Chronological
بنەچەی عیسا
1 ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم:
2 ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو،
ئیسحاق باوکی یاقوب بوو،
یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو،
3 یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو، تامار دایکیان بوو،
پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،
حەسرۆن باوکی ڕام[a] بوو،
4 ڕام باوکی عەمیناداب بوو،
عەمیناداب باوکی نەحشۆن بوو،
نەحشۆن باوکی سەلمۆن بوو،
5 سەلمۆن باوکی بۆعەز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو،
بۆعەز باوکی عوبێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو،
عوبێد باوکی یەسا بوو،
6 یەسا باوکی داودی پاشا بوو.
داود باوکی سلێمان بوو لەو ژنەی هی ئوریا[b] بوو،
7 سلێمان باوکی ڕەحەڤەعام بوو،
ڕەحەڤەعام باوکی ئەبیا بوو،
ئەبیا باوکی ئاسا بوو،
8 ئاسا باوکی یەهۆشافات بوو،
یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو،
یەهۆرام باوکی عوزیا بوو،
9 عوزیا باوکی یۆتام بوو،
یۆتام باوکی ئاحاز بوو،
ئاحاز باوکی حەزقیا بوو،
10 حەزقیا باوکی مەنەشە بوو،
مەنەشە باوکی ئامۆن بوو،
ئامۆن باوکی یۆشیا بوو،
11 یۆشیا باوکی یەهۆیاکین[c] و براکانی بوو، لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.
12 لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل،
یەهۆیاکین باوکی شەئەلتیێل بوو،
شەئەلتیێل باوکی زروبابل بوو،
13 زروبابل باوکی ئەبیهود بوو،
ئەبیهود باوکی ئەلیاقیم بوو،
ئەلیاقیم باوکی ئازور بوو،
14 ئازور باوکی سادۆق بوو،
سادۆق باوکی ئەکیم بوو،
ئەکیم باوکی ئەلیهود بوو،
15 ئەلیهود باوکی ئەلعازار بوو،
ئەلعازار باوکی مەتان بوو،
مەتان باوکی یاقوب بوو،
16 یاقوب باوکی یوسفی مێردی مریەم بوو، ئەوەی عیسای لێبوو، کە بە مەسیح[d] ناودەبردرێت.
17 بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئیبراهیمەوە هەتا داود چواردە نەوەن، لە داودەوە هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن، لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.
لەدایکبوونی عیسا
18 لەدایکبوونی عیسای مەسیح بەم شێوەیە بوو: کاتێک مریەمی دایکی لە یوسف مارەبڕاو بوو، پێش ئەوەی بیگوازێتەوە، دەرکەوت کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز سکی پڕبووە. 19 یوسفی دەستگیرانی کە پیاوچاک بوو، نەیویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا بە نهێنی دەستی لێ هەڵبگرێت.
20 کاتێک بیری لەم شتانە دەکردەوە، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی و پێی فەرموو: «ئەی یوسفی نەوەی داود، مەترسە لەوەی مریەم بهێنیت، چونکە ئەوەی ئەو سکی پێی هەیە لە ڕۆحی پیرۆزەوەیە. 21 کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێیت عیسا[e]، چونکە گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات.»
22 ئەمانە هەمووی ڕوویدا، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە[f] فەرموویەتی بێتە دی: 23 [ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێن ئیمانوێل.][g] واتە: خودا لەگەڵمانە.
24 کاتێک یوسف لە خەو هەستا، ئەوەی فریشتەکەی یەزدان فەرمانی پێدابوو ئەنجامی دا و ژنەکەی گواستەوە. 25 بەڵام هەتا کوڕەکەی نەبوو لەگەڵی جووت نەبوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا.
لەدایکبوونی عیسا
2 لەو ڕۆژانەدا لە ئۆگستۆس قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو، کە هەموو دانیشتووانی ئیمپڕاتۆریەتیەکەی[a] ناونووس بکرێت. 2 ئەمە یەکەم ناونووسین بوو، کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو. 3 ئیتر هەرکەس بۆ ناونووسین دەچووە شاری خۆی.
