Chronological
دانیشتووانی نوێی ئۆرشەلیم
11 ڕابەرەکانی گەل لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون و پاشماوەی گەلیش تیروپشکیان کرد هەتا یەک لە دەیان بێن بۆ نیشتەجێبوون لە ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز، نۆ بەشەکەش لە شارۆچکەکانی خۆیان مانەوە. 2 گەل داوای بەرەکەتیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی کە خۆبەخش بوون بۆ نیشتەجێبوون لە ئۆرشەلیم.
3 کاهین و لێڤی و کۆیلە تەرخانکراوەکان و نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، هەریەکە و لە موڵکەکەی خۆی لەناو شارۆچکەکانیان لە ئیسرائیل. ڕابەرانی هەرێمەکەش لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون، 4 ئەوانەی لە نەوەی یەهودا و بنیامین لەناو ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
لە نەوەی یەهودا:
عەتایا کوڕی عوزیا کوڕی زەکەریا کوڕی ئەمەریا کوڕی شەفەتیا کوڕی مەهلەلئێل لە نەوەی پێرێز، 5 لەگەڵ مەعسێیاهوی کوڕی باروخیش کوڕی کۆلحوزێ کوڕی حەزایا کوڕی عەدایا کوڕی یۆیاریڤ کوڕی زەکەریای خەڵکی شالەح. 6 هەموو نەوەی پێرێز کە لە ئۆرشەلیم دانیشتبوون، چوار سەد و شەست و هەشت پیاوی توانادار بوون.
7 ئەمانەش نەوەی بنیامینن:
سەلو کوڕی مەشولام کوڕی یۆعێد کوڕی پەدایا کوڕی قۆلایای کوڕی مەعسێیاهوی کوڕی ئیتیێلی کوڕی یەشەعیا، 8 لەگەڵ گەبەی و سەلەی کە شوێنکەوتووەکانی بوون، نۆ سەد و بیست و هەشت کەس بوون. 9 یۆئێلی کوڕی زکری سەرپەرشتیاریان بوو، یەهودای کوڕی هەسەنوئاش سەرپەرشتیاری بەشی دووەمی شارەکەوە بوو.
10 لە کاهینەکان:
یەدایای کوڕی یۆیاریڤ؛ یاکین؛ 11 سەرایای کوڕی حیلقیا کوڕی مەشولام کوڕی سادۆق کوڕی مەرایۆت کوڕی ئەحیتوڤی سەرکردەی ماڵی خودا و 12 هاوکارەکانیشیان ئەوانەی کاری پەرستگاکەیان دەکرد، هەشت سەد و بیست و دوو بوون؛ لەگەڵ عەدایای کوڕی یەرۆحام کوڕی پەلەلیا کوڕی ئەمچی کوڕی زەکەریا کوڕی پەشحور کوڕی مەلکیا و 13 هاوکارەکانیشی گەورەی بنەماڵەکان بوون، دوو سەد و چل و دوو بوون؛ لەگەڵ عەمشسەی کوڕی عەزەرئێل کوڕی ئەحزەی کوڕی مەشیلێمۆت کوڕی ئیمێر و 14 هاوکارەکانیشیان پاڵەوانە بەجەرگەکان بوون، سەد و بیست و هەشت بوون. زەبدیێلی کوڕی گیدۆلیم سەرپەرشتیاریان بوو.
15 لە لێڤییەکانیش:
شەمەعیای کوڕی حەشوڤ کوڕی عەزریقام کوڕی حەشەڤیای کوڕی بوننی؛ 16 شەبەتەی و یۆزاڤاد لە ڕابەرەکانی لێڤییەکان بوون، سەرپەرشتیاری کارەکەی دەرەوەی ماڵی خودا بوون؛ 17 هەروەها مەتەنیای سەرپەرشتیار، کە کوڕی میکا کوڕی زەبدی کوڕی ئاساف بوو، لە کاتی نوێژدا سەرپەرشتی سوپاسگوزاری دەکرد؛ بەقبوقیا کە دووەم بوو لەنێو هاوکارەکانی؛ عەڤدای کوڕی شەموع کوڕی گالال کوڕی یەدوتون. 18 هەموو لێڤییەکان لەناو شاری پیرۆز دوو سەد و هەشتا و چوار کەس بوون.
