Chronological
ڕێزگرتن لە مۆردەخای
6 ئەو شەوە پاشا خەوی زڕا. فەرمانی دا پەڕتووکی پوختەی مێژووی[a] بۆ بهێنن و بۆی بخوێننەوە. 2 بینرا ئەوەی تێدا نووسراوە کە مۆردەخای لەبارەی بیگتانا و تەرەشەوە ئاشکرای کردبوو، دوو لەو ئەفسەرانەی پاشا، کە پاسەوانی دەروازەکە بوون و ویستیان دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن.
3 پاشا پرسیاری کرد: «چ ڕێز و گەورەییەک بەرامبەر بەمە بۆ مۆردەخای کراوە؟» خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لەبەردەستی بوون گوتیان: «هیچی بۆ نەکراوە.»
4 پاشا گوتی: «کێ لە دیوانەکەیە؟» لەو کاتەدا هامان چووبووە ناو دیوانەکەی دەرەوەی کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی بە پاشا بڵێت مۆردەخای لەسەر ئەو سێدارە هەڵبواسێت کە بۆی ئامادە کردبوو.
5 خزمەتکارەکانی پاشا وەڵامیان دایەوە: «وا هامان لە دیوانەکە ڕاوەستاوە.»
پاشاش فەرمانی دا: «با بێتە ژوورەوە.»
6 کە هامان چووە ژوورەوە، پاشا لێی پرسی: «چی بۆ پیاوێک بکرێت پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟»
هامان لە دڵی خۆیدا گوتی: «لە من زیاتر کێ هەیە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟» 7 ئیتر هامان وەڵامی پاشای دایەوە: «بۆ ئەو پیاوەی کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، 8 با ئەو جلوبەرگە شاهانەیەی کە پاشا لەبەری دەکات و ئەو ئەسپەی کە پاشا سواری دەبێت، لەگەڵ ئەو تاجەی شاهانە کە لەسەر سەری ئەسپەکە دادەنرێت بهێنرێ. 9 ئینجا با جلوبەرگەکە و ئەسپەکە بدرێنە پیاوێک لە میرانی سەرکردەی پاشا، بۆ ئەوەی لەبەری ئەو پیاوەی بکات کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکە بیگەڕێنن و لەبەردەمیەوە هاوار بکەن و بڵێن: ”ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!“»
10 پاشا بە هامانی گوت: «بە پەلە بڕۆ هەروەک گوتت جلوبەرگ و ئەسپەکە ببە، هەموو ئەو شتانەی پێشنیارت کرد بۆ مۆردەخای جولەکە بیکە، ئەوەی لە دەروازەی پاشا دانیشتووە. هیچیان فەرامۆش مەکە لەوەی کە گوتت.»
11 هامان جلوبەرگەکە و ئەسپەکەی برد. جلەکەی لەبەر مۆردەخای کرد و لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکەی گەڕاندی، لەبەردەمی هاواری کرد و گوتی: «ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!»
12 پاشان مۆردەخای گەڕایەوە بۆ دەروازەی پاشا. بەڵام هامان بە لاواندنەوە و بە سەرشۆڕی گەڕایەوە ماڵەکەی. 13 هامان هەموو ئەوەی بەسەری هات بۆ زەرەشی ژنی و بۆ دۆستەکانی گێڕایەوە.
ڕاوێژکارەکانی و زەرەشی ژنی پێیان گوت: «کەوتنی تۆ لەبەردەم مۆردەخای دەستی پێکرد. لەبەر ئەوەی ئەو لە ڕەچەڵەکی جولەکەیە، تۆ ناتوانیت لە دژی بووەستیتەوە، تۆ لەبەردەمی ئەو دەڕووخێیت!» 14 لە کاتێکدا کە هێشتا قسەیان لەگەڵ دەکرد، کاربەدەستەکانی پاشا پەیدا بوون بۆ ئەوەی بە پەلە هامان ببەن بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو.
لە سێدارەدانی هامان
7 ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن. 2 لە ڕۆژەی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»
3 شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە، 4 چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»
5 ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»
6 ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!»
هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی. 7 پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت. هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە، چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات.
8 لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە، هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت.
پاشا گوتی: «ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات، لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟»
هەر کە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو، دەم و چاوی هامانیان داپۆشی. 9 ئینجا حەرڤۆنا، یەکێک لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد گوتی: «لە ماڵی هامان سێدارەیەک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە[b]، بۆ مۆردەخای دروستی کردووە کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.»
پاشا گوتی: «لەسەری هەڵیبواسن!» 10 بەو شێوەیە هامانیان لەسەر ئەو سێدارەیە هەڵواسی کە بۆ مۆردەخای ئامادەی کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.
