Chronological
دارێک لە خەونی نەبوخودنەسر
4 لە نەبوخودنەسری پاشاوە،
بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن:
هەر سەرکەوتوو بن!
2 بە باشم زانی ئەو نیشانە و پەرجووانە[a] ڕابگەیەنم کە خودای هەرەبەرز لەگەڵ مندا کردی.
3 نیشانەکانی چەند گەورەن و
کارە پەرجووەکانی چەند بەهێزن!
پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و
دەسەڵاتیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.
4 من نەبوخودنەسرم، لە ماڵەکەم بێ خەم بووم و لەناو کۆشکەکەمدا ئاسوودە بووم. 5 خەونێکم بینی منی ترساند، کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، ئەو شتانەی بە مێشکمدا هاتن و بینینەکەم منیان تۆقاند. 6 ئینجا فەرمانم کرد هەموو داناکانی بابل بهێننە بەردەمم بۆ لێکدانەوەی خەونەکەم. 7 کاتێک جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوە هاتن، خەونەکەم بۆ گێڕانەوە، بەڵام نەیانزانی لێکی بدەنەوە. 8 لە کۆتاییدا دانیال هاتە بەردەمم، ئەوەی ناوی بێلتەشەسرە، ناوێکی خوداوەندانەیە، ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانی تێدایە، خەونەکەم بۆی گێڕایەوە.
9 گوتم: «بێلتەشەسر، گەورەی جادووگەران، لەبەر ئەوەی کە دەزانم ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە، هیچ نهێنییەک بۆ تۆ قورس نییە. ئەوە خەونەکەمە، بۆم لێکبدەوە. 10 کە لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم ئەم بینینانەم بۆ ئاشکرا کرا: تەماشام کرد، لەبەردەمم دارێکی زۆر بەرز لە ناوەڕاستی خاکەکەیە. 11 دارەکە گەشەی کرد و بەهێز بوو، بەرزی گەیشتە ئاسمان، لەوپەڕی زەوی دەبینرا. 12 گەڵاکانی جوان بوو، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو. گیانلەبەرانی دەشتودەر لەژێر سێبەرەکەیدا بوون، باڵندەکانی ئاسمان لە لقەکانیدا نیشتەجێ بوون، هەموو بوونەوەر لێیان خوارد.
13 «لەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، تەماشام کرد، فریشتەیەکی پیرۆز لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە. 14 بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: ”دارەکە ببڕنەوە و لقەکانی بشکێنن، گەڵاکانی بوەرێنن و بەرەکەی پەرتوبڵاو بکەنەوە. با گیانلەبەران لە ژێری و باڵندە لە لقەکانی هەڵبێن. 15 بەڵام با بنەدارەکە و ڕەگەکەی کە بە ئاسن و بڕۆنز بەستراون لەناو گژوگیای زەوی بمێننەوە.
«”با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ گیانلەبەران لەنێو گژوگیای زەوی بژیێت. 16 با مێشکی لە مرۆڤەوە بگۆڕێت و مێشکی ئاژەڵی بدرێتێ، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.[b]
17 «”ئەو بڕیارە لەلایەن فریشتەکانەوە ڕاگەیەنرا، ئەو حوکمە بە پیرۆزەکان دراوە، بۆ ئەوەی زیندووان بزانن کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتدارە بەسەر پاشایەتی مرۆڤدا، هەروەها دەیداتە هەر یەکێک بیەوێت، پایە نزمترین کەسی لەسەر دادەنێت.“
18 «من نەبوخودنەسر پاشام، ئەم خەونەم بینی. ئێستا تۆ ئەی بێلتەشەسر، لێکی بدەوە، چونکە هەموو دانایانی پاشایەتییەکەم ناتوانن بۆمی لێک بدەنەوە. بەڵام تۆ دەتوانیت، چونکە ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە.»
