Chronological
بەڵێنی بەرەکەتی ئۆرشەلیم
8 فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات.
2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ سییۆن هەیە، بە دڵگەرمییەوە ئیرەدار بووم بۆی.»
3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەگەڕێمەوە سییۆن و لەناوەڕاستی ئۆرشەلیم نیشتەجێ دەبم. ئینجا ئۆرشەلیم بە شاری ڕاستی ناودەبردرێت و کێوی یەزدانی سوپاسالاریش بە ”کێوی پیرۆز“.»
4 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «جارێکی دیکە پیرەمێرد و پیرێژن لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم دادەنیشن، هەریەکە لەبەر تەمەنی گۆچانەکەی بە دەستیەوەیە. 5 شەقامەکانی شار پڕ دەبنەوە لە کوڕ و کچ یاری تێدا دەکەن.»
6 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو سەردەمە لەوانەیە لەبەرچاوی پاشماوەی ئەم گەلە سەرسوڕهێنەر بێت، بەڵام ئایا لەبەرچاوی منیش سەرسوڕهێنەرە؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
7 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «من گەلەکەم لە خاکی ڕۆژهەڵات و لە خاکی ڕۆژئاوا ڕزگار دەکەم. 8 دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بن، دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی.»
9 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئێستا گوێتان لەم پەیامە بێت، ”با دەستەکانتان بەهێزبن بۆ ئەوەی پەرستگاکە بنیاد بنرێت.“ هەر ئەوەش بوو کە پێغەمبەرەکان لە ڕۆژی دامەزراندنی ماڵی یەزدانی سوپاسالار گوتیان. 10 بەر لەو سەردەمە هیچ کرێیەک بۆ مرۆڤ نەبوو، ئاژەڵیش کرێی نەبوو. ئەوەی دەچووە سەر کاریش لەبەر دوژمنانی سەلامەتی نەبوو، چونکە هەموویانم لە یەکتری بەردا. 11 بەڵام ئێستا من وەک پێشتر هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشماوەی گەلەکەم ناکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
12 «تۆو بە جوانی دەڕوێت، دار مێو بەری خۆی دەدات، زەوی بەروبوومی خۆی دەدات، ئاسمان شەونمی خۆی دەدات. هەموو ئەم شتانە دەکەمە میرات بۆ پاشماوەی ئەم گەلە. 13 ئەی بنەماڵەی یەهودا و ئیسرائیل، هەروەک ئێوە مایەی نەفرەت بوون لەنێو نەتەوەکان، من ڕزگارتان دەکەم، دەبنە مایەی بەرەکەت. مەترسن، بەڵکو با دەستەکانتان بەهێزبن.»
14 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی تووشی بەڵاتان بکەم، کاتێک باوباپیرانتان تووڕەیان کردم و پاشگەز نەبوومەوە، 15 ئێستا بە هەمان شێوە مکوڕم لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە چاکە بکەم لەگەڵ ئۆرشەلیم و بنەماڵەی یەهودا. مەترسن. 16 ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت بیانکەن: لەگەڵ یەکتری بە ڕاستی بدوێن؛ لە دادگاکانتان ڕاستی و حوکمی دادپەروەرانە هەبێت؛ 17 لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری؛ حەزتان لە سوێندخواردنی بە درۆ نەبێت. ڕقم لە هەموو ئەمانەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 پاشان فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات: 19 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ڕۆژووی مانگی چوار و پێنج و حەوت و دە بۆ نەوەی یەهودا دەبێتە شادی و دڵخۆشی و جەژنی خۆش. لەبەر ئەوە حەز لە ڕاستی و ئاشتی بکەن.»
20 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «چەندین خەڵک و دانیشتووانی چەندین شار دێنە ئۆرشەلیم، 21 دانیشتووانی شارێک دەچنە لای ئەوی دیکەیان و دەڵێن: ”با بڕۆین دەستبەجێ بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێینەوە و ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەین، هەروەها منیش دەچم.“ 22 ئینجا زۆرێک لە گەلان و نەتەوە بەهێزەکان دێنە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەن و لە یەزدان بپاڕێنەوە.»