19 دەرگاوانەکان:
عەقوڤ و تەلمۆن و هاوکارەکانیان، ئەوانەی کە لە دەروازەکان ئێشکیان دەگرت، سەد و حەفتا و دوو بوون.
20 پاشماوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان لە هەموو شارۆچکەکانی یەهودا بوون، هەریەکە لە میراتەکەی خۆی.
21 بەڵام کۆیلە تەرخانکراوەکان لە گردی عۆفەل نیشتەجێ بوون، چیحا و گیشپا و گێشپا سەرپەرشتیاریان بوون.
22 سەرپەرشتیاری لێڤییەکانیش لە ئۆرشەلیم عوزی کوڕی بانی کوڕی حەشەڤیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میکا بوو. عوزی لە نەوەی ئاساف بوو، ئەو گۆرانیبێژانەی کە بەرپرسیار بوون لە خزمەتی ماڵی خودا. 23 پاشا فەرمانی لەسەر گۆرانیبێژەکان دەکرد، فەرمانەکانی یاسا بوون دەربارەی ئەرکی ڕۆژانەیان.
24 هەروەها پەتەحیای کوڕی مەشێزەبێل کە لە نەوەی زەرەحی کوڕی یەهودا بوو، بریکاری پاشا بوو بۆ هەموو کاروبارەکانی گەل.
25 هەندێک لە نەوەی یەهودا لە کێڵگەکانی دەوروبەری گوندەکان نیشتەجێ بوون: لە قیریەت ئەربەع و دەوروبەری؛ لە دیڤۆن و دەوروبەری؛ لە یەقەڤچئێل و دەوروبەری؛ 26 لە یێشوع و مۆلادا و بێتپەلەت؛ 27 لە حەچەر شوعال و بیری شابەع و دەوروبەری؛ 28 لە چیقلەگ و لە مەکۆنا و دەوروبەری؛ 29 لە کانی ڕیمۆن و چۆرعا و یەرموت؛ 30 لە زانۆوەح و عەدولام و گوندەکانیان؛ لە لاخیش و کێڵگەکانی؛ و لە عەزێقا و دەوروبەری. ئیتر لە بیری شابەعەوە هەتا دۆڵی هینۆم نیشتەجێ بوون.
31 بنیامینەکانی خەڵکی گەڤەع لەم گوندانە نیشتەجێ بوون: لە میخماس، عەییا، بێتئێل و دەوروبەری؛ 32 لە عەناتۆت، نۆڤ و عەنانیا؛ 33 لە حاچۆر، ڕامە و گیتەیم؛ 34 لە حادید، چەڤۆعیم و نەڤەڵات؛ 35 لە لۆد و ئۆنۆ، هەروەها لە دۆڵی پیشەوەرەکان.
36 هەندێک بەشی لێڤییەکانی یەهودا لە خاکی بنیامین نیشتەجێ بوون.
کاهین و لێڤییەکان
12 ئەمانەش ئەو کاهین و لێڤییانەن کە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوع سەرکەوتن:
سەرایا، یەرمیا، عەزرا،
2 ئەمەریا، مەلوخ، حەتوش،
3 شەخەنەیا، ڕەحوم، مەرێمۆت،
4 عیدۆ، گینەتۆن، ئەبیا،
5 میامین، مۆعەدیا، بیلگا،
6 شەمەعیا، یۆیاریڤ، یەدایا،
7 سەلو، عامۆق، حیلقیا، یەدایا.
ئەمانە کاهینەکانی باڵا و هاوکارەکانیان بوون لە سەردەمی یەشوع.
8 لێڤییەکانیش: یێشوع، بەنوی، قەدمیێل، شێرێڤیا، یەهودا، مەتەنیا کە سەرپەرشتی گۆرانی سوپاسگوزاری دەکرد، خۆی و یاریدەدەرەکانی. 9 هەروەها بەقبوقیا و عونی و هاوکارەکانیان، کە لە کاتی خزمەت بەرامبەریان ڕادەوەستان.
10 یەشوع یۆیاقیمی بوو، یۆیاقیمیش ئەلیاشیڤی بوو، ئەلیاشیڤیش یۆیاداعی بوو، 11 یۆیاداعیش یۆناتانی بوو، یۆناتانیش یەدوەعی بوو.
