Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
گەلاتیا 1-3

لە پۆڵسەوە، ئەوەی نە لەلایەن خەڵک و نە بەهۆی مرۆڤێکە نێردراوە، بەڵکو لەلایەن عیسای مەسیح و خودای باوکە، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، هەروەها هەموو ئەو برایانەی لەگەڵمدان،

بۆ ئەو کڵێسایانەی لە گەلاتیان:

با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت، ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان خۆی بەخشی، تاکو بەگوێرەی خواستی خودای باوکمان، لەم دنیایە خراپەی ئێستا ڕزگارمان بکات. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.

مژدەیەکی دیکە نییە

پێم سەیرە چۆن وا بە خێرایی، لەوەی بە نیعمەتی مەسیح بانگی کردوون، بۆ ئینجیلێکی دیکە[b] وەردەگەڕێن! ئینجیلێکی دیکە بوونی نییە، بەڵکو هەندێک کەس دەیانەوێت سەرتان لێ بشێوێنن و پەیامی ئینجیلی مەسیح بگۆڕن. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێمە یان فریشتەی ئاسمان ئینجیلێکمان پێدان، جگە لەو ئینجیلەی ئێمە پێمان دان، با نەفرەت لێکراو بێت. وەک پێشتر پێمان گوتوون ئێستاش پێتان دەڵێمەوە: ئەگەر یەکێک ئینجیلێکی پێدان جگە لەوەی پەسەندتان کرد، با نەفرەت لێکراو بێت.

10 ئایا ئێستا بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک هەوڵ دەدەم، یاخود ڕەزامەندی خودا؟ یان ئایا داوای ئەوە دەکەم خەڵک ڕازی بکەم؟ ئەگەر هەتا ئێستا خەریکی ڕازیکردنی خەڵک بوومایە، ئەوا نەدەبوومە بەندەی مەسیح.

چۆن پۆڵس بوو بە نێردراو؟

11 پێتان دەڵێم، خوشکان، برایان، ئەو پەیامەی ئینجیل کە جاڕم بۆی داوە، لە مرۆڤەوە نییە. 12 لە کەسیشم وەرنەگرتووە و فێریش نەکراوم، بەڵکو بە ئاشکراکردنی عیسای مەسیح وەرمگرتووە.

13 بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، دڕندانە کڵێسای خودام دەچەوساندەوە و هەوڵم داوە لەناوی ببەم. 14 لە جولەکایەتی پێش زۆربەی خەڵک کەوتم لە نەوەی خۆم، زۆر دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ دابونەریتی باوکان. 15 بەڵام کاتێک خودا کە لە سکی دایکمەوە تەرخانی کردم، بە نیعمەتی خۆی بانگی کردم، خۆشحاڵ بوو 16 کوڕەکەی لە مندا دەربکەوێت، تاکو لەناو نەتەوەکان مژدە بدەم، دەستبەجێ ڕاوێژم بە کەس نەکرد، 17 سەرنەکەوتمە ئۆرشەلیم بۆ لای ئەوانەی پێش من نێردراو بوون، بەڵکو ڕۆیشتم بۆ عەرەبستان و دیسان گەڕامەوە دیمەشق.

18 ئینجا دوای سێ ساڵ سەرکەوتمە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی پەترۆس[c] بناسم، پازدە ڕۆژ لای ئەو مامەوە. 19 بەڵام جگە لە یاقوبی برای عیسای خاوەن شکۆ هیچ نێردراوێکی دیکەم نەبینی. 20 خودا دەزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم درۆ نییە. 21 دوایی چوومە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیا، 22 بەڵام هێشتا لەلای کڵێساکانی یەهودیا کە سەر بە مەسیحن بە ڕوخسار نەناسراو بووم، 23 تەنها بیستبوویان: «ئەوەی جاران ئێمەی دەچەوساندەوە، ئێستا مژدەی ئەو باوەڕە دەدات، کە جاران لەناوی دەبرد.» 24 بەهۆی منەوە ستایشی خودایان دەکرد.

