Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کۆلۆسی 1-4

لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،

بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری کۆلۆسی، ئەو خوشک و برا دڵسۆزانەی کە لەگەڵ مەسیح یەکن:

با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمانەوە لەگەڵتان بێت.

سوپاس و نوێژکردن

کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین، چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە. ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە دەرئەنجامی ئەو هیوایەیە کە لە ئاسماندا بۆتان دانراوە، ئەوەی پێشتر لە پەیامی ڕاستی ئینجیل بیستتان، کە گەیشتە لاتان. وەک هەموو جیهان[b]، ئەم بەرهەمدارە و لەنێواتاندا زیاد دەکات، لەو ڕۆژەوەی نیعمەتی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان. وەک لە ئەپەفراسی هاوکاری خۆشەویستمان فێربوون، کە لە پێناوتاندا خزمەتکارێکی دڵسۆزە بۆ مەسیح و باسی خۆشەویستی ئێوەی کرد لە ڕۆحی پیرۆزدا.

لەبەر ئەم هۆیە ئێمەش لەو ڕۆژەی بیستمان بێ وەستان لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکەین و داواکارین، تاکو پڕبن لە زانینی خواستی ئەو، بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنی ڕۆحی، 10 تاکو بە شێوەیەک بژین کە شیاوی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت و بە تەواوی جێگای ڕەزامەندی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و لە ناسینی خودا گەشە بکەن. 11 با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە 12 سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەش بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا. 13 خودای باوک لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە، 14 بەهۆی ئەویشەوە کڕدراینەوە[c]، واتە لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت.

عیسا وێنەی خودای نەبینراوە

15 کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە[d] و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، 16 چونکە بەهۆی ئەوەوە هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی بەهۆی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. 17 ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەهۆی ئەوەوە یەکیگرتووە. 18 ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، 19 چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت، 20 لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە، بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.

21 ئێوە پێشتر لە خودا دابڕابوون و دوژمن بوون لە بیرکردنەوە بە خراپەکاری، 22 بەڵام ئێستا بەهۆی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح بە مردن ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ گلەیی پێشکەشتان بکات، 23 ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی لە هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار.

تێکۆشانی پۆڵس بۆ باوەڕداران

24 ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو[e] دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە. 25 من بووم بە خزمەتکاری کڵێسا بەپێی ئەو ئەرکەی کە لەلایەن خوداوە پێم سپێردراوە، تاوەکو تەواوی پەیامەکەی خوداتان پێ ڕابگەیەنم، 26 ئەم نهێنییەی لە ڕۆژگارەکانەوە و بە درێژایی نەوەکان شاردراوە بوو، بەڵام ئێستا بۆ گەلی پیرۆزی خودا ئاشکرا کرا. 27 پلانی خودا ئەوەیە کە دەوڵەمەندی شکۆی نهێنییەکە بۆ گەلی خودا لەنێو نەتەوەکاندا ئاشکرا بکات، نهێنییەکەش ئەوەیە کە مەسیح لە ناخی دڵماندایە، ئەمەش هیوای شکۆداربوونە.

28 ئێمە ئەو ڕادەگەیەنین، هەموو کەسێک ئاگادار دەکەینەوە و بەوپەڕی داناییەوە فێریان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەر یەکێکیان وەک کەسێکی پێگەیشتوو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بهێنینە بەردەم خودا. 29 بۆ ئەمەش ماندوو دەبم و تێدەکۆشم، بەگوێرەی کارەکەی کە بەهێزەوە لە مندا کار دەکات.

دەمەوێ بزانن چ خەباتێک دەکەم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکییان و هەموو ئەوانەی ڕووبەڕوو منیان نەبینیوە، تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتە مەسیح، لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە. ئەمە دەڵێم تاکو کەس بە قسەی لووس چەواشەتان نەکات. هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵتانم، دڵشادم کاتێک ڕێکی و چەسپاوی باوەڕتان بە مەسیح دەبینم.

