Chronological
سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا
15 ئینجا فەریسی و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە لای عیسا و گوتیان: 2 «بۆچی قوتابییەکانت نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش نانخواردن دەستیان ناشۆن!»
3 ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەی بۆچی ئێوە لەبەر نەریتی خۆتان سەرپێچی لە ڕاسپاردەی خودا دەکەن؟ 4 چونکە خودا فەرموویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][a]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][b] 5 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی گوت: ’ئەوەی بەنیاز بووم بیدەمە ئێوە بۆ خودام تەرخان کردووە،‘ 6 ئەو ئەرکەی ناخەنە سەر کە ڕێزی دایک و باوکی بگرێت.“ جا لەبەر نەریتی خۆتان دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. 7 ئەی دووڕووان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە و دەڵێت:
8 «[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
بەڵام دڵی لێم دوورە.
9 بەخۆڕایی دەمپەرستن،
تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.]»[c]
ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات
10 عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن. 11 ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات.»
12 ئینجا قوتابییەکان هاتنە پێش و لێیان پرسی: «دەزانی کاتێک فەریسییەکان گوێیان لە قسەکە بوو بێزار بوون؟»
13 وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت. 14 وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن ڕابەرایەتی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕابەرایەتی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە.»
15 پەترۆس پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەوە.»
16 عیسا فەرمووی: «ئێوەش هێشتا تێناگەن؟ 17 نازانن هەرچی دەچێتە ناو دەم دەڕواتە ناو سک، دوایی فڕێدەدرێتە دەرەوە؟ 18 بەڵام ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، لە دڵەوە دێت، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات، 19 چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن. 20 ئەمانە مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام خواردن بەبێ دەست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات.»
باوەڕی ژنێکی کەنعانی
21 عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا. 22 ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بە خراپی ڕۆحی پیسی تێدایە.»
23 بەڵام عیسا بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»
24 وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»
25 بەڵام ژنەکە هات، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم یارمەتیم بدە!»
26 وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
27 ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»
28 ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.
ناندانی چوار هەزار کەس
29 ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت. 30 ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. 31 تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.
32 ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.»
33 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟»
34 عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟»
گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچکۆلە.»
35 ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. 36 حەوت نان و ماسییەکانی برد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە. 37 هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە. 38 نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ. 39 ئینجا عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد و سواری بەلەم بوو و هاتە سنووری مەگەدان.
سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا
7 فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە. 2 بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتە بێ دەست شوشتن، 3 چونکە فەریسی و هەموو جولەکە نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن، پەیوەست بوون بە نەریتی پیران، 4 هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.
5 فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»
6 ئەویش پێی فەرموون: «دووڕووەکان، سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە:
«[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
بەڵام دڵی لێم دوورە.
7 بەخۆڕایی دەمپەرستن،
تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.][a]
8 ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»
9 دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن. 10 بۆ نموونە، موسا گوتوویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][b]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][c] 11 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ بە واتای دیاری بۆ خودا، 12 ئیتر نایەڵن شتێکی بۆ دایک یان باوکی بکات. 13 بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»
ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات
14 دیسان خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن. 15 شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات. ⌟ 16 ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.⌞»
17 کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد. 18 پێی فەرموون: «ئێوەش ئاوا تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟ 19 چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، دەچێتە دەرەوەش بۆ ئاودەست.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.
20 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات، 21 چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن، 22 داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی. 23 هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»
باوەڕی ژنێکی کەنعانی
24 عیسا ئەوێی بەجێهێشت، چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، هەرچەندە نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. 25 لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت. 26 ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.
27 ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
28 بەڵام وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»
29 پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»
30 گەڕایەوە ماڵەکەی، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکە دەرچووبوو.
چاکبوونەوەی کەڕولاڵێک
31 ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدا دا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات، بە هەرێمی دە شارەکەدا. 32 کەڕێکی لاڵوپتەیان بۆ هێنا، لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.
33 عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی کرد بە دەستی خۆیدا و دەستی لە زمانی دا. 34 چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و هەناسەیەکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتە بکرێوە. 35 دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.
36 ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپارد ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. 37 زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.