Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
نەحەمیا 1-5

نزای نەحەمیا

یاداشتی نەحەمیای کوڕی حەخەلیا:

ئەوە بوو لە مانگی کیسلێڤ[a] لە ساڵی بیستەم، کاتێک لە قەڵای شوش بووم، حەنانی کە یەکێکە لە براکانم لەگەڵ چەند پیاوێک لە یەهوداوە هاتن، منیش لەبارەی ئەو جولەکانەی دەربازبوون، ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە مانەوە، لەبارەی ئۆرشەلیمەوە پرسیارم لێکردن.

پێیان گوتم کە ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە ماونەتەوە لەوێ لە هەرێمەکە لە تەنگانەیەکی گەورە و لە ڕیسوایی دان، شووراکانی ئۆرشەلیم ڕووخاون و دەروازەکانیشی سووتێنراون.

کاتێک گوێم لەم قسانە بوو، دانیشتم و گریام، چەند ڕۆژێک لەبەردەم خودای ئاسمان شینم گێڕا و لە ڕۆژووگرتن و نزاکردندا بووم. دوای ئەوە گوتم:

«ئەی یەزدان، خودای ئاسمان، ئەی خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ خۆشەویستانت و بۆ ئەوانەی فەرمانەکانت جێبەجێ دەکەن، تکایە، با گوێیەکانت شل و چاوەکانت کراوەبن بۆ گوێگرتن لە نزای خزمەتکارەکەت، ئەوەی شەو و ڕۆژ لە پێناوی نەوەی ئیسرائیلی خزمەتکارەکانت لەبەردەمتدا دەیکات. دان بە گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا دەنێم، کە گوناهمان بەرامبەر بە تۆ کرد، هەروەها من و ماڵی باوکیشم گوناهمان کرد. بە تەواوی بەرامبەر بە تۆ گەندەڵ بووین. فەرمان و فەرز و حوکمەکانی تۆمان بەجێنەهێنا کە تۆ فەرمانت بە موسای خزمەتکارت کردبوو.

«تکایە ئەو فەرمایشتەت بەبیر بهێنەرەوە کە فەرمانت پێی کرد کاتێک بە موسای خزمەتکارت فەرموو: ”ئەگەر ئێوە ناپاکی بکەن من بەناو گەلاندا پەرتەوازەتان دەکەم، بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لام و فەرمانەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن، ئەگەر دوورخراوەکانتان لەوپەڕی ئاسمان بن، ئەوا لەوێوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمە ئەم شوێنەی کە هەڵمبژارد هەتا تێیدا ناوەکەم نیشتەجێ بێت.“

10 «ئەوانە خزمەتکارانی تۆ و گەلی تۆن کە بە هێزە گەورەکەت و دەستە بە تواناکەت ئەوانت کڕییەوە. 11 ئەی پەروەردگار، لێت دەپاڕێمەوە، تکایە با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمەتکارەکەت و پاڕانەوەی ئەو خزمەتکارانەت کە خوازیارن لە ناوەکەت بترسن. تکایە ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت سەرکەوتوو بکە و لەبەردەم ئەم پیاوەدا بەزەیی پێ ببەخشە.»

منیش ساقی پاشا بووم.

ناردنی نەحەمیا بۆ ئۆرشەلیم

ئەوە بوو لە مانگی نیسان، لە بیستەمین ساڵی ئەرتەحشەستە پاشا، شەرابی لەپێش بوو، منیش شەرابەکەم هەڵگرت و دامە پاشا. پێشتر لەبەردەمی ئەو خەمبار نەببووم، لەبەر ئەوە پاشا لێی پرسیم: «بۆچی ڕووت خەمبارە، لە کاتێکدا کە نەخۆش نیت؟ هەبێت و نەبێت دڵت بە خەمە.»

