Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕۆما 4-7

نموونەی ئیبراهیم

ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیمی باوکمان بەگوێرەی جەستە چی دۆزییەوە؟ ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا. ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][a]

ئەوەی کار دەکات‏، کرێیەکەی مافی خۆیەتی و بەخشینێکی ناشایستە نییە. بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت. وەک داود دەڵێت، لە خۆزگەخواستن بەو مرۆڤەی کە خودا بێ کردار ڕاستودروستی بۆ دادەنێت:

[خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون،
    گوناهەکانیان داپۆشراون.
خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.][b]

ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنە نەکراوانیشە؟ چونکە دەڵێین، باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا. 10 کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن! 11 ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت. 12 هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.

13 جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو تاکو ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەی کە بە ڕێگای باوەڕەوە[c] بوو، 14 چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە تەورات دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ، 15 چونکە تەورات تووڕەیی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر تەورات نەبێت، سەرپێچیش نییە.

16 بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە تەورات دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە، 17 وەکو نووسراوە: [من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە.][d] ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.

18 هەرچەندە هیواش بڕابوو، بە هیواوە باوەڕی هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: [نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.][e] 19 باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە. 20 بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد، 21 دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر. 22 لەبەر ئەمە [بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.][f] 23 ئەوەی نووسراوە: [بۆی دانرا] تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو، 24 بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای گەورەمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە. 25 ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.

ڕزگاربوون لە تووڕەیی خودا

کەواتە، لەبەر ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە لەگەڵ خودا ئاشتیمان هەیە، لە ڕێگەی ئەویشەوە ڕێپێدراویێتیمان[g] وەرگرت بەهۆی باوەڕ بێینە ناو ئەم نیعمەتەی کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین. شانازیش بە هیوای شکۆی خودا دەکەین. تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات، دانبەخۆداگرتنیش ئەزموون، ئەزموونیش هیوا، هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا[h] ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە.

کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد. لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت. بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین.

ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین![i] 10 چونکە ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین! 11 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە شانازی بە خودا دەکەین، ئەوەی ئێستا بەهۆیەوە ئاشتبوونەوەمان وەرگرتووە.

ئادەم و مەسیح

12 لەبەر ئەمە، چۆن لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناه هاتە جیهان، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد.

13 بێگومان، پێش هاتنی تەورات گوناه لە جیهاندا بوو، بەڵام کە تەورات نەبێت گوناه ناژمێردرێت. 14 کەچی مردن لە ئادەمەوە هەتا موسا حوکمڕانی دەکرد، تەنانەت بەسەر ئەوانەشەوە کە لە شێوەی یاخیبوونەکەی ئادەم گوناهیان نەکردبوو، کە نموونەی ئەو کەسەیە کە دێت[j].

15 بەڵام دیاری وەکو گوناه نییە. ئەگەر زۆر کەس بە گوناهی کەسێک مردن، جا چەند زیاتر نیعمەتی خودا و دیارییەکە بەهۆی نیعمەتی مرۆڤێکەوە کە عیسای مەسیحە، بەسەر زۆر کەس ڕژا. 16 هەروەها ئەو دیارییە وەک ئەنجامی گوناهی مرۆڤێک نییە: چونکە حوکمدان لە یەک گوناهەوە تاوانبارکردنی هێنایە کایەوە، بەڵام دیاری لە گوناهی زۆرەوە بێتاوانیی هێنایە کایەوە. 17 ئەگەر بە گوناهی کەسێک، مردن لە ڕێگەی ئەو کەسەوە حوکمڕانی کرد، ئیتر چەند زیاتر ئەوانەی پڕیی نیعمەت و دیاری ڕاستودروستی[k] وەردەگرن، لە ژیاندا حوکمڕانی دەکەن بە کەسێک کە عیسای مەسیحە.

