Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 42-43

ژووری کاهینان

42 ئینجا بە ڕێگای لای باکوور منی هێنایە خانەکانی دەرەوە، بردمییە ئەو ژوورانەی کە بەرامبەر شوێنە جیاکراوەکەن، ژوورەکانی بەرامبەر بیناکە لەلای باکوور. درێژی ئەو تەلارە کە دەرگاکەی ڕووی لە باکوور بوو سەد باڵ، پانییەکەشی پەنجا باڵ بوو. لەو بەشەی کە دووری لە حەوشەکەی ناوەوە بیست باڵ بوو، هەروەها لەو بەشەی کە بەرامبەر شۆستەی خانەکانی دەرەوە بوو، هۆڵ بەرامبەر هۆڵ بوو لە هەر سێ نهۆمەکە. بەرامبەر بە ژوورەکانیش ڕێڕەوێک هەبوو، پانییەکەی دە باڵ و درێژییەکەی سەد باڵ بوو، بەرەو حەوشەکەی ناوەوە و دەرگای ژوورەکانیش ڕووەو باکوور بوون. شوێنی ژوورەکان بەر هۆڵەکان کەوتبوون، لەبەر ئەوە ژوورەکانی سەرەوە لە ژوورەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بیناکە تەسکتر بوون. بیناکە سێ نهۆم بوو، ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کۆڵەکەیان نەبوو وەک کۆڵەکەی حەوشەکان، لەبەر ئەوە زەمینەکەیان لە نهۆمی خوارەوە و ناوەڕاست کەمتر بوو. ئەو دیوارەش لە دەرەوە بوو لەگەڵ ژوورەکان ڕووەو خانەکانی دەرەوە بۆ بەردەم ژوورەکان، درێژییەکەی پەنجا باڵ بوو. درێژی ژوورەکان لەلای خانەکانی دەرەوە پەنجا باڵ بوو، بەڵام درێژی لای پیرۆزگاکە سەد باڵ بوو. لەژێر ئەم ژوورانەشەوە داڵانێک هەبوو لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی لە خانەکانی دەرەوە بۆی دەهاتنە ژوورەوە.

10 ژوورەکان بە درێژایی دیواری حەوشەکە بوون بەرەو باشوور لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە و بەرامبەر بیناکە. 11 لەبەردەمی ژوورەکان ڕێڕەوێک هەبوو، وەک داڵانەکانی ئەو ژوورانەی کە بەرەو باکوور بوون، هەمان درێژی و پانی و شوێنی چوونەدەرەوە و شێوە و دەرگایان هەبوو. 12 وەک داڵانی ژوورەکانی ڕووەو باشووریش، داڵانێک لە سەرەتای ڕێڕەوەکەی بەرامبەر دیوارەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات هەبوو، کە لەوێوە بۆی دێتە ژوورەوە.

13 پێی فەرمووم: «ژوورەکانی باکوور و ژوورەکانی باشوور کە بەرامبەر بە شوێنە جیاکراوەکەن ژوورە تەرخانکراوەکانن، کە کاهینەکان ئەوانەی لە یەزدان نزیک دەبنەوە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان دەخۆن. پێشکەشکراوی هەرەپیرۆز و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان دادەنێن، چونکە شوێنەکە پیرۆزە. 14 کاتێک کاهینەکان دەچنە ژوورەوە، نابێت لە شوێنی پیرۆزەوە بچنە دەرەوە بۆ خانەکانی دەرەوە، هەتا جلەکانیان کە خزمەتی پێ دەکەن لەوێی دادەنێن، چونکە جلەکانیان تەرخانکراون، ئینجا جلێکی دیکە لەبەر دەکەن و دەچنە پێشەوە بۆ ئەو شوێنەی گەل لێی کۆدەبنەوە.»

15 کە پێوانەی دیوی ناوەوەی پەرستگای تەواو کرد منی هێنایە دەرەوە بەرەو ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە و چواردەورەکەی پێوا، 16 لای ڕۆژهەڵاتی بە قامیشی پێوانەکە پێوا، پێنج سەد باڵ[a] بوو. 17 لای باکووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. 18 لای باشووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. 19 ئینجا بەلای ڕۆژئاوا سووڕایەوە و پێنج سەد باڵی بە قامیشی پێوانە پێوا. 20 لە هەر چوار لاوە پێوای، شوورایەکی بە چواردەوری بوو کە پێنج سەد باڵ درێژییەکەی و پێنج سەد باڵ پانییەکەی بوو، بۆ جیاکردنەوە لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو.

گەڕانەوەی شکۆمەندی خودا بۆ پەرستگاکە

43 ئینجا منی بردە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. بینیم شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتەوە دەهات و دەنگی وەک دەنگی ئاوێکی زۆر بوو، خاکەکەش لەبەر شکۆمەندییەکەی دەدرەوشایەوە. بینینەکە وەک ئەو بینینە بوو کە لە کاتی هاتنی بۆ وێرانکردنی شارەکە بۆم ئاشکرا کرابوو، هەروەها وەک ئەو بینینە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بۆم ئاشکرا کرابوو، ئەو کاتە بەسەر ڕوومدا کەوتم. شکۆمەندی یەزدان لە ڕێگای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆ ناو پەرستگاکە هات. ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی بردە حەوشەکەی ناوەوە و بینیم شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە.