من زۆر ترسام، بەڵام بە پاشام گوت: «با پاشا هەتاهەتایە هەر بژیێت! چۆن ڕووم خەمبار نەبێت، کە ئەو شارەی ماڵی گۆڕستانی باوباپیرانمە کاول بووە، دەروازەکانیشی سووتێنراون؟»

پاشا پێی گوتم: «چیت دەوێت؟»

منیش نزام بۆ خودای ئاسمان کرد و بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، ئەگەر خزمەتکارەکەت لەبەردەمت پەسەندە، بمنێرە یەهودا، بۆ شاری گۆڕستانی باوباپیرانم، تاوەکو بنیادی بنێمەوە.»

شاژنیش لەتەنیشتی پاشا دانیشتبوو. پاشا پێی گوتم: «گەشتەکەت چەندی پێ دەچێت و کەی دەگەڕێیتەوە؟» پاشا پێی خۆش بوو بمنێرێت، منیش کاتێکم بۆ دیاری کرد.

بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، با چەند نامەیەکم بۆ پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات پێ بدات بۆ ئەوەی ڕێگام بدەن هەتا دەگەمە یەهودا، هەروەها نامەیەک بۆ ئاسافی چاودێری دارستانەکانی پاشا بنووسە، تاکو دارم پێ بدات بۆ کاریتەی سەر دەروازەکانی قەڵای پەرستگاکە و شووراکانی شارەکە و ئەو ماڵەی کە تێیدا دەژیم.» پاشا پێیدام، چونکە دەستی چاکەی خوداکەم لەسەرم بوو. ئیتر چوومە لای پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات و نامەکانی پاشام پێدان، پاشا چەند ئەفسەرێکی سوپا و چەند سوارێکی لەگەڵمدا ناردبوو.

10 کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی ئەمەیان بیستەوە، زۆریان پێ ناخۆش بوو کە کەسێک هاتووە و هەوڵی چاکەی نەوەی ئیسرائیل دەدات.

پشکنینی شووراکانی ئۆرشەلیم

11 هاتمە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ بووم، 12 ئینجا بە شەو هەستام و لەگەڵ چەند پیاوێکی کەم بەڕێ کەوتم، بە کەسیشم ڕانەگەیاند کە خوداکەم چی خستووەتە دڵمەوە هەتا لە ئۆرشەلیم بیکەم، بێجگە لەو وڵاخەی سواری ببووم هیچ وڵاخێکی دیکەم لەگەڵ نەبوو.

13 بە شەو لە دەروازەی دۆڵەکە بە بەردەم بیری چەقەڵدا چوومە دەرەوە بۆ لای دەروازەی زبڵ و سەرنجم دایە شووراکانی ئۆرشەلیم کە ڕووخابوون و دەروازەکانی کە سووتابوون. 14 پاشان پەڕیمەوە بۆ دەروازەی کارێز و بۆ گۆمی پاشا، بەڵام جێگا نەبوو بۆ پەڕینەوەی ئەو وڵاخەی لە ژێرم بوو. 15 بە شەو بە دۆڵەکەدا سەرکەوتم و سەرنجم دایە شووراکە. دوایی گەڕامەوە و بە دەروازەی دۆڵەکەدا هاتمە ژوورەوە. 16 کاربەدەستەکان نەیانزانی بۆ کوێ چووم و چیم کرد، هەتا ئەو کاتەش بە کەسم ڕانەگەیاندبوو، جولەکە و کاهین و پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکان و ئەو کەسانەش کە دەبێت کارەکە بکەن.

17 ئینجا پێم گوتن: «ئێوە ئەو خراپەیە دەبینن کە ئێمە تێیداین، کە ئۆرشەلیم کاولە و دەروازەکانی سووتێنراون. وەرن با شوورای ئۆرشەلیم بنیاد بنێینەوە و چیتر نەبینە مایەی ڕیسوایی.» 18 لەبارەی دەستی چاکەی خوداش کە لەسەرم بوو پێم ڕاگەیاندن، هەروەها قسەکانی پاشا کە پێی گوتبووم.