18 کەواتە وەک چۆن بە یەک گوناه تاوانبارکردن بۆ هەموو مرۆڤ هاتە کایەوە، بە هەمان شێوە بە کارێکی ڕاستودروست بێتاوانکردن هاتە کایەوە کە ژیان بۆ هەموو مرۆڤ دەهێنێت. 19 لەبەر ئەوەی وەک چۆن بە یاخیبوونی کەسێک زۆر کەس گوناهبار کران، بە هەمان شێوە بە گوێڕایەڵی کەسێک زۆر کەس بێتاوان دەکرێن.

20 تەورات هات تاکو گوناه زۆر بێت. بەڵام لەکوێ گوناه زۆر بوو، نیعمەت زۆر زیاتر بوو، 21 تاکو چۆن گوناه بە مردن حوکمڕانی کرد، ئاواش بە ڕاستودروستی نیعمەت حوکمڕانی دەکات بۆ ژیانی هەتاهەتایی بە عیسای مەسیحی گەورەمان.

ئازادبوون لە گوناه

باشە چی بڵێین؟ ئایا لە گوناه بەردەوام بین تاکو نیعمەت زیاد بێت؟ نەخێر! ئێمە کە سەبارەت بە گوناه مردین، ئیتر چۆن تێیدا بژین؟ ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟ بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش لە نوێیەتی ژیاندا بژین.

ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین. ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە.

بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین، دەزانین مەسیح کە لەنێو مردوواندا هەستێنرایەوە، نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. 10 ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت.

11 ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بۆ خودا زیندوو لە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا. 12 کەواتە مەهێڵن گوناه حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات، تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن. 13 ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناه پێشکەش مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن، وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا. 14 چیتر گوناه دەسەڵاتی بەسەرتاندا نابێت، چونکە لەژێر سایەی تەوراتدا نین، بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتدان.

کۆیلەکانی چاکە

15 کەواتە چی؟ ئایا گوناه بکەین چونکە لەژێر سایەی تەوراتدا نین بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتداین؟ نەخێر! 16 ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی کەسێک دەکەن، دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی، جا بۆ گوناه کە بەرەو مردنە یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستییە؟ 17 بەڵام سوپاس بۆ خودا لەگەڵ ئەوەی کۆیلەی گوناه بوون، لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردرا. 18 ئێوە لە گوناه ئازاد کران و بوونە بەندەی ڕاستودروستی.

19 لەبەر لاوازی جەستەتان وەک مرۆڤێکی سادە دەدوێم. ئیتر چۆن لەپێشدا ئەندامانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە بۆ خراپە پێشکەش کرد، ئێستاش ئەندامانتان وەک بەندەی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشکەش بکەن، 20 چونکە کاتێک کۆیلەی گوناه بوون، سەبارەت بە ڕاستودروستی ئازاد بوون. 21 ئەو کاتە چ بەرهەمێکتان هەبوو لەو شتانەی ئێستا لە بەرامبەریان هەست بە تەریق بوونەوە دەکەن؟ چونکە دەرئەنجامی ئەو شتانە مردنە. 22 بەڵام ئێستا کە لە گوناه ئازاد کراون و بوونە بەندەی خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە، 23 چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوەیە.

ئازادبوون لە تەورات

ئەی خوشک و برایان، بۆ ئێوە دەدووێم کە لە تەورات دەزانن، ئایا ئێوە نازانن تەورات دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە هەتا ئەو کاتەی زیندووە؟ بۆ نموونە، ژن بەپێی تەورات بە مێردە زیندووەکەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام کە مێردەکە مرد، ئەوا لەو تەوراتە ئازاد دەبێت کە بە مێردەکەیەوە بەستبوویەوە. کەواتە تاکو مێردەکە زیندوو بێت، ژنەکە بە داوێنپیس ناودەبردرێت ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. بەڵام ئەگەر مێردەکە بمرێت، ئەوسا لە دەسەڵاتی تەورات ئازادە و داوێنپیس نییە ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە.