تەواوەتی مەسیح

ئیتر هەروەک چۆن عیسای مەسیحتان بە گەورەی خۆتان وەرگرتووە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەو بەردەوام بن لە ژیان، لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون چەسپاو بن لە باوەڕدا، هەروەها با دڵتان پڕ لە سوپاسگوزاری بێت.

ئاگاداربن کەس بە فەلسەفەی پووچ و هەڵخەڵەتێنەر دیلتان نەکات، کە پشت بە نەریتی خەڵک و بنەما بنەڕەتییەکانی جیهان دەبەستێت، نەک بە مەسیح.

خودا بە هەموو پڕیی خۆی لە جەستەی مەسیحدا نیشتەجێ بووە، 10 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە. 11 هەروەها بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا ئێوە خەتەنەیەک کراون کە بە دەستی مرۆڤ ناکرێت. پێشتر تەواوی سروشتە گوناهبارەکەتان لەلایەن جەستەوە بەڕێوەدەبردرا، بەڵام کاتێک ئێوە لەلایەن مەسیحەوە خەتەنە کران[f]، سروشتە گوناهبارەکە داماڵرا. 12 لە کاتی لە ئاو هەڵکێشانتان لەگەڵ ئەودا نێژران، لەگەڵ ئەویش هەستانەوە بەهۆی باوەڕتان بە توانای خودا، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.

13 ئێوەش کە بەهۆی گوناه و خەتەنە نەکردنی جەستەتان مردبوون، خودا لەگەڵ مەسیحدا زیندووی کردنەوە، لە هەموو گوناهەکانمان خۆشبوو. 14 ئەو تۆمارەی سڕییەوە[g] کە لە ئەرکەکاندا لەسەرمان بوو، لە دژی ئێمە بوو، لەم نێوەندە هەڵیگرت و بە خاچەوە بزمارکوتی کرد. 15 سەرۆکەکان و دەسەڵاتدارانی چەککرد و بە ئاشکرا کردنییە پەند، لە خاچدا بەسەریاندا زاڵبوو.

16 بۆیە با کەس لە خواردن و خواردنەوە یان لەبارەی جەژن یان ئاهەنگی دەستپێکی مانگ یان شەممە حوکمتان نەدات. 17 ئەمانە سێبەری داهاتوون، بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە. 18 مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە. 19 ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.

20 ئەگەر سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا بژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن: 21 «مەیگرە! تامی مەکە! دەستی لێ مەدە!»؟ 22 ئەمانە هەموویان ئەرکی تایبەتن بەو شتانەی کە لەناودەچن، تەنها چەند یاسا و فێرکردنێکن کە خەڵک دایناون. 23 بە ڕواڵەت شێوەی داناییان هەیە، لە پەرستنی هەڵبەستراو[h] و خۆدەرخستن بە بێفیزی و توندوتیژی جەستە، بەڵام ئەوانە لە دامرکاندنەوەی هەوەسەکانی جەستە کاریگەرییان نییە.

باوەڕدار و مەسیح

لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە. بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین، چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە. کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون.

کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەس، ئارەزووی بەد، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی، بەهۆیانەوە تووڕەیی خودا دێتە سەر یاخیبووان. ئێوەش جاران ئاوا هەڵسوکەوتتان دەکرد، کاتێک تێیاندا دەژیان. بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان. لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و 10 مرۆڤێکی نوێتان لەبەرکردووە، ئەوەی بەگوێرەی وێنەی بەدیهێنەرەکەی بە ناسینی نوێ بووەتەوە. 11 لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنە نەکراو، بەربەری[i] و سکیسی[j]، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە.

باوەڕدار و کڵێسا

12 بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆز و خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتن لەبەر بکەن. 13 بەرگەی یەکتری بگرن، ئەگەر یەکێک سکاڵای لەسەر یەکێک هەبوو، گەردنی یەکتری ئازاد بکەن. وەک مەسیحی باڵادەست لێتان خۆشبوو، ئێوەش لێیان خۆشبن. 14 لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە خۆشەویستی لەبەر بکەن، کە لە یەکێتییەکی تەواودا هەموویان دەبەستێتەوە.

