Chronological
حوکمدان بەسەر داوێنپیس
5 لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داوێنپیسی لەنێو ئێوەدا هەیە، جۆرە داوێنپیسییەک کە لەنێو بتپەرستەکانیشدا نییە: پیاو لەگەڵ باوەژنی دەژیێت![a] 2 ئێوەش لووتبەرزن! باشتر نەبوو ماتەمدار بن، ئەو کەسەش کە ئەم کارەی کردووە لە خۆتانی دووربخەنەوە؟ 3 هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح ئامادەم، وا ئەو کەسەم حوکم داوە کە ئەمەی کردووە، وەک ئەوەی لەوێ ئامادەبووبم: 4 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێوە و ڕۆحی من لەگەڵ هێزی مەسیح کۆدەبنەوە، 5 ئەم کەسە دەبێت بدرێتە دەست شەیتان[b] تاکو سروشتی دنیایی بفەوتێنێت، بۆ ئەوەی ڕۆحەکەی لە ڕۆژی یەزداندا ڕزگاری بێت.
6 شانازیکردنتان باش نییە. ئایا نازانن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت؟ 7 خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە، تاکو ببنە هەویرێکی نوێ وەک ئێوە فەتیرەن، چونکە مەسیحی بەرخی پەسخەمان سەربڕدرا. 8 کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە، بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی.
9 من پێشتر لە نامەکەی دیکەم بۆم نووسین تێکەڵ بە داوێنپیسان مەبن، 10 مەبەستم لە داوێنپیس و چاوچنۆک و تاڵانکەر و بتپەرستانی ئەم جیهانە نییە، ئەگینا ناچار دەبوون لەم جیهانە بچنە دەرەوە. 11 بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە. نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن.
12 بە من چی ئەو بێباوەڕانەی دەرەوەی کڵێسا حوکم بدەم؟ ئایا ئێوە ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا حوکم نادەن؟ 13 ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا خودا حوکمیان دەدات. [خراپەکار لەنێو خۆتان دووربخەنەوە.][c]
سکاڵای نێوان باوەڕداران
6 کە یەکێکتان سکاڵایەکی لە یەکێکی دیکە هەبوو، چۆن دەوێرێ کێشەکەی بباتە لای بێباوەڕان بۆ ئەوەی ئەوان حوکمی بۆ بدەن و لای گەلی پیرۆزی خودا نەبێت؟ 2 ئایا نازانن گەلی خودا جیهان حوکم دەدەن؟ ئەگەر ئێوە حوکم بەسەر جیهاندا بدەن، ئایا شایستە نین حوکم بەسەر بچووکترین شتدا بدەن؟ 3 ئایا نازانن ئێمە حوکم بەسەر فریشتەکاندا دەدەین؟ چەندە زیاتر حوکم بەسەر شتەکانی ئەم ژیانە دەدەین؟ 4 جا ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەدا کێشەتان هەبێت، ئایا دەیبەنە لای دادوەری بێباوەڕ کە کڵێسا پەسەندیان ناکەن؟ 5 تاکو شەرم بکەن ئاوا دەڵێم. ئایا یەکێکی داناتان تێدا نییە بتوانێت دادوەری لەنێو برایانی بکات؟ 6 بەڵام برا برای خۆی بۆ دادگا دەبات، لەبەردەم بێباوەڕان ئەمە دەکات!
7 لە ڕاستیدا شورەییە بۆتان لەنێوتاندا سکاڵا لە یەکتر بکەن. باشتر نەبوو زۆرلێکراو بن؟ باشتر نەبوو فێڵلێکراو بن؟ 8 بەڵام ئێوە زۆرداری و فێڵ دەکەن، تەنانەت لە خوشک و برایانیشتان!
9 ئایا نازانن کە زۆردار نابنە میراتگری شانشینی خودا؟ هەڵمەخەڵەتێن. نە بەڕەڵا و نە بتپەرست، نە داوێنپیس و نە هاوڕەگەزباز، 10 نە دز و نە چاوچنۆک، نە سەرخۆش و نە جنێوفرۆش و نە تاڵانکەر، نابنە میراتگری شانشینی خودا. 11 جا هەندێکتان بەم شێوەیە بوون. بەڵام شۆرانەوە و پیرۆزکران و بێتاوان کراون بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕۆحی خودامان.