دانیال خەونەکە لێک دەداتەوە
19 لەو کاتەدا دانیال کە ناوی بێلتەشەسر بوو، بۆ ماوەیەک واقی وڕما و بیرکردنەوەکانی ترساندی، پاشاش گوتی: «بێلتەشەسر، با خەونەکە و لێکدانەوەکەی نەتترسێنن.»
بێلتەشەسریش وەڵامی دایەوە: «گەورەم، خۆزگە خەونەکە بۆ نەیارانت و لێکدانەوەکەشی بۆ دوژمنانت بووایە! 20 ئەو دارەی کە بینیت گەورە و بەهێز بوو، بەرزییەکەی گەیشتە ئاسمان، لە هەموو زەوییەوە دەبینرا، 21 گەڵاکانی جوان بوون، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو، لە ژێریدا گیانلەبەرانی دەشتودەر نیشتەجێ بوون و لە لقەکانیدا باڵندەکانی ئاسمان نیشتەجێ بوون. 22 ئەی پاشا، ئەو دارە تۆیت! تۆ گەورە بوویت و بەهێز بوویت، گەورەییت زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاسمان، دەسەڵاتیشت هەتا ئەوپەڕی زەوی.
23 «ئەی پاشا تۆ فریشتەیەکت بینی، پیرۆزێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و گوتی: ”دارەکە ببڕنەوە و لەناوی ببەن، بەڵام واز لە بنەدارەکەی بهێنن، بە ئاسن و بڕۆنز بەستراون، لەنێو گژوگیای زەویدا بێت، ڕەگەکانی لە زەویدا بمێنێتەوە. با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ ئاژەڵی کێوی بژیێت، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.“
24 «ئەی پاشا، ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، ئەمە بڕیاری خودای هەرەبەرزە کە بەسەر پاشای گەورەمدا دێت: 25 لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت و بە شەونمی ئاسمان تەڕ دەکرێیت و حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی. 26 ئەو فەرمانەی درا بە وازهێنان لە بنەدارەکە و ڕەگەکانی دارەکە، واتە پاشایەتییەکەت بۆ خۆت دەگەڕێتەوە، کاتێک دان بەوەدا دەنێیت کە ئاسمان دەسەڵاتدارە. 27 ئەی پاشا، لەبەر ئەوە با ڕاوێژەکەم لەلات پەسەند بێت: واز لە گوناه و تاوان بهێنە، چاکە بکە و لەگەڵ هەژارەکان میهرەبان بە، بەڵکو ئاسوودەییت بەردەوام بێت.»
هاتنە دی خەونەکە
28 هەموو ئەم شتانە بەسەر نەبوخودنەسری پاشادا هات. 29 پاش دوازدە مانگ کاتێک لە سەربانی کۆشکی پاشایەتی بابلدا هاتوچۆی دەکرد، 30 پاشا گوتی: «ئایا ئەمە بابلی مەزن نییە کە بۆ ماڵی پاشایەتی بە هێزی توانای خۆم و بۆ شانازی شکۆمەندی خۆم بنیادم نا؟»
31 هێشتا وشەکە لە دەمی پاشادا بوو، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات و گوتی: «ئەی نەبوخودنەسری پاشا، بڕیار لەسەر تۆ دراوە: پاشایەتیت لێ دەستێنرێتەوە. 32 لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت. حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.»
33 هەر لەو کاتەدا کارەکە بەسەر نەبوخودنەسردا جێبەجێ بوو. لەنێو خەڵک دەرکرا و وەک گا گیای خوارد. لاشەکەی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو هەتا مووی وەک پەڕی هەڵۆ درێژ بوو و نینۆکەکانی وەک باڵندە.
34 لە کۆتایی ماوەکەدا، من نەبوخودنەسرم، چاوم بۆ ئاسمان هەڵبڕی و هۆشم گەڕایەوە. ئینجا سوپاس و ستایشی هەرەبەرزەکەم کرد و شکۆدارم کرد کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە.
دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتی هەتاهەتاییە و
پاشایەتییەکەی بۆ نەوە دوای نەوەیە.
35 هەموو دانیشتووانی زەوی
وەک هیچ دانراون.
