Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 46-48

46 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەروازەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات لە حەوشەکەی ناوەوە شەش ڕۆژی کارکردن داخراو دەبێت، تەنها لە ڕۆژی شەممە و لە سەرەمانگ دەکرێتەوە. میر لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکە لە دەرەوە دێتە ژوورەوە و لەلای نیرگەی دەروازەکە دەوەستێت و کاهینەکان قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییەکانی هاوبەشی دەکەن، ئەویش لەلای بەردەرگاکە کڕنۆش دەبات و پاشان دەچێتە دەرەوە، بەڵام دەروازەکە هەتا ئێوارە داناخرێت. گەلی خاکەکەش لە ڕۆژانی شەممە و لە سەرەمانگەکان لەبەر دەرکی ئەم دەروازەیە لەبەردەم یەزدان کڕنۆش دەبەن. ئەو قوربانی سووتاندنەی میر بۆ یەزدانی پێشکەش دەکات لە ڕۆژی شەممەدا شەش بەرخی نێری ساغ و بەرانێکی ساغە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەشی یەک ئێفەیە بۆ بەرانەکە و بۆ بەرخەکانیش پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئەوەندەی بەخشینی دەستی و یەک هەین زەیتیش بۆ ئێفەیەک. لە سەرەمانگانیشدا، جوانەگایەکی ساغ و شەش بەرخ و بەرانێکی ساغ پێشکەش دەکات. میر پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش ئێفەیەک بۆ جوانەگاکە دابین دەکات، لەگەڵ ئێفەیەک بۆ بەرانەکە، بۆ بەرخەکانیش بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێت، بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت دابین دەکات. کاتێک میر دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ناوەوە، هەروەها لە هەمان ڕێگاشەوە دەچێتە دەرەوە.

«”کاتێک لە جەژنەکان گەلی خاکەکە دێنە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە بۆ کڕنۆش بردن دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دەچێتە دەرەوە؛ ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دێتە ژوورەوە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە دەچێتە دەرەوە. کەس بەو ڕێگایەدا ناگەڕێتەوە کە پێدا هاتە ژوورەوە، بەڵکو لە ڕێگاکەی بەرامبەرییەوە دەچێتە دەرەوە. 10 گەل بە یاوەری میر دێنە ژوورەوە و هەروەها دەچنە دەرەوە. 11 لە جەژن و جەژنە دیاریکراوەکان پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئێفەیەک بۆ جوانەگا و ئێفەیەک بۆ بەران دەبێت، بۆ بەرخەکانیش هەرکەسێک بەگوێرەی توانای خۆی و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت.

12 «”ئەگەر میر بە خواستی خۆی لە پێناوی خودا بەخشینێکی ئازادی دا، قوربانی سووتاندن یان قوربانی هاوبەشی بێت، ئەوا ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆی دەکرێتەوە. وەک ئەوەی لە ڕۆژانی شەممەدا دەیکات، میر قوربانی سووتاندنەکەی یان قوربانییە هاوبەشییەکانی دەکات، پاشان دەچێتە دەرەوە و لەدوای چوونەدەرەوەکەی دەروازەکە دادەخرێت.

13 «”هەموو ڕۆژێک سەر لە بەیانی بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ دەکەیتە قوربانی سووتاندن. 14 هەموو بەیانییەک لەگەڵ بەرخەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ دەکەیت، شەش یەکی ئێفەیەک و زەیتەکەشی سێ یەکی هەینێک بۆ تەڕکردنی ئاردە سفرەکە، قوربانی خۆراکە بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوامە. 15 هەموو بەیانییەک بە بەردەوامی بەرخەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکە دەکەنە قوربانی سووتاندن.

16 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر میر دیارییەکی دایە یەکێک لە کوڕەکانی، ئەوا وەک میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە، موڵکی خۆیانە بە میرات. 17 بەڵام ئەگەر دیارییەکی دایە یەکێک لە کۆیلەکانی خۆی، ئەوا هەتا ساڵی ئازادکردنی بۆ کۆیلەکەی دەبێت، پاشان بۆ میرەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام میراتەکەی خۆی تەنها بۆ کوڕەکانی دەبێت. 18 میر لە میراتی گەل نابات، بەوەی لە موڵکی خۆیان دەریانبکات. لە موڵکی خۆی میرات بە کوڕەکانی دەدات، بۆ ئەوەی گەلەکەم کەس لە موڵکی خۆی بێبەش نەبێت.“»

19 ئینجا لەو دەرگایەی لەتەنیشت دەروازەکە بوو منی هێنایە ئەو ژوورە تەرخانکراوانەی ڕووەو باکوور کە هی کاهینەکان بوون. شوێنێکی نیشاندام لە کۆتایی ڕۆژئاوای ژوورەکان. 20 پێی فەرمووم: «ئەمە ئەو شوێنەیە کە کاهینەکان تێیدا قوربانی تاوان و قوربانی گوناه دەکوڵێنن و لێرە پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەکەن بە نان، نەوەک بیبەنە خانەکانی دەرەوە و گەل پیرۆز بکەن.»

