Chronological
پیلاتۆس و هێرۆدس
23 ئینجا هەموو کۆمەڵەکە هەستان و عیسایان بردە لای پیلاتۆس. 2 دەستیان بە سکاڵا لێکردنی کرد، دەیانگوت: «بینیمان ئەمە گەلەکەمان چەواشە دەکات، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات کە سەرانە بە قەیسەر نەدەن و خۆی بە مەسیحی پاشا ناودەبات.»
3 پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» وەڵامی دایەوە: «تۆ خۆت وا دەڵێیت.»
4 پیلاتۆسیش بە کاهینانی باڵا و خەڵکەکەی گوت: «هیچ تاوانێک لەم پیاوە نابینم.»
5 بەڵام پێیان داگرت و گوتیان: «گەل دەوروژێنێت، لە هەموو یەهودیا خەڵک فێردەکات، دەستپێک لە جەلیلەوە هەتا ئێرە.»
6 کاتێک پیلاتۆس ئەمەی بیست، پرسیاری کرد ئاخۆ پیاوەکە جەلیلییە. 7 کە زانی عیسا سەر بەو ناوچەیە کە هێرۆدس حوکمڕانی دەکرد، ناردی بۆ لای هێرۆدس، کە لەو ڕۆژانەدا ئەویش لە ئۆرشەلیم بوو.
8 کاتێک هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە دەمێک بوو دەیویست بیبینێت لەبەر ئەوەی زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو و بەو هیوایە بوو کە یەکێک لە پەرجووەکانی ببینێت. 9 جۆرەها پرسیاری لێکرد، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە. 10 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتیش ڕاوەستان و بە توندی سکاڵایان لێی دەکرد. 11 هێرۆدس و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێی دەکرد. کەوایەکی بریسکەداریان لەبەری کرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس. 12 پیلاتۆس و هێرۆدس پێشتر دوژمنی یەکتری بوون، بەڵام لەو ڕۆژەدا لەگەڵ یەکتری بوونە دۆست.
بڕیاری لەخاچدانی عیسا
13 پیلاتۆس کاهینانی باڵا و پێشەوایان و گەلی بانگکرد و 14 پێی گوتن: «ئەم پیاوەتان هێنایە لام وەک یەکێک خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات. ئەوەتا منیش لەبەردەمتان لێم کۆڵییەوە و هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەبینی لەوەی سکاڵای لێدەکەن. 15 نە هێرۆدسیش، چونکە بۆ لای ئێمەی ناردووەتەوە. هەروەک دەبینن، هیچ شتێکی وای نەکردووە کە شایانی سزای مردن بێت. 16 لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» ⌟ 17 ناچار بوو لە هەموو جەژنێکدا کەسێکیان بۆ ئازاد بکات.⌞
18 بەڵام تێکڕا هاواریان کرد، «ئەمە ببە! باراباسمان بۆ ئازاد بکە!» 19 ئەوەی لەبەر ڕاپەڕینێک کە لە شاردا ڕوویدا بوو و لەبەر کوشتن فڕێدرابووە بەندیخانەوە.
20 پیلاتۆس دیسان بانگی کردن، دەیویست عیسا ئازاد بکات. 21 بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»
22 بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.»
23 بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت. 24 پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت. 25 ئەوەی لەبەر ڕاپەڕین و کوشتن فڕێدرابووە زیندانەوە ئازادی کرد، ئەوەی داوایان کرد، عیساشی دایە دەست خواستی ئەوان.
لە ڕێگای لەخاچدان
26 کاتێک بردییان، شیمۆنی کورێنییان[a] گرت کە لە کێڵگە دەهاتەوە، خاچەکەیان خستە سەر شانی تاکو بەدوای عیساوە هەڵیبگرێت. 27 خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆر دوای کەوتبوون، هەروەها چەند ژنێک شینیان دەکرد و دەگریان. 28 عیسا ئاوڕی لێ دانەوە، فەرمووی: «کچانی ئۆرشەلیم بۆ من مەگریێن، بۆ خۆتان و منداڵەکانتان بگریێن. 29 ئەوەتا ڕۆژانێک دێت، تێیدا دەڵێن، خۆزگە دەخوازرێت بە نەزۆک و بەو سکانەی منداڵیان نەبووە و بەو مەمکانەی شیریان نەداوە. 30 ئەو کاتە
«[بە چیاکان دەڵێن، ”بەسەرماندا بڕووخێن!“
بە گردەکانیش دەڵێن، ”دامانپۆشن!“][b]
31 چونکە ئەگەر ئەم شتانە بە داری سەوز بکەن، ئەی کە وشک بێت، چی دەبێت؟»
لەخاچدان
32 دوو تاوانباری دیکەشیان هێنا تاکو لەگەڵ ئەودا بکوژرێن. 33 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 34 عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد.
35 خەڵکەکە ڕاوەستابوون سەیریان دەکرد، ڕابەرەکان گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، ئەگەر ئەمە مەسیحی خودایە، هەڵبژێردراوی خودایە، با خۆی ڕزگار بکات!»
36 سەربازانیش دەهاتنە لای گاڵتەیان پێ دەکرد، سرکەیان پێدەدا، 37 دەیانگوت: «ئەگەر تۆ پاشای جولەکەیت، خۆت ڕزگار بکە!»