23 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا دە پیاو لەنێو هەموو زمان و نەتەوەکان دەست بە دامێنی پیاوێکی جولەکەوە دەگرن و پێی دەڵێن: ”با لەگەڵتان بێین، چونکە بیستوومانە خوداتان لەگەڵدایە.“»
سزای دوژمنانی ئیسرائیل
9 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش[a] لە دژی خاکی حەدراخ و
لە دیمەشق دەمێنێتەوە،
چونکە هەموو خەڵک و هۆزەکانی ئیسرائیل
چاویان لە یەزدانە.
2 هەروەها لە دژی حەماتی هاوسنووری،
لە دژی سور و سەیدایە، کە ئەوانە زۆر دانان.
3 سور قەڵای بۆ خۆی بنیاد نا،
زیوی وەک خۆڵ خڕکردەوە،
زێڕیش وەک قوڕی کۆڵانەکان.
4 بەڵام پەروەردگار دەستی بەسەردا دەگرێت و
لە دەریا هێزەکەی لەناودەبات،
هەروەها بە ئاگر دەسووتێنرێت.
5 ئەسقەلان دەیبینێت و دەترسێت،
غەزەش زۆر بە ئازار دەبێت،
عەقرۆنیش، چونکە هیواکانی مایەی شەرمەزارین.
غەزە پاشاکەی لەدەست دەدات،
ئەسقەلانیش ئاوەدانی تێدا نامێنێت.
6 خەڵکی زۆڵ[b] ئەشدۆد داگیر دەکەن،
لووتبەرزی فەلەستییەکان لەناودەبەم.
7 گۆشتی بە خوێنەوە لەبەردەمیان لادەبەم و
خواردنی قەدەغەکراو لەبەر ددانەکانیان.
ئەو فەلەستییانەش کە دەمێننەوە دێنە پاڵ خوداکەمان و
وەک هۆزێک دەبن لە یەهودا و
عەقرۆنیش وەک یەبوسییەکان.
8 بەڵام لە چواردەوری پەرستگاکەم هەڵدەدەم،
بۆ پارێزگاریکردن لە چەتە.
ئیتر هەرگیز سەرکاری بێگاری نایەتە سەریان،
چونکە ئێستا چاوم لەسەریانە.
هاتنی پاشای سییۆن
9 ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە!
ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە!
ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
دادپەروەرە و ڕزگارکەرە،
بێفیزە و سواری ماکەرێک و
جاشی ماکەرێک بووە.
10 گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و
ئەسپیش لە ئۆرشەلیم،
کەوانی جەنگ دەشکێنرێت.
ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت،
فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و
لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە.
11 هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ،
دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم.
12 ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان،
ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە.
13 من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە،
ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم،
ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە،
لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان،
تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان.
دەرکەوتنی یەزدان
14 ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت،
تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە.
یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات،
بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات،
15 یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت.
بە بەردی قۆچەقانی[c] دوژمن تێکدەشکێنن،
دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت،
وەک تاسی خوێنپرژێن[d] پڕ دەبن،
کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت.
16 لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکات،
هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت.
لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە
وەک بەردی گرانبەهای تاج.
17 چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبێت!
دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و
شەرابی نوێش بە پاکیزەکان.
بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی یەهودا
10 لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن،
یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات.
ئەو شەستە باران دەبارێنێت،
کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان.
2 بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن،
فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن،
خەونی درۆ دەگێڕنەوە،
بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن،
بۆیە وەک مەڕ دەگەڕێن،
سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.
3 «تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت،
ڕابەرەکان سزا دەدەم،
چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی،
بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە،
دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ.
4 بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت،
مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت،
کەوانی جەنگ لەوێوە دێت،
هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە.
