Chronological
پێشوازی لە یەکتری بکەن
14 ئەوەی لە باوەڕدا لاوازە پێشوازیی لێ بکەن، بەبێ حوکمدانی بیروڕاکان. 2 هەیە باوەڕی بەوەیە هەموو شتێک بخوات، بەڵام ئەوەی باوەڕی لاوازە تەنها سەوزە دەخوات. 3 با بخۆر سووکایەتی بە نەخۆر نەکات، نەخۆریش بخۆر تاوانبار نەکات، چونکە خودا پێشوازی لێکردووە. 4 تۆ کێی تاکو خزمەتکاری کەسێکی دیکە حوکم بدەیت؟ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی خزمەتکار لە خزمەتەکەیدا پەیوەندی بە گەورەکەیەوە هەیە، بەڵام سەردەکەوێت چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ دەتوانێت سەریبخات.
5 کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژێکی دیکە بە پیرۆزتر دادەنێت، کەسێکی دیکە هەموو ڕۆژێک لەبەرچاو دەگرێت. با هەریەکە لە بیروڕای خۆی دڵنیابێت. 6 ئەوەی بایەخ بە ڕۆژ دەدات بۆ یەزدان بایەخ دەدات. ئەوەی گوشت دەخوات بۆ یەزدان دەیخوات، چونکە سوپاسی خودا دەکات. ئەوەش کە ناخوات بۆ یەزدان ناخوات و سوپاسی خودا دەکات، 7 لەبەر ئەوەی کەسمان بۆ خۆی ناژیێت، کەسیش بۆ خۆی نامرێت. 8 لەبەر ئەوەی ئەگەر بژین بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ دەژین، ئەگەر بشمرین لە پێناوی ئەو دەمرین. کەواتە بژین یان بمرین، ئێمە هی مەسیحین. 9 هەر لەبەر ئەم هۆیە مەسیح مرد و زیندووبووەوە تاکو ببێتە گەورەی زیندووان و مردووان.
10 ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین، 11 چونکە نووسراوە:
[یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم،
هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات،
هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.][a]
12 کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.
لێپرسراوین بەرامبەر بە یەکتری
13 لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم برا دانەنرێت. 14 بەهۆی عیسای خاوەن شکۆوە دەزانم و دڵنیام کە هیچ شتێک لە خۆیدا گڵاو نییە، مەگەر یەکێک بە گڵاوی بزانێت، ئەوە لە لای ئەو گڵاوە. 15 ئەگەر بەهۆی خۆراکت خوشکت یان براکەت دڵتەنگ بێت، ئیتر بەگوێرەی خۆشەویستی ناژیت. جا بە خۆراکت ئەو کەسە لەناو مەبە کە مەسیح لە پێناوی مردووە. 16 مەهێڵن خەڵکی بە خراپە باسی شتێک بکات کە بۆ ئێوە چاکە، 17 چونکە پاشایەتی خودا خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو ڕاستودروستی و ئاشتی و خۆشییە لە ڕۆحی پیرۆزدا. 18 هەرکەسێک بەم شێوەیە خزمەتی مەسیح بکات، جێگای ڕەزامەندی خودا دەبێت و خەڵکیش متمانەی پێ دەکەن.
19 کەواتە با تێبکۆشین لە پێناوی ئەوەی بەرەو ئاشتی و بنیادنانی یەکترمان دەبات. 20 لە پێناوی خۆراک کاری خودا وێران مەکە. هەموو شتەکان پاکن، بەڵام بۆ مرۆڤ ئەگەر ببێتە کۆسپ خراپە بیخوات. 21 باشە گۆشت نەخۆیت و شەراب نەخۆیتەوە و شتێک نەکەیت ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشکەکەت یان براکەت.
22 ئەو باوەڕەی هەتە، با لەبەردەم خودا بۆ خۆت بێت. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی خۆی تاوانبار ناکات لەو شتەی کە پەسەندی دەکات. 23 بەڵام ئەوەی گومان بکات، ئەگەر بخوات تاوانبار دەکرێت، چونکە لە باوەڕەوە نییە. هەرشتێک لە باوەڕەوە نەبێت گوناهە.
