Chronological
هاتنی عەزرا بۆ ئۆرشەلیم
7 پاش ئەم شتانە و لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، عەزرا کە کوڕی سەرایا کوڕی عەزەریا کوڕی حیلقیا 2 کوڕی شەلوم کوڕی سادۆق کوڕی ئەحیتوڤ 3 کوڕی ئەمەریا کوڕی عەزەریا کوڕی مەرایۆت 4 کوڕی زەرەحیا کوڕی عوزی کوڕی بوقی 5 کوڕی ئەبیشوەع کوڕی فینەحاس کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی سەرۆک کاهین بوو، 6 ئەم عەزرایە لە بابلەوە سەرکەوت. مامۆستایەکی بە توانا بوو لە تەوراتی موسا، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدابوو. پاشاش هەموو ئەوەی داوای کردبوو پێیدابوو، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو. 7 هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل و لە کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و پاسەوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان لەگەڵی بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن، لە ساڵی حەوتەمی ئەرتەحشەستەی پاشا.
8 عەزرا لە مانگی پێنج لە ساڵی حەوتەمی پاشادا گەیشتە ئۆرشەلیم. 9 لە مانگی یەکەوە دەستی پێکردبوو لە بابلەوە سەربکەوێت و لە یەکی مانگی پێنجدا گەیشتە ئۆرشەلیم، بەپێی ئەوەی دەستی چاکەی خوداکەی لەسەری بوو، 10 چونکە عەزرا خۆی تەرخان کردبوو بۆ خوێندنی تەوراتی یەزدان و کارکردن پێی، بۆ ئەوەی ئیسرائیل فێری فەرز و دادوەری بکات.
نامەی ئەرتەحشەستەی پاشا بۆ عەزرا
11 ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە ئەرتەحشەستەی پاشا دایە عەزرای کاهین و مامۆستا، مامۆستای بابەتەکانی فەرمان و فەرزەکانی یەزدان بۆ ئیسرائیل:
12 لە ئەرتەحشەستەی پاشای پاشایانەوە،
بۆ عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان.
پاش سڵاو.[a]
13 لەلایەن منەوە فەرمانێک دەرچووە کە هەرکەسێک لەناو پاشایەتییەکەی من لە گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان بیەوێت لەگەڵ تۆ بگەڕێتەوە ئۆرشەلیم با بگەڕێتەوە. 14 تۆ لەلایەن پاشا و حەوت ڕاوێژکارەکەیەوە نێردراویت بۆ ئەوەی لە یەهودا و ئۆرشەلیم بکۆڵیتەوە، بەگوێرەی تەوراتی خوداکەت کە بە دەستتەوەیە، 15 هەروەها بۆ بارکردنی ئەو زێڕ و زیوانەی کە پاشا و ڕاوێژکارەکانی بە ئازادی بەخشیویانە بە خودای ئیسرائیل، ئەوەی نشینگەکەی لە ئۆرشەلیمە. 16 لەگەڵ هەموو ئەو زێڕ و زیوەش کە لە هەرێمی بابل بە دەستت دەکەوێت، لەگەڵ بەخشینە ئازادەکانی گەل و کاهینەکان کە دەیبەخشن بە پەرستگای خودای خۆیان، کە لە ئۆرشەلیمە. 17 دڵنیابە لەوەی بەم زیوە گا و بەران و بەرخی نێری لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بکڕیت و لەسەر قوربانگاکەی پەرستگای خوداتان کە لە ئۆرشەلیمە پێشکەشیان بکەیت.
18 هەرچی خۆت و برا جولەکەکانت پێتان باش بوو بە پاشماوەی زێڕ و زیوەکە بیکەن، بەپێی خواستی خودای خۆتان بکەن. 19 ئەو قاپوقاچاغەش کە بۆ خزمەتی پەرستگای خوداکەت پێت دەدرێت، لەبەردەم خودای ئۆرشەلیم دایبنێ. 20 پاشماوەی پێویستییەکانی پەرستگای خوداکەت کە بۆت ڕێک دەکەوێت بیدەیت، ئەوا لە گەنجینەکانی پاشاوە بیدە.
