Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
گەلاتیا 4-6

پێتان بڵێم: ئەگەر میراتگر ناکام بێت جیاوازیی نابێت لەگەڵ کۆیلە، هەرچەندە میراتگرەکە خاوەنی هەموو میراتەکەیە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتیکار و سەرکاردا دەمێنێتەوە هەتا ئەو ماوەیەی کە باوکی دیاریی کردووە. ئێمەش بە هەمان شێوە، کاتێک ناکام بووین کۆیلەی دەستی بنەما سەرەکییەکانی جیهان بووین. بەڵام کە کاتی تەواوی خۆی هات، خودا کوڕی خۆی نارد، لە ژنێک لەدایک بوو، لە سایەی تەورات لەدایک بوو، بۆ ئەوەی ئەوانە بکڕێتەوە کە لە سایەی شەریعەتدان، تاکو وەک ڕۆڵە لەخۆگرتنەوە[a] بەدەستبهێنین. لەبەر ئەوەی ئێوە ڕۆڵەی خودان، خودا ڕۆحی کوڕەکەی خۆی ناردە دڵتانەوە، بە هاوارەوە دەیفەرموو: «بابە! باوکە!» کەواتە ئیتر کۆیلە نیت، بەڵکو کوڕی، ئەگەر کوڕیش بیت، ئەوا خودا تۆی کردووەتە میراتگر.

سەرسوڕمانی پۆڵس

بەڵام لەو کاتەیدا خوداتان نەدەناسی، کۆیلەی ئەوانە بوون کە بە سروشت خودا نین. بەڵام ئێستا خودا دەناسن، ڕاستتریش لەلای خوداوە ناسران، ئایا چۆن دیسان دەگەڕێنەوە لای بنەما سەرەکییە لاواز و هەژارەکان؟ ئایا دەتانەوێ سەرلەنوێ ببنەوە کۆیلەی ئەوانە؟ 10 ئایا بایەخ بە ڕۆژ و مانگ و وەرزی تایبەت و ساڵان دەدەن؟ 11 دەترسم بەخۆڕایی لە پێناوتان ماندووبووبم.

12 خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، وەکو من بن، چونکە من خۆم وەکو ئێوەم لێهات. هەڵەتان لەگەڵم نەکردووە. 13 هەروەک دەزانن بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە بوو کە یەکەم جار مژدەم پێدان، 14 نەخۆشییەکەم تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نەبوو بۆتان، بەڵام بە چاوێکی سووک سەیرتان نەکردم و ڕقتان لێم نەبووەوە، بەڵکو وەک فریشتەی خودا، وەک عیسای مەسیح پێشوازیتان لێکردم. 15 ئەو خۆشییەتان چی بەسەرهات؟ چونکە شایەتیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیایە چاوی خۆتان دەردەهێنا و دەتاندامێ. 16 ئایا ئێستا بوومە دوژمنی ئێوە، چونکە ڕاستیتان پێ دەڵێم؟

17 ئەوانە دڵگەرمن بۆ ئێوە، نیازیان باش نییە، بەڵکو دەیانەوێت بتانترازێنن تاکو بۆ ئەوان دڵگەرم بن. 18 دڵگەرمی شتێکی باشە، ئەگەر هەموو کاتێک بە مەبەستێکی پاک بێت، نەک تەنها ئەو کاتەی من لەگەڵتان بم. 19 ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، جارێکی دیکە لە پێناوتاندا ژانی منداڵبوون دەچێژم، هەتا وێنەی مەسیح لە ژیانتاندا بەرجەستە دەبێت، 20 بەڵام دەمویست ئێستا لەگەڵتان بم، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵتان بدوێم، چونکە سەرم لە ئێوە سوڕماوە.

نموونەی هاجەر و سارا

21 ئەی ئەوانەی حەز دەکەن لەژێر سایەی شەریعەتدا بن، پێم بڵێن، ئایا تەورات نابیستن؟ 22 چونکە نووسراوە کە ئیبراهیم دوو کوڕی هەبووە، یەکێکیان لە کۆیلەکە، ئەوی دیکەیان لە ئازادەکە[b]. 23 ئەوەی لە کۆیلەکە بوو بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، بەڵام ئەوەی لە ئازادەکە، بە بەڵێن بووە.

24 هەموو ئەمانەش هێمان، چونکە ئەو دوو ژنە دوو پەیمانەکەن، یەکێکیان لە شاخی سیناوەیە، بۆ کۆیلایەتی منداڵی دەبێت، ئەوەش هاجەرە. 25 هاجەر هێمایە بۆ شاخی سینا لە عەرەبستان، ئەو ئۆرشەلیمەی ئێستا دەنوێنێت، ئەویش لەگەڵ منداڵەکانی کۆیلەن. 26 بەڵام ئۆرشەلیمی سەرەوە ئازادە، دایکی ئێمەیە، 27 چونکە نووسراوە:

[ئەی نەزۆک، دڵشادبە،
    ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
    لە خۆشیدا بە دەنگی بەرز هاوار بکە،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو[c] زیاترن
    لەوەی مێردی لەگەڵیەتی.][d]

28 بەڵام ئێوە، خوشکان و برایان، وەک ئیسحاق منداڵی بەڵێنن. 29 جا چۆن لە کاتێکدا ئەوەی بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز لەدایک ببوو، ئێستاش ئاوایە. 30 بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [کەنیزەکە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی کەنیزەکە لەگەڵ کوڕی ئازادەکە نابێتە میراتگر.][e] 31 کەواتە ئەی خوشک و برایان، ئێمە منداڵی کۆیلەکە نین، بەڵکو هی ئازادەکەین.