38 تەختەیەکیش لەژوور سەرییەوە داکوترابوو کە لەسەری نووسرابوو، «ئەمە پاشای جولەکەیە.»
39 یەکێک لە تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری لە دژی دەکرد و دەیگوت: «ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و ئێمەش ڕزگار بکە.»
40 بەڵام ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: «لە خودا ناترسی، کە تۆش هەمان سزات بەسەردا دراوە؟ 41 سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارەکانمان وەریدەگرین، بەڵام ئەمە هیچ هەڵەی نەکردووە.»
42 ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.»
43 پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»
مردنی عیسا
44 نزیکی کاتژمێر دوازدە[c]، هەتا کاتژمێر سێ[d] تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا، 45 چونکە ڕۆژ تاریک بوو. پەردەی پەرستگاش شەقبوو و بووە دوو پارچە. 46 عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد.
47 سەرپەلەکە ئەم شتانەی بینی کە ڕوویدا، ستایشی خودای کرد، گوتی: «بەڕاستی ئەم پیاوە بێتاوان بوو.» 48 هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە. 49 بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە دوای کەوتبوون، لە دوور ڕاوەستابوون و تەماشای ئەم شتانەیان دەکرد.
ناشتنی عیسا
50 ئەوە بوو ئەندامێکی ئەنجومەن ناوی یوسف بوو، کابرایەکی چاک و ڕاستودروست بوو، 51 لە ئەنجومەن و کردارەکەیان ڕازی نەبوو. خەڵکی ڕامە بوو کە شارێکی یەهودیایە، چاوەڕوانی شانشینی خودا بوو. 52 ئەم چووە لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. 53 دایگرت و بە کەتان پێچایەوە، لە گۆڕێکی لە بەرد هەڵکەنراو داینا کە هەرگیز کەسی تێدا دانەنرابوو. 54 ئەو ڕۆژە خۆ ئامادەکردن بوو، ئەوەندەی نەمابوو بۆ ڕۆژی شەممە.
55 ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە لەگەڵ عیسا هاتبوون، دوای یوسف کەوتن، گۆڕەکە و تەرمەکەیان بینی چۆن دانرا. 56 ئینجا گەڕانەوە و بۆنوبەرامیان ئامادە کرد، بەڵام لە ڕۆژی شەممە بەگوێرەی ڕاسپاردەکە[e] پشوویان دا.
گرتنی عیسا
18 عیسا ئەمانەی فەرموو و لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوتن بۆ ئەوبەری دۆڵی قدرۆن کە باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی.
2 یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا، شوێنەکەی دەزانی، چونکە عیسا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبووەوە. 3 ئینجا یەهوزا تیپێک سەرباز و خزمەتکارانی کاهینانی باڵا و فەریسییەکانی برد، بە مەشخەڵ و چرا و چەکەوە هاتە ئەوێ.
4 عیساش هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەری دەهات، چوو و پێی فەرموون: «کێتان دەوێت؟»
5 وەڵامیان دایەوە: «عیسای ناسیرەیی».
عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم». یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا لەگەڵیان ڕاوەستابوو. 6 کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی.
7 لێی پرسینەوە: «کێتان دەوێت؟»
گوتیان: «عیسای ناسیرەیی.»
8 عیسا وەڵامی دایەوە: «پێم گوتن من ئەوم. ئەگەر بەدوای مندا دەگەڕێن، با ئەمانە بڕۆن.» 9 بۆ هاتنەدی ئەو قسەیەی کە فەرمووی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیانم ون نەکرد.»[a]
10 شیمۆن پەترۆس شمشێرێکی پێبوو دەریهێنا، لە کۆیلەی سەرۆک کاهینی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئەو کۆیلەیەش ناوی مەلخۆس بوو.
11 عیسا بە پەترۆسی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە کێلانەکەی. ئایا ئەو جامەی کە باوک پێیداوم نەیخۆمەوە؟»
لەبەردەم سەرۆکی کاهین
12 ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و خزمەتکارانی جولەکەکان عیسایان گرت و بەستیانەوە. 13 یەکەم جار بردییانە لای حەنا، چونکە خەزووری قەیافا بوو کە ئەو ساڵە سەرۆک کاهین بوو. 14 قەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی جولەکە کردبوو کە باشتر وایە پیاوێک بۆ هەموو گەل بمرێت.
بۆ جاری یەکەم پەترۆس نکۆڵی دەکات
15 شیمۆن پەترۆس لەگەڵ قوتابییەکی دیکە[b] شوێن عیسا کەوتن. لەبەر ئەوەی ئەو قوتابییە لەلای سەرۆکی کاهینان ناسراو بوو، لەگەڵ عیسا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان، 16 بەڵام پەترۆس لە دەرەوە لەلای دەرگاکە ڕاوەستا. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ کارەکەرە دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆسی هێنایە ژوورەوە.
17 کارەکەرەکە بە پەترۆسی گوت: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە نیت؟»
گوتی: «نەخێر.»
18 خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، چونکە سەرما بوو، پەترۆسیش لەگەڵیان وەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە.
