Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 35-37

فەرمایشتێک سەبارەت بە ئەدۆم

35 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کێوی سێعیر بکە و پێشبینی لەسەر بکە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی کێوی سێعیر، من لە دژی تۆم و دەستم درێژ دەکەم بۆ سەرت، چۆڵ و وێرانت دەکەم. شارۆچکەکانت کاول دەکەم، تۆش چۆڵ دەبیت، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.

«”چونکە لەمێژە دوژمنایەتیت لە دڵە و لە کاتی تەنگانەی ئیسرائیلییەکان کە سزادانیان گەیشتبووە لووتکە، بە ناپاکی ئەوانت دایە دەست شمشێر، لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من ئامادەت دەکەم خوێنت بڕژێت، خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت، چونکە ڕقت لە خوێنڕشتن نەبوو، لەبەر ئەوە خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت. کێوی سێعیر دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، هاتوچۆی تێدا ڕیشەکێش دەکەم. چیاکانت لە کوژراو پڕ دەکەم، گرد و دۆڵ و هەموو شیوەکانت کوژراوی بە شمشێر تێیدا دەکەون. دەتکەمە وێرانەی هەتاهەتایی و شارۆچکەکانت ئاوەدان نابن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.

10 «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ئەم دوو نەتەوەیە و ئەم دوو خاکە بۆ من دەبن و ئێمە داگیریان دەکەین، ئەگەر یەزدانیش لەوێ بێت‘، 11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: لەبەر ئەوە بە گیانی خۆم، لەسەر تووڕەیی و بەغیلییەکەت سزات دەدەم، ڕەفتارت لەگەڵ دەکەم هەروەک چۆن تۆ بە قینەوە ڕەفتارت لەگەڵ ئەواندا کرد، خۆمیان پێ دەناسێنم کاتێک حوکمت دەدەم. 12 جا دەزانیت کە من یەزدانم و گوێم لە هەموو قسە سووکەکانت بوو، کە لە دژی چیاکانی ئیسرائیل کردت، کە گوتت: ’وێران کران و پێمان دران ببن بە خۆراکمان.‘ 13 بە دەمتان خۆتان بەسەر مندا گەورە کرد و قسەی زۆرتان لە دژی من کرد، من گوێم لێبوو. 14 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک هەموو زەوی دڵخۆشە، من وێرانت دەکەم. 15 وەک چۆن تۆ دڵخۆش بوویت بە میراتەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل چونکە بوو بە وێرانە، بە هەمان شێوەت پێ دەکەم. ئەی کێوی سێعیر، وێران دەبیت، تۆ و سەراپا هەموو ئەدۆم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

ئاوات بۆ چیاکانی ئیسرائیل

36 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بۆ چیاکانی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”هۆ چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوژمن سەبارەت بە ئێوە گوتی: ’هۆیها! نزرگەی بەرزاییە دێرینەکان بوونە موڵکی ئێمە.‘“ لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە وێرانیان کردن و ڕاویان نان، هەتا ئێوە ببنە موڵکی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لەسەر هەموو زمانێک بوون و خەڵک زەمی کردن، لەبەر ئەوە ئەی چیاکانی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست قسە بۆ چیا و گردەکان، شیو و دۆڵەکان، کەلاوە چۆڵەکان و شارۆچکە بەجێماوەکان دەکات کە بوونە مایەی تاڵانی و سووکایەتی پێکردن لەلایەن ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتان ماونەتەوە. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە ئاگری ئیرەیی خۆمدا، لە دژی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لە دژی هەموو ئەدۆم قسەم کرد، چونکە بەوپەڕی خۆشی و قینی دڵیانەوە خاکەکەی منیان کردە موڵکی خۆیان بۆ تاڵانکردنی لەوەڕگاکانی.“ لەبەر ئەوە پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە چیا و گردەکان، بە شیو و دۆڵەکان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دڵگەرمی و لە تووڕەیی خۆمدا قسەم کرد، لەبەر ئەوەی کەوتنە بەر تانە و تەشەری نەتەوەکان. لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خۆم سوێند دەخۆم کە ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتانن خۆیان بکەونە بەر تانە و تەشەر.

