Chronological
8 1 ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل.
2 عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن، لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت. 3 لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو.
4 عەزرای مامۆستای تەورات لەسەر ئەو دووانگەیە ڕاوەستا کە بۆ ئەو کارە لە دار دروستکرابوو، مەتیسیا و شەمەع و عەنایا و ئوریا و حیلقیا و مەعسێیاهو لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستان و لەلای چەپیشییەوە پەدایا و میشائیل و مەلکیا و حاشوم و حەشبەدانا و زەکەریا و مەشولام ڕاوەستان.
5 عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ. 6 عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی.
7 لێڤییەکان، یێشوع و بانی، شێرێڤیا، یامین، عەقوڤ، شەبەتەی، هۆدیا، مەعسێیاهو، قەلیتا، عەزەریا، یۆزاڤاد، حانان و پەلایا بۆ گەل ڕوون دەکردنەوە، گەلیش لە جێی خۆیان بوون. 8 بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە.
9 پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» چونکە هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو گریابوون.
10 ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن لە قەڵەوەکان بخۆن و لە شیرینەکان بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی یەزدان هێزتانە.»
11 لێڤییەکانیش هەموو گەلیان هێور دەکردەوە و دەیانگوت: «بێدەنگ بن، چونکە ئەمڕۆ پیرۆزە، دڵتەنگ مەبن.»
12 پاشان هەموو گەل چوون بۆ ئەوەی بخۆن و بخۆنەوە، بەشە خواردن بنێرن و ئاهەنگێکی گەورە بگێڕن، چونکە لەو وشانە تێگەیشتن کە فێر کران.
13 لە ڕۆژی دووەم گەورەی بنەماڵەکانی هەموو گەل و کاهین و لێڤییەکان لەلای عەزرای مامۆستای تەورات کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پەیامی تەوراتیان تێبگەیەنێت. 14 جا بینییان لەو تەوراتەی کە یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردووە، نووسراوە کە نەوەی ئیسرائیل لە کاتی جەژندا[a] کەپرنشین دەبن، لە مانگی حەوت، 15 پێویستە لەناو هەموو شارۆچکەکانیان و لە ئۆرشەلیمدا بانگەواز بکەن و بڵێن: «بچنە دەرەوە بۆ چیاکان و چڵی زەیتوون و زەیتوونی کێوی و مۆرد[b] و دار خورما و داری گەڵادار بهێنن بۆ دروستکردنی کەپر،» هەروەک نووسراوە.
16 جا گەل ڕۆیشتن و هێنایان و کەپریان بۆ خۆیان دروستکرد، هەریەکە و لەسەر بانی ماڵەکەی و لەناو حەوشەکانیان و حەوشەکانی ماڵی خودا و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئاو و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئەفرایم. 17 هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە کەپریان دروستکرد و لەناو کەپردا دانیشتن، چونکە لە سەردەمی یەشوعی کوڕی نونەوە هەتا ئەو ڕۆژە نەوەی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەی لەو جۆرەیان نەگێڕابوو.
18 ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش لە پەڕتووکی تەوراتی خودا دەخوێنرایەوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی کۆتایی، حەوت ڕۆژ جەژنیان گێڕا و لە ڕۆژی هەشتەمدا بەپێی ڕێوڕەسم ئاهەنگی کۆتاییپێهێنان بوو.
دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان
9 لە بیست و چواری ئەم مانگەدا نەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بە ڕۆژوو و جلوبەرگی گوش[c] و سەری تۆزاوییەوە. 2 ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی ئیسرائیل بوون لە هەموو ڕەچەڵەکە بێگانەکان جیا بوونەوە و ڕاوەستان و دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و تاوانەکانی باوباپیرانیان نا. 3 لە شوێنەکانی خۆیاندا ڕاوەستان و چارەکە ڕۆژێک لە پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی پەروەردگاریان خوێندەوە، چارەکە ڕۆژێکیش دانیان بە گوناهەکانیان دەنا و کڕنۆشیان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان دەبرد. 4 لەسەر پێپلیکانەکە، لە لێڤییەکان، یێشوع، بانی، قەدمیێل، شەڤەنیا، بوننی، شێرێڤیا، بانی و کەنانی ڕاوەستان و بە دەنگێکی گەورە هاواریان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان کرد. 5 لە لێڤییەکان، یێشوع، قەدمیێل، بانی، حەشەڤنەیا، شێرێڤیا، هۆدیا، شەڤەنیا و پەتەحیا، گوتیان: «هەستن و ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن کە لە ئەزەلەوەیە و هەتاهەتایە.»