12 لە سەردەمی یۆیاقیم گەورەی بنەماڵەکان ئەم کاهینانە بوون:
مەرایا گەورەی بنەماڵەی سەرایا بوو،
حەنەنیا گەورەی بنەماڵەی یەرمیا بوو،
13 مەشولام گەورەی بنەماڵەی عەزرا بوو،
یەهۆحانان گەورەی بنەماڵەی ئەمەریا بوو،
14 یۆناتان گەورەی بنەماڵەی مەلوخ بوو،
یوسف گەورەی بنەماڵەی شەخەنەیا بوو،
15 عەدنا گەورەی بنەماڵەی حاریم بوو،
حەلقای گەورەی بنەماڵەی مەرێمۆت بوو،
16 زەکەریا گەورەی بنەماڵەی عیدۆ بوو،
مەشولام گەورەی بنەماڵەی گینەتۆن بوو،
17 زکری گەورەی بنەماڵەی ئەبیا بوو،
پیلتای گەورەی بنەماڵەی مینیامین و مۆعەدیا بوو،
18 شەموع گەورەی بنەماڵەی بیلگا بوو،
یەهۆناتان گەورەی بنەماڵەی شەمەعیا بوو،
19 مەتەنەی گەورەی بنەماڵەی یۆیاریڤ بوو،
عوزی گەورەی بنەماڵەی یەدایا بوو،
20 قەلای گەورەی بنەماڵەی سەلوی بوو،
عێبەر گەورەی بنەماڵەی عامۆق بوو،
21 حەشەڤیا گەورەی بنەماڵەی حیلقیا بوو،
نەتەنێل گەورەی بنەماڵەی یەدایا بوو.
22 ئەوانەی کە لە سەردەمی ئەلیاشیڤ و یۆیاداع و یۆحانان و یەدوەع، گەورەی بنەماڵەکانی لێڤی و کاهینەکان بوون، لە پاشایەتییەکەی داریوشی پاشای فارس تۆمار کران. 23 ئەوانەش کە هەتا سەردەمی یۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤی گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی لێڤی بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کران. 24 هەروەها ڕابەری لێڤییەکان ئەمانە بوون: حەشەڤیا، شێرێڤیا و یێشوعی کوڕی قەدمیێل لەگەڵ هاوکارەکانیان، ئەوانەی کە لە بەرامبەریان ڕادەوەستان بۆ ستایشکردن و سوپاسگوزاری، نۆبەت بە نۆبەت، بەپێی فەرمانی داودی پیاوی خودا.
25 مەتەنیا، بەقبوقیا، عۆبەدیا، مەشولام، تەلمۆن و عەقوڤ دەرگاوان بوون، پاسەوانی کۆگاکانی دەروازەکانیان دەکرد. 26 ئەمانە لە سەردەمی یۆیاقیمی کوڕی یەشوعی کوڕی یۆچاداق خزمەتیان دەکرد، هەروەها لە سەردەمی نەحەمیای پارێزگار و عەزرای کاهین، کە مامۆستای تەورات بوو.
تەرخانکردنی شوورای ئۆرشەلیم
27 لە کاتی تەرخانکردنی شوورای ئۆرشەلیم، داوای لێڤییەکانیان کرد لە هەموو شوێنەکانیانەوە بێنە ئۆرشەلیم بۆ گێڕانی ئاهەنگی تەرخانکردن بە خۆشی و گۆرانی سوپاسگوزاری، گۆرانی بە سەنج و قیسارە و سازەوە. 28 هەروەها گۆرانیبێژەکان کۆکرانەوە، لە ناوچەکانی دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە گوندەکانی نەتۆفاتییەکان، 29 لە بێتگلگال و کێڵگەکانی گەڤەع و عەزماڤەتەوە، چونکە گۆرانیبێژەکان لە چواردەوری ئۆرشەلیم گوندیان بنیاد نابوون. 30 کاهین و لێڤییەکان بەپێی ڕێوڕەسم خۆیان پاککردەوە، ئینجا گەل و دەروازەکان و شووراکەشیان پاککردەوە.
