Chronological
پۆڵس لە مەکدۆنیا و یۆنان
20 دوای نەمانی ئاژاوەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگکرد و ورەی بەرزکردنەوە، ماڵئاوایی لێکردن و بەرەو مەکدۆنیا بەڕێکەوت. 2 کاتێک بەو ناوچانەدا تێپەڕی، بە زۆر وشە ورەیانی بەرز کردەوە، هاتە یۆنان، 3 لەوێ سێ مانگی بەسەربرد. کە بەتەمابوو بە دەریادا بچێتە سوریا جولەکە پیلانیان بۆی گێڕا، بڕیاری دا بە مەکدۆنیادا بگەڕێتەوە.
1 لە پۆڵسی بەندەی عیسای مەسیح، نێردراوی بانگکراو و تەرخانکراو بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی[a] خودا، 2 ئەوەی کە خودا پێشتر لە نووسراوە پیرۆزەکاندا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە بەڵێنی دابوو، 3 سەبارەت بە کوڕەکەی کە بە جەستە لە نەوەی داود بوو، 4 هەروەها بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز و بە هێزی هەستانەوەی لەنێو مردووان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بە کوڕی خودا دیاری کرا. 5 لە پێناوی ناوی مەسیح و لە ڕێگەی ئەوەوە، نیعمەت[b] و نێردراویێتیمان وەرگرت، تاکو هەموو نەتەوەکان بانگ بکەین بۆ ئەوەی باوەڕ بە مەسیح بهێنن و گوێڕایەڵی بن. 6 ئێوەش لەنێو ئەوانەدان کە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی هی عیسای مەسیح بن.
7 بۆ هەموو ئەوانەی خۆشەویستی خودان و لە ڕۆما دەژین، بانگکراون بۆ ئەوەی پیرۆز بن:
با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
ئارەزووی دیدەنی ڕۆما
8 سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاو دەکرێتەوە. 9 خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و 10 بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان.
11 تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ، 12 هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە. 13 ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، وەک لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو.
14 من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم[c]، دانا و نەزان. 15 بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما.
مژدە توانای خودایە
16 شەرمم بە پەیامی ئینجیل[d] نییە، لەبەر ئەوەی هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. 17 لە پەیامی ئینجیلدا بێتاوانکردن[e] لە خوداوە ئاشکرا دەکرێت، ئەم بێتاوانکردنەش لە دەستپێکردنەوە هەتا کۆتایی بە باوەڕە[f]، وەک نووسراوە: [ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.[g]][h]
تووڕەیی خودا بۆ هەمووانە
18 لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن، 19 لەبەر ئەوەی زانینی خودا تێیاندا دیارە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون. 20 لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی[i]، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.
21 لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو. 22 هەرچەندە بە وتەی خۆیان دانان، بوونە گێل، 23 شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.
24 هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن. 25 ئەوانەی ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و خزمەتیان کرد لە جیاتی بەدیهێنەر، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین.
26 لەبەر ئەوە خودا ئەوانی دایە دەست هەوەسە ئابڕووبەرەکانیان، چونکە ژنەکانیان جووتبوونی سروشتییان بە ناسروشتی گۆڕییەوە. 27 پیاوانیش وازیان لە جووتبوونی سروشتی ژنانیان هێنا و گڕیان گرت لە هەوەس بۆ یەکتری. پیاو لەگەڵ پیاو بەدڕەوشتی دەکرد، جا سزای تەواوی خراپبوونیان لە خۆیاندا وەرگرت.
28 سەرەڕای ئەوەش، نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خوداش ئەوانی دایە دەست مێشکی گەندەڵیان، تاکو ئەوە بکەن کە ناشێت. 29 پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک. پڕن لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیانبەخشی. غەیبەتکارن، 30 بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، داهێنەری خراپەن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نین، 31 بێ مێشکن و دڵسۆز نین، بێ هەست و بێ بەزەیین. 32 لەگەڵ ئەوەی دەزانن حوکمی دادپەروەرانەی خودا بۆ ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارانە مردنە، بەڵام نەک تەنها خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەش پەسەند دەکەن کە دەیکەن.
حوکمی دادپەروەرانەی خودا
2 کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت. 2 بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن. 3 کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟ 4 یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟
5 بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆ دەکەیتەوە. 6 خودا [پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.][j] 7 ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن. 8 بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن. 9 ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. 10 شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە، 11 چونکە خودا لایەنگری ناکات.