21 ئینجا بردمییە خانەکانی دەرەوە و بەسەر هەر چوار گۆشەکەی حەوشەکەدا و بینیم لە هەر گۆشەیەک چێشتخانەیەک هەبوو. 22 لە هەر چوار گۆشەکەی خانەکانی دەرەوە چێشتخانە هەبوون، هەر یەکێکیان درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەر چوار چێشتخانەکە لە ئەندازەدا یەکسان بوون. 23 بە چواردەوری هەر چێشتخانەیەکدا لێوارێکی بەردینی هەبوو، لە دامێنی لێوارەکەش ئاگردان بوو. 24 پێی فەرمووم: «ئەمانە چێشتخانەن کە خزمەتکارەکانی پەرستگا قوربانییەکانی گەلی تێدا لێدەنێن.»

ڕووبارێک لە پەرستگاوە دەچێتە دەرەوە

47 پاشان پیاوەکە منی هێنایەوە شوێنی هاتنە ژوورەوە بۆ پەرستگاکە و بینیم ئاو لەژێر سەکۆی دەروازەی پەرستگاکەوە هەڵدەقوڵێت و بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات، چونکە پەرستگاکە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. ئاوەکان لەژێر لای ڕاستی پەرستگاکە لە باشووری قوربانگاکە بەرەو خوار دەڕۆیشتن. ئینجا لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی بردە دەرەوە، لە دەرەوە منی بە ڕێگاکەدا سووڕاندەوە هەتا دەروازەکەی دەرەوە لەو ڕێگایەی ڕووی بەرەو ڕۆژهەڵاتە و ئەوەتا ئاو بەلای باشووردا دەڕوات.

کاتێک پیاوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چووە دەرەوە گوریسێکی پێوانەشی بە دەستەوە بوو و هەزار باڵی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکەش هەتا هەردوو قولەپێ بوو. دووبارە هەزار باڵی دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە تاکو هەردوو ئەژنۆ بوو. پاشان هەزاری دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە هەتا ناوقەد بوو. بە هەمان شێوە هەزاری دیکەی پێوا و بینیم ڕووبارێکە کە نەمتوانی بپەڕمەوە، چونکە ئاوەکە هەستابوو. ئاوی مەلەکردن بوو، ڕووبارێک بوو کە بواری پەڕینەوەی لێ نەبوو. لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟»

ئینجا بردمی و منی هێنایەوە کەناری ڕووبارەکە. کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون. پێی فەرمووم: «ئەم ئاوە دەردەچێت بەرەو هەرێمی ڕۆژهەڵات و دادەبەزێت بۆ عەراڤا[a] و ئینجا دەچێت بۆ دەریای مردوو. کە دێتە ناو دەریاکە، ئاوی دەریای مردوو سازگار دەکات. بۆ هەرکوێ ڕووبارەکە بچێت، کۆمەڵی زیندەوەران لەوێ دەژین و ماسیش زۆر زۆر دەبێت، چونکە ئەم ئاوە دەڕژێتە ناو ئاوە سوێرەکان و سازگاریان دەکات و هەموو ئەوەی ڕووبارەکەی بۆ بێت دەژیێت. 10 لە کانی گەدی هەتا کانی عەگلەیم ماسیگرەکان لەسەر کەنارەکانی ڕادەوەستن و چەند شوێنێک دەبێت بۆ تۆڕ هەڵدان، ماسییەکانی جۆراوجۆر دەبن وەک ماسییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست[b] جۆرەکانی زۆر زۆر دەبێت. 11 بەڵام گۆم و زۆنگاوەکانی سازگار نابن، بە سوێری دەمێننەوە بۆ خوێگرتن. 12 لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»

سنوورەکانی خاکەکە

13 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «بەپێی ئەم سنوورە خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن بەسەر دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل، یوسفیش دوو بەشی بەردەکەوێت، 14 بۆتان دەبێت بە میرات، هەریەکە بەقەد براکەی، سوێندم خوارد بیدەمە باوباپیرانی ئێوە و ئەم خاکە دەبێتە میراتتان.

