Chronological
نموونەی جوتیارێک
13 هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. 2 خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. 3 بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. 4 کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. 5 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. 6 بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. 7 هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. 8 بەڵام هەندێکیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. 9 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!»
بۆچی عیسا بە نموونە دەدوێت؟
10 قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟»
11 وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، 12 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 13 لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم:
«چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن،
گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن.
14 پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ:
[ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن.
15 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
گوێیان قورس بووە،
چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
بە گوێیان ببیستن،
بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.][a]
16 بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.
ڕوونکردنەوەی نموونەکە
18 «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: 19 هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان[b] دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. 20 ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و بە خۆشییەوە وەریدەگرن. 21 بەڵام ڕەگ داناکوتن و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. 22 ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 23 بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن. یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی، بەرهەم دەدەن.»
نموونەی گەنم و زیزان
24 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. 25 بەڵام کاتێک خەڵک نوستبوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. 26 کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت.
27 «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، ئایا لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت تۆو نەکرد؟ ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“
28 «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“»
29 گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. 30 هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ[c] بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»
نموونەی دەنکە خەردەل
31 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەردەل[d] وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، 32 کە بچووکترین تۆوە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، گەورەترین ڕووەکە و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانیدا هێلانە دەکەن.»
نموونەی هەویرترش
33 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک[e] دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە[f] ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»
34 عیسا هەموو ئەمانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، 35 تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی:
[بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە دەریدەبڕم.][g]
ڕوونکردنەوەی نموونەی زیزان
36 ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»
37 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. 38 کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، 39 دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە[h]، سەپانەکانیش فریشتەکانن.
40 «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. 41 کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، هەموو کۆسپ و سەرپێچیکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و 42 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت. 43 ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
نموونەی گەنجینە و مرواری
44 «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. یەکێک دۆزییەوە و شاردییەوە، لە خۆشیان دەچێت و هەرچی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.
45 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕا. 46 کاتێک مروارییەکی گرانبەهای بینی، چوو هەرچیی هەبوو فرۆشتی و مروارییەکەی کڕی.
نموونەی تۆڕ
47 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. 48 کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. 49 کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و 50 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»
51 عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟»
وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»
52 جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە دەبێت بە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا نوێ و کۆن دەربهێنێت.»
ڕەتکردنەوەی عیسا
53 کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد لەوێ ڕۆیشت. 54 هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان فێری کردن، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ 55 ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ 56 ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» 57 جا ڕەتیان کردەوە.
بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.»
58 لەوێدا پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.
نموونەی جوتیارێک
8 دوای ئەمە عیسا بە هەموو شار و گوندێکدا دەگەڕا، وتار و مزگێنی پاشایەتی خودای دەدا، دوازدەکەشی لەگەڵ بوو. 2 چەند ئافرەتێکیش کە لە ڕۆحی پیس و نەخۆشی چاکببوونەوە: مریەم کە بە مەجدەلی ناودەبردرا و حەوت ڕۆحی پیسی لێ دەرکردبوو، 3 یوەنای ژنی خوزای بریکاری هێرۆدس، سەوسەن و زۆری دیکەش، بە ماڵی خۆیان یارمەتییان دەدان.
4 کاتێک خەڵکێکی ئێجگار زۆر لە هەموو شارەکانەوە هاتن بۆ لای عیسا و کۆبوونەوە، بە نموونە قسەی بۆ کردن: 5 «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا و پێشێل بوون، باڵندەی ئاسمان خواردیانن. 6 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان، سەریان دەرکرد و وشک بوون، چونکە خاکەکە شێی نەبوو. 7 هەندێکیش کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان لەگەڵیان گەشەیان کرد و خنکاندیانن. 8 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و سەد ئەوەندە بەرهەمیان دا.» ئەمانەی فەرموو و هاواری کرد: «ئەوەی گوێی بیستنی هەیە، با ببیستێت!»
