Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 27-28

گەشتی پۆڵس بەرەو ڕۆما

27 کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک لە سوپای ئیمپڕاتۆر ناوی یولیۆس بوو. سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین، کە بەتەمابوو بە چەند شوێنێکی ئاسیادا بڕوات، جا بەڕێکەوتین. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، خەڵکی سالۆنیکییا.

بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن. ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو. کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین. لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین. کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەرلمۆن ڕۆیشتین. بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە.

لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر گەشتی دەریایی ترسناک بوو چونکە ڕۆژی کەفارەت[a] بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و 10 پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.» 11 بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس. 12 لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا.

گەشتێکی ترسناک

13 کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین. 14 بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و 15 کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد. 16 تۆفانەکە بەرەو ئێمەی پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە. 17 کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی[b] سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان[c] دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد. 18 بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد. 19 لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا. 20 ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.

21 کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لەناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون. 22 ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، کەشتییەکە نەبێت، 23 چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم هاتە لام، 24 گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و ئەوەتا خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“ 25 کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم. 26 بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»

27 لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە. 28 کە پێوایان بینییان بیست باڵایە[d]. کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە. 29 دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت. 30 کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە. 31 پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.» 32 ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.

33 کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن، گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن. 34 بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.» 35 کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد. 36 ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد. 37 ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین. 38 کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.

تێکشکانی کەشتییەکە

39 کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن. 40 ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن. 41 بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.

42 پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت. 43 بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس ڕزگار بکات، پلانەکەی ڕاگرتن، فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار ئەوان خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی. 44 ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە. ئیتر هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.

لە دوورگەی ماڵتا

28 کە ڕزگارمان بوو زانیمان ئەو دوورگەیە پێی دەگوترێ ماڵتا. دانیشتووانەکەی چاکەیەکی لە ڕادەبەدەریان لەگەڵ کردین، چونکە ئاگریان بۆ کردینەوە و پێشوازییان لە هەموومان کرد، لەبەر ئەو باران و سەرمایەی لێیدابووین. پۆڵس هەندێک چیلکەی کۆکردەوە و خستییە ئاگرەکە، تیرەمارێک لەبەر گەرماییەکە دەرپەڕی و خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی. کاتێک خەڵکەکە تیرەمارەکەیان بینی خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی بوو، بە یەکتریان گوت: «بێگومان ئەم کابرایە بکوژە، هەرچەندە لە دەریا ڕزگاری بوو، دادپەروەری نەیهێشت بژیێت.» بەڵام پۆڵس تیرەمارەکەی ڕاوەشاندە ناو ئاگرەکە و تووشی هیچ زیانێک نەبوو. ئەوانیش چاوەڕێیان دەکرد بئاوسێت یان لەناکاو بە مردوویی بکەوێت. بەڵام زۆر چاوەڕێیان کرد و بینییان هیچی بەسەرنەهات، ئەوسا بیروڕایان گۆڕی و سەبارەت بە پۆڵس گوتیان: «ئەمە خوداوەندێکە!»

دەوروبەری ئەو شوێنە زەوی و زاری پیاوگەورەی دوورگەکە بوو کە ناوی پۆبلیۆسە، ئەو پێشوازی لێکردین و سێ ڕۆژ بە خۆشییەوە میوانداری کردین. وا ڕێککەوت باوکی پۆبلیۆس کەوتبوو، تا و سکچوونی هەبوو. پۆڵس چووە لای و نوێژی کرد، دەستی لەسەر دانا و چاکیکردەوە. کاتێک ئەمە ڕوویدا، نەخۆشەکانی دیکەی دوورگەکە دەهاتن و چاک دەبوونەوە، 10 ئیتر بە زۆر شێوە ڕێزیان گرتین، کە بەڕێکەوتین هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردین.