فەرمانی پاشا سەبارەت بە جولەکەکان
8 لەو ڕۆژە ئەحەشوێرۆشی پاشا سامانی هامانی دوژمنی جولەکەکانی دایە ئەستێری شاژن. مۆردەخای هاتە بەردەم پاشا، چونکە ئەستێر پێی گوتبوو کە خزمی ئەوە. 2 هەروەها پاشا ئەنگوستیلەکەی لە دەستی خۆی داکەند کە لە هامانی سەندبووەوە و دایە مۆردەخای. ئەستێریش مۆردەخای کردە بریکاری سامانەکەی هامان.
3 ئەستێر جارێکی دیکە لەگەڵ پاشا قسەی کرد. خۆی خستە بەر پێیەکانی و گریا و لێی پاڕایەوە بۆ ئەوەی پیلانەکەی هامانی ئەگاگی هەڵبوەشێنێتەوە کە لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو. 4 ئینجا پاشا داردەستە زێڕینەکەی بۆ ئەستێر درێژکرد، ئەستێر هەستا و لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.
5 گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر تۆ ڕازی بیت، ئەگەر منت بە دڵە و دەبینیت کە داواکارییەکەم ڕەوایە، ئەگەر من لەلای تۆ پەسەندم، تکایە داوای نووسینی فەرمانێک بکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پیلانەی هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دایڕشتبوو. ئەو نامەی بۆ هەموو هەرێمەکانی پاشا نووسیبوو بۆ لەناوبردنی جولەکەکان. 6 ئەوسا چۆن دەتوانم تەماشای ئەو کارەساتە بکەم کە تووشی نەتەوەکەم دەبێت؟ چۆن دەتوانم تەماشای لەناوچوونی ڕەگەزەکەم بکەم؟»
7 ئەحەشوێرۆش پاشا وەڵامی شاژنە ئەستێر و مۆردەخای جولەکەی دایەوە: «لەبەر ئەوەی هامان دەستدرێژی کردە سەر جولەکە، سامانەکەی ئەوم دایە ئەستێر، لە سێدارەشیان دا. 8 ئێوەش ئەوەی پێتان باشە بە ناوی پاشاوە بۆ جولەکەکانی بنووسن، بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری بکەن، چونکە ئەو نووسینەی بە ناوی پاشاوە دەنووسرێت و بە ئەنگوستیلەکەی مۆر بکرێت هەڵناوەشێنرێتەوە.»
9 لەو کاتە، لە بیست و سێی سێ، واتە مانگی سیڤان، خامەی نهێنییەکانی[c] پاشا بانگ کران. هەموو ئەو شتانەی کە مۆردەخای فەرمانی پێ کردن بۆ جولەکە و میر و پارێزگار و سەرکردەکانی هەرێمەکان نووسییان، سەد و بیست و حەوت هەرێم بوون، لە هیندستانەوە هەتا کوش، بۆ هەر هەرێمێک بە زمان و ڕێنووسی خۆی، بۆ جولەکەکانیش بە زمان و ڕێنووسی خۆیان. 10 مۆردەخای ئەو نامانەی بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسی و بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری کردن، بە پەیامبەرەکاندا ناردی، کە سواری ئەسپە تیژڕەوە ڕەسەنەکانی پاشا ببوون.
11 ئەو نامانەی پاشا مافی ئەوەی بە جولەکەکانی هەموو شارێک دابوو کۆببنەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن و هەر هێزێکی چەکدار لە هەر نەتەوە و هەرێمێک بێت هێرشیان بکاتە سەر لەناوی ببەن، بیانکوژن و قڕیان بکەن، بە ژن و منداڵەکانیشیانەوە، ئەوەی هەشیانە تاڵانی بکەن. 12 ئەو ڕۆژە لەناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا دیاریکراوە، لە سێزدەی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار. 13 وێنەیەک لەو فەرمانە کە وەک یاسا دەرکرابوو لەنێو هەموو هەرێم و گەلەکان بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی جولەکەکان ئامادە بن بۆ ئەو ڕۆژە تاکو تۆڵە لە دوژمنەکانیان بستێننەوە.
14 پەیامبەرەکان سواری ئەسپی پاشا بوون، هەروەک پاشا فەرمانی پێ کردبوون بە پەلە ڕۆیشتن، هەروەها یاساکە لە قەڵای شوشیش دەرچوو.
