Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم کۆرنسۆس 10-13

بەرگری پۆڵس لە خزمەتەکەی

10 من وەک پۆڵس، کە بە من دەڵێن لەو کاتەی لەگەڵتانم شەرمنم، بەڵام کە لێتان دوورم بەرامبەر بە ئێوە بوێرم، بە بێفیزی و نەرمونیانی مەسیح لێتان دەپاڕێمەوە و داواتان لێ دەکەم ناچارم مەکەن کاتێک لەلاتانم ئەو بوێرییەم بەکاربهێنم، چونکە پێم وایە هەر دەبێت بەکاریبهێنم بەرامبەر بەو کەسانەی کە پێیان وایە ئێمە بەگوێرەی بنەمای جیهان دەژین. هەرچەندە لە جیهاندا دەژین، بەڵام بەگوێرەی بنەمای جیهان ناجەنگین، چونکە ئەو چەکەی شەڕی پێدەکەین جیهانی نییە، بەڵکو چەکی خوداییە کە توانای وێرانکردنی قەڵای هەیە. هەموو بەڵگەیەک و هەر شتێک کە بۆ بەرهەڵستی زانیاری خودا دەربکەوێت لەناوی دەبەین، هەموو بیرێکیش بۆ گوێڕایەڵی مەسیح بە دیل دەگرین. هەر کاتێک ئێوە تەواو ملکەچ بوون، ئەو کاتە ئامادەین سزای هەموو یاخیبوونێک بدەین.

ئێوە سەیری ڕواڵەت دەکەن. ئەگەر یەکێک دڵنیابێت کە هی مەسیحە، با ئەوە بزانێت کە وەک چۆن ئەو هی مەسیحە، ئێمەش بە هەمان ئەندازە هی مەسیحین. ئەگەر تۆزێک زیاتر شانازیم بە دەسەڵاتمانەوە کردبێت ئەوەی مەسیحی باڵادەست داویەتی بۆ بنیادنانتان نەک بۆ وێرانکردنتان، شەرمی پێوە ناکەم. نامەوێ وا دەرکەوم کە بە نامەکان دەتانترسێنم. 10 لەوانەیە هەندێک بڵێن: «نامەکان قورس و بەهێزن، بەڵام ئامادەبوونی خۆی لاوازە و قسە بەتاڵە.» 11 با ئەو جۆرە کەسانە بزانن، ئەوەی لە دوورەوە و بە ڕێگای نامە بۆتان دەنووسین، هەمان ئەو شتە دەکەین کاتێک لەلاتان بین.

12 ئێمە ناوێرین خۆمان لەگەڵ ئەوانە بەراورد بکەین یاخود خۆمان بخەینە ڕیزی ئەوانەی کە بەخۆیاندا هەڵدەدەن. کاتێک خۆیان بە خۆیان بەراورد دەکەن و دەپێون، ئیتر هیچ تێناگەن. 13 بەڵام ئێمە زیاد لە پێوانە شانازی ناکەین، بەڵکو بەگوێرەی پێوانەی ئەو سنوورەی خودا بۆی داناوین، تاکو ئاستێک کە بگەینە ئێوەش. 14 ئێمە سنووری خۆمان نابەزێنین کە شانازیتان پێوە دەکەین، بەوەی گەیشتینە ئێوە، چونکە بە خزمەتی ڕاگەیاندنی مزگێنی مەسیح گەیشتینە ئێوەش. 15 زیاد لە ڕادەی خۆی شانازی بە ڕەنجی خەڵکییەوە ناکەین، بەڵام هیوادارین کاتێک باوەڕتان گەشە دەکات، لەنێوتاندا سنووری خزمەتەکەمان زۆر زیاتر بێت، 16 تاکو مزگێنی بدەینە ئەو ناوچانەش کە لە ئێوە دوورترن، نامانەوێت شانازی بکەین بەو کارەی کە پێشوەخت لە سنووری یەکێکی دیکە ئەنجام دراوە. 17 [ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.][a] 18 ئەوەی بە خۆیدا هەڵدەدات پەسەند ناکرێت، بەڵکو ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیدا هەڵدەدات.

