Chronological
شێوە گۆڕانی عیسا
17 دوای شەش ڕۆژ عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای برد و بە تەنها بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕابەرایەتی کردن. 2 لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان. 3 لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
4 ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز بکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
5 کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»
6 کاتێک قوتابییەکان گوێیان لێبوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان. 7 بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!» 8 ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.
9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»
10 قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت؟»
11 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. 12 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها کوڕی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت.» 13 ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحیای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
14 کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و 15 گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە. 16 هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»
17 جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ بیهێننە ئێرە بۆ لام.» 18 عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.
19 پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
20 ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. ⌟ 21 بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.⌞»
دووەم باسی مردنی عیسا
22 کاتێک قوتابییەکان لە جەلیل کۆبوونەوە، عیسا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و 23 دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەم هەڵدەستێنرێتەوە.» ئەوانیش زۆر دڵگران بوون.
باجی پەرستگا
24 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی گەیشتنە کەفەرناحوم، باجگرانی دوو درهەمەکە[a] هاتنە لای پەترۆس و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاتان دوو درهەمەکە نادات؟»
25 گوتی: «بەڵێ.»
کاتێک پەترۆس هاتە ماڵەوە، عیسا پێشی کەوت و فەرمووی: «ڕات چییە شیمۆن؟ پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان یان لە خەڵکی بیانی؟»
26 پەترۆس گوتی: «لە بیانی.»
عیساش پێی فەرموو: «کەواتە ڕۆڵەکان ئازادن. 27 بەڵام تاکو بۆیان نەبینە کۆسپ، بڕۆ دەریاچەکە و قولاپ هەڵبدە، یەکەم ماسی کە دەیگریت، دەمی بکەرەوە، دراوێکی ستاتیر[b] دەبینیتەوە، بیبە و لە جیاتی خۆم و خۆت بیاندەرێ.»
شێوە گۆڕانی عیسا
9 ئینجا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن بە هێزەوە دێتەوە.»
2 دوای شەش ڕۆژ، عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، بە تەنها بردنییە سەر چیایەکی بەرز، لەپێشیان شێوەی گۆڕا. 3 جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات. 4 ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
5 پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» 6 نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون. 7 هەورێکیش هات و سێبەری بەسەریاندا کرد، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»
8 کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.
9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10 ئەوانیش بابەتەکەیان بۆ خۆیان هێشتەوە و گفتوگۆیان بوو: «هەستانەوە لەنێو مردووان چییە؟»
11 پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»
12 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. ئەی چۆن دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ 13 بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»
دەرکردنی ڕۆحی پیس
14 کاتێک گەیشتنە لای قوتابییەکان، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. 15 کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد و سڵاویان لێکرد.
16 عیسا لێی پرسین: «لەبارەی چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟»
17 یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە. 18 لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
19 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.»
20 ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات.
21 عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟»
گوتی: «لە منداڵییەوە. 22 زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر و ناو ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.»
23 عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.»
24 یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»
25 عیسا کە بینی خەڵکەکە ڕاکەڕاکەیانە، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!»
26 ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.» 27 بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.
28 عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
29 پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.»
دووەم باسی مردنی عیسا
30 لەوێ ڕۆیشتن و بە جەلیلدا تێپەڕین، عیساش نەیویست کەس بزانێت، 31 چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.» 32 بەڵام ئەوان لە قسەکە تێنەگەیشتن و ترسان لێی بپرسن.
کێ پایەبەرزترە؟
33 ئینجا هاتنە کەفەرناحوم. کە گەیشتە ماڵەوە، لێی پرسین: «لە ڕێگا گفتوگۆی چیتان دەکرد؟» 34 بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگا مشتومڕیان لەگەڵ یەکتر کرد کە کامیان پایەبەرزترە.
35 عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»
36 ئینجا منداڵێکی هێنا و لەناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون: 37 «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.»
ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە
38 یۆحەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە دوامان ناکەوێت.»
39 عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات، 40 چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە. 41 ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت.
کۆسپ دروستکردن
42 «ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە. 43 ئەگەر دەستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخ، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. ⌟ 44 لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞ 45 ئەگەر پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو پێت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. ⌟ 46 لەوێ کرمەکانیان نامرن و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞ 47 ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی دوو چاوت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
48 «[لەوێ کرمەکانیان نامرن و
ئاگرەکە ناکوژێتەوە.][a]
49 هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت.
50 «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.»
شێوە گۆڕانی عیسا
28 نزیکەی هەشت ڕۆژ لەدوای ئەم وتانە، عیسا پەترۆس و یۆحەنا و یاقوبی برد و سەرکەوتە سەر چیایەک تاکو نوێژ بکات. 29 کاتێک نوێژی دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی سپی بریسکەدار هەڵگەڕان. 30 دوو پیاویش لەگەڵی دەدوان، موسا و ئەلیاس بوون. 31 بە شکۆوە دەرکەوتن و لەبارەی بەجێهێشتنی جیهان کە دەبووایە بەم نزیکانە لە ئۆرشەلیم ڕووی بدایە، گفتوگۆیان کرد. 32 بەڵام پەترۆس و هاوڕێیانی خەو چاوی قورس کردبوون، کاتێک بە تەواوی خەبەریان بووەوە شکۆی ئەو و دوو پیاوەکەیان بینی کە لەگەڵی ڕاوەستابوون. 33 کاتێک پیاوەکان لە عیسا جیا دەبوونەوە، پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ئەمەی گوت بێ ئەوەی بزانێت باسی چی دەکات.