لە ماڵتاوە بۆ ڕۆما

11 دوای سێ مانگ بە کەشتییەکی ئەسکەندەری بەڕێکەوتین، کە زستانی لە دوورگەکە بەسەربرد بوو، وێنەی دووانەی[e] لەسەر بوو. 12 کاتێک لە سیراکۆسا دابەزین سێ ڕۆژان ماینەوە. 13 ئینجا لەوێ ڕۆیشتین و گەیشتینە ڕیگیۆم. بۆ بەیانی بای خواروو هەڵیکرد، لە ڕۆژی دووەم هاتینە پوتیولی. 14 لەوێ برایانمان دۆزییەوە، داوایان لێکردین هەفتەیەک بمێنینەوە. بەم شێوەیە هاتینە ڕۆما. 15 لەوێوە کە برایان هەواڵی ئێمەیان بیست، تاکو گۆڕەپانی ئەپیۆس[f] و سێ خانەکە[g] هاتنە پیشوازیمان. کاتێک پۆڵس بینییانی سوپاسی خودای کرد و ورەی بەرزبووەوە. 16 کاتێک گەیشتینە ڕۆما، ڕێگا بە پۆڵس درا بە تەنها لەگەڵ ئەو سەربازەی پاسەوانی دەکرد نیشتەجێ بێت.

17 دوای سێ ڕۆژ پۆڵس پێشەوایانی ڕابەرانی جولەکەی بانگکرد، کاتێک کۆبوونەوە پێی گوتن: «برایان، هەرچەندە هیچم لە دژی گەلەکەمان و نەریتی باوباپیرانمان نەکردووە، لە ئۆرشەلیم گیرام و درامە دەستی ڕۆمانییەکان. 18 لێکۆڵینەوەیان لەگەڵم کرد ویستیان ئازادم بکەن، چونکە هۆیەکیان بۆ کوشتنم نەدۆزییەوە. 19 بەڵام جولەکە ناڕازی بوون و منیش ناچار بووم داواکارییەکەم بدەمە قەیسەر، بۆ شتێکم نەبوو سکاڵا لە گەلی خۆم بکەم. 20 لەبەر ئەوە داوام کرد بتانبینم و قسەتان لەگەڵ بکەم، چونکە لە پێناوی هیوای ئیسرائیل ئەم زنجیرەم پێوەیە.»

21 وەڵامیان دایەوە: «دەربارەی تۆ نامەمان لە یەهودیاوە وەرنەگرتووە، کەسیش لە برایان نەهاتووە تاکو دەربارەی تۆ هەواڵمان بداتێ یان بە خراپە باست بکات. 22 بەڵام پێمان خۆشە گوێمان لێت بێت تۆ چۆنی دەبینیت، چونکە سەبارەت بەم ڕێبازە دەزانین لە هەموو شوێنێک بەربەرەکانێی دەکرێت.»

23 ڕۆژێکیان بۆ دیتنی پۆڵس دیاری کرد و زۆر کەس هاتنە ماڵەکەی. ئەویش لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە بۆیانی ڕوون دەکردەوە و شایەتی بۆ پاشایەتی خودا دەدا، هەوڵی دەدا بە تەوراتی موسا و پەڕتووکی پێغەمبەران دەربارەی عیسا قەناعەتیان پێ بهێنێت. 24 جا هەندێکیان بەو قسانەی قایل بوون، هەندێکیش باوەڕیان نەکرد. 25 ئینجا بە جیاوازی بیروڕاوە ئەوێیان بەجێهێشت کاتێک پۆڵس دوایین قسەی بۆ کردن: «ڕۆحی پیرۆز لە ڕێگەی ئیشایا پێغەمبەرەوە ڕاستی بە باوباپیرانتان فەرمووە:

26 «[بڕۆ لای ئەم گەلە و پێی بڵێ:
”ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
    ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن!“
27 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
    گوێیان قورس بووە،
    چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
    بە گوێیان ببیستن و
    بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.][h]

28 «با لەلاتان زانراو بێت، ڕزگاریی خودا بۆ نەتەوەکان نێردرا، ئەوانیش گوێ دەگرن.» ⌟ 29 کاتێک ئەمەی گوت، جولەکەکان ڕۆیشتن و دەمەقاڵێیەکی زۆریان هەبوو.⌞

30 پۆڵس دوو ساڵی تەواو لەو ماڵەی بە کرێی گرتبوو مایەوە، پێشوازی لە هەموو ئەوانە دەکرد کە دەهاتنە لای، 31 بەوپەڕی ئاشکرایی و بێ کۆسپ شانشینی خودای ڕادەگەیاند و سەبارەت بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خەڵکی فێردەکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.