Chronological
عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس
27 کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان لە عیسا کرد تاکو بیکوژن. 2 جا بەستیانەوە و بردییان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.
یەهوزا خۆی دەکوژێ
3 ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا بڕیاری بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و 4 گوتی: «گوناهم کرد کە خوێنێکی بێتاوانم بە گرتن دا.» گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.»
5 ئەویش زیوەکانی لە پەرستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی هەڵواسی[a].
6 بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.» 7 ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێی کڕی. 8 لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە تاکو ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن. 9 ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: [سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەری خەمڵێنرا، 10 ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.[b]]
پیلاتۆس پرسیار لە عیسا دەکات
11 عیساش لەبەردەم فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەوا لێی پرسی، گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟»
عیساش فەرمووی: «تۆ دەڵێیت.»
12 کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. 13 پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 14 بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.
بڕیاری لەخاچدانی عیسا
15 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. 16 لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو، ناودەبردرا باراباس. 17 لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «کێتان دەوێ بۆتانی بەربدەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» 18 چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.
19 کاتێک لەسەر تەختی دادگایی دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژتووە.»
20 بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوای باراباس بکەن و عیسا لەناوببەن.
21 فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.»
22 پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»
23 ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»
بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»
24 پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»
25 گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»
26 ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن
27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. 28 ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان دایێ. 29 هەروەها تاجێکی دڕکیان هۆنییەوە و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ کرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» 30 تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. 31 دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردییان تاوەکو لە خاچی بدەن.
لەخاچدان و مردنی عیسا
32 کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان[c] بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 33 کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، ناونراوە شوێنی کاسەسەر، 34 شەرابی تێکەڵ بە زراویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. 35 کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد. 36 ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. 37 لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» 38 ئەوسا دوو دز لەگەڵی لە خاچ درابوون، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 39 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، 40 دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»
41 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد: 42 «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! پاشای ئیسرائیلە! با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین. 43 پشتی بە خودا بەست، با ئێستا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» 44 دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون گاڵتەیان پێدەکرد.
مردنی عیسا
45 لە کاتژمێر دوازدەوە[d] هەتا سێ[e]، تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 46 نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە: [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][f]
47 هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون و گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»
48 دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، 49 بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات.»
50 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.
51 لەو کاتەدا پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بوو بە دوو پارچە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و 52 گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. 53 دوای هەستانەوەی عیسا لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.
54 سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو چاودێری عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»
55 زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، 56 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.
ناشتنی عیسا
57 دەمەو ئێوارە پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو. 58 چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ. 59 یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و 60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت. 61 مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.
ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا
62 بۆ بەیانی[g] کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە، 63 گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“ 64 جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»
65 پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.» 66 ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.
عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس
15 هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو سەنهەدرین ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردییان، دایانە دەست پیلاتۆس.
2 پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێیت.»
3 کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد. 4 پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.»
5 بەڵام عیسا هیچ وەڵامی نەدایەوە، تاکو ئەوەی پیلاتۆس سەرسام بوو.
بڕیاری لەخاچدانی عیسا
6 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد. 7 پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو، لە ڕاپەڕینەکە کوشتاریان کردبوو[a]. 8 ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەی هەمیشە دەیکرد بۆیان بکات.
9 پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟» 10 چونکە زانی کاهینانی باڵا لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو. 11 بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات.
12 پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە حەز دەکەن چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟»
13 هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»
14 پیلاتۆس لێی پرسین: «باشە چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»
15 پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن
16 سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکەکە، کۆشکی فەرمانڕەوا و هەموو تیپەکەیان کۆکردەوە. 17 کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا. 18 دەستیان بە سڵاو لێکردنی کرد، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» 19 بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. 20 کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەردا داکەند و جلی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردییانە دەرەوە.
مردنی عیسا و لەخاچدانی
21 ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی[b] بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 22 ئینجا عیسایان بردە شوێنی گولگۆسا، واتە «شوێنی کاسەسەر». 23 شەرابی تێکەڵکراو بە موڕیان[c] بۆی ڕاگرت، بەڵام نەیخواردەوە. 24 لە خاچیان دا و کراسەکەیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت.
25 کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆ[d] بوو، 26 ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە. 27 دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. ⌟ 28 نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: [لە ڕیزی تاوانباران دانرا.][e]⌞ 29 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی بە سێ ڕۆژ، 30 خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.»
31 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! 32 با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت.
33 بووە کاتژمێر دوازدە[f]، هەتا کاتژمێر سێ[g] تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 34 لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە، [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][h]
35 هەندێک لە ئامادەبووان گوێیان لێبوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.»
36 یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە دایێ، گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت!»
37 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.
38 پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بووە دوو پارچە. 39 ئەو سەرپەلەی[i] بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم مرۆڤە کوڕی خودا بوو!»
40 چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران. 41 ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم.
ناشتنی عیسا
42 ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەممە، 43 یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. 44 پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە. 45 کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف. 46 ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. 47 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.