Chronological
هەڵبژاردنی بەرناباس و شاول
13 لە کڵێسای ئەنتاکیادا چەند پێغەمبەر و مامۆستایەک هەبوون: بەرناباس، شیمۆنی ناسراو بە ڕەش، لوکیوسی کورێنی، مەناینی شیربرای هێرۆدسی ئەنتیپاس پاشا، لەگەڵ شاول. 2 کاتێک عیسای خاوەن شکۆیان دەپەرست و بەڕۆژوو بوون، ڕۆحی پیرۆز فەرمووی: «بەرناباس و شاولم بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەو کارەی بانگم کردوون بۆی.» 3 ئینجا بەڕۆژوو بوون و نوێژیان کرد، دەستیان لەسەر دانان و بەڕێیانکردن.
شاول و بەرناباس لە قوبرس
4 ئەوانیش کە بە ڕۆحی پیرۆز نێردران، بەرەو سولوکیا دابەزین و لەوێشەوە بە دەریادا بۆ قوبرس. 5 کاتێک گەیشتنە سەلامیس، پەیامی خودایان لە کەنیشتەکانی جولەکە ڕاگەیاند، یۆحەناش وەک یاریدەدەر لەگەڵیان بوو.
6 بە هەموو دوورگەکەدا گەڕان هەتا گەیشتنە پافۆس. لەوێ تووشی جادووگەرێکی جولەکە بوون پێغەمبەرێکی درۆزن بوو، ناوی بارئیسا بوو، 7 لەگەڵ سرگیۆس پۆڵسی فەرمانڕەوا[a] بوو، کە پیاوێکی تێگەیشتوو بوو. بەرناباس و شاولی بانگکرد، داوای کرد گوێی لە پەیامی خودا بێت. 8 بەڵام ئەلیماسی جادووگەر، ئەمە واتای ناوەکەی بوو، بەربەرەکانێی کردن و هەوڵی دا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات. 9 کەچی شاول کە پۆڵسی پێ دەگوترا، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و تێیڕووانی، 10 گوتی: «ئەی پڕ لە هەموو جۆرە فرتوفێڵێک! کوڕی شەیتان! دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! لە خوارکردنی ڕێگای ڕاستی یەزدان ناوەستی؟ 11 ئەوەتا دەستی یەزدان لە دژی تۆیە و کوێر دەبیت، بۆ ماوەیەک خۆر نابینی.»
دەستبەجێ تەم و تاریکی دایپۆشی و بەدوای یەکێکدا گەڕا تاکو دەستی بگرێت. 12 کاتێک فەرمانڕەواکە بینی چ ڕوویدا، باوەڕی هێنا، لە فێرکردنەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ سەرسام بوو.
لە ئەنتاکیای پیسیدیا
13 پۆڵس و هاوڕێیانی بە دەریادا لە پافۆسەوە چوونە پەرگە لە پامفیلیا[b]. بەڵام یۆحەنا لێیان جیا بووەوە و گەڕایەوە ئۆرشەلیم. 14 ئەوانیش بە پەرگەدا هاتنە ئەنتاکیای پیسیدیا، شەممەش چوونە کەنیشت و دانیشتن. 15 پاش خوێندنەوەی تەورات و پەڕتووکی پێغەمبەران، پێشەوایانی کەنیشتەکە بۆیان ناردن و پێیان گوتن: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە گەلی پێ هانبدەن، بیڵێن.»
16 پۆڵس هەستا و بە دەست ئاماژەی کرد، گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئەو ناجولەکانەی کە لە خودا دەترسن، گوێ بگرن: 17 خودای ئەم گەلەی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد و لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسردا کردنی بە گەلێکی مەزن، ئینجا بە بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان. 18 نزیکەی چل ساڵیش لە چۆڵەوانی بەرگەی ڕەفتاری ئەوانی گرت، 19 ئینجا حەوت نەتەوەی لە خاکی کەنعان لەناوبرد و خاکەکەیانی بە میرات پێدان. 20 ئەمە هەمووی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵی خایاند.