12 هەموو ئەوانەی کە شەریعەتیان نییە و گوناه دەکەن، بێ شەریعەت لەناودەچن، هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی شەریعەتدا گوناه دەکەن، بە شەریعەت حوکم دەدرێن، 13 چونکە ئەوانە لەلای خودا بێتاوان نین کە شەریعەت دەبیستن، بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بە شەریعەت دەکەن. 14 بێگومان ئەو نەتەوانەی شەریعەتیان نییە، کاتێک بە سروشت شەریعەتیان پەیڕەو کرد، ئەوانە بۆ خۆیان شەریعەتن، لەگەڵ ئەوەی شەریعەتیان نییە. 15 ئەوانە بەڵگەی وا نیشان دەدەن کە فەرزەکانی تەورات لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدانیان لەناویاندا شایەتی دەدات، جار هەیە بیریان تاوانباریان دەکات و جاریش هەیە بەرگرییان لێ دەکات، 16 لەو ڕۆژەدا کاتێک خودا نهێنییەکانی خەڵک لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە حوکم دەدات، بەپێی ئەو مزگێنییەی[k] کە من ڕایدەگەیەنم.
جولەکە و تەورات
17 بەڵام تۆ، ئەگەر بە جولەکە ناو دەبردرێیت و پشت بە شەریعەتی تەورات دەبەستیت و شانازی بە خوداوە دەکەیت؛ 18 ئەگەر خواستی ئەو دەزانیت، چی باشترینە پەسەندی دەکەیت، چونکە لە تەورات فێربوویت؛ 19 ئەگەر لە خۆت دڵنیایت کە ڕێبەری کوێرەکانیت و ڕووناکییت بۆ ئەوانەی لە تاریکیدان، 20 فێرکاری نەزانان و مامۆستای منداڵانی، چونکە لە تەوراتدا وێنەی زانین و ڕاستیت هەیە، 21 جا تۆ کە خەڵکی دیکە فێر دەکەیت، ئایا خۆت فێر ناکەیت؟ تۆ کە ڕایدەگەیەنێت کە کەس دزی نەکات، ئایا خۆت دزی ناکەیت؟ 22 تۆ کە دەڵێی داوێنپیسی نەکرێت، ئایا خۆت داوێنپیسی ناکەیت؟ تۆ کە ڕقت لە بت دەبێتەوە، ئایا پەرستگاکان تاڵان ناکەیت؟ 23 کە شانازی بە شەریعەتی تەوراتەوە دەکەیت، ئایا بە سەرپێچیکردنی شەریعەت سووکایەتی بە خودا ناکەیت؟ 24 وەک نووسراوە: [لەبەر ئێوە لەناو نەتەوەکاندا کفر بە ناوی خودا دەکرێت.][l]
25 خەتەنەکردن سوودی دەبێت ئەگەر شەریعەت پەیڕەو بکەیت، بەڵام ئەگەر سەرپێچی شەریعەت بکەیت، ئەوا وەکو ئەوەیە کە هەر خەتەنە نەکرابیت. 26 بۆیە ئەگەر خەتەنە نەکراو کار بە داواکارییە دروستەکانی شەریعەت بکات، ئایا خەتەنە نەکردنەکەی بە خەتەنەکردن دانانرێت؟ 27 ئیتر ئەوەی بە سروشت خەتەنە نەکراوە، بەڵام شەریعەت جێبەجێ دەکات، حوکم بەسەر تۆدا دەدات کە شەریعەتی نووسراو و خەتەنەکردنت هەیە، هەرچەندە تۆ سەرپێچی شەریعەت دەکەیت.
28 ئەگەر کەسێک تەنها بە ڕواڵەت جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکە نییە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها جەستەیی بێت، ئەوا لە ڕاستیدا خەتەنەکردن نییە. 29 بەڵام ئەوەی لە ناخەوە جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکەیە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها بەگوێرەی شەریعەتی نووسراو ئەنجام بدرێت، ئەوا خەتەنەکردن نییە، بەڵکو خەتەنەکردنی دڵی کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوەیە، خەتەنەکردنی ڕاستەقینەیە. ئەوەی ستایشی لەلای خەڵک نییە، بەڵکو لەلای خودایە.
دڵسۆزی خودا
3 کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟ 2 زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.
3 کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟ 4 نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە:
[تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و
سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.][m]
5 بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا ناڕەوایە کە تووڕەیی دەهێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.) 6 نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟ 7 لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟» 8 وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن، دەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت.» ئەوانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە.
هیچ مرۆڤێک بێ گوناه نییە
9 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن، 10 وەک نووسراوە:
[کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،
11 کەس نییە تێبگات،
کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.
12 هەموو ڕوویان وەرگێڕا و
تێکڕا بێ سوود بوون.
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.][n]
13 [قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.][o]
[ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.][p]
14 [دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.][q]
15 [پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،
16 وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە
17 ڕێگای ئاشتی پێنازانن.][r]
18 [ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.][s]
19 ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا. 20 بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە[t] دەناسرێت.
بێتاوانکردن بە باوەڕ
21 بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن. 22 ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی، 23 لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا کەوتن و 24 بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی[u] کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە. 25 خودا مەسیحی وەک کەفارەت[v] پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشی کردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا، 26 هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە.
27 بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ. 28 کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت. 29 ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە، 30 چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنە نەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات. 31 ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت[w] دەچەسپێنین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.