گوێم لێ بوو لە پیرۆزگاکەوە قسەی لەگەڵ کردم و پیاوێکیش لەتەنیشتمەوە ڕاوەستابوو. پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمە شوێنی تەختی من و شوێنی بنی پێمە، کە لەنێو نەوەکانی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە نیشتەجێ دەبم. لەمەودوا بنەماڵەی ئیسرائیل ناوی پیرۆزم گڵاو ناکەن، نە خۆیان و نە پاشاکانیان، نە بە لەشفرۆشی و نە بە تەرمی پاشاکانیان لە نزرگەکانی سەر بەرزایی. کاتێک ئەوان بەردەرگاکەیان لای بەردەرگاکەم و چوارچێوەی دەرگاکەیان لای چوارچێوەی دەرگاکەم دانا، لەنێوان من و ئەواندا تەنها دیوارێک هەبوو، جا ناوی پیرۆزی منیان بە نەریتە قێزەونەکانیان گڵاوکرد. منیش بە تووڕەیی خۆم لەناوم بردن. ئێستا با لەشفرۆشی و تەرمی پاشاکانیان لە من دووربخەنەوە، ئەو کاتە منیش بۆ هەتاهەتایە لەناویان نیشتەجێ دەبم.

10 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دەربارەی پەرستگاکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل ڕابگەیەنە، با لە تاوانەکانی خۆیان شەرمەزار بن و با نەخشەکە بپێون. 11 ئەگەر هاتوو لە هەرچی کردوویانە شەرمەزارییان کێشا، ئەوسا وێنەی پەرستگا، نەخشە و شوێنی چوونەدەرەوە و شوێنی چوونەژوورەوە، هەموو شێوە و فەرزەکان و فێرکردنەکانییان بۆ باس بکە. ئەمە لەبەرچاویان بنووسە، با هەموو نەخشە و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنن و کاری پێ بکەن.

12 «ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە: لەسەر لووتکەی کێوەکە، هەموو چواردەوری پەرستگاکە دەبێتە شوێنێکی زۆر پیرۆز، ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە.

قوربانگاکە

13 «ئەمەش پێوانەکانی قوربانگاکەیە بە پێوانەی باڵی درێژ، باڵی درێژیش باڵێک و چوار پەنجەیە[b]. قووڵایی ئاوەڕۆکەی باڵێکە و پانییەکەشی باڵێک و کەنارەکەشی هەتا لێوەکەی چواردەوری بستێکە[c]. ئەمەش بەرزی قوربانگاکەیە: 14 بنکەکەی لە زەوی ئاوەڕۆکەوە هەتا لێواری خوارەوە دوو باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو، لە لێوارە بچووکەکەی ژێرەوە هەتا لێوارە گەورەکەی سەرەوەش چوار باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو. 15 بەرزی ئاگردانی قوربانگاکەش چوار باڵ بوو، لە ئاگردانی قوربانگاکەشەوە بۆ سەرەوە چوار قۆچ هاتبوونە دەرەوە. 16 ئاگردانی قوربانگاکەش دوازدە باڵ درێژی و دوازدە باڵ پانی بوو، شێوەی چوارگۆشەیی بوو. 17 لێوارەکەی سەرەوەش چوار گۆشە بوو، چواردە باڵ درێژ و چواردە باڵ پان بوو، کەنارەکەی چواردەوریشی نیو باڵ بوو و ئاوەڕۆکەشی بە دەوریدا یەک باڵ بوو، پێپلیکانەکانیشی ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو.»

18 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمانە فەرزەکانی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن و پرژاندنی خوێن لەسەر قوربانگاکەیە، ئەو ڕۆژەی کە بنیاد دەنرێت. 19 جوانەگایەک[d] بۆ قوربانی گوناه بە کاهینە لێڤییەکان دەدەیت، ئەوانەی لە نەوەی سادۆقن، کە لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 20 لە خوێنەکەی دەبەیت و لە هەر چوار قۆچی قوربانگاکە و هەر چوار گۆشەی لێوارەکەی سەرەوەی دەدەیت و لە کەنارەکەشی دەدەیت بە هەر چواردەوریدا، بەم شێوەیە پاکی دەکەیتەوە و کەفارەتی بۆ دەکەیت. 21 جوانەگاکەی قوربانی گوناه دەبەیت و لە شوێنی دیاریکراو لە پەرستگاکە لە دەرەوەی پیرۆزگاکە دەیسووتێنیت.

22 «لە ڕۆژی دووەم گیسکێکی نێری ساغ پێشکەش دەکەیت، ساغ بێت، دەکرێت بە قوربانی گوناه و قوربانگەکە بە خوێنەکەی پاک دەکەنەوە وەک چۆن بە خوێنی جوانەگاکە پاکیان کردەوە. 23 کە لە پاککردنەوەکە تەواو بوویت، جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل پێشکەش دەکەیت. 24 لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان دەکەیت و کاهینەکان خوێیان پێوە دەکەن و دەیانکەن بە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.

25 «حەوت ڕۆژ، هەر ڕۆژە گیسکێکی نێرینە دەکەیت بە قوربانی گوناه و جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل دەکەیت بە قوربانی. 26 کاهینەکان حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ دەکەن و پاکی دەکەنەوە، بەم شێوەیە تەرخانی دەکەن. 27 کە ئەم ڕۆژانە تەواو بوون، لە ڕۆژی هەشتەم بەسەرەوە کاهینەکان لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان[e] پێشکەش دەکەن، منیش لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.