ئەوانیش گوتیان: «با هەستین و بنیادی بنێینەوە.» بازوویان لێ هەڵکرد بۆ چاکە.

19 بەڵام کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی و گەشەمی عەرەبی ئەمەیان بیستەوە گاڵتە و سووکایەتییان پێکردین و گوتیان: «ئەمە چییە ئێوە دەیکەن؟ ئایا لە پاشا هەڵدەگەڕێنەوە؟»

20 منیش وەڵامم دانەوە و پێم گوتن: «خودای ئاسمان سەرکەوتوومان دەکات و ئێمەش خزمەتکاری ئەوین، هەڵدەستین و بنیادی دەنێینەوە، بەڵام ئێوە هیچ بەش و ماف و یادکردنەوەیەکتان لە ئۆرشەلیم نییە.»

هاوکاری بۆ بنیادنانەوەی شووراکە

ئەلیاشیڤی سەرۆکی کاهینان و برا کاهینەکانی هەستان و دەروازەی مەڕیان بنیاد ناوە و تەرخانیان کرد، دەرگاکانیشیان ڕاگرت. شووراکەشیان هەتا قوللەی سەد بنیاد ناوە و تەرخانیان کرد، هەروەها هەتا قوللەی حەنەنێل بنیادیان ناوە. لەتەنیشت ئەوەوە پیاوانی ئەریحا بنیادیان دەنا، لەتەنیشت ئەوانیش زەکوری کوڕی ئیمری بنیادی دەنا.

دەروازەی ماسیش نەوەی هەسەنائا بنیادیان ناوە و سەریان گرت، دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی[b]. لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەرێمۆتی کوڕی ئوریای هەقۆچ ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەشولامی کوڕی بەرەخیا کوڕی مەشێزەبێل ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە سادۆقی کوڕی بەعنا ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە تەقۆعییەکان ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە، بەڵام پیاوماقوڵەکانیان شانیان نەدایە پاڵ خزمەتەکەی یەزدانیان.

بۆ دەروازەی یەشاناش، یۆیاداعی کوڕی پاسێیەح و مەشولامی کوڕی بەسۆدەیا ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە، ئەوان سەریان گرت و دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی. لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەلەتیای گبعۆنی و یادۆنی مێرۆنۆتی کە خەڵکی گبعۆن و میچپا بوون، لەو شوێنانە کە لەژێر دەستی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە عوزیێلی کوڕی حەرهەیا کە لە زێڕنگەرەکان بوو، ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە حەنەنیا لە نەوەی عەتارەکان ڕووخاوییەکانی چاککردەوە، ئینجا ئۆرشەلیمیان هەتا شوورا بەرینەکە تۆکمە کرد. لەتەنیشت ئەوانیشەوە ڕەفایای کوڕی حوور، سەرۆکی نیوەی ناوچەی ئۆرشەلیم ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. 10 لەتەنیشت ئەوانیشەوە یەدایای کوڕی حەرومەف لەبەردەم ماڵەکەی خۆی ڕووخاوییەکەی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە حەتوشی کوڕی حەشەڤنەیا ڕووخاوییەکەی چاککردەوە. 11 بەشێکی دیکەش مەلکیای کوڕی حاریم و حەشوڤی کوڕی پەحەت‌مۆئاب چاکیان کردەوە، لەگەڵ قوللەی تەنوورەکانیش. 12 لەتەنیشت ئەویشەوە شەلومی کوڕی هەڵۆحێش، سەرۆکی نیوەی ناوچەی ئۆرشەلیم، خۆی و کچەکانی ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە.

13 دەروازەی دۆڵەکەش حانوون و دانیشتووانی زانۆوەح چاکیان کردەوە، ئەوان بنیادیان ناوە و دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی، هەزار باڵیش[c] لە شووراکە هەتا دەروازەی زبڵ.