31 ڕابەرەکانی یەهودام سەرخستە سەر شووراکە و دوو تیپی گەورەی سوپاسگوزارانم ڕاگرت، یەکێکیان بەرەو دەروازەی زبڵ بەلای ڕاستدا ڕۆیشت، 32 هۆشەعیا و نیوەی ڕابەرەکانی یەهودا بەدوایدا ڕۆیشتن، 33 لەگەڵ عەزەریا، عەزرا، مەشولام، 34 یەهودا، بنیامین، شەمەعیا و یەرمیا. 35 لە نەوەی کاهینەکانیش بە کەڕەناوە، زەکەریای کوڕی یۆناتان کوڕی شەمەعیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میخایو کوڕی زەکور کوڕی ئاساف. 36 یاریدەرەکانیشیان، ئەوانەی کە بۆ ستایشکردن بوون، شەمەعیا، عەزەرئێل، میلەلەی، گیلەلەی، ماعەی، نەتەنێل و یەهودا و حەنانی، بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پیاوی خوداوە، عەزرای مامۆستای تەوراتیش لەپێشیانەوە بوو. 37 لەلای دەروازەی کارێز ڕاستەوخۆ لە پێپلیکانەکانی شاری داود بە هەورازەکەی شووراکە سەرکەوتن، لەولاوەی کۆشکی داودیش تێپەڕین هەتا دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات.
38 تیپی دووەمی سوپاسگوزارانیش بۆ بەرامبەریان ڕۆیشتن، منیش لە دوایانەوە بووم، نیوەی گەلیش لەسەر شووراکە بوون، لەلای قوللەی تەنوورەکانەوە هەتا شوورا پانەکە، 39 لەسەر دەروازەی ئەفرایم، دەروازەی یەشانا، دەروازەی ماسی، قوللەی حەنەنێل و قوللەی سەد، هەتا دەروازەی مەڕ. لەلای دەروازەی زیندان ڕاوەستان.
40 پاشان هەردوو تیپە سوپاسگوزارەکە لەلای ماڵی خودا ڕاوەستان، هەروەها من و نیوەی کاربەدەستەکانیش لەگەڵم بوون، 41 هەروەها کاهینەکانیش، ئەلیاقیم، مەعسێیاهو، مینیامین، میخایو، ئەلیۆعێنەی، زەکەریا، حەنەنیا، بە کەڕەناوە، 42 هەروەها مەعسێیاهو و شەمەعیا و ئەلعازار و عوزی و یەهۆحانان و مەلکیا و ئیلام و عێزەر، گۆرانیبێژەکانیش بە سەرپەرشتی یەزرەحیا بە دەنگی بەرز گۆرانییان دەگوت. 43 لەو ڕۆژەدا قوربانی زۆریان سەربڕی و دڵیان خۆش بوو کە خودا بە دڵخۆشییەکی گەورە دڵی خۆش کردبوون، هەروەها ژن و منداڵەکانیش دڵخۆش بوون، دڵخۆشی ئۆرشەلیم لە دوورەوە دەبیسترا.
44 لەو ڕۆژەدا خەڵکانێک وەک سەرپەرشتیاری ژوورەکانی ئەمبارەکان دانران، بۆ دیاری و یەکەمین بەرهەم و دەیەکەکان، هەتا بەپێی تەورات لە کێڵگەی شارۆچکەکانەوە بۆ کاهین و لێڤییەکان بەشەکانیان تێدا کۆبکەنەوە، چونکە یەهودا دڵخۆش بوو بە کاهین و لێڤییەکان کە ڕاوەستابوون. 45 ئەرکی خزمەتی خودای خۆیان و ئەرکی پاککردنەوەیان ئەنجام دا، هەروەها گۆرانیبێژەکان و دەرگاوانەکانیش، بەگوێرەی فەرمانی داود و سلێمانی کوڕی، 46 چونکە لە دێرزەمانەوە، لە سەردەمی داود و ئاسافەوە، سەرپەرشتیاری گۆرانیبێژان و گۆرانی ستایش و سوپاسگوزاری خودا هەبوون. 47 هەموو نەوەی ئیسرائیلیش لە ماوەی پاشایەتی زروبابل و نەحەمیا بەشی گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکانیان دەدا، بەشی هەر ڕۆژە لە ڕۆژی خۆی. هەروەها بەشی لێڤییەکانی دیکەشیان دەخستە لاوە، لێڤییەکانیش بەشی نەوەی هارونیان دەخستە لاوە.