15 ئینجا مۆردەخای بە بەرگی شاهانەی مۆر و سپییەوە لەبەردەم پاشا هاتە دەرەوە، تاجێکی گەورەی زێڕین لەسەر ناوچەوانی بوو، کەوایەکی ئەرخەوانی لە کشمیر دروستکراویشی لەسەر شان بوو. شادی و خۆشی شاری شوشی گرتەوە. 16 ڕووناکی بۆ جولەکەکان درەوشایەوە، پڕبوون لە خۆشی و شادی و هەستکردن بە ڕێز. 17 جا لە هەر هەرێم و شارێک کە فەرمانەکەی پاشا و یاساکەیان پێ دەگەیشت، دەبووە شادی و خۆشی بۆ جولەکەکان، خوانیان دەڕازاندەوە و ئاهەنگیان دەگێڕا. زۆریش لە نەتەوەکانی دیکە بوونە جولەکە، چونکە زۆر لە جولەکە دەترسان.
سەرکەوتنی جولەکەکان
9 لە سێزدەی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار، کاتی جێبەجێکردنی قسە و فەرمانەکەی پاشا هات. لەو ڕۆژەدا کە دوژمنەکانی جولەکەکان چاوەڕوان بوون تێیدا بەسەریاندا زاڵ بن، بەڵام دۆخەکە لە دژیان هەڵگەڕایەوە بە شێوەیەک کە جولەکەکان بەسەر ناحەزەکانیاندا زاڵ بوون. 2 جولەکەکان لە هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا لەناو شارەکانیان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئەوانەی دەیانویست خراپەیان بەرامبەر بکەن. بەڵام کەس لەبەردەمیان خۆی ڕانەگرت، چونکە خەڵک زۆر لێیان ترسان. 3 هەموو سەرکردەکانی هەرێمەکان، میر و پارێزگار و لێپرسراوەکانی پاشاش یارمەتی جولەکەکانیان دەدا، چونکە ترسی مۆردەخای لەسەریان نیشتبوو. 4 لەبەر ئەوەی مۆردەخای لە کۆشکی پاشا پلەیەکی گەورەی هەبوو، ناوبانگی لەناو هەموو هەرێمەکان بڵاوببووەوە، بەردەوام بەهێز دەبوو.
5 جولەکەکان بە شمشێر لە هەموو دوژمنەکانیان دا، کوشتیانن و لەناویانبردن، ئەوەی ویستیان بە ناحەزەکانیان کرد. 6 جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان کوشت و لەناویانبردن. 7 هەروەها ئەوانەشیان کوشت: پەرشەنداتا، دەلفۆن، ئەسپاتا، 8 پۆراتا، ئەدەلیا، ئەریداتا، 9 پەرمەشتا، ئەریسەی، ئەریدەی و ڤەیزاتا، 10 کە دە کوڕەکەی هامانی کوڕی هەمەداسای دوژمنی جولەکەکان بوون، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.
11 لەو ڕۆژەدا ژمارەی کوژراوەکان لە قەڵای شوش هێنرایە بەردەستی پاشا. 12 جا پاشا بە شاژنە ئەستێری گوت: «جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان لەگەڵ دە کوڕەکەی هامان کوشتووە و لەناویانبردوون. ئایا دەبێت لە هەرێمەکانی دیکەی پاشادا چییان کردبێت؟ ئێستاش بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ بۆت جێبەجێ بکرێت.»
13 ئەستێریش گوتی: «ئەگەر پاشا ڕازی بێت، ڕێبدە با سبەینێش لە قەڵای شوش کارەکەی ئەمڕۆیان بکەنەوە، هەر دە کوڕەکەی هامان لە سێدارە بدەن.»
14 ئینجا پاشا فەرمانی دا ئەوە بکەن. لە شوش فەرمان دەرکرا، دە کوڕەکەی هامان لە سێدارە دران. 15 پاشان جولەکەکانی ناو شوش لە چواردەی ئادار دووبارە کۆبوونەوە، سێ سەد پیاویان لە شوش کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.
16 هەروەها جولەکەکانی دیکەش کە لە هەرێمەکانی پاشادا بوون، کۆبوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ڕزگاربوونیان لە دوژمنەکانیان. حەفتا و پێنج هەزار کەسیان لە ناحەزەکانیان کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد. 17 ئەمە لە سێزدەی ئادار ڕوویدا، لە چواردەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ئاهەنگگێڕان و خۆشی.
18 هەروەها جولەکەکانی ناو شوش لە سێزدە و چواردەی مانگ کۆبوونەوە و لە پازدەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ڕۆژی ئاهەنگ و خۆشی.
19 لەبەر ئەوە ئەو جولەکانەی لە دەشت و گوندە بچووکەکان دەژیان چواردەی مانگی ئاداریان کردە شادی و ئاهەنگگێڕان، ڕۆژی خۆشی و پێشکەشکردنی دیاری بە یەکتری.
