Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لۆقا 24

زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح

24 بەڵام لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[a]، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە. هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟ لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن، فەرمووی: ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“» ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد.

کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. 10 مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت. 11 قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. 12 بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد، دانەوییەوە بینی کفنەکە بە تەنها دانراوە، ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو.

دووان لە قوتابییەکان عیسا دەبینن

13 هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک شەست تیرهاوێژ[b] لە ئۆرشەلیم دوور بوو، ناوی ئەمواس بوو. 14 لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو. 15 کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت، 16 بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا.

17 پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟»

بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان. 18 یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟»

19 پێی فەرموون: «چییە؟»

وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل، 20 چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا. 21 بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە[c]. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە. 22 کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و 23 تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. 24 هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.»

25 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! 26 نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» 27 ئەوسا دەستی‏ کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران.

28 کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت. 29 ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە، گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە.

30 کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان. 31 ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما. 32 بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟»

33 ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و 34 دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.» 35 ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە.

عیسا بۆ نێردراوان دەردەکەوێ

36 کە باسی ئەمەیان دەکرد، عیسا خۆی لەناوەڕاستیان ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت.»

37 سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی خێو دەبینن. 38 پێی فەرموون: «بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە دڵتان؟ 39 سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم! دەستم لێ بدەن و ببینن، چونکە خێو گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن کە هەمە.»

40 کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی نیشاندان. 41 لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟» 42 ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان دایێ. 43 وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی.

44 ئینجا پێی فەرموون: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موسا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.»

45 ئینجا مێشکی کردنەوە، تاکو نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن. 46 پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێیەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە، 47 بە ناوی ئەویش تۆبەکردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هەموو گەلان جاڕبدرێت، ئەمەش لە ئۆرشەلیمەوە دەستپێدەکات. 48 ئێوە شایەتی ئەم شتانەن. 49 وا من بەڵێنەکەی باوکمتان بۆ دەنێرم. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە پڕ دەکرێن لە هێز.»

گەڕانەوەی عیسا بۆ ئاسمان

50 ئینجا ئەوانی بۆ گوندی بێت‌عەنیا بردە دەرەوە، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن. 51 کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان. 52 ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی گەورەوە گەڕانەوە ئۆرشەلیم. 53 بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد.

یۆحەنا 20-21

هەستانەوە

20 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[a]، هێشتا تاریک بوو، مریەمی مەجدەلی هاتە سەر گۆڕەکە و بینی بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. ئەویش ڕایکرد و هاتە لای شیمۆن پەترۆس و ئەو قوتابییەی دیکە کە عیسا خۆشی دەویست، پێی گوتن: «گەورەیان لە گۆڕەکەدا بردووە و نازانین لەکوێ دایانناوە!»

ئینجا پەترۆس و قوتابییەکەی دیکە بەرەو گۆڕەکە بەڕێکەوتن. هەردووکیان بەیەکەوە ڕایاندەکرد، بەڵام قوتابییەکەی دیکە پێش پەترۆس کەوت و زووتر گەیشتە سەر گۆڕەکە. دانەوییەوە و بینی کەتانەکە دانراوە، بەڵام نەچووە ژوورەوە. ئینجا شیمۆن پەترۆس کە دوایکەوتبوو هات و چووە ناو گۆڕەکە، بینی کەتانەکە دانراوە. دەستەسڕەکەش کە بە سەری عیساوە بوو لەگەڵ کەتانەکە دانەنرابوو، بەڵکو بە جیا لە جێیەک پێچرابووەوە. ئەوسا قوتابییەکەی دیکەش کە یەکەم جار هاتبووە سەر گۆڕەکە چووە ژوورەوە. بینی و باوەڕی هێنا. ئەو کاتە هێشتا لە نووسراوە پیرۆزەکان تێنەگەیشتبوون کە دەبێ لەنێوان مردوواندا هەستێتەوە. 10 دواتر قوتابییەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.

عیسا بۆ مریەم دەردەکەوێ

11 بەڵام مریەم لەلای گۆڕەکە لە دەرەوە ڕاوەستابوو دەگریا. کاتێک دەگریا، دانەوییەوە و سەیری ناو گۆڕەکەی کرد، 12 بینی دوو فریشتە بە جلی سپییەوە لەو شوێنەی تەرمەکەی عیسای لێ دانرابوو دانیشتوون، یەکێک لەلای سەرییەوە ئەوی دیکە لەلای پێیەوە.

13 لێیان پرسی: «خانم، بۆچی دەگریت؟»

وەڵامی دانەوە: «گەورەمیان بردووە، نازانم لەکوێ دایانناوە.» 14 کە ئەمەی گوت ئاوڕی دایەوە، بینی عیسا ڕاوەستاوە، بەڵام نەیزانی عیسایە.

15 عیسا پێی فەرموو: «خانم! بۆچی دەگریت؟ بەدوای کێدا دەگەڕێیت؟» وایزانی باخەوانەکەیە، پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ بردووتە پێم بڵێ لەکوێ داتناوە تاکو بیبەمەوە.»

16 عیساش پێی فەرموو: «مریەم!»

ئەویش ئاوڕی دایەوە و بە عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی!» (واتە مامۆستا.)

17 عیسا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بۆ لای باوک بەرز نەبوومەتەوە. بەڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: ”من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان.“»

18 مریەمی مەجدەلی هات و بە قوتابییەکانی ڕاگەیاند: «گەورەم بینی!» ئەوەشی پێ گوتن کە پێی فەرمووبوو.

