Chronological
کوشتنی حەزرەتی یەحیا
14 لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای[a] جەلیل ناوبانگی عیسای بیست، 2 بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
3 هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو و پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، 4 چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» 5 هێرۆدسیش دەیویست بیکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
6 لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لەناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد، 7 ئەوە بوو بە سوێندەوە بەڵێنی پێیدا، چی حەزی لێ بێت بیداتێ. 8 کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.» 9 پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر سوێندەکان و میوانەکان، فەرمانی دا بیدەنێ. 10 ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و 11 سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی. 12 قوتابییەکانی هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هەواڵیان دایە عیسا.
تێربوونی پێنج هەزار کەس
13 کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن. 14 کاتێک عیسا لە بەلەم دابەزی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.
15 کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
16 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
17 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»
18 ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.» 19 فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە. 20 هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە. 21 نانخۆران نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات
22 دەستبەجێ قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بڕۆنە ئەوبەر، تاکو خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 23 کاتێک خەڵکەکەی بەڕێکرد، بە تەنها چووە سەر شاخ تاکو نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو، 24 بەلەمەکەش ماوەیەکی زۆر لە وشکانییەوە دوور کەوتبووەوە، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە بایەکە پێچەوانە بوو. 25 پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت. 26 کاتێک قوتابییەکان بینییان لەسەر دەریاچەکە دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.
27 دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.»
28 پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»
29 فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت. 30 بەڵام کاتێک بینی ڕەشەبایە، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»
31 عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتییەوە و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»
32 کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، بایەکە وەستا. 33 ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»
34 کاتێک پەڕینەوە، هاتنە خاکی جەنیسارەت. 35 خەڵکی ئاوایی عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا. 36 لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا چاکبوونەوە.
ڕێزنەگرتن لە عیسا
6 عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن. 2 کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون.
گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییەی پێی دراوە و ئەم پەرجووانەی[a] لەسەر دەستی دەکرێن! 3 ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی مریەم و براکەی یاقوب و یوسی و یەهوزا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» جا ڕەتیان کردەوە.
4 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و لەنێوان خزم و لە ماڵی خۆی نەبێت.» 5 ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. 6 لە بێباوەڕی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا گەڕا و خەڵکی فێر دەکرد.
عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت
7 ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد و دەسەڵاتی پێدان بەسەر ڕۆحە پیسەکان.
8 ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن. 9 بەڵکو پێڵاو لە پێیان بێت و دوو کراس لەبەر نەکەن. 10 پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 11 ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»
12 ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا. 13 ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە.
کوشتنی حەزرەتی یەحیا
14 شا هێرۆدس ئەمەی بیست، چونکە ناوی عیسا دەنگیدایەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
15 خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.» هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن.»
16 بەڵام هێرۆدس کە بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!»
17 خودی هێرۆدس ناردبووی، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خواستبووی، یەحیای گرتبوو و لە زیندان بەستبوویەوە، 18 چونکە یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» 19 ئیتر هیرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و دەیویست بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی، 20 چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت.
21 دەرفەتێک ڕێککەوت، کاتێک هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونی بۆ گەورە پیاوانی و فەرماندەکانی و ماقوڵانی جەلیل خوانی سازکرد. 22 کچی هیرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد. جا هێرۆدس و ئەوانەی لەگەڵی پاڵیاندابووەوە دڵخۆشی کردن.
پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ.» 23 سوێندیشی بۆ خوارد: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت.»
24 ئەویش چووە دەرەوە و بە دایکی گوت: «داوای چی بکەم؟» گوتی: «سەری یەحیای لەئاوهەڵکێش.»
25 دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، داوای کرد و گوتی: «دەمەوێت ئێستا سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ.»
26 پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکان و ئەوانەی لەگەڵی لەسەر خوان بوون، نەیویست ڕەتی بکاتەوە. 27 پاشا یەکسەر پیاوکوژی نارد و فەرمانی دا سەری بهێنێت. ئەویش چوو و لە زیندان سەری بڕی، 28 لەسەر سینییەک سەری ئەوی هێنا و دایە کچەکە، کچەش دای بە دایکی. 29 قوتابییەکانی بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان.