بە جەستە ستایشی خودا بکەن
12 «هەموو شتێک بۆ من دروستە،[d]» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هیچ شتێک بەسەرمدا زاڵ نابێت. 13 «خواردن بۆ ورگە و ورگیش بۆ خواردن،» کەچی خودا هەردووکیان لەناودەبات. بەڵام جەستە بۆ داوێنپیسی نییە، بەڵکو بۆ مەسیحی خاوەن شکۆیە، مەسیحیش بۆ جەستەیە. 14 خوداش مەسیحی خاوەن شکۆی هەستاندەوە و بە هێزی خۆی ئێمەش هەڵدەستێنێتەوە. 15 ئایا نازانن لەشتان ئەندامی جەستەی مەسیحە؟ ئایا ئەندامی جەستەی مەسیح بکەمە ئەندامی لەشفرۆشێک؟ نەخێر! 16 یاخود نازانن ئەوەی خۆی بە لەشفرۆشێکەوە نووساندووە، لەگەڵی بووەتە یەک جەستە؟ چونکە دەفەرموێ: [هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.][e] 17 بەڵام ئەوەی لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ یەکبگرێت، لەگەڵی دەبێ بە یەک ڕۆح.
18 لە داوێنپیسی ڕابکەن. هەر گوناهێک مرۆڤ بیکات، لە دەرەوەی جەستەیە، بەڵام ئەوەی داوێنپیسی دەکات ئەوا لە دژی جەستەی خۆی گوناه دەکات. 19 یاخود نازانن کە لەشتان پەرستگای ڕۆحی پیرۆزە کە لە ئێوەدایە و لەلایەن خوداوەیە هەتانە؟ ئێوەش هی خۆتان نین، 20 چونکە ئێوە بە نرخێک کڕاون. جا بە لەشتان ستایشی خودا بکەن.
هاوسەرگیری
7 سەبارەت بەو شتانەی کە بۆ منتان نووسیوە: باشە بۆ پیاو ژن نەهێنێت[f]. 2 بەڵام لەبەر داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت و هەر ژنێک مێردی خۆی هەبێت. 3 مێرد لەسەریەتی ئەرکی سەرشانی بۆ ژنەکەی بەجێبگەیەنێت، هەروەها ژنیش بۆ مێرد. 4 ژن دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی مێردەکەیەتی. هەروەها مێردیش دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی ژنەکەیەتی. 5 خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێککەوتن بۆ ماوەیەک تاکو بۆ نوێژکردن دەست بەتاڵ بن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایەتی، نەوەک بەهۆی بەسەرخۆدا زاڵنەبوونتانەوە شەیتان تاقیتان بکاتەوە. 6 بەڵام ئەمەی دەیڵێم، وەک ڕێگادانە نەک فەرمان. 7 هیوادارم هەموو خەڵک وەک من بن[g]، بەڵام هەریەکە لەلایەن خوداوە بەهرەی خۆی هەیە، هی یەکێک ئاوایە و ئەوەی دیکەش ئاوا.
8 بەڵام ئەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و بێوەژنانیش، پێیان دەڵێم: بۆیان باشە ئەگەر وەک من[h] بمێننەوە. 9 بەڵام ئەگەر خۆیان ڕانەگرت، با هاوسەرگیری بکەن، چونکە هاوسەرگیری لە گڕگرتن باشترە.
10 بەڵام بۆ هاوسەران، ڕایاندەسپێرم، من نیم بەڵکو مەسیحی باڵادەست ڕایاندەسپێرێت: با ژن لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە، 11 بەڵام ئەگەر لێی جیا بووەوە، با بێ مێرد بمێنێتەوە یان مێردەکەی ئاشت بکاتەوە. مێردیش با ژنەکەی تەڵاق نەدات.
12 ئەوانی دیکە من پێیان دەڵێم نەک مەسیحی باڵادەست: ئەگەر برایەک ژنێکی بێباوەڕی هەبوو، ژنەش ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با تەڵاقی نەدات. 13 ئەگەر ژنێک مێردێکی بێباوەڕی هەبوو، مێردەکە ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با ژنەکە لێی جیا نەبێتەوە، 14 چونکە مێردە بێباوەڕەکە لە ژندا پیرۆزکراوە و ژنی بێباوەڕ لە پیاودا پیرۆزکراوە، ئەگینا منداڵتان گڵاوە، بەڵام ئێستا پیرۆزە.