با ناوی شکۆدارت بەرەکەتدار بێت، بەرزە بەسەر هەموو بەرەکەت و ستایشێکەوە. 6 تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.
7 «تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم. 8 بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت.
9 «تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور[d]. 10 نیشانە و پەرجووت[e] لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت ئەوان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە. 11 دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەق کرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان. 12 بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن.
13 «لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ. 14 ڕۆژی شەممەی خۆتت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ. 15 لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و پێت فەرموون: ”وەرنە ژوورەوە بۆ داگیرکردنی ئەم خاکە،“ ئەوەی سوێندت خوارد کە بیاندەیتێ.
16 «بەڵام ئەوان و باوباپیرانمان لەخۆبایی و کەللەڕەق بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت. 17 گوێگرتنیان ڕەتکردەوە و پەرجووەکانی تۆیان لە یاد کرد کە لەگەڵیاندا کردت، کەللەیان ڕەقکرد و لە یاخیبوونەکەیان سەرۆکیان دانا هەتا بگەڕێنەوە سەر کۆیلایەتییەکەیان. بەڵام تۆ خودایەکی لێبوردەی میهرەبان و بە بەزەییت، پشوودرێژیت، خۆشەویستی نەگۆڕت زۆرە. تۆ وازت لێ نەهێنان، 18 لەگەڵ ئەوەی پەیکەرێکی لەقاڵبدراوی گوێرەکەیان دروستکرد و گوتیان: ”ئەمە خوداوەندەکەمانە[f]، ئەوەی لە میسرەوە دەریهێناین!“ کاتێک سووکایەتییەکی گەورەیان کرد.
19 «بەڵام تۆ بە بەزەییە زۆرەکەت لە چۆڵەوانی وازت لێ نەهێنان، بە ڕۆژ ستوونە هەورەکە و بە شەویش ستوونە ئاگرەکە لەسەریان لا نەچوو بۆ ئەوەی ڕێگایان پیشان بدات، هەتا ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن ڕووناکی بکاتەوە. 20 ڕۆحە چاکەکەی خۆشت پێدان بۆ فێرکردنیان و مەنی خۆتت لە دەمیان نەگرتەوە و ئاوت پێدان بۆ تینووێتییان. 21 چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەخێوت کردن و لە هیچیان کەم نەبوو، جلەکانیان دانەڕزا و پێیەکانیان نەئاوسا.
22 «پاشایەتی و گەلانت پێدان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشت کردن، خاکی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، هەروەها خاکی عۆگی پاشای باشانیان داگیر کرد. 23 کوڕەکانی ئەوانت وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر کرد و ئەوانت هێنا ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت فەرموو: ”وەرنە ناوییەوە داگیری بکەن.“ 24 ئینجا کوڕان هاتن و دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت، تۆش کەنعانییەکانی دانیشتووانی خاکەکەت لەبەردەمیاندا زەلیل کرد، پاشاکانی و گەلەکانیت دایە دەست ئەوان، هەتا ئەوەیان پێ بکەن کە پێیان باشە. 25 چەند شارێکی قەڵابەند و زەوی بەپیتیان گرت، ماڵیان داگیر کرد کە پڕ بوو لە هەموو جۆرە شتێکی باش، بیرە هەڵکەنراوەکان و ڕەزەمێو و ڕەزی زەیتوون و داری بەرداری زۆر. ئینجا هەتا تێر و قەڵەو بوون خواردیان و چێژیان لە چاکەی زۆری تۆ وەرگرت.
26 «بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و فێرکردنەکانی تۆیان فڕێدایە پشتیانەوە. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، سووکایەتییەکی گەورەیان ئەنجام دا. 27 ئیتر ئەوانت دایە دەست دوژمنەکانیان، ئەوانیش ستەمیان لێکردن. کاتێک لە تەنگانەدا بوون هاواریان بۆ کردیت، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، جا بەپێی بەزەییە زۆرەکەت چەند ڕزگارکەرێکت پێدان، کە لە دەست دوژمنانیان ڕزگاریان کردن.
28 «کاتێک حەسانەوە، گەڕانەوە بۆ ئەنجامدان خراپە لەبەردەمی تۆ، تۆش لەناو دەستی دوژمنەکانیان وازت لێ هێنان هەتا بەسەریاندا زاڵ بن، جا گەڕانەوە و هاواریان بۆت کرد، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، زۆر جار بەپێی بەزەییەکەت فریایان کەوتیت.