تەواوکردنی چاکسازییەکەی نەحەمیا
13 لەو ڕۆژەدا پەڕتووکی موسا بە دەنگی بەرز لەبەردەم گەلدا خوێنرایەوە و بینرا کە تێیدا نووسراوە، هیچ عەمۆنی و مۆئابییەک بۆ هەتاهەتایە نایەتە ناو کۆمەڵی خودا، 2 چونکە بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لە نەوەی ئیسرائیل نەکرد، بەڵکو بەلعامیان لە دژیان بەکرێ گرت هەتا نەفرەتیان لێ بکات، بەڵام خودامان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت. 3 کاتێک گوێیان لە فێرکردنەکە بوو هەموو ئەوانەیان جیا کردەوە کە لەگەڵ ئیسرائیل تێکەڵ ببوون.
4 پێش ئەمە، ئەلیاشیڤی کاهین بە سەرپەرشتیاری ژوورە ئەمبارەکانی ماڵی خودامان دانرابوو. لە تۆڤییاوە نزیک بوو، 5 ژوورێکی گەورەی بۆ دابین کردبوو، کە پێشتر ئەم شتانەیان تێیدا دادەنا: پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوور و قاپوقاچاغەکانی پەرستگا، هەروەها دەیەکەکانی گەنم و شەرابی نوێ و زەیت کە بۆ لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکان فەرمانی پێ کرابوون، لەگەڵ پیتاکە پیرۆزەکان بۆ کاهین.
6 بەڵام بە درێژایی هەموو ئەمانە من لە ئۆرشەلیم نەبووم، چونکە لە سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشای بابل گەڕابوومەوە بۆ لای پاشا، لەدوای ماوەیەک مۆڵەتم لە پاشا خواست و 7 هاتمەوە ئۆرشەلیم، زانیم ئەلیاشیڤ چ خراپەیەی کردووە بەوەی کە لە حەوشەی ماڵی خودا ژوورێکی بۆ تۆڤییا دابین کردووە. 8 ئەمە منی زۆر پەست کرد، لەبەر ئەوە هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی تۆڤییام فڕێدایە دەرەوەی ژوورەکە. 9 فەرمانم دا و ژوورەکەیان پاککردەوە، پاشان قاپوقاچاغەکەی ماڵی خودا و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوورەکەم گەڕاندەوە ئەوێ.
10 هەروەها زانیم کە بەشی لێڤییەکان نەدراوە، لێڤی و ئەو گۆرانیبێژانەی کارەکەیان دەکرد، هەریەکە و بۆ کێڵگەکەی خۆی هەڵاتووە. 11 لەبەر ئەوە لەگەڵ کاربەدەستەکان دەمەقاڵێم کرد و گوتم: «بۆچی ماڵی خودا وازی لێ هێنراوە؟» ئینجا ئەوانم کۆکردەوە و هەریەکەیانم لە شوێنەکەی خۆی دانا.
12 هەموو یەهوداش دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتیان هێنا بۆ ژوورە ئەمبارەکان. 13 خەزنەدارم لەسەر ئەمبارەکان دانا، شەلەمیاهوی کاهین و سادۆقی سەرقەڵەم و پەدایای لێڤی، لەبەردەستی ئەوانیش حانانی کوڕی زەکوری مەتەنیا، چونکە بە دەستپاک دادەنران و کرانە لێپرسراوی دابەشکردنی ئازووقە بەسەر براکانیان.
14 ئەی خودایە، لەبەر ئەمە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە و چاکەکانم مەسڕەوە کە بە دڵسۆزی بەرامبەر بە ماڵی خودای خۆم و داواکارییەکانی کردوومە.
15 لەو ڕۆژانەدا خەڵکێکم لە یەهودا بینی لە ڕۆژی شەممە گوشەرەکان دەپەستنەوە، کۆڵە دار دەهێنن، گوێدرێژەکانیان بار دەکەن، هەروەها بە شەراب و ترێ و هەنجیر و هەموو ئەوەی بار دەکرێت، لە ڕۆژی شەممە دێنە ناو ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوە ئاگادارم کردنەوە کە لەو ڕۆژەدا خۆراک نەفرۆشن. 16 هەروەها ئەو سوریانەی تێیدا نیشتەجێ بوون لە ڕۆژی شەممە ماسی و هەموو جۆرە کەلوپەلێکیان دەهێنا و لە ئۆرشەلیم بە نەوەی یەهودایان دەفرۆشت. 17 جا دەمەقاڵێم لەگەڵ پیاوماقوڵانی یەهودا کرد و گوتم: «ئەم خراپە چییە کە ئێوە دەیکەن و ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن؟ 18 ئایا باوباپیرانتان ئەمەیان نەکرد، ئینجا خودامان هەموو ئەم خراپەیەی بەسەر ئێمە و ئەم شارەشدا هێنا؟ ئێوە تووڕەیی لەسەر ئیسرائیل زیاتر دەکەن کە ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن.»
