Chronological
دژایەتییەکانی بنیادنانەوە
4 کاتێک دوژمنەکانی یەهودا و بنیامین بیستیانەوە ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە پەرستگایەکیان بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد دەنایەوە، 2 هاتن بۆ لای زروبابل و گەورەی بنەماڵەکان و پێیان گوتن: «با لەگەڵتان بنیاد بنێین، چونکە ئێمەش وەک ئێوەین و داوا لە خوداکەتان دەکەین، لە ماوەی پاشایەتی ئێسەرحەدۆنی پاشای ئاشورەوە ئێمەی بۆ ئێرە هێناوە، قوربانیمان سەربڕیوە.»
3 بەڵام زروبابل و یەشوع و پاشماوەی گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل وەڵامیان دانەوە: «بۆتان نییە لەگەڵ ئێمە پەرستگای خودامان بنیاد بنێنەوە، بەڵکو ئێمە بە تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی بنیادی دەنێین، بەو شێوەیەی کۆرشی پاشا، پاشای فارس فەرمانی پێ کردووین.»
4 جا گەلانی خاکەکە دەستی گەلی یەهودایان شل دەکردەوە و لە بیناکردنەکە دەیانترساندن، 5 چەند ڕاوێژکارێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکەیان بە کرێ گرت، بە درێژایی سەردەمی کۆرشی پاشای فارس هەتا پاشایەتی داریوشی پاشای فارس. [a]
بەربەرەکانێ لە دژی بنیادنانەوەی شار
6 لە سەرەتای پاشایەتی ئەحەشوێرۆش، سکاڵانامەیەکیان لە دژی دانیشتووانی یەهودا و ئۆرشەلیم نووسی.
7 هەروەها لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، بیشلام و میترەدات و تاڤئێل و سەرجەم یاوەرەکانیان نامەیەکیان بۆ ئەرتەحشەستەی نووسی، نامەکەش بە پیت و زمانی ئارامی نووسرا.[b]
8 ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی[c] نامەیەکیان لە دژی ئۆرشەلیم بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا بەم شێوە نووسی:
9 ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان، دادپرس و کاربەدەستەکانی خەڵکی تەرپیلیس و فارس، خەڵکی ئەرەک و بابل و ئیلامییەکانی شوش، 10 سەرجەم ئەو نەتەوانەی کە ئەشوربەنیپەلی گەورە و بەڕێز ڕاپێچی کردن، لە شاری سامیرە و چەند شوێنێکی دیکە لە هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێی کردن.
11 ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە بۆیان نارد.
بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا،
خزمەتکارانت، پیاوانی هەرێمی ئەوبەری فورات:
12 با پاشا بزانێت کە ئەو جولەکانەی لەلای تۆوە سەرکەوتن بۆ لامان، هاتوون بۆ ئۆرشەلیم و ئەو شارە یاخی و خراپە بنیاد دەنێنەوە، شووراکانیش تەواو دەکەن و بناغەکان چاک دەکەنەوە.
13 با ئێستا لەلای پاشا زانراو بێت کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێتەوە و شووراکانی تەواو بکرێن، چیتر سەرانە و گومرگ و باج نادرێت، لە کۆتاییشدا زیان لە پاشاکان دەکەوێت. 14 ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێمە نمەکی کۆشکی پاشا دەکەین و شیاویش نییە زیانی پاشا ببینین، لەبەر ئەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی پاشا ئەم نامەیە دەنێرین، 15 بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک لە ئەرشیفی شاهانەی باوباپیرانتدا بکرێت. ئینجا لە ئەرشیفی شاهانە دەبینیتەوە و دەزانیت کە ئەم شارە شارێکی یاخییە و زیانبەخشە بە پاشاکان و هەرێمەکان، لە دێرزەمانەوە یاخیبوونیان لەناویدا بەرپا کردووە، لەبەر ئەوە ئەم شارە کاول کرا. 16 ئێمەش پاشا ئاگادار دەکەینەوە کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێت و شووراکانی تەواو بکرێن، ئیتر لە هەرێمی ئەوبەری فوراتەوە بەشت نابێت.
17 پاشا ئەم وەڵامەی نارد:
بۆ ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان کە لە سامیرە دانیشتوون و هەموو ئەوانەی کە لە هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێن:
پاش سڵاو.