21 لە من، لە ئەرتەحشەستەی پاشاوە، فەرمان دەرچووە بۆ هەموو گەنجینەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات کە هەرچی عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان داواتان لێ دەکات، با بە وردی جێبەجێ بکرێت، 22 هەتا سەد تالنت زیو[b] و سەد کۆڕ[c] گەنم و سەد بەت[d] شەراب و سەد بەت[e] زەیت و خوێش بەبێ سنوور. 23 هەرچی خودای ئاسمان فەرمانی پێداوە بە وردی بۆ پەرستگای خودای ئاسمان جێبەجێ بکرێت، چونکە بۆچی تووڕەیی لەسەر شانشینی پاشا و کوڕەکانی بێت؟ 24 هەروەها پێتان ڕادەگەیەنین کە هەموو کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان و خزمەتکارانی ئەم ماڵەی خودا، ڕێ نادرێت سەرانە و باج و گومرگیان لەسەر بێت.
25 تۆش ئەی عەزرا، بەپێی دانایی خوداکەت کە بەدەستەوەیە، قازی و دادوەر دابنێ بۆ ئەوەی دادپەروەری بکەن بۆ هەموو ئەو گەلەی هەرێمی ئەوبەری فورات، لە هەموو ئەوانەی فێرکردنەکانی خودات دەزانن، ئەوانەش کە نایزانن، فێریان بکەن. 26 هەرکەسێکیش کار بە فێرکردنەکانی خوداکەت و فێرکردنەکانی پاشا نەکات، با بە دڵنیاییەوە حوکمی بەسەردا بدرێت، بە سزای مردن یان دوورخستنەوە یان سزای دارایی یان زیندانی.
27 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کە ئەم شتەی خستە دڵی پاشاوە بۆ شکۆدارکردنی ماڵی یەزدان، ئەوەی لە ئۆرشەلیمە. 28 لەبەردەم پاشا و ڕاوێژکارەکانی و لەبەردەم هەموو کاربەدەستە توانادارەکانی پاشا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشیم، منیش بەهۆی ئەو پشتگیرییەی یەزدانی پەروەردگارم بەهێز بووم، جا لە ئیسرائیل ڕابەرەکانم کۆکردەوە تاوەکو لەگەڵم سەربکەون.
لیستی گەورەی بنەماڵەکان
8 ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکان و ئەوانەن کە لەگەڵیاندا تۆمارکراون، ئەوانەی لە سەردەمی ئەرتەحشەستەی پاشادا لەگەڵ من لە بابلەوە گەڕانەوە:
2 لە نەوەی فینەحاس، گێرشۆم؛
لە نەوەی ئیتامار، دانیال؛
لە نەوەی داود، حەتوش 3 لە نەوەی شەخەنەیا.
لە نەوەی پەرعۆش، زەکەریا و سەد و پەنجا نێرینەش لەگەڵیدا تۆمار کران.
4 لە نەوەی پەحەتمۆئاب، ئەلیهۆعێینەی کوڕی زەرەحیا، دوو سەد نێرینەش لەگەڵی.
5 لە نەوەی زەتو، شەخەنەیا کوڕی یەحەزیێل و سێ سەد نێرێنەش لەگەڵی.
6 لە نەوەی عادین، عەبەدی کوڕی یۆناتان، پەنجا نێرینەش لەگەڵی.
7 لە نەوەی ئیلام، یەشەعیای کوڕی عەتەلیا، حەفتا نێرینەش لەگەڵی.
8 لە نەوەی شەفەتیا، زەڤەدیای کوڕی میکائیل، هەشتا نێرینەش لەگەڵی.
9 لە نەوەی یۆئاب عۆبەدیای کوڕی یەحیێل، دوو سەد و هەشتا نێرینەش لەگەڵی.
10 لە نەوەی بانی، شەلۆمیت کوڕی یۆسیفیا، سەد و شەست نێرینەش لەگەڵی.
11 لە نەوەی بێڤەی، زەکەریای کوڕی بێڤەی، بیست و هەشت نێرینەش لەگەڵی.
12 لە نەوەی عەزگاد، یۆحانانی کوڕی هەقاتان سەد و دە نێرینەش لەگەڵی.