19 کاتێک تاریکی باڵی بەسەر دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا کێشا، پێش ڕۆژی شەممە، فەرمانم دا هەتا دوای ڕۆژی شەممە دەروازەکان دابخرێن و نەکرێنەوە. هەندێک لە خزمەتکارەکانی خۆمم لەسەر دەروازەکان دانا، هەتا لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەیەتە ژوورەوە. 20 جارێک و دووان بازرگان و فرۆشیاری هەموو جۆرە کەلوپەلێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم شەویان بەسەربرد. 21 منیش ئاگادارم کردنەوە و گوتم: «بۆچی لەلای شووراکە ماونەتەوە؟ ئەگەر دووبارەی بکەنەوە دەستگیرتان دەکەم.» ئیتر لەو کاتەوە لە ڕۆژی شەممە نەهاتنەوە. 22 هەروەها بە لێڤییەکانم گوت، کە خۆیان پاک بکەنەوە و بێن و پاسەوانی دەروازەکان بکەن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە.
ئەی خودایە، بەمەش بە یادی خۆتم بهێنەرەوە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەشت لەگەڵم میهرەبان بە.
23 هەروەها لەو ڕۆژانەدا ئەو یەهودییانەم بینی کە ژنی ئەشدۆدی و عەمۆنی و مۆئابییان هێنابوو، 24 نیوەی منداڵەکانیان بە زمانی ئەشدۆدی یان بە زمانی گەلی دیکە قسەیان دەکرد، تێیاندا نەبوو بتوانێت بە زمانی یەهودی قسە بکات. 25 جا لەگەڵیان دەمەقاڵێم کرد و نەفرەتم لێکردن، لە هەندێکیانم دا و پرچیانم ڕنییەوە، بە خودا سوێندم دان و گوتم: «کچتان نەدەنە کوڕیان و کچیان مەهێنن، نە بۆ کوڕتان و نە بۆ خۆتان. 26 ئایا لەبەر ئەمانە نەبوو سلێمانی پاشای ئیسرائیل گوناهی کرد، کاتێک لەناو زۆربەی نەتەوەکان پاشایەکی وەک ئەو نەبوو، لەلای خودای خۆی خۆشەویست بوو، خودا کردییە پاشای هەموو ئیسرائیل؟ تەنانەت ئەویش ژنە بێگانەکان گوناهیان پێکرد. 27 ئیتر ئایا گوێ لە ئێوە بگرین ئەم هەموو خراپە گەورەیە بکەن، بە ناپاکیتان لە دژی خودامان، بەوەی ژنی بێگانە بهێنن؟»
28 یەکێک لە کوڕەکانی یۆیاداعی کوڕی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین، زاوای سەنڤەلەتی حۆرۆنی بوو، منیش لەلای خۆم دەرمکرد.
29 ئەی خودایە، بە یادی خۆتیان بهێنەرەوە کە کاهینیێتی و پەیمانی کاهینیێتی و لێڤییەکانیان گڵاوکرد.
30 بەو شێوەیە لە هەموو بێگانەیەک پاکم کردنەوە، ئەرکەکانی کاهین و لێڤییەکانم دیاری کرد، هەریەکە و لەسەر کاری خۆی. 31 داریشم بۆ قوربانی لە کاتی دیاریکراو و یەکەمین بەرهەمەکان دابین کرد.
ئەی خودایە، بە چاکە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە.
گۆرانی گەشتیاران.
126 کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە،
وامان لێهات وەک خەون ببینین.
2 ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و
زمانمان پڕ هەلهەلە بوو،
ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان:
«یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
3 یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد،
شادمان بووین.
4 ئەی یەزدان، خۆشحاڵیمان بگەڕێنەوە،
وەک جۆگەکانی نەقەب[a].
5 ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن،
بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
6 ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و
تۆو بۆ چاندن بار دەکات،
بە هەلهەلەوە دێتەوە و
بەرهەمەکەی بە مەلو بار دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.