15 بەڵام ئەگەر بێباوەڕەکە خۆی جیا کردەوە، با جیا بێتەوە. لە باری ئاوادا براکە یان خوشکەکە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو خودا بۆ ئاشتی بانگی کردووین، 16 چونکە ئەی ژن چۆن دەزانی ئاخۆ مێردەکەت ڕزگار دەکەیت؟ یان ئەی مێرد چۆن دەزانی ئاخۆ ژنەکەت ڕزگار دەکەیت؟
17 لەگەڵ ئەوەشدا، با هەر یەکێک بەپێی ئەو بەشەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیداوە و بەو شێوەیەی کە خودا بانگی کردووە بژیێت، لە هەموو کڵێساکان ئاوا فەرمان دەدەم. 18 ئەوەی بە خەتەنەکراوی بانگکراوە، با نەبێتەوە خەتەنە نەکراو. ئەوەش بە خەتەنە نەکراوی بانگکراوە، با خەتەنە نەکات. 19 خەتەنەکردن هیچ نییە، خەتەنە نەکردنیش هیچ نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی خودا گرنگە. 20 با هەر یەکێک لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە کاتێک خودا بانگی کردووە. 21 ئایا بە کۆیلەیی بانگکرایت؟ گوێی مەدەرێ. بەڵام ئەگەر توانیت ئازاد بیت، بیکە، 22 چونکە ئەوەی کۆیلە بووە کاتێک یەزدان بانگی کردووە ئەوە دەبێتە ئازادکراوی یەزدان. بە هەمان شێوە ئەوەشی کە ئازاد بووە، کاتێک بانگکراوە ئەوە دەبێتە کۆیلەی مەسیح. 23 ئێوە بە نرخێک کڕاون، مەبنە کۆیلەی خەڵک. 24 خوشکان، برایان، هەر یەکێک لە چیدا بانگکراوە، با لەگەڵ خودا لەمەدا بمێنێتەوە.
ڕەبەن و بێوەژن
25 دەربارەی کچان و کوڕان، هیچ فەرمانێکم لە مەسیحی باڵادەستەوە نییە، بەڵام من بۆچوونی خۆمتان پێ دەڵێم وەک یەکێک یەزدان بەزەیی پێدا هاتبێتەوە کە جێی متمانە بێت. 26 وابزانم، لەبەر ئەم تەنگانەیەی ئێستا[i]، باشە بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێتەوە. 27 ئایا تۆ بە ژنەوە بەستراویتەوە؟ داوای جیابوونەوە مەکە. ئایا تۆ بە ژن نەبەستراویتەوە؟ داوای ژن مەکە. 28 بەڵام ئەگەر ژن بهێنیت گوناهت نەکردووە، ئەگەر پاکیزەش مێرد بکات گوناهی نەکردووە. بەڵام ئەوانە لەم ژیانە تووشی ماندووبوونی دەبن، جا من دەمەوێ تووشتان نەکەم.
29 خوشکان، برایان، ئەمە دەڵێم: کاتمان کەمە، لەمەودوا ئەوانەی ژنیان هەیە دەبێت بە جۆرێک بژین وەکو ئەوەی کە نەیانبێت، 30 ئەوانەی دەگریێن وەک نەگریێن، ئەوانەی شادن وەک شاد نەبن، ئەوانەی دەکڕن وەک موڵکیان نەبێت، 31 ئەوانەی جیهان بەکاردەهێنن وەک هەر بەکارینەهێنن، چونکە وێنەی ئەم جیهانە ڕووەو نەمانە.
32 جا دەمەوێ ئێوە بێ خەم بن. ئەوەی ژنی نەهێناوە بایەخ بە کاروباری پەروەردگار دەدات، چۆن پەروەردگار ڕازی بکات. 33 بەڵام هاوسەردار بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن ژنەکەی ڕازی بکات؟ 34 ئەو کابرایە دڵی بەشکراوە. ژنی بێ مێرد و پاکیزە گرنگی بە کاروباری پەروەردگار دەدەن، چۆن دەتوانێت جەستە و ڕۆحی خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. بەڵام شووکردوو بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن مێرد ڕازی بکات. 35 ئەمە بۆ چاکەتان دەڵێم، نەک تووشی کۆتێکتان بکەم، بەڵکو بۆ ڕێز و تەرخانکراوییە بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ، بێ پەشێوی.
