Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دانیال 10-12

پیاوێک لە بینینی دانیال

10 لە ساڵی سێیەمی کۆرشی پاشای فارس، پەیامێک بۆ دانیال ئاشکراکرا، کە ناونرابوو بێلتەشەسر. پەیامێکی ڕاست بوو سەبارەت بە جەنگی گەورە. تێگەیشتنی پەیامەکە لە ڕێگەی بینینێکەوە بۆی هات.

لەو ڕۆژانەدا، من کە دانیالم سێ هەفتەی تەواو شیوەنم گێڕا. هیچ خواردنێکی خۆشم نەخوارد، گۆشت و شەراب نەچووە دەممەوە، بۆنم لە خۆم نەدا هەتا سێ هەفتەکە تەواو بوو.

لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی یەکدا کاتێک لەسەر کەناری ڕووبارە گەورەکە بووم کە دجلەیە، سەرم هەڵبڕی و تەماشام کرد، پیاوێک کەتانی لەبەردا بوو، پشتێنێکی زێڕی ئوفازیشی لە کەمەری بەستبوو. لەشی وەک زەبەرجەد، ڕووی وەک شێوەی بروسکە، چاوەکانی وەک چرای ئاگر، قۆڵ و قاچەکانی وەک بریسکەی بڕۆنزی سافکراو بوون و هەروەها دەنگیشی وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر بوو.

من کە دانیالم، بە تەنها من بینینەکەم بۆ ئاشکرا کرا، ئەو پیاوانەی لەگەڵمدا بوون نەیانبینی، بەڵام ترسێکی گەورە لەسەریان نیشت، ڕایانکرد و خۆیان شاردەوە. جا من بە تەنها مامەوە و تەماشای ئەم بینینە گەورەیەم دەکرد. هێزم تێدا نەما و ڕووم ڕەنگی مردووی لێ نیشت، لە پەلوپۆ کەوتم. گوێم لە قسەکانی بوو، لەو کاتەش کە گوێم لێی دەگرت، چوومە ناو خەوێکی قووڵەوە، ڕووشم ڕووەو زەوی بوو.

10 دەستێکم بەرکەوت و بە لەرزەوە لەسەر دەست و ئەژنۆم داینام. 11 پێی گوتم: «ئەی دانیال، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە! ئەو قسەیەی کە پێت دەڵێم لێی تێبگە و هەستە سەر پێت، چونکە من ئێستا نێردراوم بۆ لای تۆ.» کە بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ کردم، بە لەرزەوە هەستامە سەر پێ.

12 پێی گوتم: «ئەی دانیال، مەترسە. لەبەر ئەوەی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە مکوڕ بوویت تێبگەیت و لەبەردەم خوداکەت خۆتت زەلیل کرد، پاڕانەوەکەت بیسترا، منیش لەبەر ئەمانە هاتووم. 13 سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی شانشینی فارس ماوەی بیست و یەک ڕۆژ بەرەنگارم بووەوە، ئینجا میکائیل کە یەکێک لە سەرۆک فریشتەکانە بۆ هاریکاریم هات، چونکە من لەوێ لەلای پاشای فارس دواخرابووم. 14 جا هاتووم بۆ ئەوەی ئەوەت تێبگەیەنم کە لە ڕۆژی کۆتایی بەسەر گەلەکەتدا دێت، چونکە بابەتی بینینەکە ڕۆژانی داهاتووە.»

15 کاتێک ئەو قسانەی لەگەڵمدا دەکرد، سەرم دانەواند و بێدەنگ بووم. 16 ئینجا فریشتەکە، کە لە شێوەی مرۆڤ بوو، دەستی لە لێوەکانم دا، منیش دەمم کردەوە و قسەم کرد. بەوەم گوت کە لەبەردەممدا وەستابوو: «گەورەم، بە بینینەکە ئازارێکی زۆرم چێژت و لە پەلوپۆ کەوتم. 17 ئەی گەورەم، من خزمەتکاری تۆم، چۆن قسەت لەگەڵ بکەم؟ من ئێستا هێزم لێ بڕاوە و هەناسەم تێدا نەماوە.»