5 پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن،
ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن،
دەجەنگین، چونکە یەزدان لەگەڵیانە،
ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن.
6 «بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم،
بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم.
دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە،
وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە،
چونکە من یەزدانی خودای ئەوانم،
وەڵامیان دەدەمەوە.
7 ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت،
دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب،
منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت.
8 ئاماژەیان بۆ دەکەم،
پێکەوە کۆیان دەکەمەوە.
بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە،
هەروەکو پێشتر زۆر دەبن.
9 هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم،
بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە.
ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و
دەگەڕێنەوە.
10 لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و
لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە.
دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان،
جێیان نابێتەوە.
11 بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن،
شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و
هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن.
لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و
داردەستی میسر نامێنێت.
12 بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و
بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 ئەی لوبنان، دەرگاکانت بکەرەوە،
تاکو ئاگر دار ئورزەکانت بخوات!
2 ئەی دار سنەوبەر، واوەیلا بکە، چونکە دار ئورز کەوت،
دارە گەورەکان تێکشکێنران!
ئەی دار بەڕووەکانی باشان، واوەیلا بکەن،
چونکە دارستانە چڕەکان تێکدران!
3 گوێ لە واوەیلای شوانەکان بگرن،
چونکە لەوەڕگا دەوڵەمەندەکانیان وێران بوون!
گوێ لە نەڕەی شێرەکان بگرن،
چونکە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون وێران بوون.
دوو شوان
4 یەزدانی خوداکەم ئەمە دەفەرموێت: «ئەو مێگەلەی بۆ سەربڕینە بیلەوەڕێنە. 5 ئەوانەی دەیانکڕن و سەریان دەبڕن، سزاش نادرێن. فرۆشیارەکانیان دەڵێن: ”ستایشی یەزدان دەکەم، کە دەوڵەمەندی کردم!“ شوانەکانیان بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.» 6 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئیتر بەزەییم بە دانیشتووانی خاکەکەدا نایەتەوە، بەڵکو هەریەکەیان دەدەمە دەست نزیکەکەی و پاشاکەی. ئەوان خاکەکە وێران دەکەن، کەسیش لە دەستی ئەوان دەرباز ناکەم.»
7 ئەو مێگەلەم لەوەڕاند کە بۆ سەربڕینە، بە تایبەتی کڵۆڵترینی مەڕەکان. ئینجا دوو گۆچانم بۆ خۆم برد، یەکێکیانم ناونا «پەسەندی» و ئەوی دیکەشم ناونا «یەکگرتن» و مێگەلەکەم لەوەڕاند. 8 لە یەک مانگدا هەر سێ شوانەکەم دەرکرد.
مێگەلەکە ڕقی لێم بووەوە، من ئارامیم لێیان نەما و 9 فەرمووم: «ناتانلەوەڕێنم. ئەوی مردار دەبێتەوە، با مردار ببێتەوە؛ ئەوەی لەناودەچێت، با لەناوبچێت؛ ئەوانەش کە دەمێننەوە، با گۆشتی یەکتری بخۆن.»
10 ئینجا ئەو گۆچانەم برد کە ناوی «پەسەندی» بوو شکاندم، تاکو ئەو پەیمانەم هەڵوەشێنمەوە کە لەگەڵ هەموو گەلاندا بەستم. 11 لەو ڕۆژەدا پەیمانەکە هەڵوەشایەوە، بەو شێوەیە کڵۆڵترینی مەڕەکان، ئەوانەی چاویان تێبڕیبووم زانییان کە ئەوە فەرمایشتی یەزدان بووە.
12 ئینجا پێم گوتن: «ئەگەر پێتان باشە، کرێیەکەم بدەنێ، ئەگەر نا لێیگەڕێن.» ئینجا سی پارچە زیوی کرێیەکەی منیان کێشا.