ئەو بە خواستی خۆی دەکات
لەگەڵ هێزەکانی ئاسمان و
دانیشتووانی زەوی.
کەس نییە دەستی بگرێت
یان پێی بڵێت، «چی دەکەیت؟»
36 لەو کاتەدا هۆشم گەڕایەوە، شانازی پاشایەتییەکەم بۆم گەڕایەوە لەگەڵ شکۆمەندی و گەورەییم. ڕاوێژکاران و گەورە پیاوەکانم داوایان کردمەوە، لەسەر پاشایەتییەکەم جێگیر بووم و گەورەییم زۆر زیادی کرد. 37 ئێستاش من نەبوخودنەسرم، سوپاس و ستایشی پاشای ئاسمان دەکەم و شکۆداری دەکەم، ئەوەی هەموو کارەکانی ڕاستن و ڕێگاکانی دادپەروەرن، ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە هەڵسوکەوت بکەن ئەو دەتوانێت زەلیلیان بکات.
نووسراوەکەی سەر دیوار
5 بێلشەسری پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەزار گەورە پیاوەکەی سازکرد و شەرابی لەگەڵیان خواردەوە. 2 لەو کاتەی کە بێلشەسر شەرابەکەی دەنۆشی فەرمانی دا ئەو قاپوقاچاغە زێڕ و زیوە بهێنن کە نەبوخودنەسری باوکی[c] لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنابوون، بۆ ئەوەی پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێی بخۆنەوە. 3 ئینجا ئەو قاپوقاچاغە زێڕەیان هێنا کە لە پەرستگای ماڵی خودا لە ئۆرشەلیمەوە دەرهێنرابوو، پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێیان خواردەوە. 4 شەرابیان دەخواردەوە و ستایشی خوداوەندە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردینەکانیان دەکرد.
5 لەناکاو پەنجەکانی دەستێکی مرۆڤانە دەرکەوت و لەسەر گەچی دیوارەکەی کۆشکی پاشا لەتەنیشت چرادانەکە دەستی بە نووسین کرد، پاشاش تەماشای دەستەکەی کرد کە دەینووسی. 6 ئینجا ڕەنگی پاشا پەڕی و بیرکردنەوەکانی تۆقاندیان و قاچەکانی هێزیان لێ برا و ئەژنۆکانی کەوتنە لەرزین.
7 پاشا بە دەنگی بەرز هاواری کرد کە ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان بهێننە ژوورەوە. پاشا بەم دانایانەی بابلی گوت: «هەر پیاوێک ئەو نووسینە بخوێنێتەوە و بۆم لێکبداتەوە، ئەوا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دەکرێت، ملوانکەی زێڕیش لە ملی دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبێتە سێیەم دەسەڵاتدار.»
8 ئینجا هەموو داناکانی پاشا چوونە ژوورەوە، بەڵام نەیانتوانی نووسینەکە بخوێننەوە و بۆ پاشا لێکی بدەنەوە. 9 لەبەر ئەوە بێلشەسر زۆر ترسا و ڕەنگی گۆڕا و گەورە پیاوەکانیش شڵەژان.
10 بەڵام شاژنی دایک لەبەر دەنگی پاشا و گەورە پیاوانی چووە هۆڵی خوانەکە، شاژن بە پاشای گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! با بیرکردنەوەکانت نەتترسێنن و ڕەنگت نەگۆڕێت! 11 لە پاشایەتییەکەتدا پیاوێک هەیە ڕۆحی خودا پیرۆزەکانی تێدایە، لە سەردەمی باوکت ڕووناکبیری و زیرەکی و داناییەکی وەک دانایی خوداوەندەکانی تێدا بەدی کراوە. نەبوخودنەسری پاشای باوکت کردی بە گەورەی جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان. 12 ئەو پیاوە دانیالە، کە پاشا ناوی لێناوە بێلتەشەسر، کە ڕۆحێکی تەواو و زانین و زیرەکی و لێکدانەوەی خەون و هەڵهێنانی مەتەڵ و چارەسەرکردنی گیروگرفتی تێدا بینراوە. با ئێستا دانیال بانگ بکرێت و لێکی بداتەوە.»
