Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەکەریا 1-7

بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای یەزدان

لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:

«یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو. لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟ بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟

«ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“»

پیاوێک لەنێو دار مۆردەکان

لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.

لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان[a] ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.

ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟»

ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.» 10 ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»

11 ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو، گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»

12 ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» 13 یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.

14 ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم[b] بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. 15 زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“

16 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

17 «هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»

چوار قۆچ و چوار پیشەوەر

18 پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون. 19 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟»

ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.»

20 ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام. 21 پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟»

ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام ئەمانە هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»

پیاوێک بە گوریسی پێوانەوە

ئینجا چاوم هەڵبڕی و پیاوێکم لەبەردەمم بینی گوریسی پێوانەی بەدەستەوە بوو. لێم پرسی: «بۆ کوێ دەچیت؟»

وەڵامی دامەوە: «بۆ پێوانی ئۆرشەلیم، تاکو درێژی و پانییەکەی بزانم.» لەو کاتەدا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم هاتە دەرەوە، فریشتەیەکی دیکەش بەرەوپیری هاتە دەرەوە و پێی گوت: «ڕاکە و بەو گەنجە بڵێ: ”ئۆرشەلیم دەبێتە شارێکی بێ شوورا، لەبەر زۆری خەڵک و ئاژەڵی ماڵی تێیدا. منیش بۆی دەبمە شوورای ئاگرین لە هەر چواردەوری، دەبمە شکۆ لەناوەڕاستی.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان دەفەرموێت: «هۆی، هۆی! لە خاکی باکوور هەڵێن، چونکە وەک چوار باکەی ئاسمان پەرتەوازەم کردوون.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«هۆی، دەرباز بە، ئەی خەڵکی سییۆن کە لە بابل دەژین!» چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەدوای ئەوەی خودای شکۆدار منی نارد بۆ ئەو نەتەوانەی ئێوەیان تاڵان کرد، چونکە ئەوەی دەستتان لێدەدات، دەست لە بیلبیلەی چاوی دەدات، بێگومان من دەستیان لێ دەوەشێنم و دەبنە تاڵانی بۆ کۆیلەکانیان. ئینجا دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی ناردووە.

10 «ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گۆرانی بڵێن و دڵخۆش بن، چونکە من دێم و لەنێوتاندا نیشتەجێ دەبم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 11 «لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە نەتەوەکان دێنە پاڵ یەزدان و دەبنە گەلی من. لەنێو ئێوەدا نیشتەجێ دەبم و دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. 12 یەزدان یەهودا دەکاتە میراتی خۆی، بەشی خۆی لەسەر خاکی پیرۆز، دووبارە ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە. 13 ئەی هەموو ئادەمیزاد، لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بن، چونکە لە نشینگە پیرۆزەکەیەوە هەستا!»

بەرگە پاکەکان بۆ سەرۆک کاهین

ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو، شەیتانیش لەلای دەستە ڕاستیەوە ڕاوەستا بوو تاکو تۆمەتباری بکات. یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەی شەیتان، یەزدان سەرزەنشتت بکات! ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات! ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟»

یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو. فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون: «بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.»

ئینجا پێی فەرموو: «تەماشا بکە، تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.»

منیش گوتم: «با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.» ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد، فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو.

ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد: «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت، ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون.

«”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین، گوێ بگرە، خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون، ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون، چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم، کە ناوی لقەکەیە. تەماشا بکەن، ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا! حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم. لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»

10 «”لەو ڕۆژەدا، هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»

چرادانە زێڕینەکە و دوو دار زەیتوون

ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ کردم گەڕایەوە و هەڵیستاندم، وەک پیاوێک لە خەو هەستێنرابێت. لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟»

وەڵامم دایەوە: «چرادانێک دەبینم هەمووی زێڕە، جامێکیشی لەسەرە، حەوت چرای لەسەر دانراوە، حەوت لقیش بۆ چراکانی سەری دەچێت. هەروەها دوو دار زەیتوونیش لەلاوەیە دەبینم، یەکێکیان لەلای ڕاستی جامەکە و ئەوی دیکەیان لەلای چەپییەتی.»

لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»

ئەو لە منی پرسی: «ئایا نازانیت ئەمانە چین؟»

منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.»

