Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لۆقا 17:11-18:14

چاککردنەوەی دە نەخۆشی گول

11 کاتێک عیسا دەچوو بۆ ئۆرشەلیم، بە نێوانی سامیرە و جەلیلدا ڕۆیشت. 12 ڕێگەی کەوتە گوندێک، لەوێ تووشی دە پیاو بوو کە نەخۆشی گولییان هەبوو. لە دوورەوە ڕاوەستابوون و 13 دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان: «ئەی عیسا، ئەی مامۆستا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»

14 جا ئەوانی بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان نیشانی کاهینان بدەن.» کاتێک دەڕۆیشتن پاکبوونەوە.

15 یەکێکیان سەیری کرد پاک بووەتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز ستایشی خودای کرد، 16 لەبەرپێی عیسا بەسەر ڕوودا کەوت و سوپاسی کرد. کابرا سامیرەییش بوو.

17 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەرێ دە کەس پاک نەبوونەوە؟ کوا نۆیەکەی دیکە؟ 18 هیچ کەسێکیان نەبینران بگەڕێنەوە و ستایشی خودا بکەن، ئەم بێگانەیە نەبێت؟» 19 ئینجا پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ، باوەڕت ڕزگاری کردیت.»

هاتنی پاشایەتی خودا

20 کە فەریسییەکان پرسیاریان لێکرد، کەی پاشایەتی خودا دێت، وەڵامی دانەوە: «پاشایەتی خودا بە جۆرێک نایەت کە ببینرێت، 21 خەڵکیش ناڵێن: ”ئەمەتا،“ یان ”ئەوەتا،“ چونکە پاشایەتی خودا لە نێوتاندایە.»

22 جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕۆژانێک دێت کە تامەزرۆن ڕۆژێک لە ڕۆژانی کوڕی مرۆڤ ببینن، بەڵام نایبینن. 23 ئینجا پێتان دەڵێن: ”ئەوەتا لەوێیە،“ یان ”ئەمەتا لێرەیە،“ مەڕۆن و بەدوایدا مەچن، 24 چونکە وەک ئەو بروسکەیەی لە لایەکەوە لەژێر ئاسماندا بروسکە دەدات لایەکی دیکە لەژێر ئاسماندا ڕووناک دەکاتەوە، کوڕی مرۆڤیش لە ڕۆژی خۆیدا بەو شێوەیە دەبێت. 25 بەڵام دەبێت یەکەم جار زۆر ئازار بچێژێت و ئەم نەوەیەش ڕەتی بکەنەوە.

26 «وەک ئەوەی لە سەردەمی نوحدا بوو، لە سەردەمی کوڕی مرۆڤیشدا ئاوا دەبێت. 27 دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، تاکو ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، لافاوەکە هات و هەموویانی لەناوبرد.

28 «دیسان وەک ئەوەی لە سەردەمی ڵوت بوو، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، دەیانکڕی و دەیانفرۆشت، دەیانچاند و بنیادیان دەنا. 29 بەڵام لەو ڕۆژەی ڵوت لە سەدۆم هاتە دەرەوە، خودا لە ئاسمانەوە ئاگر و گۆگردی باراند و هەموویانی لەناوبرد.

30 «لەو ڕۆژەدا کوڕی مرۆڤ ئاشکرا دەکرێت، ئاوا دەبێت. 31 ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە سەربانە و شتەکانی لە ناو ماڵە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی. ئەوەی لە کێڵگەشە با نەگەڕێتەوە. 32 ژنەکەی ڵوتتان بەبیر بێتەوە! 33 ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، ئەوەش کە دەیدۆڕێنێت دەیباتەوە. 34 پێتان دەڵێم: لەو شەوەدا دووان لەناو یەک جێگان، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. 35 دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. ⌟ 36 دووان لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.⌞»

37 لێیان پرسی: «لەکوێ گەورەم؟»

پێی فەرموون: «کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.»

نموونەی بێوەژن و دادوەرێک

18 عیسا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە کە پێویستە هەمیشە نوێژ بکەن و ورە بەرنەدەن. فەرمووی: «لە شارێک دادوەرێک هەبوو لە خودا نەدەترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نەدەگرت. لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو، دەهاتە لای و دەیگوت: ”مافم لە نەیارەکەم بستێنەوە.“

«ئەویش ماوەیەک نەیدەویست، بەڵام دواتر لە دڵی خۆیدا گوتی: ”هەرچەندە لە خودا ناترسم و ڕێزیش لە مرۆڤ ناگرم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بێوەژنە بێزارم نەکات، مافەکەی بۆ وەردەگرمەوە، ئەگینا وازناهێنێت و وەڕسم دەکات.“»

مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: «گوێ بگرن لەوەی دادوەرە زۆردارەکە دەیڵێت. باشە خودا مافی هەڵبژێردراوەکانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لێی دەپاڕێنەوە وەرناگرێت؟ ئایا درەنگ وەڵامیان دەداتەوە؟ پێتان دەڵێم: خێرا مافیان بۆ وەردەگرێت. بەڵام کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟»

نموونەی فەریسی و باجگر

بۆ ئەوانەی دڵنیا بوون کە خۆیان بە بێتاوان دادەنا و خەڵکیان بە سووک سەیر دەکرد، ئەم نموونەیەی هێنایەوە: 10 «دوو کەس بۆ نوێژکردن چوونە پەرستگا، یەکێکیان فەریسی و ئەوەی دیکە باجگر. 11 فەریسییەکە وەستا، لە دڵی خۆیدا ئەم نوێژەی دەکرد: ”خودایە سوپاست دەکەم وەک خەڵکی دیکە نیم، کە قۆڵبڕ و خراپەکار و داوێنپیسن، وەک ئەم باجگرەش نیم. 12 هەفتەی دوو جار بەڕۆژوو دەبم، ئەوەی دەستم دەکەوێت دەیەکی دەبەخشم.“

13 «بەڵام باجگرەکە لە دوورەوە ڕاوەستا، نەیدەویست چاوی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، سنگی خۆی دەکوتا و دەیگوت: ”ئەی خودایە بەزەییت[a] بە منی گوناهباردا بێتەوە.“

14 «پێتان دەڵێم، ئەمە گەڕایەوە ماڵی خۆی بێتاوان کرابوو، پێچەوانەی ئەوی دیکە، چونکە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.