18 دووبارە ئەوەی لە مرۆڤ دەچوو دەستی لێم دا و هێزی هێنایەوە بەرم. 19 گوتی: «مەترسە، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە. سڵاوت لێ بێت! ئازابە و بەهێزبە!»

کاتێک قسەی لەگەڵدا کردم، بەهێز بووم و گوتم: «با گەورەم قسە بکات، چونکە بەهێزت کردم.»

20 ئەویش گوتی: «ئایا دەزانیت بۆچی هاتمە لات؟ ئێستاش دەگەڕێمەوە و لەگەڵ سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی فارس دەجەنگم، دوای ئەوەی من دەڕۆم سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی یۆنان دێت. 21 بەڵام ئێستا ئەوەت پێ دەڵێم کە لە پەڕتووکی ڕاستیدا نووسراوە. کەس لە دژی ئەم سەرۆکانە پشتگیریم ناکات، جگە لە میکائیلی سەرۆکتان. 11 لە ساڵی یەکەمی داریوشی مادی، لەگەڵی وەستام تاکو پشتگیری لێ بکەم و بیپارێزم.

پاشاکانی باشوور و باکوور

«ئێستاش ڕاستیت پێ دەڵێم: سێ پاشای دیکە لە فارس پەیدا دەبن، پاشان چوارەمیان لە هەموویان دەوڵەمەندتر دەبێت. سامانەکەی بۆ بەدەستهێنانی هێز بەکاردەهێنێت، هەمووان لە دژی شانشینی یۆنان دەورووژێنێت. ئینجا پاشایەکی بە توانا پەیدا دەبێت و زۆر زاڵ دەبێت، چی پێ خۆش بێت دەیکات. بەڵام ئیمپڕاتۆریەتەکە لەوپەڕی هێزیدا تێکدەشکێت و بەسەر چوار لای زەویدا دابەش دەبێت، بەڵام نەک بۆ نەوەکانی، بەڵکو بۆ خەڵکی دیکە دەبێت، دەسەڵاتی پێشتری نامێنێت، چونکە ئیمپڕاتۆریەتەکەی بنبڕ دەبێت.

«دوای ئەمە پاشای باشوور[a] بەهێز دەبێت، بەڵام یەکێک لە میرەکانی لەو بەهێزتر دەبێت و بە دەسەڵاتێکی گەورەوە زاڵ دەبێت. پاش چەند ساڵێک پەیمان دەبەستن، کچی پاشای باشوور بۆ پەیمان بەستنەکە دێتە لای پاشای باکوور، بەڵام کچەکە هێزی نامێنێت، پاشای باشووریش نە خۆی و نە هێزی بەردەوام نابن. لەو کاتەدا کچەکە و باوکی و ئەوانەی هێنایان و لەگەڵ ئەوەش کە پشتگیری دەکرد بە دەستەوە دەدرێن.

«ئینجا یەکێک لە بنەماڵەی کچەکە لە شوێنی ئەو هەڵدەستێتەوە. بەر لە سوپای پاشای باکوور دەگرێت و دەچێتە ناو قەڵاکەی، لێیان دەدات و سەرکەوتوو دەبێت. بت و پەیکەرە داڕێژراوەکان و قاپوقاچاغە بەنرخەکانیان کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون دەباتە میسر. دوای ئەمە ماوەی چەند ساڵێک واز لە پاشای باکوور دەهێنێت. ئینجا پاشای باکوور هێرش دەباتە سەر شانشینی پاشای باشوور، بەڵام دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی. 10 کوڕەکانی دەوروژێن و ئاپۆرەی سوپایەکی گەورە کۆدەکەنەوە کە وەک لافاوێکی بەهێز ڕادەماڵێت، بڵاو دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت، هەتا شەڕ دەهێنێتە سەر قەڵای پاشای باشوور.