ڕازیبوون بە خزمەتی پۆڵس

دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم، تیتۆسم لەگەڵ خۆم برد. گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو، ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، خستمە بەردەمیان، بەڵام بۆ گەورە پیاوانی کڵێسا بە تەنها، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات. بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت. ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا هەندێک برایانی درۆزن دزەیان کردبووە ناومان. هاتبوون بمانکەن بە کۆیلە لە ڕێگەی سیخوڕیکردن لەسەر ئەم ئازادییەی کە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح هەمانە. بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە.

بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد. بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ نەتەوەکان[d] بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە، چونکە خودا بەهۆی پەترۆس وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ نەتەوەکان کاری دەکرد. کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشیان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن. 10 تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.

سەرزەنشتکردنی پەترۆس

11 بەڵام کاتێک پەترۆس هاتە ئەنتاکیا، ڕووبەڕوو بەربەرەکانێم کرد، لەبەر ئەوەی گلەیی لەسەر بوو، 12 چونکە پێشتر کەسانێک لەلای یاقوبەوە هاتبوون، لەگەڵ ناجولەکەکان نانی دەخوارد، بەڵام کاتێک ئەوان هاتن، لە ترسی ئەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت[e]، خۆی کێشایەوە. 13 جولەکەکانی دیکەش لەگەڵیدا دەستیان بە دووڕوویی کرد، تەنانەت بەرناباسیش بە دووڕووییان چەواشە بوو.

14 کاتێک بینیم بەگوێرەی ڕێگای ڕاستی پەیامی ئینجیل ناڕۆن، لەبەرچاوی هەمووان بە پەترۆسم گوت: «ئەگەر تۆ جولەکەی، وەک ناجولەکە دەژیت نەک وەکو جولەکە، ئیتر چۆن ئەو ناجولەکانە ناچار دەکەیت نەریتی جولەکەکان پەیڕەو بکەن؟

15 «ئێمە بە جولەکەیی لەدایک بووین و لە نەتەوە گوناهبارەکان نین، 16 دەزانین مرۆڤ بە کارکردن بە شەریعەت بێتاوان ناکرێ، بەڵکو بە باوەڕ بە عیسای مەسیح. جا ئێمە باوەڕمان بە عیسای مەسیح هێنا تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین، ئەمەش نەک بە کارکردن بە شەریعەت، چونکە لە ڕێی کارکردن بە شەریعەت کەس بێتاوان ناکرێت.

17 «بەڵام ئەگەر ئێمە لە هەوڵدانمان بۆ بێتاوانبوون بە مەسیح، خۆمان دۆزییەوە کە گوناهبارین، ئیتر ئایا مەسیح خزمەتکاری گوناهە؟ بێگومان نەخێر! 18 ئەگەر من شتێک بنیاد بنێمەوە کە لەپێشدا تێکمدابێت، ئەوا دەیسەلمێنم سەرپێچیکارم، 19 چونکە لە ڕێگەی شەریعەت بۆ شەریعەت مردم، تاکو بۆ خودا بژیم. 20 من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر من نیم ئەوەی دەژیێت، بەڵکو مەسیحە لە مندا دەژیێت. ئێستاش کەوا بە جەستە دەژیم، ئەوا بە باوەڕ بە کوڕی خودا دەژیم، ئەوەی منی خۆشویست و خۆی کردە قوربانی بۆ من. 21 من نیعمەتی خودا پووچەڵ ناکەمەوە، چونکە ئەگەر بێتاوانی بە شەریعەت بووایە، ئەوا مردنی مەسیح بێ سوود بوو.»

