Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
مەتا 3

حەزرەتی یەحیا

هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش[a] لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» ئەمەش ئەوەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:

[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
    «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
    ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»][b]

جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران و دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا.

کە بینی زۆر لە فەریسی[c] و سەدوقی[d] بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی[e] دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 10 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.

11 «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم پێڵاوەکانی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[f]. 12 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[g]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[h] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»

لەئاوهەڵکێشانی عیسا

13 ئینجا عیسا لە جەلیلەوە هاتە ئوردون، تاکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14 بەڵام یەحیا دەیویست ڕایگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»

15 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئێستا ڕێگا بدە، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە هەتا هەموو ڕاستودروستییەک[i] تەواو بکەین.» ئینجا ڕێی دا.

16 کاتێک عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، دەستبەجێ لە ئاوەکە هەستایەوە. ئەوە بوو ئاسمانی بۆ کرایەوە و بینی ڕۆحی خودا وەک کۆترێک نیشتەوە و هاتە سەری. 17 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»

مەرقۆس 1

دەرکەوتنی یەحیای کوڕی زەکەریا

سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا.

لە پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:

[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
    ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات،][a]
[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
    ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»][b]

یەحیا هات، لە چۆڵەوانیدا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا و جاڕی لەئاوهەڵکێشانی[c] تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو ئۆرشەلیم دەهاتنە لای یەحیا، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لە ڕووباری ئوردون لەلایەن ئەوەوە لە ئاو هەڵدەکێشران. جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، کوللە و هەنگوینی کێوی دەخوارد. ئەمە پەیامەکەی ئەو بوو: «لەدوای من کەسێک دێت کە زۆر لە من بەهێزترە کە تەنانەت شایانی ئەوە نیم دابنەوێمەوە و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە. من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت[d]

لەئاوهەڵکێشانی عیسا

لەو ڕۆژانەدا عیسا لە ناسیرەوە هات، کە سەر بە ناوچەی جەلیلە و لەسەر دەستی یەحیا لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵکێشرا. 10 هەر کە عیسا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان شەقبوو، ڕۆحی پیرۆزیش وەک کۆترێک لەسەری نیشتەوە. 11 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»

12 دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆز عیسای بەرەو چۆڵەوانی برد. 13 چل ڕۆژ لە چۆڵەوانیدا لەنێوان ئاژەڵانی کێویدا بوو، شەیتان تاقی دەکردەوە، فریشتەکانیش خزمەتیان دەکرد.

هەڵبژاردنی قوتابییەکان

14 دوای دەستگیرکردنی یەحیا، عیسا هاتە جەلیل و مزگێنی خودای ڕادەگەیاند و 15 دەیفەرموو: «کاتەکە هاتووەتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بووەتەوە. تۆبە بکەن، باوەڕ بەم مزگێنییە بهێنن.»

16 کاتێک عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەڕۆیشت، شیمۆن و ئەندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 17 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[e] 18 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.

19 ئینجا کەمێک دوورکەوتەوە، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای بینی، لەناو بەلەمدا تۆڕەکەی خۆیان چاکدەکردەوە. 20 یەکسەر بانگی کردن، ئەوانیش زەبدی باوکیان لەگەڵ کرێکاران لەناو بەلەمەکە بەجێهێشت و دوای کەوتن.

دەرکردنی ڕۆحی پیس

21 ئینجا چوونە کەفەرناحوم. لە ڕۆژی شەممەدا عیسا چووە کەنیشت و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک. 22 خەڵکی لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات[f]. 23 لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەپڕ هاواری کرد، 24 گوتی: «عیسای ناسیرەیی، چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت!»

25 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» 26 ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە.

27 هەموو سەرسام بوون و کەوتنە پرسیار لە یەکتری: «ئەمە چییە؟ فێرکردنێکی نوێیە بە دەسەڵاتەوە! فەرمان بە ڕۆحە پیسەکانیش دەدات و گوێڕایەڵی دەبن.» 28 یەکسەر ناوبانگی بە هەموو ناوچەی دەوروبەری جەلیلدا بڵاو بووەوە.

چاککردنەوەی خەڵکێکی زۆر

29 کاتێک عیسا لەگەڵ یاقوب و یۆحەنا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئەندراوس. 30 خەسووی شیمۆن لەناو جێگا کەوتبوو، تای هەبوو، خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد. 31 ئەویش هات، دەستی گرت و هەڵیستاندەوە. تایەکە بەریدا و دەستی بە خزمەتکردنیان کرد.

32 ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. 33 هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە، 34 عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.

مزگێنیدان لە ناوچەی جەلیل

35 بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر کە هێشتا تاریک بوو، عیسا هەستا و چووە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ دەستی کرد بە نوێژکردن. 36 شیمۆن و هاوڕێکانی بە شوێنیدا گەڕان، 37 کە دۆزییانەوە پێیان گوت: «هەموو خەڵکەکە بەدواتدا دەگەڕێن.»