ئەویش پێی گوتم: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ زروبابل و دەڵێت: ”یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت، نە بە هێز و نە بە توانا، بەڵکو بە ڕۆحی من.“[c]

«ئەی چیا مەزنەکە، تۆ کێیت؟ لەبەردەم زروبابل تەخت دەبیت. ئینجا بەردی قولینچک دادەنێت، لەنێو هاواری ”پیرۆزە، پیرۆزە!“»

پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی: «دەستەکانی زروبابل ئەم پەرستگایەیان دامەزراندووە و هەر دەستەکانی ئەویش تەواوی دەکەن. ئەی زروبابل، ئینجا دەزانیت کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە.

10 «کێ گاڵتەی بە ڕۆژی کارە بچووکەکان کرد؟ خەڵک دڵخۆش دەبن کاتێک شاووڵ لە دەستی زروبابل دەبینن.»

ئەو حەوت چرایە[d] چاوەکانی یەزدانن کە چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا.

11 منیش پرسیارم لە فریشتەکە کرد: «ئەو دوو دار زەیتوونە چین لەلای ڕاست و چەپی چرادانەکە؟»

12 دووبارە لێم پرسی: «ئەو دوو لقە زەیتوونە چین لەلای ئەو لقە زێڕینانە، کە زەیتی زێڕین دەچۆڕێننە ناویان؟»

13 وەڵامی دامەوە و گوتی: «ئایا نازانی ئەم دووانە چین؟»

منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.»

14 ئینجا گوتی: «ئەمانە ئەو دووانەن کە بە زەیت دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی خزمەتی پەروەردگاری هەموو جیهان بکەن.»

تۆمارە فڕیوەکە

دیسان چاوم هەڵبڕی و تۆمارێکی فڕیوم لەبەردەمم بینی.

لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟»

وەڵامم دایەوە: «تۆمارێکی فڕیو دەبینم، درێژییەکەی بیست باڵە و پانییەکەشی دە باڵە.[e]»

ئینجا پێی گوتم: «ئەمە ئەو نەفرەتەیە کە بۆ سەر ڕووی هەموو زەوی دێت؛ چونکە بەپێی ڕووێکی هەموو دزێک دوور دەخرێتەوە و بەپێی ڕووەکەی دیکە هەموو ئەوەی بە درۆ سوێند بخوات دوور دەخرێتەوە. یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”من دەینێرم و دەچێتە ماڵی دز و ماڵی ئەوەی بە درۆ سوێند بە ناوی من دەخوات، لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بە تەواوی لەگەڵ دار و بەردەکەی لەناوی دەبات.“»

ژنێک لەنێو سەبەتێک

پاشان ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم، هاتە پێشەوە و پێی فەرمووم: «چاوت هەڵبڕە و ببینە ئەوە چییە دەردەکەوێت.»

لێم پرسی: «ئەوە چییە؟»

وەڵامی دامەوە: «ئەوە ئەو سەبەتەیەیە کە دەردەکەوێت.» هەروەها گوتی: «ئەمەش تاوانەکەیانە کە لە هەموو زەوییە.»

ئیتر قەپاغە قورقوشمەکە هەڵگیرا، ژنێکم بینی لەناو سەبەتەکە دانیشتبوو. گوتی: «ئەمە خراپەکارییە.» ئینجا بۆ ناوەڕاستی سەبەتەکە پاڵی پێوەنا و قەپاغە قورقوشمەکەی خستە سەر دەمی.

ئینجا چاوم هەڵبڕی و بینیم لەبەردەمم دوو ژن هاتنە دەرەوە و با لە باڵەکانیان دەدات. باڵەکانیان وەک باڵی لەقلەق بوو، ئینجا سەبەتەکەیان بۆ نێوان زەوی و ئاسمان بەرزکردەوە.

10 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «سەبەتەکە بۆ کوێ دەبەن؟»

11 ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لە خاکی بابل ماڵێکی بۆ بنیاد بنێن و کە ئامادە بوو لەوێ لە شوێنی خۆی دادەنرێت.»

چوار گالیسکە

جارێکی دیکە چاوم هەڵبڕی بینیم لەبەردەمم چوار گالیسکەی جەنگی لەنێوان دوو کێوەوە دێنە دەرەوە، کێوەکانیش بڕۆنز بوون. گالیسکەی یەکەم ئەسپی سووری پێوە بوو، دووەم ئەسپی ڕەش، سێیەم ئەسپی سپی، چوارەم ئەسپی بەڵەک، هەموویان ئەسپی بەهێز بوون. لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»

فریشتەکەش وەڵامی دامەوە و پێی گوتم: «ئەمانە چوار ڕۆحەکەی ئاسمانن خزمەتی پەروەردگاری هەموو زەوی دەکەن و هاتوونەتە دەرەوە. ئەو گالیسکەیەی ئەسپە ڕەشەکانی پێوەیە بۆ خاکی باکوور دەچێت، ئەوەی ئەسپە سپییەکانیشی پێوەیە بەرەو ڕۆژئاوا، ئەوەی ئەسپە بەڵەکەکانیشی پێوەیە بۆ خاکی باشوور دەچێت.»

