Chronological
بەرزکردنەوەی عیسا بۆ ئاسمان
1 بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە، 2 هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن. 3 دوای ئازار چێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا. 4 کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان. 5 یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن[a].»
6 ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»
7 وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون. 8 بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»
9 ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.
10 کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون. 11 پێیان گوتن: «جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»
هەڵبژاردنی یەکێک لە جێی یەهوزا
12 ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.[b] 13 کاتێک چوونە ژوورەوە، چوونە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمانەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب، ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس، بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفا، شیمۆنی دڵگەرم [c] و یەهوزای برای یاقوب. 14 هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.
15 ڕۆژێکیان پەترۆس لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداران دابوو، هەستا و گوتی: 16 «خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت. 17 لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»
18 بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لەناوەڕاستەوە شەقبوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە. 19 هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناونا، حەقل دەمخ، واتە: کێڵگەی خوێن.
20 ئەوە بوو پەترۆس درێژەی پێدا: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە:
«[با ماڵەکەی چۆڵ بێت،
کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!][d]
هەروەها:
[با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.][e]
21 کەواتە پێویستە ئەو پیاوانەی یاوەرمان بوون، بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە عیسای خاوەن شکۆ لەگەڵمان دەژیا، 22 لە لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیاوە تاکو ئەو ڕۆژەی لێمان بەرزکرایەوە، یەکێک لەوان لەگەڵمان ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»
23 جا دووانیان هێنایە پێشەوە: یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس. 24 نوێژیان کرد: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە، 25 تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، تاکو بچێتە شوێنی خۆی.» 26 ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.
هاتنی ڕۆحی پیرۆز
2 کە ڕۆژی پەنجایەمین[f] داهات، هەموو پێکەوە لە یەک شوێندا بوون، 2 لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە وەک ڕەشەبا هات، ئەو ماڵەی پڕکرد کە تێیدا دانیشتبوون. 3 ئینجا چەند زمانێکی دابەشبوو وەک ئاگر بۆیان دەرکەوت و لەسەر هەریەکەیان نیشتەوە. 4 جا هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز و دەستیان پێکرد بە زمانەکانی دیکە بدوێن، وەک ڕۆح پێی بەخشین.
5 لەو کاتەدا جولەکەی لەخواترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە ئۆرشەلیم مابوونەوە. 6 کاتێک دەنگەکە هات، خەڵک کۆبوونەوە و بووە پەشێوی، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدوان. 7 حەپەسابوون و بە سەرسامییەوە گوتیان: «باشە هەموو ئەوانەی قسە دەکەن جەلیلی نین؟ 8 ئەی چۆن هەریەکەمان گوێی لە زمانی دایکیی خۆی دەبێت؟ 9 ئێمەی خەڵکی پەرتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، یەهودیا و کەپەدۆکیا، پۆنتۆس و ئاسیا، 10 فریجیا و پامفیلیا، میسر و ناوچەکانی لیبیای ڕووەو کورێن[g]، هەروەها میوانەکانی ڕۆما، 11 جولەکە و بەجولەکەبوو، کریتی و عەرەب، ئەوەتا گوێمان لێیانە بە زمانی خۆمان باسی کردارە مەزنەکانی خودا دەکەن.» 12 هەموو سەرسام و حەپەسا بوون، بە یەکتریان دەگوت: «دەبێ ئەمە واتای چی بێت؟»
13 هەندێکی دیکە بە گاڵتە پێکردنەوە دەیانگوت: «شەرابی نوێیان زۆر خواردووەتەوە.»
یەکەم وتاری پەترۆس
14 پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، دەنگی بەرزکردەوە و پێی ڕاگەیاندن:
«ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، 15 چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی[h] بەیانییە! 16 بەڵکو بەهۆی پێغەمبەر یۆئێل گوتراوە:
17 «[خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا
ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت،
پیرانتان خەون دەبینن.
18 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و
ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن.
19 لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو[i] و
لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم:
خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
20 خۆر دەبێتە تاریکی و
مانگیش دەبێتە خوێن،
بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت.
21 جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.][j]
22 «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. 23 ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. 24 بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە. 25 سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی:
«[هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی،
لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
26 بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
تەنانەت جەستەشم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت،
27 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا[k] بەجێناهێڵیت،
هەروەها ڕێگا نادەیت ئەو کەسەی ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
28 ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم،
تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.][l]
29 «برایان، ڕێگا دراوە بە ئاشکرا پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە. 30 ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا بە سوێند سوێندی بۆ خواردووە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. 31 پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی[m] کرد، نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو. 32 ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی. 33 ئینجا بۆ لای دەستە ڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن. 34 داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت:
«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
35 هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[n] بۆ پێیەکانت.“][o]
36 «بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیایی بزانن، ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.»
37 کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟»
38 پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن. 39 ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن[p] و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.»
40 بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.» 41 ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.
هاوبەشی باوەڕداران
42 ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی[q]، لەتکردنی نان[r] و نوێژکردن. 43 هەموو لە ناخدا سام گرتوو بوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران. 44 باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون. 45 ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. 46 ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد، 47 ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.
چاکبوونەوەی ئیفلیجێک
3 لە کاتی نوێژی کاتژمێر سێی[s] پاش نیوەڕۆ پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا. 2 لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە. 3 پەترۆس و یۆحەنای بینی بە نیازن بێنە ناو پەرستگا، داوای خێری لێکردن. 4 پەترۆس لەگەڵ یۆحەنا تێیڕووانی، گوتی: «سەیرمان بکە!» 5 ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەرگرێت.
6 پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!» 7 ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی. 8 ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد. 9 هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات. 10 جا خەڵکەکە ناسییانەوە کە ئەوەیە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی کە پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساویش دایگرتن لەوەی بەسەری هات.
وتاری پەترۆس لە پەرستگا
11 کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسی بوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. 12 پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟ 13 خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات. 14 ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە[t] کرد و داوای وەرگرتنەوەی بکوژێکتان کرد. 15 سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە. 16 ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن و دەیناسن، باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لەبەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.
17 «ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان. 18 بەڵام خودا ئەوەی پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاند، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت، ئاوا هێنایە دی. 19 کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، تاکو لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و 20 مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو. 21 ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک[u]، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە. 22 موساش گوتی: [یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، لە هەموو ئەوەی پێتانی دەڵێت گوێی لێ بگرن. 23 جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دەبڕدرێتەوە.][v]
24 «هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە. 25 ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، بە ئیبراهیمی فەرموو: [لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.][w] 26 کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.