29 «ئاگادارت کردنەوە هەتا بیانگەڕێنیتەوە سەر فێرکردنەکانت. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت و لە دژی حوکمەکانت گوناهیان کرد، ئەوانەی مرۆڤ کاریان پێ بکات پێیان دەژیێت. ئەوان کەللەڕەقانە پشتیان تێ کردیت و ملیان ڕەقکرد و گوێیان نەگرت. 30 لەگەڵیان ئارام بوویت و ساڵانێکی زۆر بە ڕۆحی خۆت و لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانتەوە ئاگادارت کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تۆش ئەوانت دایە دەستی گەلانی دراوسێ. 31 بەڵام لەبەر بەزەییە زۆرەکەت کۆتاییت پێ نەهێنان، وازت لێ نەهێنان، چونکە تۆ خودایەکی میهرەبان و بە بەزەییت.
32 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، خودای گەورە، ئەی پاڵەوان و ئەی سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر، با بەلاتەوە کەم نەبێت هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە تووشمان بووە، تووشی پاشا و ڕابەرەکانمان بووە، تووشی کاهین و پێغەمبەرەکانمان بووە، تووشی باوباپیرانمان و هەموو گەلەکەت بووە، لە ماوەی پاشایەتی پاشاکانی ئاشورەوە هەتا ئەمڕۆ. 33 لە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە تۆ ڕاستودروستیت، چونکە تۆ دڵسۆزیت ئەنجام دا، ئێمەش خراپە. 34 پاشا و سەرکردە و کاهین و باوباپیرانمان کاریان بە فێرکردنەکەت نەکرد و گوێیان نەدایە فەرمان و ئاگادارکردنەوە توندەکانت کە پێت دان. 35 تەنانەت لە پاشایەتییەکەی خۆیان و لەو چاکە زۆرەی تۆ کە داتە ئەوان لەو خاکە فراوان و بەپیتەی کە خستتە بەردەمیان، خزمەتی تۆیان نەکرد و لە کردەوە خراپەکانیان نەگەڕانەوە.
36 «ئەمڕۆ ئێمە کۆیلەین ئەو خاکەش کە داوتە بە باوباپیرانی ئێمە هەتا لە بەروبووم و خێروبێرەکەی بخۆن، ئەوەتا ئێمە کۆیلەین لەسەری. 37 لەبەر گوناهەکانمان بەروبوومە زۆرەکەشی بۆ ئەو پاشایانەیە کە لەسەر ئێمەت داناوە، کە بەسەر خۆمان و ئاژەڵەکانماندا زاڵن، بەپێی ئارەزووی خۆیان. ئیتر ئێمە لە تەنگانەیەکی گەورەداین.
پەیمانی خەڵک
38 «لەبەر هەموو ئەمانە، ئێمە پەیمانێک دەبەستین و دەینووسینەوە، ڕابەر و لێڤی و کاهینەکانیشمان مۆری دەکەن.»
10 ئەوانەی مۆریان کرد:
نەحەمیای پارێزگار کوڕی حەخەلیا،
سدقیا، 2 سەرایا، عەزەریا، یەرمیا،
3 پەشحور، ئەمەریا، مەلکیا،
4 حەتوش، شەڤەنیا، مەلوخ،
5 حاریم، مەرێمۆت، عۆبەدیا،
6 دانیال، گینەتۆن، باروخ،
7 مەشولام، ئەبیا، میامین،
8 مەعەزیاهو، بیلگەی و شەمەعیا.
ئەمانە کاهینەکان بوون.
9 لێڤییەکانیش:
یێشوعی کوڕی ئەزەنیا، بەنوی لە نەوەی حێناداد و قەدمیێل و
10 هاوکارەکانیان: شەڤەنیا،
هۆدیا، قەلیتا، پەلایا، حانان،
11 میکا، ڕەحۆڤ، حەشەڤیا،
12 زەکور، شێرێڤیا، شەڤەنیا،
13 هۆدیا، بانی و بەنینو.
14 ڕابەرەکانی گەل:
پەرعۆش، پەحەتمۆئاب، ئیلام، زەتوا، بانی،
15 بوننی، عەزگاد، بێڤەی،
16 ئەدۆنیا، بیگڤەی، عادین،
17 ئاتێر، حەزقیا، عەزور،
18 هۆدیا، حاشوم، بێسای،
19 حاریف، عەناتۆت، نێڤای،
20 مەگپیعاش، مەشولام، حێزیر،
21 مەشێزەبێل، سادۆق، یەدوەع،
22 پەلەتیا، حانان، عەنایا،
23 هۆشێیەع، حەنەنیا، حەشوڤ،
24 هەڵۆحێش، پیلحا، شۆڤێق،
25 ڕەحوم، حەشەڤنا، مەعسێیاهو،
26 ئەخیا، حانان، عانان،
27 مەلوخ، حاریم و بەعەنا.