13 یەزدان پێی فەرمووم: «فڕێیبدە بۆ گۆزەکەرەکە.» ئەو نرخە بەهادارەی کە منیان پێی هەڵسەنگاند! منیش سی پارچە زیوەکەم وەرگرت و فڕێمدا بۆ گۆزەکەرەکەی ناو ماڵی یەزدان.
14 ئینجا گۆچانەکەی دیکەم شکاند، کە ناوی «یەکگرتن» بوو، تاکو برایەتی نێوان یەهودا و ئیسرائیل هەڵبوەشێنمەوە.
15 جا یەزدانم پێی فەرمووم: «جارێکی دیکە کەلوپەلی شوانێکی گێل بۆ خۆت ببە، 16 چونکە من شوانێک لە خاکەکە هەڵدەستێنمەوە کە گرنگی بە ونبووەکان نادات، لە ساواکان ناگەڕێت، بریندارەکان چارەسەر ناکات، ئەوانەی تەندروستییان باشە نایانلەوەڕێنێت، بەڵام گۆشتی قەڵەوەکان دەخوات و سمیان دەردێنێت.
17 «قوڕبەسەر شوانی هیچوپووچ،
ئەوەی وازی لە مێگەلەکە هێناوە!
با شمشێر لەسەر قۆڵ و چاوی ڕاستی بێت!
با قۆڵی بە تەواوی وشک بێت و
چاوی ڕاستی بە تەواوی کۆرە بێت!»
وێرانبوونی دوژمنانی ئۆرشەلیم
12 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش سەبارەت بە ئیسرائیل.
یەزدان، ئەوەی کە ئاسمانی ڕاخستووە، زەوی دامەزراندووە، شێوەی ڕۆحی مرۆڤی لە ناخی مرۆڤدا کێشاوە، ئەمە دەفەرموێت: 2 «من خەریکم ئۆرشەلیم دەکەمە جامێک هەموو گەلانی دەوروبەری سەرخۆش دەکات. یەهودا و ئۆرشەلیمیش گەمارۆ دەدرێن. 3 لەو ڕۆژەدا کاتێک هەموو گەلانی زەوی لە دژی ئەو کۆدەبنەوە، ئۆرشەلیم بۆ هەموو گەلان دەکەمە بەردێکی قورس. ئەوەی بییەوێت بیجوڵێنێت خۆی بریندار دەکات.» 4 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا هەموو ئەسپێک تووشی سەرلێشێوان دەکەم و سوارەکەشی تووشی شێتی دەکەم. چاودێری بنەماڵەی یەهودا دەکەم، هەموو ئەسپی گەلان تووشی کوێری دەکەم. 5 ئینجا سەرکردەکانی یەهودا لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”خەڵکی ئۆرشەلیم بەهێزن، چونکە یەزدانی سوپاسالار خودایانە.“
6 «لەو ڕۆژەدا سەرکردەکانی یەهودا وەک ئاگردانێک لێ دەکەم لەنێو کۆمەڵە دار و وەک مەشخەڵێکی ئاگر لەنێو مەلو، جا بەلای ڕاست و بەلای چەپدا دەست دەکەن بە خواردنی هەموو گەلانی دەوروبەریان، بەڵام ئۆرشەلیم لە جێی خۆی بە سەلامەتی دەمێنێتەوە.
7 «یەزدان سەرەتا گەلی یەهودا ڕزگار دەکات، بۆ ئەوەی شان و شکۆی بنەماڵەی داود و خەڵکی ئۆرشەلیم لەسەر یەهودا گەورەتر نەبن. 8 لەو ڕۆژەدا یەزدان دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەپارێزێت، ئەوەی لاوازە لەنێویان وەک داودی لێدێت، ماڵی داودیش وەک خودای لێدێت، وەک فریشتەی یەزدان لەپێشیان دەڕوات. 9 لەو ڕۆژەدا مکوڕ دەبم لەسەر لەناوبردنی هەموو ئەو نەتەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئۆرشەلیم.
