Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 17:1-18:18

پۆڵس و سیلا لە سالۆنیکی

17 پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو. پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.» هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.

بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک. کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون، یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.» بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند. ئەوانیش دەستەبەرنامەیان[a] بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن.

لە شاری بیریە

10 کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە. 11 بەڵام خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە ئاخۆ شتەکان ئاوان. 12 جا زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها زۆر لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و پیاوانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.

13 بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن. 14 دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە. 15 ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای.

پۆڵس لە ئەسینا

16 کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. 17 بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو. 18 هەندێک فەیلەسوفی ئەپیکوری[b] و ستۆیکی[c] گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد، هەندێک دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکە گوتیان: «دیارە بانگەواز بۆ هەندێک خوداوەندی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد. 19 ئینجا بردییانە ئاریۆپاگۆس[d] و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ 20 چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.» 21 لەبەر ئەوە هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان.

وتارێک لە ئاریۆپاگۆس

22 پۆڵس لەناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. 23 کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“‏ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن.

24 «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. 25 بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. 26 هەموو نەتەوەکانی لە یەکێک دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاریی کردوون، 27 تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. 28 ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“[e] وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“[f]

29 «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە بیرنەکەینەوە کە خودایەتی لە پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. 30 لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، 31 چونکە ڕۆژێکی داناوە تێیدا بەتەمایە بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات، بە پیاوێک کە دیاریی کردووە، بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.»

32 کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.» 33 ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت، 34 بەڵام هەندێک کەس لایەنگری پۆڵسیان کرد و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیونیسیۆسی ئەندامی ئاریۆپاگۆس، هەروەها ژنێک بە ناوی داماریس و چەند کەسێکی دیکەش لەگەڵیان.

پۆڵس لە کۆرنسۆس

18 لەدوای ئەمە پۆڵس ئەسینای بەجێهێشت و هاتە کۆرنسۆس. جولەکەیەکی دۆزییەوە بە ناوی ئەکیلا، خەڵکی پۆنتۆس[g] بوو، تازە لەگەڵ پریسکیلای ژنی لە ئیتالیاوە هاتبوون، چونکە کلودیۆس[h] فەرمانی دابوو هەموو جولەکە ڕۆما بەجێبهێڵن. پۆڵس ئیتر چووە لایان و بەهۆی هاوپیشەییان لەلایان مایەوە و ئیشی دەکرد، چونکە پیشەیان چادر دروستکردن بوو. هەموو شەممەیەک لە کەنیشت گفتوگۆی دەکرد، قەناعەتی بە جولەکە و یۆنانییەکان دەهێنا.

کاتێک سیلا و تیمۆساوس لە مەکدۆنیاوە هاتن، پۆڵس خۆی بۆ خزمەتی پەیامی مەسیح تەرخان کرد، لەنێو جولەکەکاندا شایەتی دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە. بەڵام کاتێک دژایەتییان کرد و جنێویان پێدا، کراسەکەی تەکاند و پێی گوتن: «خوێنی خۆتان لەسەر خۆتان! من بێتاوانم. لە ئێستاوە دەچمە لای نەتەوەکان.»

ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت و چووە ماڵی پیاوێک ناوی تیتیۆس یوستۆس بوو، خواپەرست بوو، ماڵەکەی لەتەنیشت کەنیشتەوە بوو. لێرەدا کریسپۆسی پێشەوای کەنیشت خۆی و خاووخێزانی باوەڕیان بە عیسای خاوەن شکۆ هێنا. زۆر لە خەڵکی کۆرنسۆس کە گوێیان لێبوو باوەڕیان هێنا و لە ئاو هەڵکێشران.

قسە بکە و بێدەنگ مەبە

شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە، 10 چونکە من لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات، چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.» 11 ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن.

12 لەو سەردەمەی گالیۆن[i] فەرمانڕەوای ئەخایا[j] بوو، جولەکە هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆڵس و بردیان بۆ دادگا، 13 گوتیان: «ئەم پیاوە قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا کە بە پێچەوانەی تەورات خودا بپەرستن.»

14 کە پۆڵس خەریک بوو دەمی بکاتەوە، گالیۆن بە جولەکەکانی گوت: «جولەکەکان، ئەگەر بابەتەکە ناڕەوایی یان تاوانێکی خراپ بووایە، وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت. 15 بەڵام ئەگەر بابەتەکە لەسەر وشە و ناو و تەوراتتانە، خۆتان تەماشای بکەن. نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر.» 16 ئیتر لە دادگا دەریکردن. 17 ئەوسا هەموو سۆستانیسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیاندا، گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا.

گەڕانەوەی پۆڵس بۆ ئەنتاکیا

18 پۆڵس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە، ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد و لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت. دوای ئەوەی لە کەنخریا سەری تاشی، چونکە نەزری لەسەر بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.