11 «ئیتر پاشای باشوور ڕقی هەڵدەستێت و هێرش دەکاتە سەر پاشای باکوور، کە وا خەریکە سوپایەکی زۆر گەورەی کۆدەکاتەوە، بەڵام دەشکێنرێت. 12 کاتێک سوپاکە ڕادەماڵرێت، پاشای باشوور بەفیز دەبێت و دەیان هەزار دەکوژێت، بەڵام سەرناکەوێت، 13 چونکە پاشای باکوور دەگەڕێتەوە، سوپایەکی زۆرتر لەوەی جاری یەکەم کۆدەکاتەوە، پاش چەند ساڵێک بە سوپایەکی گەورە و کەرەستەی زۆرەوە پێشدەکەوێت.

14 «لەو کاتەدا خەڵکانێکی زۆر لە دژی پاشای باشوور ڕادەپەڕن، بۆ بەدیهێنانی بینینەکە توندڕەوەکان لە گەلەکەت یاخی دەبن، بەڵام دەکەون. 15 ئینجا پاشای باکوور دێت و مەتەرێزێک لێدەدات و شارە قەڵابەندەکە داگیر دەکات. هێزەکانی باشوور لەبەردەمیدا خۆیان ڕاناگرن، تەنانەت باشترین سەربازیشیان بەرگە ناگرێت. 16 پاشای باکوور ئەوەی بیەوێ دەیکات، کەسیش نابێت بەرەنگاری بێتەوە. لەناو خاکە دڵگیرەکەدا[b] ڕادەوەستێت و هەمووی لەژێر دەستی ئەودا دەبێت. 17 مکوڕ دەبێت لەسەر ئەوەی بە هەموو دەسەڵاتی پاشایەتییەکەیەوە بێت و پەیمان لەگەڵ پاشای باشوور ببەستێت. کچەکەی دەداتێ بۆ ئەوەی پاشایەتی باشوور تێکبدات، بەڵام پیلانەکانی سەرناکەون و سوودمەند نابن. 18 پاشان ڕوو دەکاتە کەنارەکان و زۆریان داگیر دەکات، بەڵام فەرماندەیەک کۆتایی بە لووتبەرزییەکەی دەهێنێت، بەڵکو لووتبەرزییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە. 19 ئینجا دەگەڕێتەوە قەڵاکانی خاکەکەی خۆی، بەڵام ساتمە دەکات و دەکەوێت، ئیتر نامێنێت.

20 «جێنشینەکەی باجگرێک دەنێرێت بۆ بەردەوام بوونی شکۆمەندی پاشایەتییەکەی. لە ماوەیەکی کورتدا تێکدەشکێت، بەڵام نە بە تووڕەیی و نە بە جەنگ.

21 «ئینجا ناکەس بەچەیەک شوێنی دەگێڕێتەوە کە شکۆمەندی پاشایەتی نەدراوەتێ. کاتێک خەڵکی بە ئاسوودەیی دەژین لەناکاو دێت و بە فێڵ دەست بەسەر پاشایەتییەکەدا دەگرێت. 22 چەندین سوپای زەبەلاح لە بەرامبەر ئەو تێکدەشکێن و ڕادەماڵرێن، هەروەها میری پەیمانیش. 23 هەر کە پەیمانێک دەبەستێت، فێڵ لە هاوپەیمانەکەی دەکات، بە خەڵکێکی کەمەوە دەگاتە دەسەڵات. 24 کاتێک هەرێمە دەوڵەمەندەکان لە ئارامیدان بەسەریاندا دەدات، ئەوە دەکات کە نە باوک و نە باپیرانی کردوویانە. تاڵانی و دەستکەوت و سامان بەسەر شوێنکەوتووانیدا دابەش دەکات. پیلان بۆ داگیرکردنی قەڵاکان دادەڕێژێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەک دەبێت.