13 لە نەوەی ئەدۆنیقام، ئەوانەی کۆتایی ئەمە ناوەکانیانە، ئەلیفەلەت و یەعوئێل و شەمەعیا، شەست نێرینەش لەگەڵیان.
14 لە نەوەی بیگڤەی، عوتەی و زەکور، حەفتا نێرینەش لەگەڵیان.
گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم
15 جا بۆ لای ئەو نۆکەندەی بەرەو ئەهەڤا دەڕوات کۆمکردنەوە و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە، لە گەل و کاهینەکان ورد بوومەوە، بەڵام کەسم لە لێڤییەکان لەوێ بەدی نەکرد. 16 لەبەر ئەوە ناردم بۆ لای ئەلیعەزەر و ئەریێل و شەمەعیا و ئەلناتان و یاریڤ و ئەلناتان و ناتان و زەکەریا و مەشولام، کە لە ڕابەرەکان بوون، هەروەها یۆیاریڤ و ئەلناتان کە تێگەیشتوو بوون. 17 هەموویانم نارد بۆ لای ئیدۆی ڕابەر لەو شوێنەی ناوی کاسیفیا بوو، پێم گوتن لە کاسیفیا چی بە ئیدۆ و برا کۆیلە تەرخانکراوەکان بڵێن، تاوەکو خزمەتکارانمان بۆ بهێنن بۆ ماڵی خودامان. 18 ئینجا بەپێی ئەوەی دەستی چاکی خودا لەسەرمان بوو، پیاوێکی وریایان بۆمان هێنا کە ناوی شێرێڤیا بوو، لە نەوەی مەحلی کوڕی لێڤی کوڕی ئیسرائیل، لەگەڵ کوڕەکانی شێرێڤیا و براکانی کە هەموویان هەژدە پیاو بوون؛ 19 هەروەها حەشەڤیا لەگەڵ یەشەعیا لە نەوەی مەراری و براکانی و کوڕەکانیان بیست کەس بوون. 20 لە کۆیلە تەرخانکراوەکانیش، لەو کۆمەڵەی کە داود و کاربەدەستەکان دایانمەزراندبوون، دوو سەد و بیست پیاویان هێنا. هەموویان بە ناوی خۆیانەوە دیاری کران.
21 لەوێدا لەسەر نۆکەندی ئەهەڤا بانگەوازی ڕۆژووگرتنم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی لەبەردەم خوداکەماندا ملکەچ بین و داوای ڕێگایەکی ڕاستی لێ بکەین بۆ خۆمان و منداڵەکانمان و هەموو ئەوەی هەمانە. 22 پێم شەرم بوو داوای سەرباز و سوار لە پاشا بکەم، بۆ ئەوەی لە ڕێگاکەدا لە دوژمن بمانپارێزن، چونکە ئێمە بە پاشامان گوتبوو کە خودای ئێمە چاکە لەگەڵ ئەوانە دەکات کە پشتی پێ دەبەستن، زۆریش لەوە تووڕە دەبێت کە وازی لێ بهێنێت. 23 جا بە ڕۆژوو بووین و ئەوەمان لە خودامان داوا کرد، ئەویش وەڵامی داینەوە.
24 پاشان لە کاهینانی باڵا دوازدە کەسم جیا کردەوە: شێرێڤیا و حەشەڤیا، لەگەڵ ئەوانیش دە لە براکانیان، 25 زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەشم بۆیان پێوا، کە بەخشینەکەی ماڵی خودامان ئەوەی پاشا و ڕاوێژکارەکانی و کاربەدەستەکانی و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوێ بوون بەخشییان. 26 شەش سەد و پەنجا تالنت[f] زیوم کێشا و خستمە ناو دەستیان، سەد تالنتیش[g] لە قاپوقاچاغی زیو لەگەڵ سەد تالنت زێڕ و 27 بیست پەرداخی زێڕ بە هەزار درهەم[h]، دوو قاپی بڕۆنزیش زۆر باش مشتوماڵکراو، کە وەک زێڕ بە نرخ بوون.