15 «ئەمە سنووری خاکەکەیە:

لەلای باکوور لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، لە ڕێگای حەتلۆن دەروازەی حەمات تێ دەپەڕێت هەتا دەگاتە چەداد 16 و بێرۆتا و سیڤرەیم کە لەنێوان سنووری دیمەشق و سنووری حەماتە و حەچەر هەتیخۆن کە لەسەر سنووری حەورانە. 17 سنووریش لە دەریاوە هەتا حەچەر عێینان درێژ دەبێتەوە، بە باکووری شاری دیمەشقدا دەڕوات هەتا باشووری هەرێمی حەمات. ئەمە شێوەی سنووری باکوور دەبێت.

18 لای ڕۆژهەڵاتیش لە دیمەشقەوە هەتا حەوران دەپێون، پاشان کەناری ڕووباری ئوردون کە لەنێوان گلعاد و خاکی ئیسرائیلە، هەروەها دەریای مردوو هەتا تامار. ئەمە لای ڕۆژهەڵاتە.

19 لای باشووریش، سنوورەکە لە تامارەوە هەتا مێرگی مەریبای قادێش دەڕوات، پاشان بە درێژایی دۆڵی میسر هەتا دەریای سپی ناوەڕاست، ئەمەش لای باشوورە.

20 لای ڕۆژئاواش، دەریای سپی ناوەڕاست لە سنوورەکەوە هەتا بەرامبەر دەروازەی حەمات، ئەمەش لای ڕۆژئاوایە.

21 «ئەم زەویانە بەپێی هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان بەش دەکەن. 22 بە تیروپشک میراتەکە دابەش دەکەن بۆ خۆتان و بۆ ئەو نامۆیانەشی لەنێوتان نیشتەجێ بوون کە لەنێوتان منداڵیان دەبێت، لەناو نەوەی ئیسرائیل وەک هاوڵاتی هەژمارد دەکرێن، لەناو هۆزەکانی ئیسرائیل میراتتان لەگەڵ بەش دەکەن. 23 نامۆکە لە سنووری هەر هۆزێک نیشتەجێ دەبێت، لەوێش میراتی دەدەنێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

دابەشکردنی خاکەکە

48 «ئەمانەش هۆزەکانن، کە بەم شێوە بەپێی ناوەکانیان ڕێکخران: لەلای سنووری باکوور، یەک بەش بۆ دان دەبێت، بەلای ڕێگای حەتلۆن هەتا دەروازەی حەمات؛ حەچەر عێینان و سنووری باکووری دیمەشق بەلای حەمات بەشێک لە سنووری دان دەبن، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا.

«لەسەر سنووری دان، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئاشێر بەشێک دەبێت.

«لەسەر سنووری ئاشێر، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ نەفتالی بەشێک دەبێت.

«لەسەر سنووری نەفتالی، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ مەنەشە بەشێک دەبێت.

«لەسەر سنووری مەنەشە، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئەفرایم بەشێک دەبێت.

«لەسەر سنووری ئەفرایم لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ڕەئوبێن بەشێک دەبێت.

«لەسەر سنووری ڕەئوبێن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەهودا بەشێک دەبێت.

«لەسەر سنووری یەهودا لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا ئەو دیارییە تایبەت دەبێت کە پێشکەشی دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ[c] بە پانی و درێژییەکەشی وەک یەکێک لە بەشی هۆزەکان لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا، پیرۆزگاش لەناوەڕاستی دەبێت.

«ئەو بەشەش کە بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی و دە هەزار[d] باڵیش پانی دەبێت. 10 ئەمە دەبێتە بەشی تەرخانکراوی کاهینەکان: لەلای باکوورەوە بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و لەلای ڕۆژئاواشەوە دە هەزار باڵ بە پانی و لای ڕۆژهەڵاتیش دە هەزار باڵ بە پانی و لەلای باشووریش بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی دەبێت، پیرۆزگای یەزدانیش لەناوەڕاستیدا دەبێت. 11 ئەم بەشە بۆ کاهینە تەرخانکراوەکان لە نەوەی سادۆق دەبێت، بۆ ئەوانەی ئەرکەکانی منیان بەجێهێنا، ئەوانەی گومڕا نەبوون کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕا بوون هەروەک چۆن لێڤییەکان گومڕا بوون. 12 ئەمە بۆیان دەبێت بە دیارییەکی تایبەت لە بەشە تەرخانکراوی زەوییەکە، بەشێکی زۆر پیرۆز لەتەنیشت سنووری لێڤییەکان.