14 دەروازەی زبڵیش مەلکیای کوڕی ڕێکابی سەرۆکی ناوچەی بێت‌هاکارەم ڕووخاوییەکانی چاککردەوە و ئەو بنیادی ناوە، دەرگاکانی بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی.

15 دەروازەی کارێزیش شەللونی کوڕی کۆل‌حوزێ سەرۆکی ناوچەی میچپا ڕووخاوییەکانی چاککردەوە، ئەو بنیادی ناوە و سەری گرت و دەرگاکانی بە پێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی. هەروەها شووراکەی گۆمی سیلوامی[d] چاککردەوە، هەتا باخچەی پاشا و هەتا پێپلیکانەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ شاری داود. 16 پاش ئەویش نەحەمیای کوڕی عەزبوقی سەرۆکی نیوەی ناوچەی بێت‌چوور ڕووخاوییەکەی بەرامبەر گۆڕەکانی داودی چاککردەوە، هەتا گۆمە دەستکردەکە و هەتا ماڵی پاڵەوانەکان.

17 پاش ئەویش لێڤییەکان بە سەرپەرشتی ڕەحومی بانی ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە و لەتەنیشت ئەویشەوە حەشەڤیای سەرۆکی نیوەی ناوچەی قەعیلا لە بەشەکەی خۆی ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. 18 پاش ئەویش براکانیان، بەنوی کوڕی حێناداد، سەرۆکی نیوەی ناوچەی قەعیلا ڕووخاوییەکەیان چاککردەوە. 19 لەتەنیشت ئەویشەوە عێزەری کوڕی یێشوعی سەرۆکی میچپا بەشێکی دیکەی چاککردەوە لەبەردەم هەورازەکەی جبەخانەکەوە لەلای گۆشەکە. 20 پاش ئەو باروخی کوڕی زەبەی بە گوڕەوە بەشێکی دیکەی لە گۆشەکەوە هەتا داڵانی ماڵی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. 21 دوای ئەویش مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کوڕی هەقۆچ بەشێکی دیکەی لە داڵانی ماڵی ئەلیاشیڤەوە هەتا کۆتایی ماڵەکە چاککردەوە.

22 پاش ئەویش کاهینەکانی خەڵکی دەشتەکە ڕووخاوییەکەیان چاککردەوە. 23 پاش ئەوانیش بنیامین و حەشوڤ بەرامبەری ماڵەکانی خۆیانیان چاککردەوە. پاش ئەمانیش عەزەریای کوڕی مەعسێیاهوی کوڕی عەنانیاش تەنیشت ماڵەکەی خۆی چاککردەوە. 24 پاش ئەویش بەنوی کوڕی حێناداد بەشێکی دیکەی چاککردەوە، لە ماڵی عەزەریاوە هەتا گۆشەکە و پەناکە. 25 پالالی کوڕی ئوزەییش لەبەردەم گۆشەکە و قوللەکە کە تەواوکەری کۆشکی باڵای پاشایە ئەوەی هی حەوشەی زیندانەکەیە، لەپاش ئەویشەوە پەدایای کوڕی پەرعۆش. 26 ئینجا کۆیلە تەرخانکراوەکان[e] ئەوانەی دانیشتووی گردی عۆفەل بوون چاکیان کردەوە هەتا بەردەم دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات لەگەڵ قوللە دەرەکییەکە. 27 پاش ئەوانیش تەقۆعییەکان بەشێکی دیکەیان چاککردەوە، لە بەرامبەر قوللە دەرەکییە گەورەکە هەتا دیواری عۆفەل.