کاتێک ئەسپە بەهێزەکان چوونە دەرەوە، بە پەرۆشەوە بوون کە بەسەر زەویدا بگەڕێن، ئەویش فەرمووی: «بڕۆن و بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئەوانیش بەناو زەویدا گەڕان.

ئینجا هاواری لێکردم و پێی گوتم: «ببینە ئەوانەی بۆ خاکی باکوور دەچن، ڕۆحی منیان لە خاکی باکووردا ئارام کردەوە.»

تاجێک بۆ یەشوع

پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی: 10 «زێڕ و زیو لە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا وەربگرە، ئەو ڕاپێچکراوانەی لە بابلەوە گەڕاونەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە بڕۆ ماڵی یۆشیای کوڕی سەفەنیا. 11 زێڕ و زیو وەربگرە و تاجێک دروستبکە، لەسەری یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهینی بنێ. 12 پێی بڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا ئەو پیاوەی ناوی لقە، لە جێی خۆیەوە لق دەردەکات و پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت. 13 ئەو ئەو کەسەیە کە پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت، شکۆمەندی هەڵدەگرێت، لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت فەرمانڕەوایەتی دەکات. هەروەها دەبێتە کاهین لەسەر تەختەکەی، ئیتر فەرمانڕەوایەتی خۆی لەگەڵ کاهینیێتییەکەی دەگونجێنێت[f].“ 14 تاجەکەش دەدرێتە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا و حینی کوڕی سەفەنیا، وەک یادگاری لە پەرستگای یەزدان. 15 هەروەها ئەوانەی دوورن دێن بۆ بنیادنانی پەرستگای یەزدان، ئێوەش دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. ئەمە دەبێت ئەگەر بە تەواوەتی گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن.»

حوکمدانی تەواو و خۆشەویستی نەگۆڕ

لە چوارەم ساڵی داریوشی پاشا، لە چواری مانگی نۆ لە کیسلێڤ فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات. خەڵکی بێت‌ئێل شەرئەچەر و ڕەگەم‌مەلەخیان لەگەڵ پیاوەکانیان نارد بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی لە کاهینەکانی ماڵی یەزدانی سوپاسالار و لە پێغەمبەرەکان بپرسن: «ئایا لە مانگی پێنجدا بگریێین و خۆمان تەرخان بکەین، هەروەک ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کردوومانە؟»

ئینجا فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات: «بە هەموو گەلی خاکەکە و بە کاهینەکان بڵێ: ”کاتێک بە ڕۆژوو بوون و شیوەنتان گێڕا، لە مانگی پێنج و مانگی حەوت، لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوو، ئایا بەڕاستی بۆ من بەڕۆژوو بوون؟ ئەی کە دەتانخوارد و دەتانخواردەوە، ئایا بۆ خۆتان نەبوو ئاهەنگتان دەگێڕا؟ ئایا هەمان ئەو پەیامە نەبوو کە یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کە ئۆرشەلیم ئاوەدان و ئارام بوو، شارۆچکەکانی دەوروبەری و نەقەب و زوورگەکانی[g] یەهودا ئاوەدان بوون؟“»

ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات: «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بە دادپەروەری ڕاستەقینە حوکم بدەن، لەگەڵ یەکتری میهرەبان و بە بەزەیی بن. 10 بێوەژن و هەتیو، نامۆ و هەژار مەچەوسێننەوە، لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری.“

11 «بەڵام نەیانویست گوێ شل بکەن، شانی یاخبوونیان دایەبەر، خۆیان کەڕ کرد. 12 دڵیان وەک بەردەئەستێ ڕەقکرد نەوەک گوێیان لە فێرکردنەکان و لەو وشانە بێت کە یەزدانی سوپاسالار بە ڕۆحی خۆی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ناردی. ئیتر یەزدانی سوپاسالار زۆر تووڕە بوو.

13 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”چۆن بانگم کرد و گوێیان نەگرت، ئەوانیش ئاوا نزا دەکەن و گوێ ناگرم. 14 بە ڕەشەبایەک بەناو هەموو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاوم کردنەوە و لەوێ نامۆ بوون. لەپاش ئەوان زەوییەکە وێران بوو و کەس هاتوچۆی پێیدا نەکرد. بەم جۆرە خاکی شادییان وێران کرد.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.