باوەڕ یان بەجێگەیاندنی شەریعەت؟

ئەی گەلاتیاییە گێلەکان! کێ جادووی لێکردوون؟ لەپێش چاوتان وێنەی عیسای مەسیح بە لە خاچ دراوی کێشرا! تەنها دەمەوێ ئەوەتان لێ فێربم: ئایا بەهۆی کارکردن بە شەریعەت ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت، یاخود بەهۆی باوەڕ بەوەی بیستتان؟ ئایا تاکو ئەم ڕادەیە گێلن! ئێوە کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە دەستتان پێکرد، ئایا ئێستا دەتانەوێت بەهۆی جەستەوە کۆتایی پێ بهێنن؟ ئایا لەخۆڕایی ئەوەندە ئازارتان چێژت؟ ئایا بەڕاستی لەخۆڕایی بوو؟ ئەوەی ڕۆحتان پێ دەبەخشێت و لەنێوانتاندا پەرجوو دەکات، ئایا بەهۆی کارکردنە بە شەریعەت، یاخود بەهۆی باوەڕە بەوەی بیسترا؟

وەک چۆن ئیبراهیم [باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][f] جا بزانن ئەوانەی لە باوەڕدان، نەوەی ئیبراهیمن. نووسراوە پیرۆزەکە پێشتر بینیویەتی کە خودا نەتەوەکان بەهۆی باوەڕ بێتاوان دەکات، پێشتر مژدەی بە ئیبراهیم دا، پێی فەرموو: [هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.][g] کەواتە ئەوانەی باوەڕدارن، لەگەڵ ئیبراهیمی باوەڕدار بەرەکەتدار دەبن.

10 هەموو ئەوانەی پشت بە کرداری شەریعەت دەبەستن، لەژێر نەفرەتن، چونکە نووسراوە: [هەرکەسێک لە هەموو نووسراوی پەڕتووکەکانی تەورات نەچەسپێت بۆ پەیڕەوکردن، نەفرەت لێکراوە.][h] 11 ئاشکرایە لە بەرامبەر خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: [ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.[i]‏][j] 12 بەڵام شەریعەت پشت بە باوەڕ نابەستێت، بەڵکو: [ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت.][k] 13 مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت کڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت، چونکە نووسراوە: [هەرکەسێک لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێکراوە.][l] 14 ئەو ئێمەی کڕییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەرەکەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەکان بێت، تاکو بەهۆی باوەڕەوە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەستبهێنین.

پەیمانی خودا و شەریعەت

15 خوشکان، برایان، با نموونەیەکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێ بێت، کەس ناتوانێت بەتاڵی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر. 16 هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئیبراهیم و نەوەکەی گوتراوە. نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت: «بە نەوەکان» وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵام [بە نەوەی تۆ،][m] واتە یەک، ئەوەی مەسیحە. 17 مەبەستم ئەوەیە: ئەو شەریعەتەی پاش چوار سەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە بشکێنێت، 18 چونکە ئەگەر میرات بەهۆی شەریعەتەوە هەبێت، ئیتر بەهۆی بەڵێنەوە نییە. بەڵام خودا بە نیعمەتی خۆی بەڵێنی بە ئیبراهیم دا.

مەبەستی شەریعەت

19 کەواتە شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی پێشێلکردنەکانەوە زیادکراوە، هەتا ئەو کاتەی نەوەی بەڵێنپێدراو[n] دێت، لە ڕێگەی فریشتەکان بە دەستی پەیوەندی ڕێکخەرێک[o] ڕێکخرا. 20 پەیوەندی ڕێکخەر تەنها نوێنەری یەک لایەن نییە، بەڵام خودا یەکە.

21 ئایا تەورات لە دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ نەخێر! چونکە هیچ شەریعەتێک نەدەبوو بتوانێت ژیان ببەخشێت، ئەگینا ڕاستودروستی بە تەورات دەبوو. 22 بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە هەمووی کردووەتە بەندی گوناه،[p] تاکو ئەو بەڵێنەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و بەهۆی باوەڕەوە دراوە، بۆ ئەوانە بێتە دی کە باوەڕ دەهێنن.

23 پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. 24 تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. 25 بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.

ڕۆڵەکانی خودا

26 هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە، 27 چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد. 28 جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن. 29 جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.