Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕۆما 8-10

ئازادبوون لە مردن

کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت. خودا ئەوەی کرد کە تەورات بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار[a] نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد، تاکو داواکارییە دروستەکانی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز.

ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن. بایەخی سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخی ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە. بایەخی سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی تەوراتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت. جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن.

بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر یەکێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە. 10 ئەگەر مەسیح لە ئێوەدا بێت، ئەوا جەستە بەهۆی گوناه مردووە، بەڵام ڕۆح بەهۆی ڕاستودروستی زیندووە. 11 ئەگەر ڕۆحی ئەوەی عیسای لەنێو مردووان هەستاندەوە لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە بە ڕۆحی خۆی کە لە ئێوەدا نیشتەجێیە لەشی مردووشتان زیندوو دەکاتەوە.

12 بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین. 13 ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین، 14 چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان. 15 ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان[b] وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!» 16 ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین. 17 ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەی تاکو لەگەڵ ئەو شکۆدار بین.

ئازارەکانی ئێستا و شکۆی داهاتوو

18 پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت، 19 چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن. 20 بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد[c]، بە هیوای ئەوەی 21 کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا.

22 دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. 23 تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتە ڕزگاریی جەستەمان، 24 چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟ 25 بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.

26 بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت. 27 ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات.

28 ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون، 29 چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە. 30 ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن.

سەرکەوتنی لە ڕادەبەدەر

31 ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟ 32 ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟ 33 کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات. 34 کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستە ڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات. 35 کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ 36 وەک نووسراوە:

[لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
    وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.][d]

37 بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشی ویستووین، 38 چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، 39 نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە بۆمان دێت.

ئایا بەڵێنەکانی خودا نایەنە دی؟

مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە. خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم، ئیسرائیلییەکان، لەخۆگرتنەوە[e] و شکۆ و پەیمانەکان و وەرگرتنی تەورات و پەرستن[f] و بەڵێنەکان هی ئەوانە. باوکانیش هی ئەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەوەی لە سەرووی هەمووانە، هەتاهەتایە خودایەکی پیرۆزە! ئامین.

واتای ئەوە نییە کە فەرمایشتی خودا کاریگەری نەماوە، چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی ئیسرائیلن، گەلی هەڵبژێردراوی خودا[g] نین. هەروەها هەموو ئەوانەی نەوەی ئیبراهیمن، منداڵی ئەو نین، بەڵکو: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.][h] واتە ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن، چونکە وتەی بەڵێنەکە ئەمەیە: [کاتێکی ئاوا دێمەوە و ساراش کوڕێکی بووە.][i]

10 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو ڕڤقەش لە یەکێک سکی کرد کە ئیسحاقی باوکمانە. 11 بۆ ئەوەی خواستی خودا لە هەڵبژاردندا بچەسپێت کە بە کردار نییە، بەڵکو بەو بانگهێشتەیە کە خۆی دەیکات، بەر لەوەی لەدایک بن و چاکە و خراپە بکەن، 12 خودا بە دایکیانی فەرموو: [گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.][j] 13 وەک نووسراوە: [یاقوبم خۆشویست بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە.][k]

بەزەیی خودا

14 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا خودا دادپەروەر نییە؟ حاشا! 15 چونکە بە موسا دەفەرموێ:

[میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و
    بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.[l]‏][m]

16 کەواتە، بە ئارەزووی یەکێک و هەوڵدانی یەکێک نییە، بەڵکو لە خوداوەیە کە بەزەیی هەیە. 17 نووسراوە پیرۆزەکە بە فیرعەون دەفەرموێ: [لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆم لە تۆدا دەربخەم، تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.][n] 18 کەواتە خودا بەزەیی بەوە دێتەوە کە دەیەوێت و ئەوەش دڵڕەق دەکات کە دەیەوێت.

19 ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟» 20 ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ [ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»][o] 21 ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟

22 بەڵام چییە ئەگەر خودا کە دەیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی گرت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟ 23 چییە ئەگەر ئەمەی کرد تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟ 24 لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش. 25 وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ:

[ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و
    ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،][p] هەروەها
26 [لەو شوێنەی پێیان گوترا: «ئێوە گەلی من نین،»
    لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»][q]

27 ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات:

[ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت،
    تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت،
28 چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.][r]

29 وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی:

[ئەگەر یەزدانی سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتباینایەوە،
    وەک سەدۆممان[s] لێ دەهات و لە عەمۆرا دەچووین.][t]

30 کەواتە چی بڵێین؟ ئەو نەتەوانەی بۆ بێتاوانبوون کۆششیان نەکرد، بێتاوانبوونیان بەدەستهێنا، ئەو بێتاوانبوونەی بە باوەڕە. 31 کەچی ئیسرائیل بە تەورات کۆششیان کرد بۆ بێتاوانبوون، بەو تەوراتە پێی نەگەیشتن. 32 بۆچی؟ چونکە بە باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بنچینەی کردار بوو. ئەوسا بۆیان بوو بە کۆسپ و تەگەرە و ساتمەیان لێکرد، 33 هەروەک نووسراوە:

[ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم،
    تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە،
    بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.][u]

10 ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە. شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە. لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان[v] لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون. بەڵام مەسیح دەرئەنجامی تەوراتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.

ڕزگاری بۆ هەمووان

موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی تەوراتە دەنووسێت: [ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت.][w] بەڵام ئەم ڕاستودروستییەی بە باوەڕە ئاوا دەفەرموێ: [لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»][x] (واتە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،) [یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»][y] (واتە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.) بەڵام چی دەفەرموێ؟ [پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،][z] ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین: ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت. 10 لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە. 11 هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.][aa] 12 جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، 13 چونکە [هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.][ab]

14 ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟ 15 هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: [چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!][ac]

16 بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: [ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟][ad] 17 کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە. 18 بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بەڵێ!

[پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت،
    وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.][ae]

19 بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت:

[من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
    بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.][af]

20 بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت:

[دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان،
    دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.][ag]

21 بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت:

[بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.][ah]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.