لەبەردەم سەرۆکی کاهینان
19 سەرۆکی کاهینان دەربارەی قوتابییەکانی و فێرکردنەکەی پرسیاری لە عیسا کرد.
20 عیساش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا بۆ جیهان دوام، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو جولەکەکان لێی کۆدەبنەوە. هیچم بە نهێنی نەگوتووە. 21 بۆ پرسیارم لێ دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێبووە چیم پێیان گوتووە. ئەمانە دەزانن چیم گوتووە.»
22 کاتێک ئەمەی فەرموو یەکێک لە خزمەتکاران کە لەلایەوە ڕاوەستابوو زللەیەکی لە عیسا دا و گوتی: «ئاوا وەڵامی سەرۆک کاهینان دەدەیتەوە؟»
23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە. ئەگەر ڕاستیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟» 24 ئینجا حەنا عیسای بە بەدەستی بەستراوەوە بۆ قەیافای سەرۆکی کاهینانی نارد.
بۆ جاری دووەم و سێیەم پەترۆس نکۆڵی دەکات
25 شیمۆن پەترۆسیش ڕاوەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە، لێیان پرسی: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر.»
26 یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینان خزمی ئەوە بوو کە پەترۆس گوێی لێکردەوە، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟» 27 دیسان پەترۆس نکۆڵیی کرد. دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی.
عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس
28 بەیانی زوو ڕابەرانی جولەکە عیسایان لەلای قەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوایەتی برد. ئەوان نەچوونە ژوورەوەی کۆشک، نەوەک گڵاو ببن، بەڵکو بتوانن نانی پەسخە بخۆن. 29 پیلاتۆسیش هاتە دەرەوە و گوتی: «چ سکاڵایەکتان لەسەر ئەم پیاوە هەیە؟»
30 وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر خراپەکار نەبووایە، نەماندەدا بە دەستتەوە.»
31 پیلاتۆسیش پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی شەریعەتی خۆتان حوکمی بدەن.»
جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «دروست نییە ئێمە کەس بکوژین.» 32 ئەمەش ڕوویدا تاکو قسەی عیسا بێتە دی کە ئاماژەیە بۆ ئەو مردنەی کە دەمرێت.
33 لەبەر ئەوە پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکە، بانگی عیسای کرد و پێی گوت: «تۆ پاشای جولەکەی؟»
34 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود خەڵکی دیکە باسی منیان بۆ کردووی؟»
35 پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئایا من جولەکەم؟ گەلەکەت و کاهینانی باڵا تۆیان داوەتە دەستی من. چیت کردووە؟»
36 عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من لەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من لەم جیهانە بووایە، خزمەتکارانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من لێرە نییە.»
37 ئینجا پیلاتۆس پێی گوت: «کەواتە تۆ پاشای؟»
عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێی کە من پاشام[c]. بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمەش هاتوومەتە جیهان، تاکو شایەتی بۆ ڕاستی بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت.»
38 پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستی چییە؟» کە ئەمەی گوت دیسان چووە دەرەوە بۆ لای جولەکەکان و پێی گوتن: «هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم. 39 بەڵام نەریتێکتان هەیە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»
40 هاواریان کرد: «ئەمە نا! بەڵکو باراباس!» باراباسیش یەکێک بوو لە یاخیبووان.
فەرمانی کوشتنی عیسا
19 ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی. 2 سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد. 3 لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.
4 دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!» 5 عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!»
6 کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە خراپەی تێدا نابینم.»
7 ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.»
8 کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا. 9 گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە. 10 پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟»
11 عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت نەدرابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»
12 ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.»
13 کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ بەردڕێژکراو، بە عیبریش گەباسا. 14 ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[d] بوو، بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.» 15 ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.»
16 ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت.
لەخاچدان
ئەوانیش عیسایان برد. 17 عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترێ شوێنی کاسەسەر، بە عیبریش پێی دەگوترێ گولگۆسا. 18 لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لەناوەڕاستیان.
19 پیلاتۆسیش لەسەر تەختەیەک نووسی: «عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.» لەسەر خاچەکە دایکوتا. 20 جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو. 21 کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“»
22 پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.»
23 کاتێک سەربازەکان عیسایان لە خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیانە چوار پارچە، بۆ هەر سەربازێک پارچەیەک. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.
24 لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «با نەیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.»
ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی:
[جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و
تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.][e]
جا سەربازەکان ئەمەیان کرد.
25 لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون. 26 کاتێک عیسا دایکی بینی و ئەو قوتابییەش کە خۆشی دەویست لەلای ڕاوەستاوە، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.» 27 بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.
مردنی عیسا
28 پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە[f] بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.» 29 گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی. 30 کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.
31 پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن. 32 ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون. 33 بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند. 34 بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو. 35 ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن. 36 ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: [هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!][g] 37 هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: [تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.][h]
ناشتنی عیسا
38 پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد. 39 نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر[i] موڕ[j]ی تێکەڵاو بە ئەلوای[k] هێنا. 40 جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن. 41 لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو. 42 لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا[l]، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.