Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕۆما 11-13

پاشماوەیەک بە نیعمەت هەڵبژێردراون

11 لێرەدا دەپرسم: ئایا خودا گەلەکەی خۆی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! چونکە منیش ئیسرائیلیم، لە نەوەی ئیبراهیم لە هۆزی بنیامین. خودا گەلەکەی خۆی کە پێشتر ناسیویەتی ڕەتی نەکردەوە. ئایا نازانن نووسراوە پیرۆزەکە لەبارەی ئەلیاس چی دەفەرموێ؟ چۆن لەلای خودا لە دژی ئیسرائیل دەپاڕێتەوە: [ئەی یەزدان، پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشتووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە. من بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.][a] بەڵام وەڵامی خودایی چییە بۆی؟ [حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتووەتەوە، ئەوانەی چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە.][b] لەم سەردەمەی ئێستاش، پاشماوەیەک هەیە بە نیعمەت هەڵبژێردراون. بەڵام ئەگەر بە نیعمەت بێت، ئیتر بە کردار نییە. ئەگینا ئیتر نیعمەت نیعمەت نییە.

کەواتە چی؟ ئەوەی ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدا دەستی نەکەوت، بەڵکو هەڵبژێردراوان دەستیان کەوت، ئەوانی دیکەش دڵڕەق بوون، وەک نووسراوە:

[خودا ڕۆحی خەوی قووڵی داونەتێ،
    چاوی داونەتێ پێی نەبینن و
    گوێی داونەتێ پێی نەبیستن، تاکو ئەمڕۆش.][c]

داودیش دەڵێت:

[با خوانەکەیان ببێتە داو و تەڵە،
    کۆسپ و سزا بۆیان.
10 با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن،
    هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.][d]

ڕزگاربوونی ناجولەکەکان

11 دیسان دەپرسم: ئایا جولەکەکان ساتمەیان کرد تاکو بکەون و هەڵنەستنەوە؟ حاشا! بەڵکو بە گوناهی ئەوان ڕزگاری بۆ نەتەوەکان هاتە کایەوە، تاکو ببێتە مایەی وروژاندنی ئیرەیی گەلی ئیسرائیل. 12 جا ئەگەر گوناهی ئەوان دەوڵەمەندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان دەوڵەمەندی بێت بۆ نەتەوەکان، ئاخۆ تەواوەتییان دەبێت چەند بێت؟

13 ئەی نەتەوەکان، قسەتان بۆ دەکەم: شانازی بە خزمەتەکەمەوە دەکەم، چونکە نێردراوم بۆ نەتەوەکان، 14 تاکو ئیرەیی هاوڕەچەڵەکەکانم بجوڵێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم، 15 چونکە ئەگەر ڕەتکردنەوەیان ئاشتبوونەوەی جیهان بێت، ئەی پەسەندکردنیان چی دەبێت، ئەگەر ژیانەوەی مردووان نەبێت؟ 16 ئەگەر یەکەمین بەرهەمی هەویرەکە کە پێشکەش کرابێت پیرۆزە، ئەوا هەمووی هەویرەکەش پیرۆزە. ئەگەر ڕەگەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش.

17 بەڵام ئەگەر هەندێک لق بڕانەوە، تۆش لە دارەکە موتوربە کرایت کە زەیتوونێکی کێویت و بەمە لە ڕەگ و شیری زەیتوونەکە بەشدار بوویت، 18 شانازی بەسەر لقەکانەوە مەکە. ئەگەر شانازی دەکەیت، بزانە کە تۆ ڕەگەکە هەڵناگریت، بەڵکو ئەوە هەڵتدەگرێت. 19 ئیتر دەڵێی: «لقەکان بڕانەوە تاکو من موتوربە بکرێم.» 20 باشە. ئەوان لەبەر بێباوەڕی بڕانەوە، تۆش بە باوەڕ جێگیر بوویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە، 21 چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە، ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە.