4 یوسفیش لە جەلیل لە شاری ناسیرەوە بەرەو یەهودیا سەرکەوت بۆ شارەکەی داود کە پێی دەگوترێ بێتلەحم، چونکە لە بنەماڵە و تیرەی داود بوو، 5 تاکو لەگەڵ مریەم ناونووس بکرێن کە مارەبڕی بوو و سکی هەبوو. 6 کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات. 7 جا کوڕە نۆبەرەکەی بوو، قۆنداغی کرد و لە ئاخوڕێکدا داینا، چونکە هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت.
شوانەکان و فریشتەکان
8 لەو ناوچەیە شوان هەبوون لە دەشت دەمانەوە و شەوان ئێشکیان لە مێگەلەکەیان دەگرت. 9 فریشتەیەکی یەزدان بۆیان دەرکەوت و شکۆی یەزدان لە دەوریان درەوشایەوە، بەمە ترسێکی زۆریان لێ نیشت. 10 فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن، ئەوا مژدەی خۆشییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە. 11 ئەمڕۆ لە شاری داود ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو، ئەویش مەسیحی[b] خاوەن شکۆمانە. 12 ئەمەش نیشانەیە بۆتان، مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو ئاخوڕێک دانراوە.»
13 لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت:
14 «شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان،
لەسەر زەویش ئاشتی بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون.»
15 کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «دەی با بڕۆینە بێتلەحم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە یەزدان پێی ڕاگەیاندین.»
16 خێرا هاتن و مریەم و یوسف و ئەو مەلۆتکەیەی لە ئاخوڕەکەدا دانرابوو دۆزییانەوە. 17 کاتێک بینییان، ئەو قسەیەیان بڵاو کردەوە کە دەربارەی ئەم منداڵە پێیان گوترابوو. 18 هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، سەریان سوڕمابوو لەوەی شوانەکان پێیان دەگوتن. 19 بەڵام مریەم هەموو ئەم شتانەی لە دڵی خۆیدا هەڵدەگرت و لێکی دەدایەوە.
20 شوانەکان گەڕانەوە و خودایان شکۆدار کرد و ستایشیان کرد لە پێناوی هەموو ئەوەی بیستیان و بینییان، بەو شێوەیەی پێیان گوترابوو.
خەتەنەکردنی عیسا
21 لە دوای هەشتەمین ڕۆژ کاتی خەتەنەکردنی منداڵەکە هات،[c] هەر ئەو کاتەش ناوی لێنرا عیسا، بەو شێوەیەی فریشتەکە ناوی لێنا، پێش ئەوەی مریەم سکی پڕبێت.
22 پاشان یوسف و مریەم لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە[d] عیسایان بردە ئۆرشەلیم تاکو پێشکەشی یەزدانی بکەن، بەگوێرەی تەوراتی موسا، 23 کە تەوراتی یەزدانە، هەروەک تێیدا نووسراوە: [هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ یەزدان تەرخان دەکرێت.][e] 24 بۆ پێشکەشکردنی قوربانییەکیش، بەگوێرەی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان گوتراوە: [دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر.][f]
25 پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری[g] ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو. 26 بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت. 27 بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن، 28 شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد:
29 «ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت
بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە.
30 ئەوا چاوم ڕزگاریی[h] تۆی بینی،
31 ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە،
32 هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و
ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.»
33 دایک و باوکی[i] سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا. 34 شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت، 35 هەتا نیازی دڵی زۆر کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.»
36 پێغەمبەرێکی ژن هەبوو بە ناوی ئانای کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر. زۆر بە ساڵدا چوو بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو. 37 پاشان بە بێوەژنی مابووەوە و تەمەنی گەیشتبووە هەشتا و چوار ساڵی. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت، شەو و ڕۆژ خودای دەپەرست بە نوێژ و ڕۆژووگرتن. 38 هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە چاوەڕوانی ڕزگاریی[j] ئۆرشەلیم بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.