13 «بەشە زەوی لێڤییەکانیش بە تەریبی سنووری زەوی کاهینەکان دەبێت، بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و دە هەزاریش بە پانی، هەموو درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانییەکەشی دە هەزار باڵ دەبێت. 14 نە لێی دەفرۆشن و نە دەیگۆڕن و نە یەکەم بەری زەوییەکە بە کەسی دیکە دەدەن، چونکە تەرخانکراوە بۆ یەزدان.

15 «ئەو زەوییەی ماوەتەوە کە پانییەکەی پێنج هەزار باڵ و درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵە بۆ هەموو دانیشتووانی شارەکە دەبێت بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگا، شارەکەش لەناوەڕاستیدا دەبێت. 16 ئەمەش پێوانەکانییەتی، لای باکوور چوار هەزار و پێنج سەد[e] باڵ و لای باشوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژهەڵات چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژئاوا چوار هەزار و پێنج سەد باڵ. 17 بۆ شارەکەش لەوەڕگا دەبێت بەرەو باکوور دوو سەد و پەنجا باڵ[f]، بەرەو باشوور دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژهەڵات دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژئاوا دوو سەد و پەنجا باڵ. 18 ئەوەی لە درێژییەکە دەمێنێتەوە تەریب بە بەشە تەرخانکراوەکە، دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژهەڵات و دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژئاوا، بەروبوومەکەی دەبێت بە خواردن بۆ کرێکارانی شارەکە. 19 کرێکارەکانی شارەکەش کە لە زەوییەکە کار دەکەن، لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل دەبن. 20 هەموو بەشەکە چوارگۆشەیی دەبێت، ئەندازەی هەر لایەکی بیست و پێنج هەزار باڵە. بەشە تەرخانکراوەکە لەگەڵ موڵکی شارەکە تەرخان دەکەن.

21 «ئەوەی دەمێنێتەوە لەم لا و لەو لای بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکەش بۆ میر دەبێت. سنووری زەوی میرەکە بەرەو ڕۆژهەڵات لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەی بەشە تەرخانکراوەکەوە هەتا سنووری ڕۆژهەڵات دەبێت، بەرەو ڕۆژئاواش لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست. هەردوو ناوچەکەی تەریب بە بەشی هۆزەکان موڵکی میر دەبن، بەشە تەرخانکراوەکەش لەگەڵ پیرۆزگای پەرستگاکەش لەناوەڕاستیان دەبێت. 22 ئیتر موڵکی لێڤییەکان و موڵکی شارەکەش لە ناوەڕاستی بەشی میرەکە دەبن. بەشی میرەکە لەنێوان سنووری یەهودا و سنووری بنیامین دەبێت.

23 «سەبارەت بە ئەو هۆزانەش کە ماونەتەوە: لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ بنیامین بەشێک دەبێت:

24 «لەسەر سنووری بنیامین لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ شیمۆن بەشێک دەبێت.

25 «لەسەر سنووری شیمۆن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەساخار بەشێک دەبێت.

26 «لەسەر سنووری یەساخار لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ زەبولون بەشێک دەبێت.

27 «لەسەر سنووری زەبولون لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ گاد بەشێک دەبێت.

28 «سنووری گاد لەلای باشوور بەرەو باشوور دەبێت، سنوورەکەش لە تامارەوە بۆ مێرگی مەریبای قادێش، لە دۆڵی میسرەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[g].

29 «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە میرات بەسەر هۆزەکانی ئیسرائیلدا دابەشی دەکەن و ئەمەش بەشەکانیان دەبێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

دەروازەکانی شارە نوێیەکە

30 «ئەمانەش دەروازەی چوونە دەرەوەن بۆ شارەکە: ئەندازەی لایەکی شارەکە ڕووەو باکوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، 31 دەروازەکانی شارەکەش بە ناوی هۆزەکانی ئیسرائیلەوە دەبن، سێ دەروازە ڕووەو باکوور، دەروازەی ڕەئوبێن و دەروازەی یەهودا و دەروازەی لێڤی.

32 «لەلای ڕۆژهەڵاتیش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی یوسف، دەروازەی بنیامین و دەروازەی دان.

33 «لای باشووریش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی شیمۆن، دەروازەی یەساخار و دەروازەی زەبولون.

34 «لای ڕۆژئاواش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی گاد، دەروازەی ئاشێر و دەروازەی نەفتالی.

35 «چێوەکەش هەژدە هەزار باڵ دەبێت.

«ناوی شارەکەش لەو ڕۆژەوە دەبێتە:

یەزدان لەوێیە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.