جەژنی پوریم
20 ئینجا مۆردەخای ئەم ڕووداوانەی نووسییەوە، ناردی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا، دوور و نزیکەکان. 21 داوای لێکردن هەموو ساڵێک لە چواردە و پازدەی مانگی ئادار ئاهەنگ بگێڕن، 22 چونکە ئەوە ئەو کاتەیە جولەکەکان لە دوژمنەکانیان ڕزگار بوون، ئەو مانگەیە کە شیوەنیان بووە خۆشی و هاواریان بووە پێکەنین. مۆردەخای داوای لێکردن ئەوە ببێتە جەژنێک و خوان بڕازێننەوە و دڵخۆش بن و دیاری پێشکەش بە یەکتری بکەن، هەروەها دیاری پێشکەش بە هەژاران بکەن.
23 ئیتر جولەکەکان داواکارییەکەی مۆردەخایان پەسەند کرد، بەردەوام بوون لەو ئاهەنگگێڕانەی دەستیان پێی کردبوو. 24 هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی هەموو جولەکەکان پیلانی گێڕا بۆ ئەوەی جولەکەکان لەناو ببات، پوری فڕێدا، واتە تیروپشکی کرد، بۆ ئەوەی قڕیان بکات و لەناویان ببات. 25 بەڵام کاتێک ئەستێر چوو ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، پاشا بە نووسراوێک فەرمانی دا، ئەو پیلانە خراپەی کە هامان لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو هەڵبگەڕێتەوە بۆ سەر خۆی، خۆی و کوڕەکانی لە سێدارە بدرێن. 26 لەبەر ئەوە ئەو ڕۆژانە ناونران پوریم لەسەر ناوی پور. لەبەر هەموو وشەکانی ئەم نامەیە و ئەوەی بینییان و بەسەریان هات، 27 جولەکەکان پەسەندیان کرد و کردیانە نەریت، خۆیان و نەوەکانیان و ئەوانەشی دەچنە پاڵیان پەیڕەویان کرد، بۆ ئەوەی لە یاد نەکرێن، هەمیشە لەو دوو ڕۆژەدا بەپێی ئەوەی کە نووسراوە و لە کاتی خۆیاندا هەموو ساڵێک ئاهەنگ بگێڕن. 28 هەروەها ئەم ڕۆژانە یادیان بکرێتەوە، لەنێو هەموو نەوە و هۆز و هەرێمێک و لە هەموو شارێک ئاهەنگیان بۆ ساز بکرێت. ڕۆژانی پوریم هەرگیز لەنێو جولەکەکان لەبیر نەکرێن و ناشبێت لەلایەن نەوەکانیانەوە لە یاد بکرێت.
29 ئینجا شاژنە ئەستێری کچی ئەبیحەیل و مۆردەخای جولەکە بە هەموو دەسەڵاتێکەوە نامەیەکی دیکەیان نووسی بۆ ئەوەی ئەم نامەیەی دووەم سەبارەت بە پوریم بچەسپێنن. 30 مۆردەخای نامەکانی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو سەد و بیست و حەوت هەرێمەکەی شانشینی ئەحەشوێرۆش نارد، وێڕای هیوای شادی ئارامییان بۆ جولەکەکان، 31 بۆ چەسپاندنی دوو ڕۆژەکەی پوریم لە کاتی دیاریکراوی خۆی. هەروەک مۆردەخای جولەکە و شاژنە ئەستێر داوایان لێیان کرد، ئەوانیش بۆ خۆیان و نەوەکانیان پەسەندیان کرد کە بەڕۆژوو بن و بپاڕێنەوە. 32 نامەکەی ئەستێر وردەکاری پوریمی ڕوونکردەوە و تۆمار کرا.
گەورەیی مۆردەخای
10 ئەحەشوێرۆشی پاشا سەرانەی بەسەر شانشینەکە و دوورگەکانی دەریاشدا سەپاند. 2 هەموو کاری دەسەڵاتەکەی و تواناکەی و بڵاوبوونەوەی گەورەیی مۆردەخای ئەوەی کە پاشا پایەی بەرز کردەوە، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی مادی و فارس تۆمار کراون. 3 لەبەر ئەوەی مۆردەخای جولەکە لەدوای ئەحەشوێرۆشی پاشاوە بە پلەی دووەم دەهات، لەنێو جولەکەکانیش گەورە بوو، لەلای برا جولەکەکانی زۆر ڕێزدار بوو، چونکە داوای چاکەی بۆ نەتەوەکەی دەکرد و بەرگری لە بەرژەوەندییە گشتییەکانیان دەکرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.