ڕوونکردنەوەی نموونەی جوتیارەکە
9 قوتابییەکانی لێیان پرسی کە مەبەست لەم نموونەیە چی بوو؟ 10 ئەویش فەرمووی: «بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن، بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی
«[سەیر بکەن، بەڵام نەبینن و
گوێ بگرن، بەڵام تێنەگەن.][a]
11 «ئەمە مەبەستی نموونەکەیە: تۆوەکە پەیامی خودایە. 12 ئەوانەی سەر ڕێگاکە ئەوانەن کە گوێیان لێبوو، ئینجا ئیبلیس دێت و پەیامەکە لە دڵیان دەبات، نەوەک باوەڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت. 13 ئەوانەش کە کەوتنە سەر زەوییە بەردەڵانەکە، ئەوانەن کە پەیامەکە بە خۆشییەوە وەردەگرن کاتێک دەیبیستن، بەڵام ڕەگیان نییە و تاکو ماوەیەک باوەڕ دەهێنن، بەڵام کاتێک تاقی دەکرێنەوە، دەکەون. 14 ئەوانەی کەوتنە ناو دڕکەکان، ئەوانەن کە دەیبیستن، بە خەفەت و سامان و خۆشییەکانی ژیان دەخنکێن، بەرهەمی پێگەیشتوو نادەن. 15 بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە چاکەکە، ئەوانەن کە بە دڵێکی چاک و باشەوە دەبیستن، پەیامەکە لە دڵیاندا دەپارێزن و بە خۆڕاگرییەوە بەرهەم دەدەن.
ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن
16 «کەس چرا هەڵناکات و بە تەشت دایپۆشێت، یان لەژێر نوێن دابنێت، بەڵکو لەسەر چرادانی دادەنێت، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن، 17 چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە نەزانرێت و دەرنەکەوێت. 18 کەواتە ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن، چونکە ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەشی کە ئەو بە هی خۆی دەزانێت لێی دەسەنرێتەوە.»
19 ئینجا دایک و براکانی عیسا هاتنە لای، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیانتوانی بگەنە لای. 20 پێی گوترا: «دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ بتبینن.»
21 وەڵامی دانەوە: «دایک و براکانم ئەوانەن کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
عیسا ڕەشەبا هێمن دەکاتەوە
22 ڕۆژێکیان عیسا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمێک بوو، پێی فەرموون: «با بپەڕینەوە ئەوبەری دەریاچەکە.» جا بەڕێ کەوتن. 23 کاتێک دەڕۆیشتن ئەو نوست. ڕەشەبایەکیش هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، بەلەمەکە خەریک بوو پڕدەبوو لە ئاو و کەوتنە مەترسییەوە.
24 جا هاتنە لای، خەبەریان کردەوە و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، وا لەناودەچین!»
ئەویش هەستا، لە ڕەشەبا و شەپۆلەکانی ڕاخوڕی، کۆتاییان هات و هێمن بوونەوە. 25 ئینجا پێی فەرموون: «کوا باوەڕتان؟»
ئەوانیش سەرسام بوون و ترسان، بە یەکتریان دەگوت: «باشە ئەمە کێیە؟ فەرمان بە با و ئاویش دەکات و گوێڕایەڵی دەبن.»
دەرکردنی ڕۆحی پیس
26 ئینجا بەرەو هەرێمی گەراسین ڕۆیشتن، کە بەرامبەر جەلیلە. 27 کاتێک عیسا دابەزیە سەر وشکانی، پیاوێکی ئەو شارەی تووشبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، دەمێک بوو جلی لەبەر نەدەکرد و لە ماڵ نەدەژیا، بەڵکو لە گۆڕستان. 28 کە عیسای بینی، هاواری کرد و لەبەردەمی کەوت، بە دەنگی بەرز گوتی: «چیت لە من دەوێ عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ لێت دەپاڕێمەوە ئەشکەنجەم نەدەی!» 29 چونکە عیسا فەرمانی بە ڕۆحە پیسەکە دابوو لە پیاوەکە بێتە دەرەوە. زۆر جار ڕۆحە پیسەکە دەیگرت، هەرچەندە بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە و چاودێری دەکرا، بەڵام کۆتەکانی دەشکاند و ڕۆحی پیس بەرەو چۆڵەوانی دەیبرد.
30 عیسا لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
گوتی «لێگیۆن[b]» چونکە زۆر ڕۆحی پیسی تێچووبوو. 31 لێی دەپاڕانەوە نەوەک فەرمانیان پێ بکات بەرەو بیری بێ بن[c] بڕۆن.