شیوەن بۆ ئەوەی زامداریان کرد
10 «ڕۆحی میهرەبانی و پاڕانەوە بەسەر بنەماڵەی داود و بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەبارێنم. جا تەماشای من دەکەن، ئەوەی کە ڕمیان لێداوە، هەروەها شیوەنی بۆ دەگێڕن وەک کەسێک شیوەن بۆ تاقانەکەی بگێڕێت، زۆر دەگریێن، هەروەک گریان بۆ نۆبەرەیەک. 11 لەو ڕۆژەدا شیوەنێکی گەورە لە ئۆرشەلیم دەبێت، وەک شیوەنی هەدەد ڕیمۆن لە دەشتی مەگیدۆ. 12 خاکەکە شیوەن دەگێڕێت، خێڵ بە خێڵ هەریەکە و بە جیا: خێڵی بنەماڵەی داود و ژنەکانیان، خێڵی بنەماڵەی ناتان و ژنەکانیان، 13 خێڵی بنەماڵەی لێڤی و ژنەکانیان، خێڵی شیمعی و ژنەکانیان. 14 هەموو ئەو خێڵانەی مابوونەوە خێڵ بە خێڵ بە جیا و ژنەکانیشیان بە جیا.
پاکبوونەوە لە گوناه
13 «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.»
2 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو[e] لە خاکەکە ڕادەماڵم. 3 وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: ”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن.
4 «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 5 هەریەکە و دەڵێت: ”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ 6 ئەگەر کەسێک بپرسێت: ”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ ئەویش وەڵام دەداتەوە: ”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
لێدان لە شوانەکە
7 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە،
لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە!
لە شوانەکە بدە،
مەڕەکان پەرت دەبن،
پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»
8 یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی،
دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن،
یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.
9 ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە،
وەک زیو دەیانپاڵێوم،
وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە.
ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و
منیش وەڵامیان دەدەمەوە،
من دەڵێم: ”ئەوان گەلی منن،“
ئەوانیش دەڵێن: ”یەزدان خودای ئێمەیە.“»
یەزدان دێت و حوکم دەدات
14 ئەی ئۆرشەلیم، ڕۆژی یەزدان دێت، سامانەکەت تاڵان دەکرێت و لەناوەڕاستی خۆتدا دابەش دەکرێت.
2 هەموو نەتەوەکان لەسەر ئۆرشەلیم کۆدەکەمەوە بۆ ئەوەی لە دژی بجەنگن. شارەکە داگیر دەکرێت، ماڵەکان تاڵان دەکرێن، ئافرەت لاقە دەکرێن. نیوەی شارەکە ڕاپێچ دەکرێن، بەڵام پاشماوەی خەڵکەکە لە شارەکە ڕاپێچ ناکرێن.
3 ئینجا یەزدان دێتە دەرەوە و لەگەڵ ئەو نەتەوانە دەجەنگێت، هەروەک ڕۆژی جەنگ شەڕ دەکات. 4 لەو ڕۆژەدا پێیەکانی لەسەر کێوی زەیتوون دەوەستن، ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم، ئینجا کێوی زەیتوون لە ناوەڕاستەوە شەق دەبێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، دەبێتە دۆڵێکی زۆر گەورە، نیوەی چیاکە دەگوازرێتەوە باکوور و نیوەکەی دیکەشی باشوور. 5 ئێوە بە ناو دۆڵی چیاکەی مندا هەڵدێن، چونکە هەتا ئاچێل درێژ دەبێتەوە. ئێوە هەڵدێن، هەروەک ئەوەی لە بوومەلەرزەکەی سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا هەڵاتن. ئینجا یەزدانی پەروەردگارم دێت، هەموو پیرۆزەکانیشی لەگەڵە.
6 لەو ڕۆژەدا ڕووناکی و سەرما و شەختەبەندان نابێت. 7 ڕۆژێکی بێ وێنە دەبێت، جیاوازی نییە لەنێوان شەو و ڕۆژ، کاتێک ئێوارە دادێت ڕووناکی هەیە، ئەو ڕۆژە تەنها لەلای یەزدان زانراوە.