15 با ئاشتی مەسیح حوکمی دڵتان بکات، کە بۆ ئەمە بانگکران لە یەک لەشدا، هەروەها سوپاسگوزار بن. 16 با پەیامی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی دانایی یەکتری فێر بکەن و ئاگادار بکەنەوە، بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بە سوپاسگوزاری لە دڵتاندا گۆرانی بۆ خودا بڵێن. 17 هەر شتێک دەڵێن و دەیکەن، هەمووی بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بیکەن، لە ڕێگەی عیساوە سوپاسی خودای باوک بکەن.

باوەڕدار و خێزان

18 ئەی ژنەکان، ملکەچی مێردەکانتان بن، وەک لە شوێنکەوتووی مەسیح دەوەشێتەوە.

19 ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، لەگەڵیان ڕەق مەبن.

20 ئەی منداڵان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە ئەمە جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.

21 ئەی باوکەکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، نەوەک نائومێد بن.

باوەڕدار لە کارکردن

22 ئەی کۆیلەکان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی گەورەکانی ئەم جیهانەتان بن، نەک تەنها ئەو کاتەی کە چاودێریتان دەکەن بۆ ئەوەی لێتان ڕازی بن بەڵکو دڵسۆزانە چونکە ئێوە لە مەسیحی گەورەکەتان دەترسن. 23 هەر چییەک دەکەن، بە دڵ بیکەن، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بۆ خەڵکی، 24 بزانن لەلایەن مەسیحەوە پاداشتی میرات وەردەگرن، چونکە خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ دەکەن. 25 بەڵام ئەوەی کاری خراپ بکات سزای خراپەی خۆی وەردەگرێت، خودا لایەنگری ناکات.

ئەی گەورەکان، لەگەڵ کۆیلەکان دادپەروەر و یەکسان بن، بزانن ئێوەش گەورەتان هەیە لە ئاسمان.

هاندان بۆ نوێژکردن

پەیوەست بن بە نوێژکردنەوە، بە سوپاسەوە ئێشکی لێ بگرن. بۆ ئێمەش نوێژ بکەن کە خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ پەیامەکە، بۆ ئەوەی نهێنی مەسیح ڕابگەیەنین، لەبەر ئەمەش گیراوم، تاکو ئاشکرای بکەم وەک پێویستە بدوێم. بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە. قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە.

سڵاوی کۆتایی

تیخیکۆس هەموو هەواڵێکی منتان دەداتێ، برایەکی خۆشەویست و خزمەتکارێکی دڵسۆز و هاوکاری ئێمەیە لە خزمەتکردنی مەسیحی باڵادەستدا. بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە، لەگەڵ ئۆنسیمۆسی برای خۆشەویست و دڵسۆز، ئەوەی لە خۆتانە، ئەوان هەواڵی هەموو شتێکی ئێرەتان دەدەنێ.

10 ئەریستارخۆسی هاوڕێی بەندیێتیم سڵاوتان لێدەکات، مەرقۆسی ئامۆزای بەرناباسیش. دەربارەی ئەو ڕاسپاردەتان وەرگرتووە. ئەگەر هاتە لاتان پێشوازیی لێ بکەن. 11 هەروەها عیسا کە بە یوستۆس ناودەبردرێت، ئەویش سڵاوی بۆتان هەیە. تەنها ئەمانە لەنێوان هاوکارانم بۆ شانشینی خودا لە جولەکەکانن[k]، ئەوانەی بوونە هاندەرم. 12 ئەپەفراسی بەندەی عیسای مەسیح، ئەویش لە خۆتانە و سڵاوتان لێدەکات، هەردەم لە نوێژەکانیدا لە پێناوتاندا تێدەکۆشێت، تاکو لە تەواویدا بچەسپێن و تەواو دڵنیا بن لە هەموو خواستی خودا. 13 شایەتیی بۆ دەدەم کە زۆر ماندوو دەبێت بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شارەکانی لاودیکییان و هیراپۆلیسن. 14 لۆقای پزیشکی خۆشەویست و دیماس سڵاوتان لێدەکەن. 15 سڵاو بکەن لە خوشکان و برایانی لاودیکییا و نیمفاس[l] و ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیەتی.