13 ئینجا دانیال هێنرایە بەردەم پاشا، پاشاش پێی گوت: «ئایا تۆ ئەو دانیالەی کە لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایت، ئەوەی پاشای باوکم لە یەهوداوە هێنای؟ 14 بیستوومە کە ڕۆحی خوداوەندەکان و ڕووناکبیری و زیرەکی و دانایی تەواوت تێدایە. 15 ئێستاش دانا و ئەفسونگەرەکان بۆ بەردەمم هێنرانە ژوورەوە، بۆ ئەوەی ئەم نووسینە بخوێننەوە و پێم بڵێن مەبەستی چییە، بەڵام نەیانتوانی لێکی بدەنەوە. 16 من بیستوومە کە تۆ دەتوانیت شت لێکبدەیتەوە و نهێنییە شاراوەکان ئاشکرا بکەیت. ئەگەر ئێستا توانیت ئەو نووسینە بخوێنیتەوە و بۆم لێکبدەیتەوە، ئەوا جلی ڕەنگ ئەرخەوانیت لەبەر دەکرێت و ملوانکەی زێڕیش لە ملت دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبیتە سێیەم دەسەڵاتدار.»
17 دانیالیش وەڵامی پاشای دایەوە: «با دیارییەکانت بۆ خۆت بن و پاداشتەکانت بە کەسێکی دیکە بدە، بەڵام من نووسینەکە بۆ پاشا دەخوێنمەوە و بۆی لێکدەدەمەوە.
18 «ئەی پاشا، خودای هەرەبەرز پاشایەتی و گەورەیی و شکۆمەندی و هێزی دایە نەبوخودنەسری باوکت. 19 بەهۆی ئەو گەورەییەی کە پێیدا، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان لەبەردەمی دەتۆقین و دەلەرزین. ئەوەی ویستی کوشتی و ئەوەی ویستی بە زیندوویی هێشتییەوە و ئەوەی ویستی بەرزی کردەوە و ئەوەی ویستی نزمی کردەوە. 20 بەڵام کاتێک دڵی بە فیز بوو و کەللە ڕەق بوو، لە تەختی پاشایەتی هێنرایە خوارەوە و شکۆیەکەی لێسەنرایەوە. 21 لەنێو خەڵکدا دەرکرا و مێشکی وەک مێشکی ئاژەڵی لێهات، لەگەڵ کەرەکێوی دەژیا و وەک گا گژوگیای دەخوارد، لەشی بە شەونمی ئاسمان تەڕبوو، هەتا دانی بەوەدا نا کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتی لەسەر پاشایەتی مرۆڤدا هەیە، دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.
22 «بەڵام تۆ ئەی بێلشەسری کوڕی، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەمەت زانی، خۆتت نزم نەکردووەتەوە. 23 بەڵکو خۆتت لە پەروەردگاری ئاسمان بە بەرزتر زانی، قاپوقاچاغەکانی پەرستگاکەی ئەویان هێنایە بەردەمت و تۆش خۆت و گەورە پیاوان و ژنەکانت و کەنیزەکانت تێیاندا شەرابتان خواردەوە. ستایشی بتە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردەکانت کرد، کە نابینن و تێناگەن و نازانن. بەڵام خودا ئەوەی هەناسەی تۆ و هەموو ڕێگاکانت بە دەستی ئەوە، ئەوت شکۆدار نەکرد. 24 لەبەر ئەوە ئەو دەستە لەلای ئەوەوە نێردرا و ئەم نووسینەی نووسی.
25 «ئەمە ئەو نووسینەیە کە نووسراوە:
مەنێ[d]، مەنێ، تەقێل[e] و پەرسین[f].
26 «ئەمەش لێکدانەوەی وشەکانە:
مەنێ: خودا ڕۆژانی پاشایەتییەکەی تۆی ژمارد و کۆتایی پێ هێنا.
