Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لۆقا 18:15-19:48

شانشینی خودا وەک منداڵ

15 خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن. 16 بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک[a] شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»

دەوڵەمەندی و ژیانی هەتاهەتایی

18 کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»

19 عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. 20 ڕاسپاردەکان دەزانیت: [داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.][b]»

21 ئەویش گوتی: «هەموو ئەمانەم لە منداڵییەوە پاراستووە.»

22 عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. چیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، لە ئاسماندا گەنجینەیەکت دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.»

23 کاتێک ئەمەی بیست، زۆر خەمناک بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو. 24 کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چەند گرانە بۆ دەوڵەمەندان بچنە ناو شانشینی خوداوە! 25 ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»

26 ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»

27 عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.»

28 پەترۆس گوتی: «ئەوەتا هەموو شتێکمان بەجێهێشتووە و دوات کەوتووین.»

29 ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ یان ژن یان برا یان دایک و باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت، 30 لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.»

باسی مردن و هەستانەوەی عیسا

31 عیسا دوازدە قوتابییەکەی برد و پێی فەرموون: «ئەوا بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوین، هەرچی پێغەمبەران لەبارەی کوڕی مرۆڤەوە نووسیویانە دێتە دی. 32 دەدرێتە دەستی نەتەوەکان، گاڵتەی پێ دەکرێت و جنێوی پێدەدرێت و تفی لێ دەکرێت، 33 بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»

34 بەڵام هیچ لەمە تێنەگەیشتن و ئەم باسە لێیان شاراوە بوو، ئەوەی گوترا درکیان پێی نەکرد.

عیسا کەسێکی نابینا چاک دەکاتەوە

35 کاتێک عیسا لە ئەریحا نزیک بووەوە، کەسێکی نابینا لەسەر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی دەکرد. 36 کە گوێی لە خەڵکەکە بوو دەڕۆیشتن، پرسیاری کرد ئەمە چییە. 37 پێیان گوت: «عیسای ناسیرەیی لێرەوە تێدەپەڕێت.»

38 جا هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»

39 ئەوانەی لەپێشەوە دەڕۆیشتن سەرزەنشتیان کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زۆر زیاتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»

40 عیسا ڕاوەستا و فەرمانی دا بیهێننە لای. کاتێک نزیک بووەوە، لێی پرسی: 41 «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» گوتی: «گەورەم، دەمەوێ ببینم.»

42 عیساش پێی فەرموو: «ببینە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» 43 دەستبەجێ بینی، دوای کەوت و ستایشی خودای دەکرد. هەروەها هەموو خەڵکەکەش کە بینییان ستایشی خودایان کرد.

عیسا دەبێتە میوانی زەکا

19 ئینجا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی. لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو. دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو. ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.

کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.» جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.

هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»

بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»

عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، 10 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا[c] بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»

نموونەی دە مەناکە

11 کاتێک گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو، وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە ئێستا دەردەکەوێت. 12 ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە. 13 دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی[d] پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.

14 «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“

15 «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.

16 «یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“

17 «ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“

18 «دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“

19 «بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“

20 «ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو. 21 لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی سەختیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“

22 «ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی کابرایەکی توندم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم. 23 ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ قازانجەکەی وەرمدەگرتەوە؟“

24 «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“

25 «ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“

26 «وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 27 دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»

کەژاوەی پاشایانە

28 دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو، لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت. 29 کاتێک لە گوندی بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا نزیک بووەوە، کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت، دووان لە قوتابییەکانی نارد و 30 فەرمووی: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کە دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 31 ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن: ”بۆچی دەیکەنەوە؟“ لە وەڵامدا بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“»

32 دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان. 33 کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە، خاوەنەکانی لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟»

34 گوتیان: «گەورەمان پێویستی پێیەتی.»

35 ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد. 36 کاتێک بەڕێوە بوو، خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست.

37 لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە، هەموو کۆمەڵی قوتابییەکان دەستیان پێکرد بە شادی و بە دەنگی بەرز ستایشی خودا بکەن، بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان، دەیانگوت:

38 «[پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!][e]»

«ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!»

39 هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە، بە عیسایان گوت: «مامۆستا، قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.»

40 وەڵامی دایەوە: «پێتان دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن.»

گریانی عیسا بۆ ئۆرشەلیم

41 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا، 42 فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە. 43 ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن. 44 خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی بەسەرکردنەوەت[f] نەزانی.»

عیسا پەرستگا پاک دەکاتەوە

45 کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد. 46 پێی فەرموون: «نووسراوە: [ماڵەکەم ماڵی نوێژە،][g] کەچی ئێوە کردووتانە بە [ئەشکەوتی دزان!][h]»

47 ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا بیکوژن. 48 بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل پەیوەستی گوێ لێگرتنی بوون.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.