16 کاتێک ئەم نامەیەتان بۆ خوێنرایەوە، وابکەن لە کڵێسای لاودیکییەکانیش بخوێنرێتەوە، ئەوەی هی لاودیکییاشە ئێوە بیخوێننەوە.

17 بە ئەرخیپۆس بڵێن: «سەیری ئەو خزمەتە بکە کە لە مەسیحی باڵادەستەوە وەرتگرتووە، تاکو تەواوی بکەیت.»

18 من پۆڵسم، سڵاوەکە دەستخەتی خۆمە. یادی کۆتەکانم بکەن. نیعمەت لەگەڵتان بێت.

فلیمۆن

لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،

بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و خوشکە ئەپفییە و ئەرخیپۆس کە سەربازە لەگەڵمان، هەروەها بۆ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەتدا کۆدەبنەوە:

با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

خۆشەویستی و باوەڕی فلیمۆن

هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم، چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە. نوێژ دەکەم کە باوەڕی هاوبەشمان کاریگەر بێت لە زانینی هەموو چاکەیەک کە لە پێناوی مەسیحدا بەشداری دەکەین. ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە.

داواکاری پۆڵس

بۆیە هەرچەندە بەهۆی مەسیحەوە مافم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم، بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم، 10 داواکارییەکم لێت هەیە سەبارەت بە ئۆنسیمۆسی[b] کوڕم، ئەوەی لە بەندیخانە لە ڕێگەی منەوە باوەڕی هێنا. 11 پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆ هەیە.

12 ئەو دەنێرمەوە لات، کە جگەرمە. 13 حەزم دەکرد لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتی منی کۆت و بەندکراو لە پێناوی مزگێنی مەسیح بکات. 14 بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندی تۆ شتێک بکەم، تاکو چاکەکەت بە خواستەوە بێت نەک بە ناچاری. 15 لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەک لێت دوور کەوتەوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە بگەڕێتەوە لات، 16 جا لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆیلە نییە، بەڵکو لە کۆیلە باشترە، برایەکی باوەڕداری خۆشەویستە. ئەگەر برایەکی خۆشەویست بێت بۆ من، ئاخۆ چەند زیاتر دەبێت بۆ تۆ، کە بە لەش وەک مرۆڤ و لەگەڵ عیسای مەسیح وەک برا هاوبەشن.

17 لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆ من بە هاوبەش دادەنێیت، وەک من وەریبگرەوە. 18 ئەگەر خراپەیەکی لەگەڵ کردوویت یان قەرزێکت بەسەرییەوە هەیە، لەسەر منی بنووسە. 19 من پۆڵسم، بە دەستی خۆم نووسیومە، من دەیدەمەوە. نامەوێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قەرزاری منی. 20 برا گیان، لە پێناوی گەورەمان ئەم چاکەیەم لەگەڵ بکە، بە مەسیح دڵخۆشم بکە. 21 ئەمەت بۆ دەنووسم، چونکە دڵنیام گوێڕایەڵ دەبیت و دەزانم کە زیاتر لەوە دەکەیت کە داوات لێدەکەم.

سڵاوی کۆتایی

22 لەگەڵ ئەمەشدا، ژووری میوانداریم بۆ ئامادە بکە، چونکە هیوادارم بەهۆی نوێژەکانتانەوه بە ئێوە ببەخشرێم.

23 ئەپەفراس کە لە پێناوی عیسای مەسیحدا لەگەڵ مندا بەند کراوە، سڵاوت لێدەکات، 24 هەروەها مەرقۆس و ئەریستارخۆس و دیماس و لۆقا، کە هاوکارمن.

25 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.