22 لەبەر ئەوە نەرمونیانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: توندی بۆ ئەوانەیە کە کەوتن، بەڵام نەرمونیانی بۆ تۆیە ئەگەر لە نەرمونیانییەکەی جێگیر بیت، ئەگینا تۆش دەبڕدرێیتەوە. 23 ئەوانیش ئەگەر لە بێباوەڕی جێگیر نەبن موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا دەتوانێت موتوربەیان بکاتەوە. 24 ئەگەر تۆ بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونێکی کێوی بڕابیتەوە و بە پێچەوانەی سروشت لە دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرایت، ئاخۆ چەند زیاتر ئەوانەی بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن.

بەزەیی خودا بۆ هەمووانە

25 ئەی خوشک و برایان، نامەوێت ئەم نهێنییە نەزانن، نەوەک خۆتان بە دانا بزانن: کەللەڕەقی بەشێک لە ئیسرائیلی گرتەوە هەتا تەواوی نەتەوەکان بێنە ناوەوە. 26 بەم شێوەیە هەموو ئیسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە:

[ڕزگارکەر لە سییۆنەوە دێت،
    خوانەناسی لە یاقوب دووردەخاتەوە.
27 ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان
    کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم.][e]

28 بەگوێرەی پەیامی ئینجیل لە پێناوی ئێوەدا دوژمنن[f]، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردن لە پێناوی باوکاندا خۆشەویستن، 29 چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە. 30 هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن، 31 ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون. 32 خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە.

33 ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا!
    حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و
    ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە.
34 [کێ بیری یەزدانی زانی؟
    یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟][g]
35 [کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو پێی بدرێتەوە؟][h]
36 چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە.
    هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.

قوربانییەکی زیندوو

12 بۆیە ئەی خوشک و برایان، لەبەر میهرەبانی خودا لێتان دەپاڕێمەوە لەشتان وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەش بکەن، پیرۆز و پەسەندکراو لەلای خودا، کە پەرستنی هۆشمەندانەتانە. شێوەی ئەم دنیایە وەرمەگرن، بەڵکو بە نوێکردنەوەی بیرتان بگۆڕێن، تاکو بە لێکدانەوە بتوانن دەریبخەن خواستی خودا چییە، کە باش و پەسەندکراو و تەواوە.

بەو نیعمەتەی پێم دراوە بە هەر یەکێک دەڵێم کە لەنێوتاندایە: با لە نرخ بۆ خۆ دانان زێدەڕۆیی نەکات، بەڵکو لە نرخاندن هۆشیار بێت، بەو بڕە باوەڕەی خودا بە هەر یەکێکی بەخشیوە. وەک چۆن لە یەک جەستەدا ئەندامی زۆرمان هەیە، هەموو ئەندامەکانیش یەک کاریان نییە، ئێمەش بە هەمان شێوە، هەرچەندە زۆرین، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح ئەندامی یەک جەستەین و هەر ئەندامێک پەیوەستە بە ئەندامەکانی دیکەوە. بەڵام بەهرەی جیاوازمان هەیە، بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە: ئەگەر کەسێک بەهرەی ڕاگەیاندنی پەیامی خودای هەیە، با بەگوێرەی ڕێژەی باوەڕ بێت؛ ئەگەر بەهرەی خزمەتکردنی هەیە، با خزمەت بکات؛ ئەگەر بەهرەی فێرکردنی هەیە، با فێر بکات؛ ئەگەر بەهرەی هاندانی هەیە، با هانبدات؛ ئەگەر بەهرەی بەخشینی هەیە، با بە‏ دڵفراوانییەوە ببەخشێت‏؛ ئەگەر بەهرەی ڕابەرایەتیکردنی هەیە، با بە دڵگەرمییەوە بێت؛ ئەگەر بەهرەی بەزەیی هەیە، با‏ بە دڵخۆشییەوە بێت.