«”بەڵام ئەی چیاکانی ئیسرائیل، ئێوە لقەکانی خۆتان دەڕوێنن و بەروبوومی خۆتان بۆ ئیسرائیلی گەلم دەگرن، چونکە هاتنیان نزیکە. چونکە من بۆ ئێوەم و ئاوڕتان لێ دەدەمەوە، جا دەکێڵدرێن و دەچێنرێن و 10 خەڵکتان لەسەر زۆر دەکەم، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل، جا شارۆچکەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و کەلاوەکان بنیاد دەنرێنەوە. 11 خەڵک و ئاژەڵتان لەسەر زۆر دەکەم، جا زۆر دەبن و بە بەروبووم دەبن و وەک دۆخی جارانتان خەڵکتان تێدا نیشتەجێ دەکەم، زیاتر لە پێشینانتان بۆتان باش دەبم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 12 وا لە ئیسرائیلی گەلی خۆم دەکەم بەسەرتاندا بێن و بچن، جا دەتانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و دەبن بە میراتیان و چیتر ئێوە لە ڕۆڵەکانیان بێبەش ناکەن.

13 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە ئێوە دەڵێن، ’ئێوە مرۆڤ دەخۆن و نەتەوەکەی خۆتان لە ڕۆڵەکانیان بێبەش دەکەن،‘ 14 لەبەر ئەوە چیتر ئێوە مرۆڤ ناخۆن و چیتر جەرگی نەتەوەکەی خۆتان ناسووتێنن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 15 وا دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییەی کە نەتەوەکان پێتان دەکەن چیتر ئێوە نەیبیستن، هەروەها چیتر تانە و تەشەری گەلان هەڵناگرن و چیتر نابنە هۆی کەوتنی نەتەوەکەتان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

بەڵێنی گەڕانەوە

16 هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل لە خاکی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، بە ڕەفتار و کردەوەکانیان خۆیان گڵاوکرد. ڕەفتاریان لەبەرچاوی من وەک خوێنلێچوونی مانگانەی ئافرەتێک بوو. 18 جا تووڕەیی خۆمم بەسەریاندا ڕژاند، لەبەر ئەو خوێنەی لەسەر خاکەکە ڕژاندیان و بە بتەکانیان گڵاویان کرد. 19 بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازەم کردن و بەناو خاکەکاندا بڵاو بوونەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانیان حوکمم دان. 20 جا چوونە هەرکوێیەک لەنێو نەتەوەکان ناوی پیرۆزی منیان زڕاند، چونکە سەبارەت بەوان گوتراوە: ”ئا ئەمانەن گەلی یەزدان، کە لە خاکەکەی ئەوەوە دەرکراون.“ 21 جا من خەمی ناوی پیرۆزی خۆمم خوارد، ئەوەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل زڕاندیان لەنێو ئەو نەتەوانەی کە بۆی چوون.

22 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من لەبەر ئێوە ئەمە ناکەم، بەڵکو لەبەر ناوی پیرۆزی خۆم کە لەنێو نەتەوەکان بۆ هەرکوێیەک چوون زڕاندتان. 23 جا پیرۆزی ناوی گەورەی خۆم دەردەخەم کە لەنێو نەتەوەکان زڕێنراوە، ئەوەی ئێوە لەناوەڕاستیان زڕاندتان، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک لەبەرچاویان لە ئێوەدا پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