تێربوونی پێنج هەزار کەس
30 نێردراوان لە عیسا کۆبوونەوە، هەموو ئەوەی کردبوویان و فێریان کردبوو بۆیان گێڕایەوە. 31 ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو.
32 ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ. 33 بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن. 34 کاتێک عیسا لە بەلەم دابەزی، خەڵکێکی ئێجگار زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون. دەستی پێکرد زۆر شتی فێرکردن.
35 کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە. 36 بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
37 بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار[b] نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ، تاکو بیخۆن؟»
38 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.» کە زانییان گوتیان: «پێنج نان لەگەڵ دوو ماسی.»
39 ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن. 40 بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا. 41 ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. 42 هەموو خواردیان و تێر بوون. 43 پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. 44 ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون.
عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات
45 دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێتسەیدا، تاکو خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 46 کە خواحافیزی لێکردن، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ.
47 کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لەناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. 48 کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوون، چونکە بایەک پێچەوانەیان بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49 بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، 50 چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان.
ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.» 51 ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و بایەکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون، 52 لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن. دڵیان هەر ڕەق بوو.
عیسا نەخۆشی دیکە چاک دەکاتەوە
53 کاتێک پەڕینەوە، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت. 54 کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە. 55 بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. 56 بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا چاکبوونەوە.
عیسا دوازدە نێردراوەکە دەنێرێ
9 کاتێک دوازدەکەی[a] بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو ڕۆحە پیسەکان و چاککردنەوەی نەخۆشییەکان، 2 ناردنی تاکو مزگێنی پاشایەتی خودا بدەن و نەخۆش چاک بکەنەوە. 3 پێی فەرموون: «بۆ ڕێگا هیچ هەڵمەگرن، نە گۆچان و نە توورەکە، نە نان و نە پارە، کەسیش دوو کراسی نەبێت. 4 چوونە هەر ماڵێک لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 5 ئەگەر خەڵکەکەی پێشوازییان لێ نەکردن، لە شارۆچکەکەیان بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.» 6 جا بەڕێکەوتن و بە گوندەکاندا دەگەڕان، مزگێنییان دەدا و لە هەموو لایەک خەڵکیان چاکدەکردەوە.
7 هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیل هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە ڕوویدەدا و سەری سوڕما، چونکە هەندێک دەیانگوت: «یەحیا لەناو مردووان هەستاوەتەوە.» 8 هەندێکیش دەیانگوت: «ئەلیاس دەرکەوتووە.» کەسانی دیکەش: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆن زیندووبووەتەوە.» 9 هێرۆدسیش گوتی: «خۆم سەری یەحیام لێکردەوە، ئەی ئەمە کێیە شتی وای لێ دەبیستم؟» لەبەر ئەوە هەوڵی دەدا بیبینێت.
تێربوونی پێنج هەزار کەس
10 نێردراوان گەڕانەوە و ئەوەی کردبوویان بۆ عیسایان گێڕایەوە، ئەویش ئەوانی برد و بە تەنها بۆ شارۆچکەیەک چوون ناوی بێتسەیدا بوو. 11 بەڵام خەڵکەکە زانییان و دوای کەوتن، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی پاشایەتی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستییان بە چاکبوونەوە بوو چاکیکردنەوە.
12 کاتێک ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، دوازدە قوتابییەکە هاتن و پێیان گوت: «خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەر، تاکو لەوێ بمێننەوە و خواردنیش پەیدا بکەن، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی چۆڵداین.»
13 پێی فەرموون: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
وەڵامیان دایەوە: «لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە، مەگەر بڕۆین نان بۆ هەموو خەڵکەکە بکڕین،» 14 چونکە نزیکەی پێنج هەزار پیاو دەبوون.
ئینجا بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایاننیشێنن، هەر کۆمەڵێک نزیکەی پەنجا کەس بێت.» 15 جا بەم جۆرەیان کرد و هەموویان دانیشاندن. 16 ئینجا عیسا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن، دایە قوتابییەکان تاکو لەبەردەمی خەڵکەکەی دابنێن. 17 هەموو خواردیان و تێر بوون. لەو پەلکەنانەی لێیان مایەوە دوازدە سەبەتە هەڵگیرایەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.