28 بەوانم گوت: «ئێوە تەرخانکراون بۆ یەزدان و قاپوقاچاغەکانیش تەرخانکراون و زێڕ و زیوەکەش بەخشینێکی ئازادن بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان. 29 ئیتر پاسەوانیی بکەن و بیپارێزن هەتا لەبەردەم کاهینانی باڵا و لێڤییەکان و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بیکێشن، لە ژوورەکانی ماڵی یەزدان.» 30 ئینجا کاهین و لێڤییەکان کێشی زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەیان وەرگرت تاوەکو بۆ ئۆرشەلیمی بهێنن، بۆ ماڵی خوداکەمان.
31 لە دوازدەی مانگی یەک لە نۆکەندی ئەهەڤاوە بەڕێکەوتین تاکو بچینە ئۆرشەلیم، خوداشمان پشتگیری دەکردین، جا لە دەستی دوژمنی خۆماتکردوو لەسەر ڕێگا فریامان کەوت. 32 ئینجا گەیشتینە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
33 لە ڕۆژی چوارەمدا زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەم لەناو ماڵی خوداماندا لەسەر دەستی مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کاهین کێشا. ئەلعازاری کوڕی فینەحاسیش لەگەڵی بوو، لەگەڵ یۆزاڤادی کوڕی یێشوع و نۆعەدیای کوڕی بەنوی کە هەردووکیان لێڤی بوون. 34 بە ژمارە و کێش بۆ هەموویان، هەموو کێشەکەش لەو کاتەدا نووسران.
35 نەوەی ڕاپێچکراوەکانیش ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە، قوربانی سووتاندنیان پێشکەشی خودای ئیسرائیل کرد، دوازدە گا لەبری هەموو ئیسرائیل، لەگەڵ نەوەد و شەش بەران، حەفتا و حەوت بەرخی نێر، هەروەها دوازدە گیسکی نێری بۆ قوربانی گوناه، هەموو کرانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان. 36 هەروەها یاساکانی پاشایان دایە دەست میر و پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات، ئەوانیش یارمەتی گەل و ماڵی خودایان دا.
نزای عەزرا لەبارەی ژنهێنان و شووکردن
9 پاش تەواوبوونی ئەمە، ڕابەرەکان هاتن بۆ لام و گوتیان: «گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان خۆیان جیا نەکردووەتەوە لە گەلانی دراوسێ و نەریتە قێزەونەکانیان، لە کەنعانی، حیتی، پریزی، یەبوسی، عەمۆنی، مۆئابی، میسری و ئەمورییەکان، 2 چونکە لە کچەکانی ئەوانیان بۆ خۆیان و کوڕەکانیان هێناوە و نەژادی پیرۆز تێکەڵ بە گەلانی خاکەکان بووە. دەستی ڕابەر و کاربەدەستەکانیش لەم ناپاکییە یەکەم بووە.»
3 کە گوێم لەم شتە بوو، کراسەکەم و کەواکەم دادڕی و مووی سەر و ڕیشی خۆمم ڕنییەوە و بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم. 4 جا هەموو ئەوانەی لە ترسی وشەکانی خودای ئیسرائیل لەرزین لێم کۆبوونەوە، لەبەر ناپاکی ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە. منیش هەتا کاتی قوربانی ئێوارە بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.
5 لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و 6 گوتم:
«خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە. 7 لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین، لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتنە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی، وەک ئەمڕۆ.
8 «بەڵام ئێستا بۆ ساتێک میهرەبانی لەلایەن یەزدانی پەروەردگارمانەوە بوو، هەتا دەربازبوونمان بۆ بهێڵێتەوە و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی بداتێ، تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و کەمێک ژیانمان بداتێ لە کۆیلایەتییەکەمان. 9 هەر چەندە ئێمە کۆیلەین، بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین، بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین، بۆ ئەوەی ژیانمان پێبدات، بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە، تاوەکو لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکمان بداتێ.
10 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، پاش ئەوە ئێمە چی بڵێن؟ چونکە وازمان لە فەرمانەکانت هێنا، 11 ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت: ”ئەو خاکەی دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، خاکێکی گڵاوە بە گڵاوی گەلانی خاکەکان، کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لە سەرەتای خاکەکەوە هەتا کۆتایی پڕیان کردووە لە گڵاوی. 12 ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن. هەتاهەتایە داوای خێر و خۆشییان بۆ مەکەن، تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“
13 «هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات. ئەی خودای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی. 14 ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟ ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟ 15 ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە. ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین، چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.»
دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان
10 کە عەزرا نوێژی دەکرد و دانی پێدا دەنا و بە گریانەوە لەبەردەم ماڵی خودا کەوتبوو، کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئیسرائیل، لە پیاو و ئافرەت و منداڵ لێی کۆبوونەوە، چونکە گەل گریانێکی بەکوڵ دەگریان. 2 ئینجا شەخەنەیای کوڕی یەحیێل لە نەوەی ئیلام وەڵامی دایەوە و بە عەزرای گوت: «ئێمە ناپاکیمان لەگەڵ خودامان کرد، ژنی بێگانەمان لە گەلانی خاکەکەوە هێنا. بەڵام لەمەودوا ئیسرائیل هیوای هەیە: 3 با ئێستا پەیمانێک لەگەڵ خوداماندا ببەستین، کە هەموو ژنەکان و ئەوانەی لەوان لەدایک بوونە دەریانبکەین، بەپێی ڕاوێژی گەورەم و ئەوانەی لە فەرمانەکانی خودامان دەترسن، با بەپێی تەورات کار بکرێت. 4 هەستە! چونکە ئەم کارە لەسەر تۆیە و ئێمەش لەگەڵتداین. ئازابە و دەستبەکاربە!»
5 ئیتر عەزرا هەستا و کاهینە باڵاکان و لێڤی و هەموو ئیسرائیلی سوێند دا کە کار بەم پێشنیارە بکەن، ئەوانیش سوێندیان خوارد. 6 پاشان عەزرا لەبەردەم ماڵی خودا هەستا و چووە ژوورەکەی یەهۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤ. بەرەو ئەوێ چوو، بێ ئەوەی نان بخوات و ئاو بخواتەوە، چونکە بەهۆی ناپاکی ڕاپێچکراوەکانەوە شینی دەگێڕا.
7 ئینجا لە یەهودا و ئۆرشەلیم بانگەوازیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە تاوەکو لە ئۆرشەلیم کۆببنەوە، 8 بەپێی ڕاوێژی کاربەدەستەکان و پیران، هەرکەسێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئامادە نەبێت، دەست بەسەر ماڵەکەیدا دەگیرێت و خۆشی لە کۆمەڵی ڕاپێچکراوەکان جیا دەکرێتەوە.
9 لە ماوەی سێ ڕۆژەکە هەموو پیاوانی یەهودا و بنیامین لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، واتە لە بیستی مانگی نۆ، لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و هەموو گەل بە ترسەوە لەناو گۆڕەپانەکەی ماڵی خودا دانیشتن، لەبەر بابەتەکە و لەبەر بارانەکە. 10 ئینجا عەزرای کاهین هەستا و پێی گوتن: «ئێوە ناپاکیتان کرد، ژنی بێگانەتان هێنا بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بخەنە سەر خراپەی ئیسرائیل. 11 ئێستا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دانی پێدا بنێن و ئەوە بکەن کە پێی خۆشە، خۆتان لە گەلانی خاکەکە و لە ژنە بێگانەکان داببڕن.»
12 هەموو کۆمەڵەکە بە دەنگێکی بەرز وەڵامیان دایەوە: «چۆنت پێ گوتین، ئاوا دەکەین. 13 بەڵام گەلەکە زۆرن و کاتەکەش کاتی بارانە و توانای ئەوەمان نییە لە دەرەوە ڕاوەستین، کارەکەش کاری یەک دوو ڕۆژ نییە، چونکە لەم بارەیەوە یاخیبوونی زۆرمان کردووە. 14 تکایە با کاربەدەستەکانمان لە جێی هەموو کۆمەڵەکە ڕاوەستن و هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانمان ژنی بێگانەیان هێناوە، با لە کاتی دیاریکراودا لەگەڵ پیران و دادوەرانی شارەکەی خۆیان بێن، هەر شارە و بە تەنها، هەتا گڕی تووڕەیی خودامان کە بەهۆی ئەم کارەوەیە لێمان دامرکێتەوە.» 15 تەنها یۆناتانی کوڕی عەساهێل و یەحزەیای کوڕی تیقڤا لە دژی ئەمە ڕاوەستان، مەشولام و شەبەتەی کە هەردووکیان لێڤی بوون پشتگیرییان کردن.