36 بەڵام ئەگەر کەسێک نیگەرانە لەوەی کە بە شێوەیەکی شیاو لەگەڵ دەستگیرانە پاکیزەکەی هەڵسوکەوت ناکات، ئەگەر حەز و ئارەزووی زۆر بوو و پێویست بوو هاوسەرگیری بکەن، چی حەز لێیە با ئەوە بکات، با هاوسەرگیری بکەن، گوناهی نەکردووە. 37 بەڵام ئەوەی لە دڵەوە بڕیاری دابێت و ناچار نەبێت، بەڵکو بەسەر خواستی خۆیدا زاڵ بێت، ئەو بڕیارەش کە لە دڵەوە داویەتی کە دەستگیرانە پاکیزەکەی نەگوازێتەوە، ئەوا چاک دەکات. 38 کەواتە، ئەوەی پاکیزەکەی بە مێرد دەدات، چاک دەکات، ئەوەش کە بە مێرد نادات، چاکتر دەکات.
39 ژن ئەوەندە بە مێردەوە دەبەسترێتەوە هەتا مێردەکەی زیندووە. بەڵام ئەگەر مێردەکەی مرد، ئەوا ئازادە شوو بە هەر پیاوێک بکات کە دەیەوێت، بە مەرجێک باوەڕی بە مەسیحی خاوەن شکۆ هەبێت. 40 بەڵام بە بۆچوونی من، بەختەوەرترە ئەگەر ئاوا بمێنێتەوە، وا بزانم منیش ڕۆحی خودام هەیە.
قوربانی بتەکان
8 سەبارەت بە قوربانی بتەکان، دەزانین کە هەموومان زانیاریمان هەیە. زانیاری لووتبەرز دەکات، بەڵام خۆشەویستی بنیاد دەنێت. 2 ئەگەر یەکێک وایزانی شتێک دەزانێت، ئەوا هێشتا نازانێ وەک پێویستە بزانێت. 3 بەڵام ئەگەر یەکێک خودای خۆشبوێ، ئەوا لەلای ناسراوە.
4 جا سەبارەت بە خواردنی قوربانی بتەکان، دەزانین بت[j] لە جیهاندا نییە و هیچ خودایەک نییە جگە لە یەکێک. 5 ئەگەر هەندێک هەبن پێیان بگوترێت «خودا» لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەروەک زۆر «خوداوەند» و زۆر «گەورە» هەیە، 6 بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەوین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوە و ئێمەش بەهۆی ئەوین.
7 بەڵام هەموو خەڵک ئەمە نازانن، چونکە هەندێکیان هەتا ئێستا خوویان بە بت گرتووە و ئەوەی دەیخۆن وەک بڵێی قوربانی بتە، ویژدانیان گڵاو دەبێت، چونکە لاوازە. 8 بەڵام خواردن لە خودا نزیکمان ناکاتەوە، ئەگەر نەیخۆین کەم ناکەین و ئەگەر خواردیشمان زیاد ناکەین.
9 بەڵام وریابن سەربەستیتان نەبێتە کۆسپ بۆ لاوازەکان[k]. 10 ئەی خاوەن زانیاری، ئەگەر یەکێک تۆی بینی لە پەرستگای بت دەخۆیت، ئایا ویژدانەکەی کە لاوازە هاننادرێت تاکو لە قوربانی بتەکان بخوات؟ 11 جا بەهۆی زانیاریت ئەو برایەی لاوازە، کە مەسیح لە پێناوی مرد، لەناودەچێت. 12 ئاواش گوناه لە دژی برایان دەکەن و ویژدانی لاوازیان بریندار دەکەن، گوناه لە دژی مەسیح دەکەن. 13 لەبەر ئەوە، ئەگەر خۆراک ببێتە هۆکاری کەوتنی براکەم، ئەوا هەرگیز گۆشت ناخۆم تاکو نەبم بە کۆسپ بۆ براکەم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.