18 ئەو نامەیەی بۆتان ناردین بە ڕوونی لەبەردەممدا خوێنرایەوە و وەرگێڕدرا. 19 فەرمانێکم دەرکرد و لێکۆڵینەوەیەک کرا، دەرکەوت کە ئەم شارە لە دێرزەمانەوە لە دژی پاشایان وەستاوەتەوە و یاخیبوون و سەرپێچیکردنی تێدا بەرپا کراوە. 20 ئۆرشەلیم پاشای بە توانای هەبووە و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو هەرێمی ئەوبەری فوراتدا ڕۆیشتووە، سەرانە و گومرگ و باجیان پێدراوە. 21 ئێستاش فەرمانێک بۆ لە کار ڕاگرتنی ئەم پیاوانە دەربکەن، جا ئەو شارە بنیاد نانرێتەوە هەتا فەرمان لە منەوە دەرنەچێت. 22 وریابن لەم کارە کەمتەرخەمی نەکەن. بۆچی زەرەر زۆر بێت بۆ زیانی پاشاکان؟
23 کاتێک نامەکەی ئەرتەحشەستەی پاشا لەبەردەم ڕەحوم و شیمشەیی خامەی نهێنی و یاوەرەکانیاندا خوێنرایەوە، بە پەلە چوون بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای جولەکەکان و بە زەبری هێز لە کارەکە ڕایانگرتن.
نامەی تەتەنەی بۆ داریوش
24 کارەکەی ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم ڕاگیرابوو، هەتا دووەم ساڵی پاشایەتی داریوشی پاشای فارس.[d]
5 ئەوە بوو حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای پێغەمبەر لە نەوەی عیدۆ، پێغەمبەرایەتییان بۆ ئەو جولەکانە کرد کە لە یەهودا و ئۆرشەلیم بوون، بە ناوی خودای ئیسرائیل، دەسەڵاتدار بەسەریانەوە. 2 ئیتر زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یۆچاداق هەستان و دەستیان بە بنیادنانەوەی ماڵەکەی خودا کرد لە ئۆرشەلیم، پێغەمبەرەکانی خوداش لەگەڵیان بوون و یارمەتییان دەدان.
3 لەو کاتەدا تەتەنەیی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان چوونە لایان و لێیان پرسین: «کێ ڕێگای پێدان ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟» 4 هەروەها لێیان پرسین: «ئەو پیاوانە ناویان چییە کە ئەم تەلارە بنیاد دەنێنەوە؟» 5 بەڵام پیرانی جولەکەش خودای خۆیان چاودێری دەکردن، ئیتر لە کارەکە ڕایاننەگرتن هەتا هەواڵەکە بە داریوش گەیشتەوە، ئینجا بە نامەیەک دەربارەی ئەمە وەڵامیان دایەوە.
6 ئەمەش وێنەیەکی ئەو نامەیەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان، ئەوانەی کە کاربەدەستەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، بۆ داریوشیان نارد. 7 ئەو هەواڵەی کە بۆیان نارد بەم شێوەیە نووسرابوو:
بۆ داریوشی پاشا:
سڵاوێکی گەرم.
8 با لەلای پاشا زانراو بێت کە ئێمە چووینە ناوچەی یەهودا، بۆ پەرستگای خودای گەورە، بینیمان بە بەردی گەورە بنیاد دەنرێتەوە و دار لەناو دیوارەکانی دادەنرێت، ئەم کارەش بە وردی دەکرێت و لەژێر سەرپەرشتییان سەرکەوتووانەیە.
9 پرسیارمان لەو پیرانە کرد و لێمان پرسین: «کێ ڕێگای پێداون ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟» 10 هەروەها پرسیاری ناوەکانیانمان لێکردن تاوەکو بتوانین ناوی ڕابەرەکانیان بۆ زانیاریت بنووسین.
11 بەم وەڵامە وەڵامیان داینەوە، گوتیان:
«ئێمە خزمەتکارانی خودای ئاسمان و زەوین، ئەم پەرستگایە بنیاد دەنێینەوە کە پێش ساڵانێکی زۆر بنیاد نرابوو، پاشایەکی گەورەی ئیسرائیل بنیادی نا و تەواوی کرد. 12 بەڵام دوای ئەوەی باوباپیرانمان خودای ئاسمانیان تووڕە کرد، ئەوانی دا بەدەست نەبوخودنەسری پاشای بابلی کلدانییەوە، ئەوەی کە ئەم پەرستگایەی وێران کرد و گەلەکەی بۆ بابل ڕاپێچ کرد.