32 لەوێ ڕانە بەرازێکی زۆر لە شاخ دەلەوەڕان، لێی پاڕانەوە کە ڕێیان بدات بچنە ناویانەوە، ئەویش ڕێی پێدان. 33 ڕۆحە پیسەکان لە پیاوەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکانەوە، ڕانەکەش لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
34 کاتێک شوانەکان ئەم ڕووداوەیان بینی، ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان. 35 ئینجا خەڵکەکە چوون تاکو ئەوەی ڕوویداوە بیبینن، هاتنە لای عیسا و بینییان ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرچوو بوو پۆشتەیە و ئاقڵە، لەبەرپێی عیسا دانیشتووە، ئیتر ترسان. 36 ئەوانەی بینیبوویان بۆ خەڵکەکەیان گێڕایەوە، چۆن ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو چاک بووەتەوە. 37 هەموو کۆمەڵانی هەرێمی گەراسین داوایان لە عیسا کرد لەلایان بڕوات، چونکە ترسێکی زۆریان لێ نیشتبوو، ئەویش سواری بەلەمەکە بوو و گەڕایەوە.
38 ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرکرا بوو، لێی دەپاڕایەوە کە لەگەڵی بێت، بەڵام عیسا ڕەوانەی کرد و فەرمووی: 39 «بۆ ماڵی خۆت بگەڕێوە و ئەوەی خودا بۆی کردی، بیگێڕەوە.» ئەویش ڕۆیشت و بە هەموو شارەکەی ڕاگەیاند کە عیسا چی بۆ کردبوو.
کچێکی مردوو و ژنێکی نەخۆش
40 کاتێک عیسا گەڕایەوە خەڵکەکە پێشوازییان لێکرد، چونکە هەموو چاوەڕێیان دەکرد. 41 پیاوێک کە ناوی یایرۆس و پێشەوای کەنیشت بوو، هات و لەبەرپێی عیسادا کەوت، لێی پاڕایەوە تاکو بچێتە ماڵەکەی، 42 چونکە کچە تاقانەکەی کە تەمەنی نزیکەی دوازدە ساڵ بوو لە سەرەمەرگدا بوو.
کاتێک عیسا دەڕۆیشت خەڵکەکە پاڵەپەستۆیان دەکرد. 43 ژنێک دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو، هەموو ئەوەی هەیبوو دابووی بە پزیشک، کەسیش نەیتوانی چاکی بکاتەوە. 44 جا لە دواوە هات و دەستی لە چمکی کراسەکەی عیسا دا، دەستبەجێ خوێنبەربوونەکەی وەستا.
45 عیسا فەرمووی: «کێ بوو دەستی لێدام؟»
کە هەموو نکۆڵییان کرد، پەترۆس گوتی: «گەورەم، خەڵکەکە لە دەوروپشتتن و پاڵەپەستۆ دەکەن.»
46 بەڵام عیسا فەرمووی: «یەکێک دەستی لێدام، چونکە هەستم بە هێزێک کرد لێم چووە دەرەوە.»
47 ژنەکە بینی ئەوەی کردی ناشاردرێتەوە، بە لەرزەوە هات و کەوتە بەرپێی، لەبەرچاوی هەمووان ڕایگەیاند کە بۆچی دەستی لێداوە و چۆن دەستبەجێ چاک بووەتەوە. 48 عیساش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت.»
49 هێشتا عیسا قسەی دەکرد، یەکێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هات و گوتی: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
50 عیساش ئەمەی بیست و وەڵامی دایەوە: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت ئەو چاکدەبێتەوە.»
51 گەیشتە ماڵەکە و نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت. 52 هەموو دەگریان و شینیان بۆ دەگێڕا، ئەویش فەرمووی: «مەگریێن نەمردووە، بەڵکو نوستووە.»
53 خەڵکەکە پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە. 54 بەڵام دەستی کچەکەی گرت، بانگی کرد و فەرمووی: «کیژۆڵە، هەستە!» 55 ئیتر ڕۆحی هاتەوە بەر و دەستبەجێ هەستا، ئەوسا فەرمانی دا نانی بدەنێ. 56 دایک و باوکی سەریان سوڕما، بەڵام ڕایسپاردن ئەوەی ڕوویداوە بە کەسی نەڵێن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.