28 لەسەر دەروازەی ئەسپەکانیش، کاهینەکان چاکیان کردەوە، هەریەکە و بەرامبەر بە ماڵی خۆی. 29 پاش ئەوانیش سادۆقی کوڕی ئیمێر بەرامبەری ماڵەکەی خۆی چاککردەوە. پاش ئەویش شەمەعیای کوڕی شەخەنەیا کە چاودێری دەروازەی ڕۆژهەڵات بوو، شووراکەی چاککردەوە. 30 پاش ئەویش حەنەنیای کوڕی شەلەمیاهو و حانوونی کوڕی شەشەمی چالاف بەشێکی دیکەیان چاککردەوە. پاش ئەوانیش مەشولامی کوڕی بەرەخیا بەرامبەری ژوورەکەی خۆی چاککردەوە. 31 پاش ئەویش مەلکیا، کە یەکێک بوو لە زێڕنگەرەکان، هەتا ماڵی کۆیلە تەرخانکراوەکانی چاککردەوە، بازرگانەکانیش بەرامبەری دەروازەی پشکنین و خاڵی سەر گۆشەکە. 32 زێڕنگەر و بازرگانەکان شووراکەیان لەنێوان خاڵی سەر گۆشەکە هەتا دەروازەی مەڕ چاککردەوە.

دژایەتییەکانی بنیادنانەوە

کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە، ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو، گاڵتەی بە جولەکەکان کرد. لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی: «ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟ ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟ ئایا قوربانی سەردەبڕن؟ ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟ ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون دەیانژیێننەوە؟»

تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی: «ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»

«ئەی خودای ئێمە، گوێت لێ بێت، چونکە ئێمە بووینە مایەی سووکایەتی، توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتی تاڵان بکرێن. تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە، چونکە ئەوان لەبەردەم بنیادنەراندا پەستیان کردیت.»

جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت. گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.

ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو کەلێنەکان پڕ دەکرێنەوە، زۆر ڕقیان هەستا. جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە. ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.

10 لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»

11 ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.»

12 ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، هاتن و دە جار پێیان گوتین: «ئێوە ئاوڕ لە هەرکوێیەک بدەنەوە، ئەوان لەسەرمان دەبن.»

13 ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت. 14 ئینجا سەیرم کرد و هەستام بە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»

15 دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.

16 لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و سپەریان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد. 17 بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت. 18 بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.

19 ئینجا بە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە، ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین. 20 لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو، بگەنە لامان بۆ ئەوێ، خودامان بۆمان دەجەنگێت!»

21 ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت. 22 هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت: «با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لەناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.» 23 جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من، جلەکانمان دانەکەند، بەڵکو هەریەکە و بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچووین.

یارمەتی نەحەمیا بۆ هەژاران

هاواری ژن و پیاوەکان لەدەست برا جولەکەکانیان بەرزبووەوە. هەبوو دەیانگوت: «کوڕ و کچەکانمان زۆرن و لێمانگەڕێن دانەوێڵە ببەین، هەتا بخۆین و بژین.»

هەبوو دەیانگوت: «لەو قاتوقڕییەدا کێڵگە و ڕەز و ماڵەکانمان بە بارمتە دەدەین بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە.»

هەروەها هەبوو دەیانگوت: «زیومان قەرز کردووە هەتا باجی کێڵگە و ڕەزەکانمان بدەینە پاشا. ئێستاش هەرچەندە ئێمە لە گۆشت و خوێنی یەکین و کوڕەکانی ئەوان و ئێمە وەک یەکن، بەڵام ئێمە زۆر لە کوڕ و کچەکانمان دەکەین ببن بە کۆیلە، هەندێک لە کچەکانمان ژێردەستەن و لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نین، کێڵگە و ڕەزەکانمان بۆ کەسانی دیکەن.»