«لەدوای ئەمە خودا دادوەری بۆ دانان هەتا سەردەمی ساموئێل پێغەمبەر. 21 ئینجا داوای پاشایان کرد، خوداش شاولی کوڕی قیشی پێدان، پیاوێکە لە تیرەی بنیامین، بۆ ماوەی چل ساڵ پاشایەتی کردن. 22 پاشان لایبرد و داودی کردە پاشایان، ئەوەی شایەتی بۆ دا و فەرمووی: [داودی کوڕی یەسام دۆزییەوە، پیاوێکە بە دڵی خۆم، ئەوەی هەموو خواستی من جێبەجێ دەکات.][c]
23 «لە نەوەی ئەوەوە، خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی عیسای ڕزگارکەری بۆ ئیسرائیل هێنا. 24 پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند. 25 کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وادەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“
26 «خەڵکینە، برایان، کوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئەو ناجولەکانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێمە نێردراوە. 27 دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ڕابەرەکانیان مەسیحیان نەناسی، کەچی کاتێک تاوانباریان کرد وتەی پێغەمبەرانیان هێنایە دی کە هەموو شەممەیەک دەخوێنرێتەوە. 28 جا لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت. 29 دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەیان تەواو کرد کە لەسەری نووسراوە، لە دار هێنایانە خوارەوە و خستیانە گۆڕ. 30 بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، 31 ماوەیەکی درێژیش بۆ ئەوانە دەرکەوت کە لە جەلیلەوە تاکو ئۆرشەلیم لەگەڵیدا هاتبوون. ئێستا ئەوان لەبەردەم گەل شایەتی ئەمە دەدەن.
32 «ئێمەش مزگێنیی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە بۆ باوباپیرانمان هات، 33 ئەوەی خودا بۆ ئێمەی وەچەی ئەوان هێنایە دی، بە هەستانەوەی عیسا، وەک لە زەبووری دووەمدا نووسراوە:
«[تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.][d]
34 خودا ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەڕزێت:
[ئەو بەڵێنە پیرۆز و مسۆگەرەتان دەدەمێ کە بە داودم دابوو.][e]
35 بۆیە لە زەبوورێکی دیکە دەفەرموێ:
36 «چونکە داود دوای ئەوەی بەگوێرەی مەبەستی خودا خزمەتی نەوەی خۆی کرد، نوست و چووە پاڵ باوباپیرانی و تەرمەکەی بۆگەن بوو. 37 بەڵام ئەوەی خودا هەڵیستاندەوە بۆگەنی نەبینی.
38 «بۆیە برایان، با لەلاتان زانراو بێت، لە ڕێگەی عیساوە بەخشینی گوناه بە ئێوە ڕاگەیەنرا و 39 بە باوەڕهێنان بەم بێتاوان دەکرێن لە هەموو ئەو شتانەی نەتانتوانی بە تەوراتی موسا لێی بێتاوان بکرێن. 40 جا ئاگاداربن، ئەوەی پێغەمبەران گوتوویانە بەسەرتاندا نەیەت:
41 «[ئەی گاڵتەجاڕەکان سەیر بکەن،
سەرسام بن و بمرن،
چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێک دەکەم،
کارێک کە هەرگیز باوەڕ ناکەن ئەگەر بۆتان باس بکرێت.][h]»
42 کاتێک پۆڵس و بەرناباس لە کەنیشت دەهاتنە دەرەوە، داوایان لێ کرا شەممەی داهاتووش ئەم قسانەیان بۆ بکەن. 43 دوای کۆبوونەوەکە، زۆر لە جولەکە و خواپەرستەکان کە ببوونە جولەکە، بەدوای پۆڵس و بەرناباس کەوتن، ئەمانیش قسەیان بۆ دەکردن و هانیان دەدان لە نیعمەتی خودا بمێنن.
44 لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا نزیکەی هەموو دانیشتووانی شارەکە کۆبوونەوە، تاکو گوێ لە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بگرن. 45 کاتێک جولەکە خەڵکەکەیان بینی، ئیرەیی دایگرتن و بەربەرەکانێی قسەکانی پۆڵسیان دەکرد و جنێویان پێدەدا.