پۆڵس و نێردراوە درۆزنەکان

11 هیوادارم بەرگەی هەندێک گێلایەتی من بگرن، هەرچەندە بەرگەشم دەگرن. بە ئیرەییەکی[b] خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، چونکە لە پیاوێک نیشانم کردن، تاکو وەک پاکیزەیەکی پاک پێشکەشی مەسیحتان بکەم. بەڵام دەترسم، وەک مارەکە حەوای بە فێڵەکەی هەڵخەڵەتاند، بیری ئێوەش لەو دڵسۆزی و پاکییە بۆ مەسیح چەواشە بکرێت، چونکە ئەگەر یەکێک بێت و عیسایەکی دیکە[c] ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی ڕامانگەیاند، یان ڕۆحێکی دیکە وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرت، یان مزگێنییەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی وەرتانگرت، ئەوا بە ئاسانی وەریدەگرن. پێم وایە هیچم لەو «نێردراوە بەرزانە» کەمتر نییە. ئەگەر لە قسەکردندا زمان پاراو نەبم، خۆ زانیاریم هەیە، بەڵکو لە هەر لایەک و لە هەموو شتێک بۆ ئێوەمان دەرخست.

یاخود گوناهم کردووە کە خۆمم نزم کردەوە تاکو ئێوە بەرز بنەوە، چونکە بەخۆڕایی مژدەی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟ کڵێساکانی دیکەم تاڵان کرد کە خەرجیم لێیان وەرگرت بۆ خزمەتەکەتان. کاتێک لەگەڵتان بووم و پێویستیم هەبوو، نەبوومە بار بۆ کەس، چونکە برایان لە مەکدۆنیاوە هاتن پێویستییەکانی منیان پڕکردەوە. لە هەموو شتێکدا خۆمم پاراست بۆ ئەوەی بارگرانی نەخەمە سەرتان و بەردەوام خۆمی لێ دەپارێزم. 10 وەک ڕاستی مەسیح لە مندایە، لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازیەم لێ ناسەنرێتەوە. 11 بۆچی؟ ئایا چونکە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت.

12 بەڵام ئەوەی دەیکەم، وا دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەڵپەرستان ببڕم کە شانازی دەکەن و دەیانەوێت دەریبخەن گوایا ئەوان وەک ئێمەن، 13 چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن. 14 سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات. 15 کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆیان لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخەن. دواڕۆژیان بەگوێرەی کرداریان دەبێت.

ئازاری پۆڵس لە خزمەتی مەسیح

16 دیسان دەیڵێمەوە: کەس بە گێلم نەزانێت، بەڵام ئەگەر بە گێلم دەزانن ئەوا وەک گێلێک بەرگەم بگرن، بۆ ئەوەی منیش تۆزێک شانازی بکەم. 17 بە متمانەوە شانازی دەکەم، نەک بەو شێوەیەی کە مەسیحی باڵادەست قسە دەکات، بەڵکو وەک لە نەزانییەوە بێت. 18 لەبەر ئەوەی زۆر کەس بەگوێرەی بنەمای جیهان شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، منیش شانازی دەکەم. 19 لەبەر ئەوەی خۆتان ئەوەندە دانان[d]، بە شادییەوە بەرگەی گێلەکان دەگرن. 20 لە ڕاستیدا، ئەگەر یەکێک ئێوە بکاتە کۆیلە بەرگە دەگرن، ئەگەر یەکێک بتانخوات، ئەگەر یەکێک بۆ خۆی بتانقۆزێتەوە، ئەگەر یەکێک خۆی بەرز بکاتەوە، یاخود ئەگەر یەکێک لە ڕووتان بدات، بەرگە دەگرن! 21 بە شەرمەزارییەوە، پێویستە بڵێم سەبارەت بەمە چەند لاواز بووین!