زۆر تووڕە بووم کاتێک گوێم لە هاوارەکەیان و ئەو قسانە بوو، لەبیری خۆمدا لێکم دایەوە و مشتومڕم لەگەڵ پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکان کرد و پێم گوتن: «ئێوە سوو لە براکانتان وەردەگرن!» ئینجا کۆمەڵێکی گەورەم لە دژیان کۆکردەوە و پێم گوتن: «ئێمە بەپێی توانامان برا جولەکەکانمان ئەوانەی بە نەتەوەکان فرۆشرا بوون کڕیونەتەوە، کەچی ئێوە براکانتان دەفرۆشن و پاشان بە ئێمە دەفرۆشرێنەوە!» ئینجا لاڵ بوون و یەک وشەیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە.

گوتم: «ئەوەی ئێوە دەیکەن کارێکی باش نییە. ئایا پێویست نییە ئێوە بە لەخواترسییەوە هەڵسوکەوت بکەن لەبەر گاڵتەپێکردنی ئەو نەتەوانەی دوژمنمانن؟ 10 من و براکانم و خزمەتکارەکانم بە هەمان شێوە زیو و دانەوێڵەمان بە قەرز داونەتێ، تکایە ئیتر با واز لەم سووە بهێنین! 11 تکایە هەر ئەمڕۆ کێڵگە و ڕەز و باخە زەیتوون و ماڵەکانیان و یەک لە سەدی ئەو زیو و دانەوێڵە و شەرابە نوێیە و ئەو زەیتەی کە لێتان وەرگرتوون، بۆیانی بگێڕنەوە.»

12 ئەوانیش گوتیان: «دەیگەڕێنینەوە و داوایان لێ ناکەین، ئاوا دەکەین وەک ئەوەی تۆ گوتت.»

ئینجا کاهینەکانم بانگکرد، پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکانیشم سوێند دا کە ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکەن. 13 پاشان سنگی کراسەکەمم تەکاند و گوتم: «خودا هەرکەسێک ئاوا بتەکێنێت کە ئەم بەڵێنە نەهێنێتە دی، با ئاوا لە ماڵەکەی و لە ڕەنجەکەی تەکێنراو و بەتاڵ بێت.»

ئینجا هەموو کۆمەڵەکە گوتیان: «ئامین» و ستایشی یەزدانیان کرد، گەل ئەم بەڵێنەیان پەیڕەو کرد.

14 هەروەها لەو ڕۆژەوە کە فەرمانم پێ کرا ببمە پارێزگاریان لە خاکی یەهودا، لە بیستەمین ساڵەوە هەتا سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشا، دوازدە ساڵ نە من و نە براکانم نانی پارێزگاریەتیمان نەخوارد. 15 بەڵام پارێزگارەکانی پێشوو ئەوانەی لەپێش من بوون باری گەلیان گران کردبوو، نان و شەرابیان لێ دەسەندن، بێجگە لە چل شاقل زیو[f]، هەروەها خزمەتکارەکانیشیان بەسەر گەلدا زاڵ ببوون. بەڵام من لە ترسی خودا وام نەکرد، 16 هەروەها لە کاری ئەم شوورایە بەشدار بووم و کێڵگەمان نەکڕی، هەموو خزمەتکارەکانیشم لەوێ لەسەر کارەکە کۆببوونەوە.

17 هەروەها لە جولەکە و کاربەدەستەکان سەد و پەنجا پیاو لەگەڵ ئەوانەی لە نەتەوەکانی دەوروبەرمانەوە دەهاتن لەسەر خوانەکەم بوون. 18 ئەوەی بۆ یەک ڕۆژ دەکرا، گایەک و شەش مەڕی هەڵبژاردە، بۆ منیش باڵندە دەکرا، هەموو دە ڕۆژێکیش لە هەموو جۆرێکی شەراب بە بڕێکی زۆر، لەگەڵ ئەمەشدا داوای نانی پارێزگاریەتیم نەکرد، چونکە کۆیلایەتییەکە لەسەر ئەم گەلە زۆر گران بوو.

19 خودایە هەرچیم بۆ ئەم گەلە کردووە بۆ من بە چاکە بەبیر خۆتی بهێنەرەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.