28 «پاشماوەی گەلیش لە کاهین و لێڤی و دەرگاوان و گۆرانیبێژ و کۆیلە تەرخانکراوەکان، هەموو ئەوانەی لە پێناوی تەوراتی خودا خۆیان لە گڵاوییەکانی گەلانی دراوسێ جیا کردووەتەوە، ژن و کوڕ و کچەکانیان، هەموو ئەوانەی زانین و تێگەیشتنیان هەیە، 29 ئەمانە ئێستا دەچنە پاڵ براکانیان، پیاوماقوڵەکانیان، دێنە ناو نەفرەت و سوێندخواردنێک کە بەپێی تەوراتی خودایان بڕۆن، ئەوەی بە دەستی موسای بەندەی خودا پێیداون، هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارمان و حوکم و فەرزەکانی بەجێبهێنن و پەیڕەوی دەکەن.
30 «هەروەها کچمان نادەینە گەلانی خاکەکە و کچیشیان لێ ناهێنین بۆ کوڕمان.
31 «کاتێک گەلانی دراوسێ کەلوپەل و هەر خۆراکێک لە ڕۆژی شەممەدا بهێنن بۆ فرۆشتن، لێیان ناکڕین، نە لە ڕۆژی شەممەدا و نە لە ڕۆژی پیرۆز. هەروەها لە ساڵی حەوتەم واز لە داواکردنەوەی هەموو قەرزێک دەهێنین.
32 «لەسەر خۆمانی دەسەپێنین کە ساڵانە سێ یەکی شاقلێک بخەینە ئەستۆی خۆمان بۆ خزمەتی ماڵی خودامان: 33 بۆ نانی تەرخانکراو؛ بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و قوربانی سووتاندنی بەردەوام؛ بۆ پێشکەشکراوەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان؛ بۆ پێشکەشکراوە پیرۆزەکان؛ بۆ قوربانییەکانی گوناه بۆ کەفارەتی ئیسرائیل و بۆ هەموو خزمەتەکانی ماڵی خودامان.
34 «هەروەها تیروپشکمان کرد لەنێوان کاهین و لێڤی و گەل، بەپێی بنەماڵەکانمان، بۆ هێنانی دارەکان بۆ قوربانی لە ماڵی خودامان، لە کاتی دیاریکراو ساڵ بە ساڵ، بۆ سووتاندنی لەسەر قوربانگای یەزدانی پەروەردگارمان، هەروەک لە تەوراتدا نووسراوە.
35 «هەروەها بۆ هێنانی یەکەمین بەرهەمی خاکەکەمان و یەکەم بەری هەموو بەروبوومی هەموو دارێک ساڵ بە ساڵ بۆ ماڵی یەزدان.
36 «لەگەڵ نۆبەرەی کوڕ و ئاژەڵەکانمان، هەروەک لە تەوراتدا نووسراوە، لەگەڵ نۆبەرەی مانگا و مەڕەکانمان هەتا بیانهێنین بۆ ماڵی خوداکەمان بۆ ئەو کاهینانەی کە لە ماڵی خوداکەمان خزمەت دەکەن.
37 «هەروەها یەکەمین هەویر و پێشکەشکراوی دانەوێڵەمان و بەروبوومی هەموو دارێک و شەراب و زەیت بۆ کاهینەکان دەهێنن بۆ ناو ژوورەکانی ماڵی خودامان. دەیەکی خاکەکەمان بۆ لێڤییەکان دەبێت. لێڤییەکان لە کشتوکاڵی هەموو شارۆچکەکانمان دەیەک دەبەن. 38 کاهینێکی نەوەی هارون لەگەڵ لێڤییەکاندا دەبێت کاتێک لێڤییەکان دەیەک وەردەگرن، لێڤییەکانیش دەیەک لە دەیەکی وەرگیراو دەدەنە گەنجینەی ماڵی خودامان. 39 نەوەی ئیسرائیل و نەوەی لێڤی، دیاری دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت دەهێننە ژوورەکان، قاپوقاچاغەکانی پیرۆزگا و کاهینە خزمەتکار و دەرگاوان و گۆرانیبێژەکانیش لەوێن.
«واز لە ماڵی خودای خۆمان ناهێنین.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.