دەرکەوتنی مەسیح بۆ قوتابییەکان

19 ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەو شوێنەی قوتابییەکانی لێبوو دەرگاکانی داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستدا ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان[b] لێ بێت!» 20 کە ئەمەی گوت، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان کە مەسیحی خاوەن شکۆیان بینی دڵشاد بوون.

21 ئینجا دیسان عیسا پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت! هەروەک چۆن باوک منی ناردووە، منیش دەتاننێرم.» 22 کە ئەمەی گوت، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «ڕۆحی پیرۆز وەربگرن. 23 ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە.»

دەرکەوتنی مەسیح بۆ تۆماس

24 بەڵام تۆماس کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە و بە دیدمۆس[c] ناسراوە، لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کاتێک عیسا هات. 25 قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: «گەورەمان بینی!»

ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستیەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست لە کەلەکەی نەدەم هەرگیز باوەڕ ناکەم.»

26 لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دیسان لە ژوورەوە بوون و تۆماسیش لەگەڵیان بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستیان ڕاوەستا، فەرمووی: «سڵاوتان لێ بێت!» 27 ئینجا بە تۆماسی گوت: «پەنجەت بێنە ئێرە و دەستم ببینە، دەستت بێنە و لە کەلەکەمی بدە. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوەڕ بهێنە.»

28 تۆماس وەڵامی دایەوە: «ئەی خاوەن شکۆ و خودای من!»

29 عیسا پێی فەرموو: «چونکە منت بینی باوەڕت کرد؟ خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی نەیانبینی و باوەڕیان هێنا.»

ئامانجی نووسینەکەی

30 عیسا لەبەردەم قوتابییەکانیدا زۆر پەرجووی دیکەی کرد کە لەم پەڕتووکەدا نەنووسراوە. 31 بەڵام ئەمانەی نووسراون تاکو باوەڕ بهێنن کە عیسا مەسیحەکەیە، کوڕی خودایە، تاکو بە باوەڕهێنان بە ناوی ئەو ژیانتان هەبێت.

دەرکەوتنی عیسا لەسەر دەریاچە

21 دوای ئەمە دیسان عیسا لە دەریاچەی جەلیل[d] خۆی بۆ قوتابییەکان دەرخست. بەم شێوەیە خۆی دەرخست: شیمۆن پەترۆس و تۆماس کە بە دیدمۆس ناسراوە، لەگەڵ ناتانئیل کە خەڵکی قانای جەلیل بوو، هەروەها کوڕەکانی زەبدی و دوو قوتابی دیکەی ئەو پێکەوە بوون. شیمۆن پەترۆس پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم.» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین.» ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت.

کاتی بەرەبەیان، عیسا لەسەر کەنارەکە وەستا، بەڵام قوتابییەکان نەیانزانی ئەوە عیسایە.

عیسا پێی فەرموون: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێنییە؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر.»

پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە.» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە.

ئەو قوتابییەی عیسا خۆشی دەویست بە پەترۆسی گوت: «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە!» کاتێک پەترۆس بیستی «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە،» خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە. قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە لە وشکانی دوور نەبوون، تەنها دوو سەد باڵ[e]. کاتێک دابەزینە وشکانی، بینییان وا خەڵووز ئامادە کراوە و ماسی خراوەتە سەری و نان دانراوە.

10 عیسا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا گرتتان.»

11 شیمۆن پەترۆسیش سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕا. 12 عیسا پێی فەرموون: «وەرن بخۆن.» هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» زانییان عیسای خاوەن شکۆیە. 13 عیسا هات، نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە. 14 ئەمە سێیەم جارە عیسا بۆ قوتابییەکان دەربکەوێت پاش هەستانەوەی لەنێو مردوواندا.

گەڕانەوەی پەترۆس بۆ خزمەت

15 دوای ئەوەی نانیان خوارد عیسا بە شیمۆن پەترۆسی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟»

پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت کە تۆم خۆشدەوێت.»

پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە.»

16 دیسان پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟»

پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت خۆشمدەوێیت.»

پێی فەرموو: «ببە بە شوانی مەڕەکانم.»

17 سێیەم جار پێی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟»

پەترۆس دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «ئەی گەورەم، هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشمدەوێیت.»

عیسا پێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە. 18 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت دەبەست و بۆ هەرکوێ دەتویست، دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت.» 19 ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ مردنی پەترۆس کە بە هۆیەوە شکۆداریی خودا دەردەخات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «دوام بکەوە!»

20 پەترۆس ئاوڕی دایەوە و بینی کە ئەو قوتابییەی کە عیسا خۆشی دەویست دوایان کەوتووە، ئەوەی لە کاتی نانی ئێوارەدا شانی بە سنگی عیساوە نابوو و پێی گوتبوو: «گەورەم، کێیە ئەوەی بە گرتنت دەدات؟» 21 کاتێک پەترۆس ئەمەی بینی بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەی ئەمە چی لێدێت؟»

22 عیساش پێی فەرموو: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟ تۆ دوام بکەوە.» 23 ئیتر ئەم قسەیە لەنێو برایان وا بڵاو بووەوە کە ئەو قوتابییە نامرێت. بەڵام عیسا پێی نەفەرموو کە نامرێت، بەڵکو «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟»

24 ئەمەش ئەو قوتابییەیە کە دەربارەی ئەم شتانە شایەتی دەدات و ئەم شتانەی نووسیوە. ئێمەش دەزانین شایەتییەکەی ڕاستە.

25 زۆر شتی دیکە هەیە عیسا کردوویەتی، ئەگەر یەک لەدوای یەک بنووسرایەتەوە، وابزانم خودی جیهان جێگای ئەو پەڕتووکە نووسراوانەی تێدا نەدەبووەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.