27 تەقێل: بە تەرازووەکان کێشرایت و نەقوستان دەرچوویت.
28 پەرس: پاشایەتییەکەت دابەش کرا و درایە ماد و فارس.»
29 ئینجا بێلشەسر فەرمانی دا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دانیال بکەن و ملوانکەی زێڕیش لە ملی بکەن و جاڕبدەن کە لە پاشایەتییەکەدا بووە سێیەم دەسەڵاتدار.
30 هەر لەو شەوەدا بێلشەسری پاشای بابلییەکان کوژرا، 31 داریوشی ماد لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا دەستی بەسەر پاشایەتییەکەدا گرت.
دانیال لەناو چاڵی شێرەکان
6 داریوش پێی باش بوو سەد و بیست میر بەسەر پاشایەتییەکەوە دابنێت، بەسەر هەموو پاشایەتییەکەوە بن. 2 لە سەرووی ئەوانیشەوە سێ وەزیر، یەکێکیان دانیال بوو، بۆ ئەوەی میرەکان هەژماردەکان بخەنە بەردەمیان تاکو پاشا زیانی پێ نەگات. 3 ئەوە بوو دانیال لە هەموو وەزیر و میرەکان پێشکەوتووتر بوو، چونکە توانایەکی نائاسایی هەبوو، پاشاش پلانی هەبوو کە لەسەر هەموو پاشایەتییەکە دایبنێت. 4 لەبەر ئەوە وەزیر و میرەکان هەوڵیان دا هۆیەک ببیننەوە بۆ سکاڵاکردن لە دژی دانیال سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری پاشایەتییەکە، بەڵام نەیانتوانی هیچ گەندەڵییەک لە دانیال ببیننەوە، چونکە دەستپاک بوو و گەندەڵی و کەمتەرخەمی تێدا نەبوو. 5 ئینجا ئەو پیاوانە گوتیان: «هیچ هەڵەیەک لەم دانیالەدا نابینینەوە، تەنها ئەگەر لەبارەی شەریعەتی[g] خوداکەیەوە نەبێت.»
6 جا ئەو وەزیر و میرانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و پێیان گوت: «ئەی داریوش پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! 7 هەموو وەزیرەکانی پاشایەتییەکە و فەرمانڕەوا و میر و ڕاوێژکار و پارێزگارەکان ڕاوێژیان کرد وابکەن پاشا فەرمانێک دەربکات و بڕیارەکە جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ هەر داوایەک لە خوداوەندێک یان مرۆڤێک بکات، جگە لە تۆ، ئەی پاشا، با فڕێبدرێتە ناو چاڵی شێرەکان. 8 ئێستاش ئەی پاشا فەرمانەکە دەربکە و ئیمزای لەسەر بکە، بۆ ئەوەی هەروەک یاساکانی ماد و فارس نەگۆڕ بێت کە پووچەڵ نابێتەوە.» 9 ئیتر داریوشی پاشا فەرمانەکەی نووسی و ئیمزای کرد.
10 کە دانیال بە ئیمزاکردنی فەرمانەکەی زانی، گەڕایەوە ماڵەوە، چووە ژوورەکەی سەرەوە کە پەنجەرەکەی ڕووەو ئۆرشەلیم دەکرایەوە. سێ جار لە ڕۆژێکدا چووە سەر چۆک و لەبەردەم خوداکەی نوێژی کرد و سوپاسی کرد، هەروەک پێش ئەوە دەیکرد. 11 ئینجا ئەو پیاوانە پێکەوە کۆبوونەوە، بینییان دانیال لەبەردەم خوداکەیدا نوێژ دەکات و دەپاڕێتەوە. 12 دەستبەجێ چوونە لای پاشا و سەبارەت بە فەرمانە پاشایەتییەکەی قسەیان کرد: «ئەی پاشا، ئایا تۆ فەرمانێکت ئیمزا نەکرد کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ لە هەر خوداوەندێک یان مرۆڤێک داوایەک بکات جگە لە تۆ ئەی پاشا، فڕێدەدرێتە ناو چاڵی شێرەکانەوە؟»
پاشا گوتی: «فەرمانەکە ڕاستە و هەروەک یاساکانی ماد و فارس وایە کە پووچ نابێتەوە.»
