕا بوون.

با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.