25 «بە سوپایەکی گەورە و بە ئازایەتییەوە هێزەکەی لە دژی پاشای باشوور دەوروژێنێت، پاشای باشووریش بە سوپایەکی گەورە و بەهێزەوە خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات، بەڵام بەرگە ناگرێت، چونکە پیلان لە دژی دەگێڕن. 26 ئەوانەی لە خواردنە خۆشەکانی دەخۆن، دەیشکێنن و سوپاکەی ڕادەماڵرێت، زۆر کەس دەکوژرێن. 27 ئەم دوو پاشایەش دڵیان لەلای خراپەیە، لەسەر یەک مێز دادەنیشن و درۆ بۆ یەکتری دەکەن، بەڵام سەرناکەون، چونکە کۆتایی لە کاتی دیاریکراو دێت. 28 پاشای باکوور بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، بەڵام لە دڵەوە لە دژی پەیمانە پیرۆزەکەیە. دژایەتییەکە دەکات، ئینجا دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی.

29 «لە کاتی دیاریکراودا دەگەڕێتەوە و هێرش دەباتەوە بۆ باشوور، بەڵام ئەم جارەیان وەک جاری یەکەم نابێت. 30 لە کەنارەکانی ڕۆژئاواوە کەشتییەکان دێنە سەری، ئینجا کۆڵدەدات. دەگەڕێتەوە و لە پەیمانە پیرۆزەکە تووڕە دەبێت، ئەوانەش پاداشت دەکات کە وازیان لە پەیمانە پیرۆزەکە هێناوە.

31 «سوپاکەی ئەو دێن و پیرۆزگای قەڵابەند گڵاو دەکەن، قوربانی ڕۆژانە دادەماڵن و قێزەونی وێرانکەر دادەنێن. 32 ئەوانەی پەیمان دەشکێنن بە فێڵ هەڵیاندەخەڵەتێنێت، بەڵام ئەو گەلەی خودای خۆیان دەناسن بەهێز دەبن و دژایەتی ئەو دەکەن.

33 «تێگەیشتووان خەڵکێکی زۆر فێر دەکەن، هەرچەندە بۆ ماوەیەک بە شمشێر و ئاگر دەکوژرێن یان تاڵان و ڕاپێچ دەکرێن. 34 کاتێک دەکەون بە کەمی یارمەتی دەدرێن، زۆر کەسیش بەبێ دڵسۆزی دەچنە ڕیزیان. 35 هەندێک لە تێگەیشتووان ساتمە[c] دەکەن، بۆ پوختە بوون و پاکبوونەوە و بێ خەوش بوونیان هەتا کاتی کۆتایی، چونکە لە کاتی دیاریکراو دێت.

ئەو پاشایەی خۆی بە گەورە دەزانێت

36 «پاشا بە ویستی خۆی دەکات. خۆی بە گەورە و بە زل دەزانێت لەسەر هەموو خودایەک، کفری ترسناک لە دژی خودای خودایان دەکات. هەتا کاتی تەواوبوونی تووڕەییەکە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە هەر دەبێت پیادە بکرێت. 37 نە گوێ بە خوداوەندەکانی باوباپیرانی دەدات و نە بەوەی ژن دایهێناوە[d]، گوێ بە هیچ خوداوەندێک نادات. بەڵکو خۆی لە هەموویان بە گەورەتر دەزانێت. 38 لە جیاتی ئەوان ڕێز لە خوداوەندی قەڵاکان دەگرێت، خوداوەندێکە کە باوباپیرانی نەیانناسیوە، بە زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و دیاری بە نرخ ڕێزی لێ دەگیرێت. 39 بە یارمەتی ئەو خوداوەندە بێگانەیە پەلاماری قەڵا پتەوەکان دەدات. ئەوانەی بچنە ژێر باڵی زۆر ڕێزیان لێ دەگرێت. دەیانکاتە فەرمانڕەوای خەڵکێکی زۆر، زەوییەکە بە پاداشت دابەش دەکات.