مەسیح نموونەیە بۆ ئێمە
15 بەڵام ئێمەی بەهێز لەسەرمانە بەرگەی کەموکوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نەکەین. 2 با هەر یەک لە ئێمە نزیکەکەی بۆ چاکە ڕازی بکات لە پێناوی بنیادنان. 3 تەنانەت مەسیحیش بیری لە خۆشیی خۆی نەکردەوە، بەڵکو وەک نووسراوە: [جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.][b] 4 چونکە هەرچی لەپێشدا نووسراوە، بۆ فێربوونی ئێمە نووسراوە، تاکو بە دانبەخۆداگرتن و هاندانی نووسراوە پیرۆزەکان هیوامان هەبێت.
5 با خودای دانبەخۆداگرتن و هاندان لەنێو خۆتان ڕێککەوتنی بیروڕاتان بداتێ بەگوێرەی بیری عیسای مەسیح، 6 تاکو بە یەک دڵ و بە یەک دەنگ ستایشی خودا بکەن کە باوکی عیسای مەسیحی گەورەمانە.
7 بۆیە پێشوازی لە یەکتری بکەن، هەر وەک مەسیح پێشوازی لێکردین، بۆ شکۆمەندی خودا. 8 من پێتان دەڵێم، مەسیح لەبەر ڕاستی خودا بوو بە خزمەتکاری جولەکەکان[c]، تاکو ئەو بەڵێنانەی بۆ باوکانە بیانچەسپێنێت، 9 لەبەر ئەوەی خودا بە بەزەییە نەتەوەکانیش ستایشی خودا دەکەن، وەک نووسراوە:
[لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.][d]
10 دیسان دەفەرموێ:
[ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن.][e]
11 هەروەها:
[ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن!
ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!][f]
12 دیسان ئیشایا دەڵێت:
[ڕەگی یەسا دەردەکەوێت،
ئەوەی بۆ فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان هەڵدەستێتەوە،
ئومێدی نەتەوەکان بەو دەبێت.][g]
13 با خودای هیوا بە هەموو خۆشی و ئاشتییەک لە باوەڕدا پڕتان بکات، تاکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز سەرڕێژ بن لە هیوا.
خزمەتکردنی پۆڵس
14 خوشک و براکانم، خۆم دڵنیام کە ئێوە پڕن لە چاکە، پڕن لە زانیاری، تواناتان هەیە ئامۆژگاری یەکتری بکەن. 15 بەڵام دەربارەی هەندێک خاڵ ئازایانەتر بۆم نووسیون، وەک بەیادهێنانەوەتان، لەبەر ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، 16 تاکو ببمە خزمەتکاری عیسای مەسیح بۆ نەتەوەکان، وەک کاهین[h] لە ئەرکی ڕاگەیاندنی مزگێنی خودا، تاکو قوربانی نەتەوەکان پەسەندکراو بێت، بە ڕۆحی پیرۆز پیرۆزکراو بێت.
