Chronological
نموونەی کرێکارانی ناو ڕەز
20 «چونکە شانشینی ئاسمان لە گەورەی ماڵێک دەچێت، بەیانی زوو دێتە دەرەوە تاکو بچێت کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت. 2 لەگەڵ کرێکارەکان ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت، ئینجا ئەوانی بۆ ڕەزەکەی نارد.
3 «نزیکی کاتژمێر نۆ[a] دووبارە چووە دەرەوە، لە مەیداندا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون، 4 پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن، چەندتان بکەوێ دەتاندەمێ.“ 5 ئەوانیش ڕۆیشتن.
«ئینجا کاتژمێر دوازدە و کاتژمێری سێ ڕۆیشتەوە و هەمان شتی کردەوە. 6 نزیکی کاتژمێر پێنجی ئێوارە دیسان ڕۆیشت، کرێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون، لێی پرسین: ”بۆچی بە درێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟“
7 «وەڵامیان دایەوە: ”چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین.“ ئەویش پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆنە ڕەزەکەم!“
8 «کاتێک ئێوارە داهات خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی خۆی گوت: ”کرێکارەکان بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ، لەوانەی کۆتاییەوە دەستپێبکە تاکو یەکەم.“
9 «جا ئەوانەی کاتژمێر پێنج[b] هاتن، هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 10 یەکەمینەکانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وەردەگرن، بەڵام هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 11 کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ماڵ دەکرد و 12 دەیانگوت: ”دواهەمینەکان کاتژمێرێک ئیشیان کرد. تۆش لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن کە گرانی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە.“
13 «وەڵامی یەکێکیانی دایەوە: ”برادەر، من غەدرم لێ نەکردوویت. ئایا لەگەڵ من بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟ 14 هی خۆت ببە و بڕۆ. من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ. 15 ئایا بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟ یان چاوت هەڵنایەت چونکە من چاکم؟“
16 «بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.»
سێیەم باسی مردنی عیسا
17 کاتێک عیسا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوت، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون: 18 «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و 19 بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست نەتەوەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»
خزمەتکار پایەبەرزترینە
20 ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.
21 ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»
22 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە[c] بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»
23 ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»
24 کاتێک دە قوتابییەکە بیستیان، لە دوو براکە تووڕە بوون. 25 بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆک نەتەوەکان وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا جێبەجێ دەکەن. 26 جا لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و 27 ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، 28 هەروەک کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا
29 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. 30 ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
31 جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
32 عیسا ڕاوەستا، بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
33 وەڵامیان دایەوە: «دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە، گەورەم.»
34 عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ ڕۆشنایی هاتەوە چاویان و دوای کەوتن.
کەژاوەی پاشایانە
21 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، گەیشتنە بێتفاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و 2 پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن. 3 ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.»
4 ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە[d] گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ:
5 [بە شاری سییۆن بڵێن،
ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و
جاشی ماکەرێک بووە.][e]
6 قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان. 7 ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو. 8 خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست. 9 ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد:
«هۆسانا[f] بۆ کوڕی داود!»
«[پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!][g]»
«هۆسانا بۆ خودا!»
10 کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟»
11 خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.»
پاککردنەوەی پەرستگا
12 عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی وەرگێڕا. 13 پێی فەرموون: «نووسراوە، [ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،][h] بەڵام ئێوە دەیکەنە [ئەشکەوتی دزان!][i]»
14 نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە. 15 بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و 16 لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟»
عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە:
«[لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە
ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە]؟»[j]
17 ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێتعەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە.
دار هەنجیری بێ بەر
18 بەیانی کە دەگەڕایەوە شار، برسی بوو. 19 دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو.
20 کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟»
21 عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت. 22 جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»
دەسەڵاتی عیسا
23 کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»
24 عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم. 25 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»
لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن، گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 26 ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»
27 ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.»
ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
نموونەی دوو کوڕەکە
28 ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“
29 «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.
30 «چووە لای دووەم و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو[k]، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.
31 «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون، 32 چونکە یەحیا بە ڕێگای ڕاستودروستی بۆ لاتان هات و ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. دواتر کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»
نموونەی ڕەزەوانەکان
33 گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: «گەورەی ماڵێک هەبوو ڕەزێکی چاند، دەوروبەرەکەی پەرژین کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. 34 کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن.
35 «ڕەزەوانەکان کۆیلەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و یەکێکیشیان بەردباران کرد. 36 دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، هەمان شتیان لەوانیش کرد. 37 لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد، گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“
38 «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ 39 ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.
40 «کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»
41 وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.»
42 عیسا پێی فەرموون: «قەت لە نووسراوە پیرۆزەکان[l] نەتانخوێندووەتەوە:
«[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[m]،
ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە][n]؟
43 «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات. 44 ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»
45 کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات. 46 لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.