40 «لە کاتی کۆتاییدا پاشای باشوور جەنگی لەگەڵدا بەرپا دەکات، پاشای باکووریش بە گالیسکە و سوار و بە کەشتیگەلی زۆرەوە وەک ڕەشەبا لە دژی هەڵدەکات. پەلاماری چەندین وڵات دەدات، وەک لافاو ڕایاندەماڵێت. 41 هەروەها پەلاماری خاکە دڵگیرەکە دەدات. زۆر کەس دەکوژرێن، بەڵام ئەدۆم و مۆئاب و میرەکانی عەمۆنییەکان لە دەستی دەرباز دەبن. 42 دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆر وڵاتدا بڵاو دەکاتەوە، میسریش ڕزگاری نابێت. 43 دەست بەسەر گەنجینەکانی زێڕ و زیو و هەموو سامانی میسردا دەگرێت، لیبییەکان و کوشییەکانیش ملکەچی دەبن. 44 بەڵام چەند هەواڵێکی ترسناکی لە ڕۆژهەڵات و باکوورەوە پێ دەگات و ئەو دەهەژێنێت، بە تووڕەییەکی زۆرەوە بەڕێدەکەوێت بۆ کاولکردن و قڕکردنی خەڵکانێکی زۆر. 45 چادری شاهانەی لەنێوان دەریاکان و کێوی دڵگیری پیرۆز هەڵدەدات. بەڵام دەگاتە کۆتایی خۆی، کەسیش یارمەتی نادات.

ڕۆژانی کۆتایی

12 «لەو کاتەدا میکائیلی سەرۆکی گەورەی فریشتەکان هەڵدەستێت، ئەوەی گەلەکەت دەپارێزێت. کاتێکی ئەوەندە تەنگ دەبێت کە لەوەتەی نەتەوە دروستبووە هەتا ئەو کاتە شتی وا نەبووبێت. بەڵام لەو کاتەدا هەرکەسێک لە گەلەکەی تۆ ناوی لە پەڕتووکدا نووسرابێت، دەرباز دەبێت. زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا دەنوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی. تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن.

«تۆش ئەی دانیال، هەتا سەردەمی کۆتایی وشەکان بە نهێنی بهێڵەوە و تۆمارەکە بپێچەوە. خەڵکێکی زۆر لێرە و لەوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بەدەستبهێنن.»

ئینجا من کە دانیالم، تەماشام کرد بینیم دوو فریشتەی دیکە ڕاوەستاون، یەکێکیان لەسەر ئەو کەنارەی ڕووبارەکە، ئەوی دیکەیان لەسەر کەنارەکەی دیکە. یەکێکیان بەو پیاوەی گوت کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو: «کەی ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکان تەواو دەبێت؟»

ئەو پیاوەی کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو، دەستی ڕاست و دەستی چەپی بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە. گوێم لێ بوو سوێندی بەوە خوارد کە هەتاهەتایە زیندووە: «تاکو سێ ساڵ و نیو[e]. کاتێک هێزی گەلە پیرۆزەکە بە تەواوی شکێنرا، هەموو ئەمانەش تەواو دەبێت.»

من گوێم لێبوو، بەڵام تێنەگەیشتم، ئیتر گوتم: «گەورەم، کۆتایی هەموو ئەمانە چییە؟»

ئەویش گوتی: «دانیال، تۆ بڕۆ، چونکە هەتا کاتی کۆتایی وشەکان لە پەڕتووکی داخراودا بە نهێنی هێڵدراوەتەوە. 10 خەڵکانێکی زۆر پاک دەبنەوە و بێ خەوش و پوختە دەبن، بەڵام خراپەکاران لە خراپە بەردەوام دەبن. کەس لە خراپەکاران تێناگات، بەڵام تێگەیشتووان تێدەگەن.

11 «لە کاتی داماڵینی قوربانی ڕۆژانە هەتا دانانی قێزەونی وێرانکەر، هەزار و دوو سەد و نەوەد ڕۆژ دەخایەنێت. 12 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی چاوەڕێ دەکات و دەگاتە هەزار و سێ سەد و سی و پێنج ڕۆژ.

13 «بەڵام تۆ، بڕۆ هەتا کاتی هاتنی کۆتایی پشوو بدە، لە کۆتایی ڕۆژگار هەڵدەستیتەوە بۆ وەرگرتنی میراتی خۆت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.