13 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و لەبەردەم پاشا گوتیان: «ئەو دانیالەی لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایە، ئەی پاشا، هیچ گوێی نە بە تۆ و نە بەو فەرمانەی کە ئیمزات کردووە نەداوە، بەڵکو ڕۆژانە سێ جار نوێژ دەکات.» 14 کە پاشا گوێی لەم قسەیە بوو زۆر دڵتەنگ بوو، مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی دانیال دەرباز بکات و هەتا خۆر ئاوابوون هەوڵی دا ڕزگاری بکات.
15 بەڵام ئەو پیاوانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، لە یادت نەچێت کە یاساکانی ماد و فارس ئەوەیە کە هەر فەرمان و بڕیارێک پاشا دەریبکات، ناگۆڕدرێت.»
16 ئینجا پاشا فەرمانی دا، دانیالیان هێنا و فڕێیان دایە ناو چاڵی شێرەکان. پاشا بە دانیالی گوت: «با خوداکەت کە تۆ بە بەردەوامی خزمەتی دەکەیت، ئەو ڕزگارت بکات.»
17 بەردێک هێنرا و لەسەر دەمی چاڵەکە دانرا، پاشا بە مۆری خۆی و مۆری گەورە پیاوانی مۆری کرد، بۆ ئەوەی کەس هەوڵ نەدات دانیال ڕزگار بکات. 18 ئیتر پاشا گەڕایەوە کۆشکەکەی و بەبێ خواردن و ڕابواردن شەوی بەسەربرد و خەوی لێ زڕا.
19 بەیانی زوو پاشا هەستا و بە پەلە چووە لای چاڵی شێرەکان. 20 کاتێک لە چاڵەکە نزیک بووەوە، بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە بانگی دانیالی کرد و گوتی: «ئەی دانیال، بەندەی خودای زیندوو! ئایا ئەو خودایەی بەردەوام دەیپەرستیت توانی لە شێرەکان ڕزگارت بکات؟»
21 دانیالیش وەڵامی دایەوە: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! 22 خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست، هیچ زیانیان پێ نەگەیاندم، چونکە لەبەردەم ئەو بێتاوان بووم. ئەی پاشا، لەبەردەم تۆشدا هیچ تاوانێکم نەکردووە.»
23 پاشا دڵی خۆش بوو، فەرمانی دا دانیال لە چاڵەکە سەربخەن. دانیال لە چاڵەکەوە سەرخرا و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتبوو، چونکە پشتی بە خودای خۆی بەست.
24 ئینجا پاشا فەرمانی دا، ئەو پیاوانەیان هێنا کە سکاڵایان لە دانیال کرد و فڕێیان دانە ناو چاڵی شێرەکان، خۆیان و ژن و منداڵەکانیان. هێشتا نەگەیشتبوونە بن چاڵەکە، شێرەکان پەلاماریان دان و هەموو ئێسکەکانیان تێکشکاندن.
25 دوای ئەوە داریوشی پاشا ئەمەی بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان نووسی کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن:
هەر سەرکەوتوو بن!
26 لە منەوە فەرمان دەرچووە بەوەی کە لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مندا، خەڵک لە خودای دانیال دەترسن و ڕێزی لێ دەگرن.
لەبەر ئەوەی ئەو خودای زیندووە و
بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت،
پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت و
دەسەڵاتی بێ کۆتاییە.
27 ئەو ڕزگار دەکات و دەرباز دەکات،
نیشانە و کاری سەرسوڕهێنەر دەکات
لە ئاسمان و لەسەر زەوی.
ئەو دانیالی لە چنگی شێرەکان
ڕزگار کرد.
28 ئیتر دانیال لە پاشایەتی داریوش و لە پاشایەتی کۆرشی فارسی سەرکەوتوو بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.