17 لەبەر ئەوە بە هۆی عیسای مەسیحەوە شانازی دەکەم بەو کارانەی کە بۆ خودای دەکەم. 18 ناوێرم باسی شتێک بکەم جگە لەوەی مەسیح بۆ گوێڕایەڵبوونی نەتەوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی منەوە ئەنجامی داوە، بە وتە و کردار، 19 بە هێزی نیشانە و پەرجوو، بە هێزی ڕۆحی خودا. تەنانەت لە ئۆرشەلیم و دەوروپشتی تاکو ئیللیریکوم[i]، بە تەواوی مزگێنی مەسیحم ڕاگەیاند. 20 بۆیە ئامانجی بەرزم بوو کە مزگێنی بدەم، نەک لەو شوێنەی ناوی مەسیحی تێدا هێنرابوو، تاکو لەسەر بناغەی یەکێکی دیکە بنیاد نەنێم. 21 بەڵام وەک نووسراوە:
[ئەوانەی باسی ئەویان بۆ نەکرابوو دەبینن،
ئەوانەی نەیانبیستبوو تێدەگەن.][j]
ئارەزووی دیدەنی ڕۆما
22 لەبەر ئەمەش بوو چەندین جار ڕێم لێ دەگیرا بێمە لاتان. 23 بەڵام ئێستا لەم ناوچانە شوێن نەماوە ئیشی لێ بکەم، ساڵانێکی زۆریشە پەرۆشم بێمە لاتان، 24 کاتێک دەچمە ئیسپانیا. هیوادارم بەلاتاندا تێپەڕم و بتانبینم، دوای ئەوەی چێژم لە بینینتان وەرگرت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، ئومێدەوارم بۆ ئەوێم بەڕێبکەن. 25 بەڵام ئێستا دەچمە ئۆرشەلیم تاکو خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا بکەم. 26 باوەڕدارانی مەکدۆنی و ئەخایا پێیان خۆش بوو هەندێک بەخشین بۆ هەژاران لەنێو گەلی پیرۆزی خودا لە ئۆرشەلیم کۆبکەنەوە. 27 ئەوان بە خۆشییەوە بڕیاریان دا، لە ڕاستیشدا ئەمە ئەرکێک بوو لەسەریان، چونکە باوەڕدارە جولەکەکان بەرەکەتی ڕۆحییان پێشکەش بە ناجولەکەکان کردبوو. لەبەر ئەوە ئەرکی باوەڕدارانی ناجولەکەکان کە بە شتە ماددییەکان یارمەتی باوەڕدارە جولەکەکان بدەن. 28 بۆیە، کاتێک ئەمەم تەواو کرد و ئەم بەرهەمەم بۆ مۆرکردن[k]، بەرەو ئیسپانیا بەلاتاندا تێدەپەڕم. 29 دەزانم کە بێمە لاتان، بە پڕی بەرەکەتی مەسیحەوە دێم.
30 ئێستاش ئەی خوشک و برایان لێتان دەپاڕێمەوە، لەبەر عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و بە خۆشەویستی ڕۆحی پیرۆز، لەگەڵم تێبکۆشن لە نوێژەکان بۆ خودا لە پێناوی من، 31 تاکو ڕزگاربم لەوانەی لە یەهودیا بێباوەڕن، هەروەها تاکو خزمەتەکەم بۆ ئۆرشەلیم لەلای گەلی پیرۆزی خودا پەسەندکراو بێت، 32 تاکو بە خواستی خودا بە دڵشادییەوە بێمە لاتان و لەگەڵتان پشوو بدەم. 33 خودای ئاشتی لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.
سڵاوی تایبەتی
16 سەبارەت بە فیبی خوشکمان کە خزمەتکارە لە کڵێسای کەنخریا، ڕاتاندەسپێرم 2 بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن، بە پێشوازییەک کە شایانی خوشک و برای پیرۆز بێت، لە هەر شتێک پێویستی پێتان بوو یارمەتی بدەن، چونکە بووە یارمەتیدەری زۆر کەس، هەروەها منیش.
3 سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا بکەن کە هاوکاری منن لە خزمەتکردنی عیسای مەسیحدا، 4 ئەوانەی لە پێناو ژیانی من ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، تەنها من سوپاسی ئەوانە ناکەم، بەڵکو هەموو کڵێساکانی ناجولەکەکانیش.
5 سڵاو لەو کڵێسایە بکەن لە ماڵەکەیانە.
سڵاو لە ئەپینەتوسی خۆشەویستم بکەن کە نۆبەرەی ئاسیایە بۆ مەسیح.
6 سڵاو لە مریەم بکەن کە زۆر پێتانەوە ماندوو بوو.