13 «بەڵام لە یەکەم ساڵی کۆرشی پاشای بابل، کۆرشی پاشا فەرمانی دەرکرد بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا. 14 کۆرشی پاشا تەنانەت قاپوقاچاغەکانی ئەم پەرستگایەی خودای لە پەرستگای بابلەوە دەرهێنا، کە لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەم پەرستگایەی ئۆرشەلیمی دەرهێنابوو و بۆ ئەو پەرستگایەی بردبوو کە لە بابلە. ئینجا کۆرشی پاشا قاپوقاچاغەکانی دایە یەکێک ناوی شێشبەچەر بوو، ئەوەی کردییە پارێزگار. 15 پێی گوت: ”ئەم قاپوقاچاغە ببە، بڕۆ و باری بکە بەرەو ئەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە، با پەرستگای خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنرێتەوە.“
16 «لەبەر ئەوە ئەم شێشبەچەرە هات و بناغەکەی ماڵی خودای دانا ئەوەی لە ئۆرشەلیمە، لەو کاتەوە بنیاد دەنرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەواو نەکراوە.»
17 ئێستاش ئەگەر پاشا پێی باشە با لەنێو ئەرشیفی شاهانەدا بگەڕێن کە لە بابلە، ئایا لە کۆرشی پاشاوە فەرمان دەرچووە بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە؟ با پاشا لەم کارەدا خواستی خۆیمان بۆ بنێرێت.
فەرمانی داریوش
6 ئینجا داریوشی پاشا فەرمانی دا و لەناو ئەرشیفی شاهانەدا گەڕان کە لەنێو گەنجینەی بابل دانرا بوو، 2 جا لە ئەحمەتا لەناو ئەو کۆشکەی لە هەرێمی میدیادایە نووسراوێک دۆزرایەوە کە ئەمەی تێدابوو:
یاداشت:
3 کۆرشی پاشا لە یەکەم ساڵی پاشایەتییەکەیدا، سەبارەت بە پەرستگای خودا کە لە ئۆرشەلیمە ئەم فەرمانەی دەرکرد:
با پەرستگاکە بنیاد بنرێتەوە، ئەو شوێنەی قوربانی تێدا سەردەبڕن، با بناغەکانی دابمەزرێنن، بەرزییەکەی شەست باڵ[e] و پانییەکەی شەست باڵ بێت. 4 بە سێ ڕیز لە بەردی گەورە و ڕیزێک لە تەختەداری نوێ، با خەرجییەکەشی لە گەنجینەی پاشاوە بدرێت. 5 هەروەها قاپوقاچاغەکانی ماڵی خودا، ئەوەی لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنا و هێنایە بابل، با ببردرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو پەرستگایەی کە لە ئۆرشەلیمە، بۆ شوێنەکەی خۆی و لە ماڵی خودا دابنرێت.
6 ئێستاش ئەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و ئەی شەتاربوزەنەی و یاوەرە کاربەدەستەکانی هەرێمەکە، لەوێ دوور بکەونەوە. 7 واز لەم کارەی پەرستگای خودا بهێنن، بەڵام فەرمانڕەوای جولەکەکان و پیرانی جولەکەکان، با ئەم ماڵەی خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنێنەوە.
8 لە منیشەوە فەرمان دەرچووە کە لە بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا لەگەڵ پیرانی جولەکە چی دەکەن:
لە پارەی پاشاوە، لە سەرانەی هەرێمی ئەوبەری فورات، بە پەلە خەرجی بەو پیاوانە دەدرێت تاوەکو دەست لە کارەکە هەڵنەگرن. 9 هەرچیشیان پێویستە بەپێی قسەی ئەو کاهینانەی لە ئۆرشەلیمن، لە جوانەگا[f] و بەران و بەرخ وەک قوربانی سووتاندن بۆ خودای ئاسمان، لەگەڵ گەنم و خوێ و شەراب و زەیت، با ڕۆژ بە ڕۆژ پێیان بدرێت تاوەکو خاو نەبنەوە 10 لە پێشکەشکردنی بۆنی ڕەزامەندی بۆ خودای ئاسمان و لە نزاکردن لە پێناوی ژیانی پاشا و کوڕەکانی.