با خۆشەویستی بێ دووڕوویی بێت. ڕقتان لە خراپە بێت و بە چاکەوە بنووسێن. 10 بە خۆشەویستی برایانە بە دڵ یەکتریتان خۆشبوێ، لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن. 11 سست مەبن لە دڵگەرمی، لە ڕۆح گەرم بن، خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن. 12 لە هیوا دڵشاد بن، لە تەنگانە ئارام بگرن، لە نوێژکردن پەیوەست بن، 13 بەشداری بکەن لە پێویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشک‏ و برا نامۆکان بکەن.

14 ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن. داوای بەرەکەت بکەن و نەفرەت مەکەن. 15 لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن. 16 سەبارەت بە یەکتری هاوبیر بن، بیر لە بڵندی مەکەنەوە، بەڵکو تێکەڵاوی پایەنزمەکان بن. خۆتان بە دانا دامەنێن.

17 خراپەی کەس بە خراپە مەدەنەوە. وریا بن لەبەردەمی هەموو خەڵک ئەوە بکەن کە بە چاک دەزانرێت. 18 بەپێی تواناتان هەوڵ بدەن کە لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین. 19 خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: [یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.][i] 20 بەڵام:

[ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی بدەرێ،
    ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ.
بەمە پشکۆی داگیرساو لەسەر سەری[j] کەڵەکە دەکەیت.][k]

21 خراپە نەتبەزێنێت، بەڵکو بە چاکە خراپە ببەزێنە.

ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران

13 با هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان بێت، چونکە دەسەڵات نییە لە خوداوە نەبێت، جا ئەوەی هەیە لەلایەن خوداوە دانراوە. ئیتر ئەوەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکات، بەرهەڵستی دانراوی خودا دەکات، بەرهەڵستکارانیش حوکمدان بەسەر خۆیان دەهێنن. فەرمانڕەوایان جێی ترس نین بۆ چاکەکاری، بەڵکو بۆ خراپەکاری. ئایا دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ چاکە بکە، ستایشی ئەو بەدەستدەهێنیت، چونکە خزمەتکاری خودایە تاکو چاکەت لەگەڵ بکات. بەڵام ئەگەر خراپەت کرد بترسە، چونکە لەخۆڕا شمشێر هەڵناگرێت. ئەو خزمەتکاری خودایە، سزادەری تووڕەییە بۆ خراپەکاران. بۆیە پێویستە ملکەچ بن، نەک تەنها لەبەر تووڕەیی[l]، بەڵکو لەبەر ویژدانیش. هەر لەبەر ئەمەشە باج دەدەن، چونکە ئەوان خزمەتکاری خودان و بەردەوام لەسەر ئەم کارەن. مافی هەمووان بدەن: باج بە خاوەن باج، سەرانە بە خاوەن سەرانە، ترس لە خاوەن ترس، ڕێز بە خاوەن ڕێز.

خۆشەویستی برایانە

بە هیچ شتێک قەرزاری کەس مەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، تەوراتی هێناوەتە دی. ڕاسپاردەکانی وەک [داوێنپیسی مەکەن]، [مەکوژن]، [دزی مەکەن]، [چاو مەبڕنە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت][m] و ڕاسپاردەی دیکەش لەم ڕاسپاردەیەدا کۆدەبنەوە: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][n] 10 خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیک ناکات، بۆیە خۆشەویستی هێنانەدی تەوراتە.

11 جگە لەوەش کاتەکە دەزانن، وا کاتی ئەوەیە لە خەو هەستن، چونکە ئێستا ڕزگاریمان نزیکترە لەو کاتەی باوەڕمان هێنا. 12 شەو لە تەواوبوونە، وا ڕۆژ هەڵدێت. با کرداری تاریکی دابکەنین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین. 13 با بەڕێزەوە ڕەفتار بکەین وەک چۆن لە ڕۆژدا ڕەفتار دەکرێت، نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشی، داوێنپیسی و بەڕەڵایی، ناکۆکی و ئیرەیی. 14 بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.