24 «”لەنێو نەتەوەکان دەتانبەم و لە هەموو خاکەکانەوە کۆتان دەکەمەوە و دەتانهێنمەوە خاکەکەتان. 25 ئاوێکی پاکتان بەسەردا دەپرژێنم و لە هەموو گڵاوییەکانتان پاک دەبنەوە، لە هەموو بتەکانتان پاکتان دەکەمەوە، 26 دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ. 27 ڕۆحی خۆم دەخەمە ناوتانەوە، واتان لێ دەکەم کە ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بەجێبهێنن و کاریان پێ بکەن. 28 لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە بە باوباپیرانتانم دابوو، دەبن بە گەلی من، منیش دەبمە خودای ئێوە. 29 لە هەموو گڵاوییەکانتان ڕزگارتان دەکەم. بانگی دانەوێڵە دەکەم، زۆری دەکەم و قاتوقڕی نانێرمە سەرتان. 30 بەری دار و بەروبوومی کێڵگە زۆر دەکەم، بۆ ئەوەی لەمەودوا لەنێو نەتەوەکان بەهۆی قاتوقڕییەوە ئابڕووتان نەچێت. 31 ئەو کاتە ڕێگا خراپەکانی خۆتان و کردەوە ناپەسەندەکانی خۆتان دێتەوە یادتان، لەبەر تاوان و لەسەر نەریتە گڵاوەکانتان قێزتان لە خۆتان دەبێتەوە. 32 با لەلاتان زانراو بێت، لەبەر ئێوە نایکەم. جا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، لە ڕەفتارەکانتان شەرمەزار و ڕیسوا بن! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

33 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی لە هەموو تاوانەکانتان پاکتان دەکەمەوە، لە شارۆچکەکان نیشتەجێتان دەکەم و کەلاوەکانت بنیاد دەنرێنەوە. 34 خاکە وێرانەکە دەکێڵدرێت، لە جیاتی ئەوەی لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک وێرانە بوو. 35 جا دەڵێن: ’ئەم خاکە وێرانە وەک باخچەی عەدەنی لێ هاتووە، ئەو شارانەش کە کاول و چۆڵ و ڕووخێنراو بوون، ئێستا قەڵابەند و ئاوەدانن.‘ 36 ئیتر ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتان ماونەتەوە دەزانن کە من یەزدانم، ڕووخاوەکەم بنیاد ناوە و چۆڵکراوەکەم چاندەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“

37 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوای ئەمە لەلایەن بنەماڵەی ئیسرائیلەوە داوام لێ دەکرێت و منیش لە پێناوی ئەوان ئەنجامی دەدەم، وەک مەڕ خەڵکەکەیان زۆر دەکەم، 38 وەک مێگەلی تەرخانکراو، وەک مێگەلی ئۆرشەلیم لە جەژنەکانی خۆیدا، شارە کاولەکان بە هەمان شێوە بە تەواوەتی ئاوەدان دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

دۆڵی ئێسکە وشکەکان

37 ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، جا یەزدان بە ڕۆحی خۆی منی هێنایە دەرەوە و لە ناوەڕاستی دۆڵێک داینام، ئەویش پڕ بوو لە ئێسک. منی بەناو ئێسکەکاندا برد، بینیم کە زۆر وشک بوون و لە زۆریشدا ڕووی دۆڵەکەیان داپۆشیبوو. لەو کاتەدا لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا ئەم ئێسکانە زیندوو دەبنەوە؟»

منیش گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەزانیت.»

پێی فەرمووم: «پێشبینی لەسەر ئەم ئێسکانە بکە و پێیان بڵێ: ”ئەی ئێسکە وشکەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە. دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

منیش چۆن فەرمانم پێ کرابوو بەم جۆرە پێشبینیم کرد. لە کاتی پێشبینیکردندا، گوێم لە دەنگێک بوو، لەناکاو خشەخشێک هات، ئێسکەکان لێک نزیکبوونەوە، هەر ئێسکە و بۆ لای ئێسکەکەی خۆی. سەیرم کرد، ئەوەتا دەمار و گۆشت دایپۆشین و پێست لە سەرەوە بەسەریدا هەڵکێشرا، بەڵام هیچ گیانیان تێدا نەبوو.