34 کاتێک لەم قسانەدا بوو، هەورێک هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، کە کەوتنە ناو هەورەکە، ترسان. 35 دەنگێک لەناو هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی منە، ئەوەی هەڵمبژاردووە، گوێی لێ بگرن.» 36 کە دەنگەکە دوا، عیسا بە تەنها بینرا. ئەوانیش بێدەنگ بوون و لەو ڕۆژانەدا لەلای کەس باسی ئەو شتانەیان نەکرد کە بینییان.
دەرکردنی شەیتان
37 بۆ بەیانی، کە لە کێوەکە هاتنە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر بەرەوپیریان هاتن. 38 لەنێو خەڵکەکەدا پیاوێک هاواری کرد: «مامۆستا، لێت دەپاڕێمەوە تەماشای کوڕەکەم بکە، چونکە تاقە کوڕمە. 39 ڕۆحی پیس دەستی لێ دەوەشێنێت، کوڕەکەشم لەناکاو هاوار دەکات و فێی لێ دێت و دەمی کەف دەکات، بە زەحمەت وازی لێ دەهێنێت و شلوکوتی دەکات. 40 لە قوتابییەکانت پاڕامەوە تاکو دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
41 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم و بەرگەتان بگرم؟ کوڕەکەت بهێنە ئێرە.»
42 کاتێک کوڕەکە دەهات، ڕۆحە پیسەکە ڕایتەکاند و فێی لێ هێنا، عیساش لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و کوڕەکەی چاککردەوە، دایەوە دەست باوکی. 43 هەموو لە گەورەیی خودا سەرسام بوون.
کاتێک هەموو سەرسام مابوون لە هەموو ئەوەی عیسا کردی، بە قوتابییەکانی فەرموو: 44 «بە باشی گوێ لە قسەکانم بگرن: کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک.» 45 بەڵام ئەم قسەیە تێنەگەیشتن، لێیان شاردرابووەوە تاکو حاڵی نەبن، ترسان لەبارەی ئەم قسەیە پرسیاریشی لێ بکەن.
گەڕان بەدوای پلە و پایەدا
46 دەمەقاڵەیەک لەنێوان قوتابییەکاندا پەیدا بوو، کامیان پایەبەرزترە. 47 عیسا بە نیازی دڵیانی زانی، منداڵێکی هێنا و لەلای خۆی ڕایگرت، 48 پێی فەرموون: «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لەم منداڵە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازی لە من بکات، ئەوا پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی، چونکە بچووکترینی هەمووتان پایەبەرزترە.»
ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە
49 یۆحەنا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ڕێمان لێ گرت چونکە لەگەڵمان دوات ناکەوێت.»
50 عیساش پێی فەرموون: «ڕێی لێ مەگرن، چونکە ئەوەی دژتان نییە لەگەڵتانە.»
51 کە ڕۆژانی بەرزکردنەوەی[a] نزیک بووەوە، پێداگری کرد لەسەر ڕۆیشتنی بۆ ئۆرشەلیم. 52 نێردراوی لەپێش خۆی نارد، ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە گوندێکی سامیرەییەکان تاکو شوێنی بۆ ئامادە بکەن، 53 بەڵام پێشوازییان لێ نەکرد، چونکە بەرەو ئۆرشەلیم دەچوو. 54 کاتێک یاقوب و یۆحەنای قوتابییانی عیسا ئەمەیان بینی، گوتیان: «گەورەم، دەتەوێ داوا بکەین لە ئاسمانەوە ئاگر بێتە خوارەوە و لەناویان ببات؟» 55 بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەرزەنشتی کردن. 56 ئینجا چوونە گوندێکی دیکە.
نرخی دواکەوتنی عیسا
57 بە ڕێگادا دەڕۆیشتن، یەکێک پێی گوت: «بۆ کوێ بڕۆیت دوات دەکەوم.»
58 عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە سەری لێ دابنێت.»
59 بە یەکێکی دیکەی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەمەیان گوتی: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»
60 عیساش پێی فەرموو: «واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن، بەڵام تۆ بڕۆ مزگێنی پاشایەتی خودا بدە.»
61 یەکێکی دیکە گوتی: «گەورەم، دوات دەکەوم، بەڵام جارێ لێمگەڕێ با ماڵئاوایی لە خانەوادەکەم بکەم.»
62 عیساش پێی فەرموو: «هەرکەسێک دەست لەسەر گاسن دابنێت و ئاوڕ لە دواوە بداتەوە، بەکەڵکی شانشینی خودا نایەت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.