هەرچییەک ئەوان دەوێرن شانازی پێوە بکەن، هەروەها منیش دەوێرم، دەزانم کە گێلانە قسە دەکەم. 22 ئایا ئەوان عیبرانین؟ منیش. ئایا ئیسرائیلین؟ منیش. ئایا نەوەی ئیبراهیمن؟ منیش. 23 ئایا خزمەتکاری مەسیحن؟ من باشترم، بەڵام وەک شێتێک قسە دەکەم. من زۆر زیاتر لەوان ڕەنجم کێشاوە، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر خراپتر دارکاری کراوم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە. 24 جولەکەکان بە قامچی پێنج جار چل قامچی کەم یەکیان لێداوم[e]، 25 سێ جار دارکاری کراوم، جارێک بەردباران کراوم، سێ جار لە کەشتیدا بووم و شکاوە، شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا[f] بەسەربرد. 26 بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە تووشی مەترسی ڕووبار و چەتە بووم، مەترسی لە گەلەکەم و نەتەوەکانی دیکە، مەترسی لە شار و لە دەشت، مەترسی لە دەریا، مەترسی لە خوشک و برایانی درۆزن، 27 بە ڕەنجدان و ماندووبوونی، بە شەونخونی زۆر، بە برسیێتی و تینوێتی، بە ڕۆژووگرتنی زۆر، بە سەرما و ڕووتی. 28 ئەمانە هەموو لەلایەک، ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخدان بە هەموو کڵێساکان لەسەرم کەڵەکە دەبێت. 29 کێ لاوازە و من لەگەڵی لاواز نابم؟ کێ کەوتووەتە گوناه و من ناسووتێم؟

30 ئەگەر پێویست بە شانازیکردن بکات، ئەوا بەو شتانەوە شانازی دەکەم کە لاوازیم دەردەخەن. 31 خودا، باوکی عیسای خاوەن شکۆ ئەوەی هەتاهەتایە ستایش دەکرێت دەزانێت درۆ ناکەم. 32 لە دیمەشق، فەرمانڕەوایەکەی ئاریتاسی پاشا پاسەوانی شاری دیمەشقییەکانیان دەکرد، بۆ گرتنم. 33 بەڵام لەناو سەبەتەدا و لە پەنجەرەی شووراکە منیان شۆڕکردەوە و لە دەستی ڕزگارم بوو.

بینینی پۆڵس و دڕکی لەش

12 پێویستە شانازی بکەم، هەرچەندە سوودبەخش نییە، جا بۆ بینینی یەزدان و ئاشکراکراوی[g] ئەو دێم. مرۆڤێک دەناسم کە لەگەڵ مەسیحدا ببووە یەک[h]، پێش چواردە ساڵ خودا بردی بۆ ئاسمانی سێیەم، ئایا بە لەشەوە یاخود بێ لەش، نازانم، خودا دەزانێت. دەزانم ئەو مرۆڤە، بە لەشەوە یاخود بێ لەش، نازانم، خودا دەزانێت، بۆ بەهەشت بردرا، قسەیەکی بیست کە دەرنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بکات. شانازی بەو کەسەوە دەکەم، بەڵام شانازی بە خۆمەوە ناکەم، مەگەر بە لاوازییەکانم نەبێت، چونکە ئەگەر بمەوێت شانازی بکەم، گێل نابم، چونکە ڕاستی دەڵێم، بەڵام خۆم دەپارێزم نەوەک یەکێک وا لە من بگات زیاتر لەوەی دەمبینن و لێم دەبیستن.

بۆ ئەوەی بە گەورەیی ئەو بینینەی بۆم ئاشکرا کرا لووتبەرز نەبم، لە جەستەدا دڕکێکم درایێ، وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم. بۆ ئەمە سێ جار لە عیسای خاوەن شکۆ پاڕامەوە لە کۆڵم بکاتەوە، بەڵام پێی فەرمووم: «نیعمەتی منت بەسە، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت.» بۆیە بەوپەڕی شادییەوە شانازی بە لاوازیمەوە دەکەم، تاکو هێزی مەسیح بێتە سەرم. 10 بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم.

11 بوومە گێل، بەڵام ئێوە ناچارتان کردم. دەبووایە ئێوە پێمدا هەڵبدەن، چونکە هیچم لە «نێردراوە بەرزەکان» کەمتر نییە، هەرچەندە هیچ نیم. 12 بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە نیشانەکانی نێردراو لەنێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو. 13 چیتان لە کڵێساکانی دیکە کەمترە، جگە لەوەش خۆم نەبوومەتە بارێکی گران بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیە گەردنم ئازاد بکەن!