ئینجا پێی فەرمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بکە، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بە ڕۆح بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ڕۆح، وەرە لە هەر چوار لاوە هەڵبکە، لەو لایانەی کە بای لێ هەڵدەکات، فوو بەناو ئەم کوژراوانەدا بکە هەتا زیندوو ببنەوە.“» 10 منیش بەو جۆرەی فەرمانی پێ کردم پێشبینیم کرد، ڕۆحیان بە بەردا هات و زیندوو بوونەوە و هەستانە سەرپێ، لەشکرێکی زۆر گەورە بوون.

11 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم ئێسکانە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلن، کە دەڵێن: ”ئێسکمان وشک بوو و ئومێدمان نەما و بڕاینەوە.“ 12 لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گەلەکەم، من گۆڕەکانتان دەکەمەوە و لە گۆڕەکانتان دەرتاندەهێنم، دەتانهێنمە خاکی ئیسرائیل. 13 ئەی گەلەکەم، ئەو کاتە ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک گۆڕەکانتان دەکەمەوە و ئێوە لە گۆڕەکانتان دەردەهێنم. 14 ڕۆحی خۆم دەکەم بە بەرتاندا و زیندوو دەبنەوە و لە خاکی خۆتان داتاندەنێم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»

یەک گەل لە سایەی یەک پاشادا

15 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 16 «ئەی کوڕی مرۆڤ، داردەستێک ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یەهودا و نەوەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ هەروەها داردەستێکی دیکەش ببە و لەسەری بنووسە: ”بۆ یوسف، واتە داردەستی ئەفرایم و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ 17 بۆ ئەوەی لەناو دەستت ببن بە یەک، لێکیان نزیک بکەوە وەک ئەوەی یەک داردەست بن.

18 «کاتێک هاونیشتیمانیانت لێت دەپرسن: ”پێمان ناڵێیت مەبەستت چییە لەمە؟“ 19 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من داردەستەکەی یوسف و هۆزەکانی ئیسرائیل کە لەگەڵ ئەودا یەکیانگرتووە، کە ئێستا لە دەستی ئەفرایمە، دەبەم و داردەستەکەی یەهوداش دەخەمە پاڵی و دەیانکەمە یەک، جا لە دەستمدا دەبنە یەک داردەست.“ 20 ئەو دوو داردەستەی کە لەسەریانت نووسیوە لەبەرچاوی ئەوان هەڵبگرە. 21 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من نەوەی ئیسرائیل دەردەهێنم لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان چوون. لە هەموو لایەکەوە کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکەکەی خۆیان. 22 لەناو خاکەکە لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەیانکەمە یەک گەل. تەنها یەک پاشا پاشایەتی بەسەر هەموویانەوە دەکات، چیتر نابنە دوو گەل و دابەش نابن بۆ دوو پاشایەتی. 23 لەمەودوا بە بتەکانیان و بە وێنە قێزەونەکانیان و بە هیچ یاخیبوونێکیان گڵاو نابن، چونکە من لە هەموو گوناهەکانیان و هەڵگەڕانەوەکانیان ڕزگاریان دەکەم و پاکیان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەبن بە گەلی من، منیش دەبم بە خودای ئەوان.

24 «”داودی بەندەشم دەبێتە پاشایان، بە هەموویان یەک شوانیان دەبێت، ئەوانیش ڕێگای حوکمەکانم پەیڕەو دەکەن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن و کاریان پێ دەکەن. 25 لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە دامە یاقوبی بەندەم، ئەوەی باوباپیرانتان تێیدا نیشتەجێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بۆ هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێ دەبن، داودی بەندەشم بۆ هەتاهەتایە دەبێتە میریان. 26 پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم کە بۆیان دەبێتە پەیمانێکی هەتاهەتایی. جێگیریان دەکەم و ژمارەیان زۆر دەکەم، بۆ هەتاهەتایە پیرۆزگای خۆم لەناوەڕاستیان دادەنێم. 27 نشینگەکەم لەناویان دەبێت، من دەبم بە خودای ئەوان، ئەوانیش دەبن بە گەلی من. 28 جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانی پیرۆزکەری ئیسرائیلم، کە پیرۆزگاکەم بۆ هەتاهەتایە لەناوەڕاستیاندا دەبێت.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.