11 هەروەها فەرمان لەلای منەوە دەرچووە کە هەرکەسێک ئەم قسەیە بگۆڕێت، کاریتەیەک لە ماڵەکەی ڕادەکێشرێت و دەکرێتە سێدارەیەک و لەسەری هەڵدەواسرێت، لەبەر ئەم تاوانە ماڵەکەی دەبێتە کەلاوە. 12 خوداش کە ناوی خۆی لەوێ نیشتەجێ کرد، هەر پاشا و گەلێک لەناودەبات ئەگەر دەستدرێژی بکات بۆ گۆڕینی ئەم فەرمانە یان ڕووخاندنی ئەم پەرستگایەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە.
من داریوشم فەرمانم دا و با بە وردی جێبەجێ بکرێت.
تەواوکردن و تەرخانکردنی پەرستگاکە
13 ئینجا تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی لەگەڵ یاوەرەکانیان بە وردی جێبەجێیان کرد، بەگوێرەی ئەوەی داریوشی پاشا ناردبووی. 14 پیرانی جولەکەش بنیادیان دەنا و سەرکەوتوو دەبوون، بەگوێرەی پێغەمبەرایەتییەکەی حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای نەوەی عیدۆ. جا بەگوێرەی فەرمانی خودای ئیسرائیل و فەرمانی کۆرش و داریوش و ئەرتەحشەستەی پاشایانی فارس پەرستگاکەیان بنیاد ناوە و تەواویان کرد. 15 ئیتر لە سیی مانگی ئادار، لە ساڵی شەشەمی پاشایەتی داریوش پاشا ئەم پەرستگایە تەواو بوو.
16 نەوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان و پاشماوەی نەوەی ڕاپێچکراوەکان بە دڵخۆشییەوە ئەم ماڵەی خودایان تەرخان کرد. 17 قوربانیشیان پێشکەش کرد بۆ تەرخانکردنی ئەم ماڵەی خودا، سەد گا و دوو سەد بەران و چوار سەد بەرخ و دوازدە نێری، بۆ قوربانی گوناه لە جیاتی هەموو ئیسرائیل، بەگوێرەی هۆزەکانی ئیسرائیل. 18 ئینجا کاهینەکانیان لە بەشەکانی خۆیان دانا و لێڤییەکانیش لە بەشەکانیان لەسەر خزمەتەکەی خودا لە ئۆرشەلیم، هەروەک ئەوەی لە پەڕتووکی موسا نووسراوە.
جەژنی پەسخە
19 ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە لە چواردەی مانگی یەکدا جەژنی پەسخەیان گێڕا، 20 چونکە کاهین و لێڤییەکان هەموو خۆیان پاک کردبووەوە، هەموویان بەپێی ڕێوڕەسم پاک بوون و بەرخی پەسخەیان بۆ هەموو نەوەی ڕاپێچکراوەکان و بۆ برا کاهینەکانیان و بۆ خۆیان سەربڕی. 21 هەموو نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی کە لە ڕاپێچکراوییەکە گەڕابوونەوە لێیان خوارد، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆیان لە نەریتە گڵاوەکانی نەتەوەکانی خاکەکە جیا کردبووەوە و هاتبوونە پاڵیان، بۆ ئەوەی ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بکەن. 22 هەروەها حەوت ڕۆژ بە خۆشییەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، چونکە یەزدان دڵی پڕکردن لە خۆشی و دڵی پاشای ئاشوری بەلایاندا ڕاکێشا بۆ بەهێزکردنی دەستیان لە کارەکەی ماڵی خودا لە ئیسرائیل.
137 لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین،
هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
2 بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی
قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
3 چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین،
چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین:
«گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»
4 چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین
لە خاکێکی بێگانە؟
5 ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم،
با دەستە ڕاستەم بەهرەکەی لەبیر بکات.
6 با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم،
ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.
7 ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت[a] نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت،
کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
8 ئەی دانیشتووانی بابل[b] کە چارەنووستان لەناوچوونە،
دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە،
وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
9 دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و
بە تاشەبەردیاندا دەدات!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.