ئیتر براکانم، ئێوەش بە لەشی مەسیح سەبارەت بە تەورات مردن، تاکو ببنە هی یەکێکی دیکە، بۆ ئەو کەسەی لەناو مردووان هەستێنرایەوە، تاکو بۆ خودا بەرهەم بدەین، چونکە کاتێک لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی دەژیاین، ئارەزووەکانی گوناه بەهۆی تەوراتەوە لە ئەندامەکانی لەشماندا کاری دەکرد، تاکو ئەو کارانەی دەکەین ببێتە هۆی مردن. بەڵام ئێستا ئازاد بووین لە شەریعەتی تەورات، مردین سەبارەت بەوەی ئێمەی بەستبووەوە، تاکو بە ڕێگای نوێی ڕۆحی پیرۆز خزمەت بکەین، نەک بە ڕێگای کۆنی شەریعەتی نووسراو.

تەورات پیرۆزە

کەواتە چی بڵێین؟ ئایا تەورات خۆی سەرچاوەی گوناهە؟ حاشا! بەڵام لە ڕێگەی تەوراتەوە نەبێت گوناهم نەدەناسی. هەروەها واتای تەواوی چاوچنۆکیم نەدەزانی ئەگەر تەورات نەیگوتایە [چاو مەبڕە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.][l] بەڵام گوناه ئەم ڕاسپاردەیەی قۆستەوە و هەموو چاوچنۆکییەکی لە مندا وروژاند، چونکە گوناه بەبێ تەورات مردووە. منیش لەپێشدا بەبێ تەورات دەژیام. بەڵام کاتێک ڕاسپاردە هات، گوناه هاتە ژیان و منیش مردم. 10 بینیم هەمان ئەو ڕاسپاردەیەی بۆ ژیانە بۆ من بۆ مردنە، 11 چونکە گوناه ڕاسپاردەکەی قۆستەوە و منی خەڵەتاند و بەو منی کوشت.

12 کەواتە تەورات پیرۆزە، ڕاسپاردەش پیرۆز و دادپەروەر و چاکە.

13 ئایا چاکە بۆ من بووەتە مایەی مردن؟ حاشا! بەڵکو گوناه بەهۆی چاکەوە مردنی لە مندا هێنایە کایەوە، بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە گوناه بە ڕاستی گوناهە و تاکو لە ڕێگەی ڕاسپاردەکەوە ئاشکرابێت کە گوناه تەواو خراپە.

14 ئێمە دەزانین تەورات ڕۆحییە، بەڵام من دنیاییم و وەک کۆیلە فرۆشراوم بە گوناه. 15 ئیتر نازانم چی دەکەم، چونکە ئەوەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەوەی ڕقم لێیەتی ئەوە دەکەم. 16 ئەگەر ئەوە بکەم کە نامەوێت، ئەوسا تەورات پەسەند دەکەم کە باشە. 17 ئیتر من نیم کە وا دەکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە، 18 چونکە دەزانم هیچ چاکەیەک لە مندا نیشتەجێ نییە، واتە لە سروشتی دنیاییمدا. خواست لەلام ئامادەیە، بەڵام توانای چاکەکردنم نییە، 19 چونکە ئەو چاکەیەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەو خراپەی کە نامەوێت ئەوە دەکەم. 20 ئەگەر ئەوەم کرد کە نامەوێت، ئیتر ئەوە من نیم کە دەیکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە.

21 کەواتە ئەم یاسایە دەبینم: کاتێک دەمەوێت چاکە بکەم، خراپە لەلام ئامادەیە، 22 چونکە لە ناخمدا بە تەوراتی خودا دڵشادم، 23 بەڵام یاسایەکی دیکە لە ئەندامانی جەستەمدا دەبینم، کە بەربەرەکانێی یاسای هزرم دەکات و دەمکاتە دیلی یاسای گوناه کە لە ئەندامەکانی جەستەمدایە. 24 ئای لە منی مرۆڤی بەدبەخت! کێ فریای ئەم جەستەیەم دەکەوێت کە دەبێت بمرێت؟ 25 سوپاسی خودا دەکەم کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە دەربازم دەکات!

کەواتە بە بیری خۆم خزمەتی تەوراتی خودا دەکەم، بەڵام بە سروشتی دنیاییم خزمەتی یاسای گوناه دەکەم.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.