ئازادی بە مەسیح

مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن.

ئاگاداربن، من پۆڵسم پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕێبدەن خەتەنە بکرێن ئەوا مەسیح هیچ سوودێکی بۆتان نابێت! دیسان شایەتی دەدەم، هەر مرۆڤێک ڕێ بدات خەتەنە بکرێت، دەبێت کار بە هەموو شەریعەت بکات. ئەی ئەوانەی دەتانەوێت بە شەریعەت بێتاوان بکرێن، ئەوا لە مەسیح جیا بوونەوە، لە نیعمەتی خودا کەوتن. بەڵام ئێمە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە، بە باوەڕ، چاوەڕێی هیوای ڕاستودروستین. بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا خەتەنەکردن یان خەتەنە نەکردن هیچ سوودێکی نییە، بەڵکو ئەو باوەڕە گرنگە کە بە خۆشەویستی کار دەکات.

باش ڕاتاندەکرد. کێ ڕێی لێ گرتن تاکو گوێڕایەڵی ڕاستی نەبن؟ ئەم بیروباوەڕە لەلایەن ئەوەوە نییە کە بانگتان دەکات. «هەویرترشێکی بچووک، هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت.» 10 لەبەر ئەوەی ئێمە لەگەڵ مەسیح یەکین، دڵنیام کە بە شێوەیەکی دیکە بیرناکەنەوە. جا ئەوەی بتانشێوێنێ سزای خۆی وەردەگرێت، هەر چ کەسێک بێت. 11 بەڵام خوشکان، برایان، ئەگەر هەتا ئێستا من خەتەنەکردن ڕادەگەیەنم، ئیتر بۆچی هەتا ئێستا دەچەوسێمەوە؟ کەواتە کۆسپی خاچ لادراوە. 12 خۆزگە ئەو کەسانەی دەتانشێوێنن، بخەسێنرێن.

13 ئەی خوشک و برایانم، ئێوە بۆ ئازادی بانگکراون، بەڵام ئازادی مەقۆزنەوە بۆ ڕازیکردنی سروشتی دنیایی، بەڵکو بە خۆشەویستی خزمەتی یەکتری بکەن، 14 چونکە تەورات هەمووی لە یەک ڕاسپاردەدا دێتە دی: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][f] 15 ئەگەر پەلاماری یەکتری بدەن و یەکتری بخۆن، ئاگاداربن یەکتری لەناونەبەن.

ڕۆح و جەستە

16 پێتان دەڵێم: بە ڕۆحی پیرۆز بژین، ئارەزووی سروشتی دنیایی تێر مەکەن، 17 چونکە ئارەزووی سروشتی دنیایی لە دژی ڕۆحەکەیە، ڕۆحەکەش لە دژی سروشتی دنیاییە. هەریەکەیان بەربەرەکانێی ئەوی دیکە دەکات، تاکو ئەوە نەکەن کە دەتانەوێت. 18 بەڵام ئەگەر ئێوە بە ڕۆحەکە بەڕێوەتان ببات، ئەوا لەژێر سایەی شەریعەتدا نین.

19 ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی، 20 بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی، 21 چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.

22 بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی، 23 دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون. شەریعەت نییە لە دژی ئەمانە بێت. 24 بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە. 25 ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز بژین، با هەنگاوەکانی ڕۆحەکەش بپارێزین. 26 با لەخۆبایی نەبین، یەکتری تووڕە نەکەین، لەگەڵ یەکتری چاوپیس نەبین.

باری یەکتری هەڵگرن

خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە نەوەک تۆش بکەویتە تاقیکردنەوە. باری یەکتری هەڵگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی. ئەگەر یەکێک خۆی بە شتێک زانی، هیچیش نەبوو، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. بەڵام با هەریەکە کرداری خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوسا با تەنها شانازی بە خۆیەوە بکات، نەک بە کەسێکی دیکەوە، چونکە هەرکەسێک باری خۆی هەڵدەگرێت.

ئەو کەسەی فێری وشەی خودا[g] دەکرێت، دەبێت فێرکارەکەی لە هەموو شتێکی باشدا بەشدار بکات.

هەڵمەخەڵەتێن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە. ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە. کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین. 10 ئینجا هەروەک دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران.

بوونەوەرێکی نوێ

11 سەیر بکەن، ئەو پیتانە کە بە دەستی خۆم نووسیومە چەندە گەورەن.[h]

12 ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا ڕواڵەتێکی چاک دروستبکەن، ئەوانە ناچارتان دەکەن خەتەنە بکرێن، تەنها تاکو لەبەر خاچی مەسیح نەچەوسێنرێنەوە. 13 ئەوانەی خەتەنەکراون، تەورات پەیڕەو ناکەن، تەنها دەیانەوێت ئێوە خەتەنە بکرێن، تاکو شانازی بە جەستەی ئێوەوە بکەن. 14 لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی گەورەمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان، 15 چونکە نە خەتەنەکردن سوودی هەیە و نە خەتەنە نەکردنیش، بەڵکو بەدیهێنراوی نوێ. 16 با ئاشتی و بەزەیی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکەن، بۆ گەلی ئیسرائیلی خوداش.

17 ئیتر با کەس گرفتم بۆ دروستنەکات، چونکە نیشانەکانی عیسام لە لەشدا هەڵگرتووە.

18 خوشکان و برایان، با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.