38 عیسا پێی فەرموون: «وەرن، با بڕۆین بۆ دێیەکانی دەوروپشت، تاکو لەوێش پەیامەکەم ڕابگەیەنم، چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.» 39 ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لەناو کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد.

چاککردنەوەی نەخۆشی گولی

40 پیاوێک هاتە لای عیسا کە نەخۆشی گولی هەبوو و لێی پاڕایەوە، چۆکی دادا و پێی گوت: «ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»

41 عیسا دڵی پێی سووتا و دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت. پاک بەرەوە!» 42 دەستبەجێ گولییەکەی لێبووەوە و پاک بووەوە.

43 دوای ئەوەی کە عیسا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە، دەستبەجێ بەڕێی کرد، 44 پێی فەرموو: «ئاگاداربە، هیچ شتێک بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین[g] پیشان بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.» 45 بەڵام ئەو ڕۆیشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە کرد، لەبەر ئەوە عیسا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناو شار، بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندا بوو و خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.

لۆقا 3

یەحیای لەئاوهەڵکێش

لە ساڵی پازدەمینی[a] حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس[b] فەرمانڕەوای[c] جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو، لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات. ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی[d] تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:

[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
    ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»
هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و
    هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت،
ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و
    سەختەکانیش ئاسان دەبن،
هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!][e]

یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»

10 خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟»

11 وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»

12 باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟»

13 پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.» 14 سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟»

یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە موچەکانتان ڕازی بن.»

15 گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت. 16 یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[f]. 17 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[g]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[h] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.» 18 بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ.

19 بەڵام کاتێک یەحیا سەرزەنشتی هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیلی کردبوو لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کردبووی، 20 ئەم خراپەیەشی خستە پاڵ هەموو ئەوانە، یەحیای لە زیندان بەندکرد.

لەئاوهەڵکێشانی عیسا

21 کاتێک گەل هەموو لە ئاو هەڵکێشران، عیساش لە ئاو هەڵکێشرا، کە نوێژی دەکرد ئاسمان کرایەوە، 22 ڕۆحی پیرۆز لە شێوەی جەستەی کۆترێک لەسەری نیشتەوە، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»

بنەچەی عیسا

23 کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو. وا دەزانرا کە کوڕی یوسفی،

کوڕی هەلی، 24 کوڕی مەتسات،

کوڕی لێڤی، کوڕی مەلکی،

کوڕی یەننا، کوڕی یوسف،

25 کوڕی مەتاسیا، کوڕی ئامۆس،

کوڕی ناحوم، کوڕی هەسلی،

کوڕی نەجای، 26 کوڕی ماس،

کوڕی مەتاسیا، کوڕی شیمین،

کوڕی یوسف، کوڕی یەهوزا،

27 کوڕی یواننا، کوڕی ڕیسا،

کوڕی زروبابل، کوڕی شەئەلتیێل،

کوڕی نیری، 28 کوڕی مەلکی،

کوڕی ئادی، کوڕی کوسام،

کوڕی ئەلمودام، کوڕی ئێر،

29 کوڕی یەشوع، کوڕی ئەلیعەزەر،

کوڕی یوریم، کوڕی مەتسات،

کوڕی لێڤی، 30 کوڕی شیمۆن،

کوڕی یەهودا، کوڕی یوسف،

کوڕی یۆنام، کوڕی ئەلیاقیم،

31 کوڕی مەلیا، کوڕی مەننا،

کوڕی مەتاسا، کوڕی ناتان،

کوڕی داود، 32 کوڕی یەسا،

کوڕی عوبێد، کوڕی بۆعەز،

کوڕی سەلمۆن، کوڕی نەحشۆن،

33 کوڕی عەمیناداب، کوڕی ڕام[i]،

کوڕی حەسرۆن، کوڕی پێرێز،

کوڕی یەهودا، 34 کوڕی یاقوب،

کوڕی ئیسحاق، کوڕی ئیبراهیم،

کوڕی تارەح، کوڕی ناحۆر،

35 کوڕی سەروگ، کوڕی ڕەعو،

کوڕی پەلەگ، کوڕی عێبەر،

کوڕی شالەح، 36 کوڕی کێنان،

کوڕی ئەرپەکشاد، کوڕی سام،

کوڕی نوح، کوڕی لامەخ،

37 کوڕی مەتوشالح، کوڕی حەنۆخ،

کوڕی یارەد، کوڕی مەهلەلئێل،

کوڕی قێنان، 38 کوڕی ئەنۆش،

کوڕی شیت، کوڕی ئادەم،

کوڕی خودایە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.