14 ئەوا سێیەم جارە ئامادەم بێمە لاتان، نابمە بارگرانی بۆتان. داوای شتەکانتان ناکەم، بەڵکو داوای ئێوە دەکەم، چونکە پێویست ناکات منداڵ بۆ دایک و باوک کۆبکەنەوە، بەڵکو پێویستە دایک و باوک بۆ منداڵ کۆبکەنەوە. 15 منیش بەوپەڕی شادییەوە بۆ ئێوە خەرج دەکەم، خۆم خەرجی دەکەم. ئەگەر ئێوەم زۆرتر خۆشدەوێت، ئایا منتان کەمتر خۆشدەوێت؟ 16 ئیتر با وابێت، بارم گران نەکردوون. بەڵام کە فێڵبازم[i]، بە فێڵ لێم سەندوون. 17 ئایا ئەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون، هیچ قازانجێکیان بۆ خودی خۆم هەبووە؟ 18 لە کاتێکدا لە تیتۆس پاڕامەوە تاوەکو بێت بۆ لاتان، ئەو برایەی کە خۆتان دەیناسن لەگەڵیدا ناردم. ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچ قازانجێکی کردووە؟ ئایا بە هەمان ڕۆح ناژین، بە هەمان هەنگاو ناڕۆین؟

19 ئایا پێتان وابووە ئەم ماوە درێژە ئەوەی کە دەیڵێین بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆمان؟ نەخێر، بە ناوی مەسیحەوە ئەم هەموو شتە لەبەردەم خودا دەڵێین. ئەی خۆشەویستان، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئێوە بنیاد بنێین، 20 چونکە من دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان، بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت، ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن، نەوەک لەنێوانتاندا ناکۆکی، چاوپیسی، تووڕەیی، خۆپەرستی، بوختان، قسە هێنان‏و بردن، لەخۆباییبوون، بێسەروبەری هەبێت. 21 هەروەها جارێکی تر کە دێمەوە لاتان، دەترسم خودا من لەنێوتان نزم بکاتەوە و خەفەت بخۆم بۆ زۆر کەس کە پێشتر گوناهیان کردووە و تۆبەیان نەکردووە لەو گڵاوی و بەڕەڵایی و بەدڕەوشتییەی کە کردوویانە.

خۆتان تاقی بکەنەوە

13 ئەمە سێیەم جارە کە دێمە لاتان. [هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.][j] پێشتر گوتوومە وەک دووەم جار لەلاتان بووم و ئێستاش کە لێتان دوورم دەیڵێمەوە، بۆ ئەوانەی پێشتر گوناهیان کردووە و بۆ هەموو ئەوانەی دیکەش: کە دێمەوە بەزەییم نابێت، چونکە ئێوە داوای بەڵگە دەکەن کە مەسیح لە ڕێگەی منەوە دەدوێت. ئەو لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئێوە لاواز نییە، بەڵکو لەنێوتاندا بەهێزە. هەرچەندە لە لاوازیدا لە خاچ درا، بەڵام بە هێزی خودا دەژیێت. هەروەها ئێمەش لاوازین هەروەک چۆن مەسیح لاواز بوو، بەڵام ئێمە لە هەڵسوکەوتکردنمان لەگەڵ ئێوە بە هێزی خودا لەگەڵ ئەودا دەژین.

خۆتان تاقی بکەنەوە ئاخۆ ئێوە باوەڕدارن. لە خۆتان بکۆڵنەوە. ئایا نازانن کە عیسای مەسیح لە ئێوەدایە؟ مەگەر لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو نەبوون. بەڵام هیوادارم بزانن کە ئێمە نەکەوتووین. ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە ئێوە هیچ خراپەیەک نەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە ئێمە بەرگەی تاقیکردنەوەمان گرتووە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێوە چی چاک و ڕاستە بیکەن، هەرچەندە خەڵکی بە سەرنەکەوتوومان دابنێن، چونکە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین، بەڵکو لە پێناوی ڕاستی. شادین کە لاوازین و ئێوە بەهێزن، نوێژی ئێمەش بۆ تەواوی ئێوەیە. 10 بۆیە ئەمانە دەنووسم و دوورم، تاوەکو کاتێک لەلاتان ئامادە دەبم بە ڕەقی نەجوڵێمەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی مەسیحی باڵادەست پێی بەخشیوم بۆ بنیادنانتان، نەک بۆ وێرانکردنتان.

هاندان و سڵاوی کۆتایی

11 لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان دڵشاد بن. بۆ تەواوی هەوڵ بدەن، یەکتری هانبدەن، هاوبیر بن، بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.

12 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن. 13 هەموو گەلی پیرۆزی خودا لێرە سڵاوتان لێدەکەن.

14 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.