46 پۆڵس و بەرناباسیش بە چاونەترسییەوە وەڵامیان دانەوە: «پێویست بوو یەکەم جار پەیامی خودا بۆ ئێوە باس بکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەتتان کردەوە و خۆتان بە شیاوی ژیانی هەتاهەتایی نەزانی، ئەوەتا دەچینە لای ناجولەکەکان، 47 چونکە مەسیحی باڵادەست بەم جۆرە ڕایسپاردین:
«[من تۆم کردووەتە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان،
تاکو ڕزگاری بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.][i]»
48 کاتێک ناجولەکەکان گوێیان لەمە بوو، زۆر دڵشاد بوون و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان شکۆدار کرد، هەموو ئەوانەش کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەستنیشان کرابوون، باوەڕیان هێنا.
49 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە. 50 بەڵام ڕابەرانی جولەکە خانمە ڕێزدارە لەخواترسەکان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆشدا، چەوساندنەوەیان لە دژی پۆڵس و بەرناباس بەرپا کرد و لە سنوورەکانی خۆیان دەریانکردن. 51 ئەوانیش تۆزی پێیان تەکاند و بەرەو شاری کۆنیا ڕۆیشتن. 52 قوتابییەکانیش پڕدەبوون لە خۆشی و لە ڕۆحی پیرۆز.
گەشتێک بۆ کۆنیا
14 لە کۆنیا پۆڵس و بەرناباس وەک هەمیشە چوونە ناو کەنیشتی جولەکەکان و ئاوا قسەیان کرد تاکو ژمارەیەکی زۆر لە جولەکە و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا. 2 بەڵام ئەو جولەکانەی باوەڕیان نەهێنا، نەتەوەکانیان جۆشدا و لە دژی برایان مێشکیان پڕکردن. 3 بۆیە پۆڵس و بەرناباس ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە و ئازایانە سەبارەت بە عیسای خاوەن شکۆ قسەیان دەکرد، ئەویش شایەتی بۆ پەیامی نیعمەتی خۆی دەدا و ڕێی دابوو نیشانە و پەرجوو لەسەر دەستیان بکرێت. 4 ئیتر دانیشتووانی کۆنیا بوونە دوو بەش، هەندێکیان لەگەڵ جولەکە بوون و هەندێکیان لەگەڵ نێردراوان. 5 ئەوە بوو کە نەتەوەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن، 6 نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا[j] و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و 7 لەوێش مزگێنییان دەدا.
چاکبوونەوەی ئیفلیجێک
8 لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو، هێز لە پێیەکانیدا نەبوو، بە زگماک ئیفلیج بوو، هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو. 9 گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد، پۆڵسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە، 10 بە دەنگێکی بەرز گوتی: «هەستە بە پێوە ڕابوەستە!» کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد.
11 کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد، بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد: «خوداوەندەکان[k] شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!» 12 جا بەرناباسیان ناونا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس[l]، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو. 13 ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات.
14 بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد: 15 «خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. 16 ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن. 17 لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.» 18 بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن.
19 هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن، قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا، ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مردووە. 20 بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا و گەڕایەوە ناو شار. بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت.
21 مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی. ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا، 22 ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.» 23 لە هەر کڵێسایەک پۆڵس و بەرناباس پیرانیان بۆ هەڵبژاردن، ئینجا بە ڕۆژووگرتنەوە نوێژیان کرد و پیرەکانیان دایە دەست مەسیحی باڵادەست کە باوەڕیان پێی هێناوە. 24 ئینجا بە پیسیدیادا تێپەڕین و گەیشتنە پامفیلیا. 25 لە شاری پەرگە پەیامی خودایان ڕاگەیاند و دوای بۆ بەندەری ئەنتالیا[m] دابەزین.
26 لەوێشەوە بە ڕێگای دەریا بۆ ئەنتاکیا گەڕانەوە، ئەو شوێنەی لێوەی درانە دەست نیعمەتی خودا بۆ ئەو کارەی جێبەجێیان کرد. 27 کاتێک گەیشتن و کڵێسایان کۆکردەوە، باسی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی، هەروەها کە دەرگای باوەڕی بۆ نەتەوەکانیش کردووەتەوە. 28 جا لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.