16 ئینجا ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە ئاوایان کرد، عەزرای کاهین و ئەو پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکان بوون جیا بوونەوە، بەپێی بنەماڵەکانیان و هەموویان بە ناوی خۆیان، لە یەکەم ڕۆژی مانگی دە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دانیشتن. 17 لە یەکەم ڕۆژی مانگی یەک لە بابەتی هەموو ئەو پیاوانە بوونەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو.
ئەوانەی ژنی بێگانەیان هێنابوو
18 لەنێو کاهینەکان چەند کەسێکیان بینییەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو:
لە نەوەی یەشوعی کوڕی یۆچاداق و براکانی: مەعسێیاهو، ئەلیعەزەر، یاریڤ و گەدەلیاهو. 19 بەڵێنیان دا کە ژنە بێگانەکانیان دەربکەن و لەبەر تاوانەکەیان بەرانێکی مێگەلیان پێشکەش کرد.
20 لە نەوەی ئیمێر:
حەنانی و زەڤەدیا.
21 لە نەوەی حاریم:
مەعسێیاهو، ئەلیاس، شەمەعیا، یەحیێل و عوزیا.
22 لە نەوەی پەشحور:
ئەلیۆعێنەی، مەعسێیاهو، ئیسماعیل، نەتەنێل، یۆزاڤاد و ئەلعاسا.
23 لە لێڤییەکان:
یۆزاڤاد، شیمعی، قێلایا کە قەلیتایە، پەتەحیا، یەهودا و ئەلیعەزەر.
24 لە گۆرانیبێژەکان:
ئەلیاشیڤ.
لە دەرگاوانەکان:
شەلوم، تەلەم و ئوری.
25 لەنێو ئیسرائیلییەکانی دیکەش:
لە نەوەی پەرعۆش:
ڕەمیا، یەزییا، مەلکیا، میامین، ئەلعازار، مەلکیا و بەنایا.
26 لە نەوەی ئیلام:
مەتەنیا، زەکەریا، یەحیێل، عەبدی، یەرێمۆت و ئەلیاس.
27 لە نەوەی زەتو:
ئەلیۆعێنەی، ئەلیاشیڤ، مەتەنیا، یەرێمۆت، زاڤاد و عەزیزا.
28 لە نەوەی بێڤەی:
یەهۆحانان، حەنەنیا، زەبەی و عەتلای.
29 لە نەوەی بانی:
مەشولام، مەلوخ، عەدایا، یاشوڤ، شەئال و یەرێمۆت.
30 لە نەوەی پەحەتمۆئاب:
عەدنا، کەلال، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتەنیا، بەسەلئێل، بەنوی و مەنەشە.
31 لە نەوەی حاریم:
ئەلیعەزەر، یەشییا، مەلکیا، شەمەعیا، شیمەعۆن، 32 بنیامین، مەلوخ و شەمەریاهو.
33 لە نەوەی حاشوم:
مەتەنەی، مەتەتا، زاڤاد، ئەلیفەلەت، یەرێمەی، مەنەشە و شیمعی.
34 لە نەوەی بانی:
مەعەدەی، عەمرام، ئوئێل، 35 بەنایا، بێدەیا، کەلووهی، 36 ڤەنیا، مەرێمۆت، ئەلیاشیڤ، 37 مەتەنیا، مەتەنەی و یەعەسۆ.
38 لە نەوەی بەنوی:
شیمعی، 39 شەلەمیاهو، ناتان، عەدایا، 40 مەخنەدەڤەی، شاشەی، شارای، 41 عەزەرئێل، شەلەمیاهو، شەمەریاهو، 42 شەلوم، ئەمەریا و یوسف.
43 لە نەوەی نەبۆ:
یەعیێل، مەتیسیا، زاڤاد، زەڤینا، یەدەی، یۆئێل و بەنایا.
44 هەموو ئەوانە ژنی بێگانەیان هێنابوو، هەروەها هەندێک لە ژنەکان منداڵیان ببوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.