7 سڵاو لە ئەندرونیکۆس و یونیاسی خزمانم بکەن، کە لەگەڵم بەند کرابوون، ئەوانەی لەناو نێردراوان ناودارن، پێش من بوونەتە یەک لەگەڵ مەسیحدا.
8 سڵاو لە ئەمپلیاتۆس بکەن، کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بووە بە هاوڕێیەکی خۆشەویستم.
9 سڵاو لە ئوربانۆس بکەن کە هاوکارمانە لە خزمەتکردنی مەسیحدا، هەروەها ستاخیسی خۆشەویستم.
10 سڵاو لە ئەپیڵەس بکەن، ئەوەی کە دڵسۆزی خۆی بۆ مەسیح سەلماند.
سڵاو لە ماڵی ئەرستۆبوڵس بکەن.
11 سڵاو لە هیرودیۆنی خزمم بکەن.
سڵاو لەوانە بکەن کە لە ماڵی نێرگزدا لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک.
12 سڵاو لە خوشکان تریفینا و تریفۆسا بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا ماندوو دەبن.
سڵاو لە پەرسیسی خوشکی خۆشەویست بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا زۆر ماندوو دەبێت.
13 سڵاو لە ڕوفوس بکەن کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا هەڵبژێردراوە، هەروەها لە دایکی کە وەک دایکمە.
14 سڵاو بکەن لە ئەسینکریتۆس، فلیگۆن، هەرمەس، پەتروباس، هرماس و ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵیانن.
15 سڵاو بکەن لە فیلولوگۆس و جولیا، نیریۆس و خوشکەکەی و ئۆلەمپاس و هەموو ئەو خەڵکە پیرۆزەی خودا کە لەگەڵیانن.
16 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
هەموو کڵێساکانی مەسیح سڵاوتان لێدەکەن.
17 ئەی خوشک و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، ئاگاتان لەوانە بێت کە ناکۆکی و کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون. لێیان دوور بکەونەوە. 18 ئەو کەسانەی بەم شێوەیەن خزمەتی مەسیحی گەورەمان ناکەن، بەڵکو خزمەتی سکی خۆیان دەکەن، بە قسەی خۆش و زمانلووسی دڵی ساکارەکان هەڵدەخەڵەتێنن. 19 هەروەها هەواڵی ملکەچیتان بۆ خودا بە هەمووان گەیشتووە، بۆیە پێتان دڵخۆشم، بەڵام دەمەوێت لە چاکە دانا بن و لە خراپە بێبەری بن.
20 خودای ئاشتی بەم زووانە شەیتان لەژێر پێتان پان دەکاتەوە. با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
21 تیمۆساوسی هاوکارم سڵاوتان لێدەکات، هەروەها لوکیۆس و یاسون و سۆسیپاتەری خزمانم.
22 من، تەرتیۆس، نووسەری ئەم نامەیەم، بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە سڵاوتان لێدەکەم.
23 گایۆس کە خانەخوێی من و هەموو کڵێسایە سڵاوتان لێدەکات.
ئەراستۆسی خەزنەداری شار و کوارتۆسی برا سڵاوتان لێدەکەن. ⌟ 24 با نیعمەتی عیسای مەسیحی گەورەمان لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.⌞
ستایشی خودا
25 شکۆمەندی بۆ ئەو خودایەی کە توانای هەیە بتانچەسپێنێت بەگوێرەی مزگێنییەکەم و جاڕدانی عیسای مەسیح، بەگوێرەی ئاشکراکردنی ئەو نهێنییەی لە کاتە ئەزەلییەکانەوە بە شاراوەیی مابووەوە، 26 بەڵام ئێستا لە ڕێگەی نووسراوی پێغەمبەرانەوە، بەگوێرەی ڕاسپاردەی خودای هەمیشەیی، ئاشکرا و زانراو بووە تاکو هەموو نەتەوەکان باوەڕ بە خودا بهێنن و گوێڕایەڵی بن، 27 هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ تاقە خودای دانا، بە هۆی عیسای مەسیحەوە! ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.