8 لەو ڕۆژەدا ئاوی زیندوو لە ئۆرشەلیمەوە هەڵدەقوڵێت، نیوەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ دەریای مردوو و نیوەشی ڕووەو ڕۆژئاوا بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، لە هاوین و لە زستان بەردەوام دەبێت.
9 یەزدانیش دەبێتە پاشای هەموو زەوی. لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان دەبێت و تەنها ناوی ئەویش دەبێت.
10 هەموو خاکەکە لە گەڤەعەوە هەتا ڕیمۆنی باشووری ئۆرشەلیم وەک عەراڤا دەبێتە دەشتایی[f]، بەڵام ئۆرشەلیم بەرز دەکرێتەوە و لە شوێنەکەی خۆیدا ئاوەدان دەبێتەوە، لە دەروازەی بنیامینەوە هەتا شوێنی دەروازەی یەکەم و هەتا دەروازەی گۆشەکە و لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا گوشەرەکانی پاشا. 11 ئاوەدانی دەکەنەوە، چیدی وێران ناکرێت. ئۆرشەلیم ئاسوودە دەبێت.
12 ئەمەش ئەو دەردە دەبێت کە یەزدان تووشی هەموو گەلانی دەکات، ئەوانەی لە دژی ئۆرشەلیم جەنگان: گۆشتیان بۆگەن دەبێت کە لەسەر پێیەکانیان وەستاون، چاوەکانیان لەناو چاڵی چاویاندا بۆگەن دەبێت، زمانیشیان لە دەمیاندا بۆگەن دەبێت. 13 لەو ڕۆژەدا لەلایەن یەزدانەوە تووشی شڵەژانێکی گەورە دەبن، هەر پیاوە و دەستی نزیکەکەی دەگرێت و دەست لە یەکتری بەرزدەکەنەوە. 14 هەروەها یەهوداش لە ئۆرشەلیم شەڕ دەکات. سامانی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری کۆدەکاتەوە، ڕێژەیەکی زۆری زێڕ و زیو و جلوبەرگ. 15 هەمان ئەو دەردە تووشی ئەسپ و هێستر و وشتر و گوێدرێژ و هەموو ئەو ئاژەڵانە دەبێت کە لە ئۆردوگای دوژمنن.
16 هەروەها پاشماوەی هەموو نەتەوەکان، ئەوانەی هاتنە سەر ئۆرشەلیم، ساڵ لەدوای ساڵ دێن، تاکو کڕنۆش بۆ پاشا ببەن، یەزدانی سوپاسالار، هەروەها جەژنی کەپرەشینە بگێڕن. 17 ئەگەر هەر نەتەوەیەکی زەوی نەچێتە ئۆرشەلیم بۆ کڕنۆشبردن بۆ پاشا، یەزدانی سوپاسالار، بارانی بۆ نابارێت. 18 ئەگەر گەلی میسر نەیێت و بەشدار نەبێت، بارانیان بۆ نابارێت، ئەو دەردەیان لەسەر دەبێت کە یەزدان لە نەتەوەکانی دەدات، ئەوانەی نایەن بۆ گێڕانی جەژنی کەپرەشینە. 19 ئەمە سزای میسر و هەموو ئەو نەتەوانەیە کە ناچن بۆ ئەوەی جەژنی کەپرەشینە بگێڕن.
20 لەو ڕۆژەدا ئەمە لەسەر زەنگی ئەسپەکان دەنووسرێت: «پیرۆزی بۆ یەزدان»[g]. مەنجەڵەکانی ماڵی یەزدان وەک تاسەکانی خوێنپرژاندنی بەردەم قوربانگا دەبن. 21 هەر مەنجەڵێک لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدانی سوپاسالار، هەموو ئەوانەی قوربانی سەردەبڕن دێن و دەیانبەن و تێیاندا لێ دەنێن. لەو ڕۆژە بەدواوە کەنعانی[h] لە ماڵی یەزدانی سوپاسالار نابێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.