Chronological
فەرمایشتێک سەبارەت بە پاشای سور
28 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت:
’من خوداوەندێکم،
لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم
لەناو جەرگەی دەریاکان.‘
بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند،
هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت.
3 ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟
هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟
4 بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت،
زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە.
5 بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی
سامانەکەتت زیاد کرد،
جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت
لەخۆبایی بوویت.
6 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”وا دەزانیت کە دانایت،
کە دانایی خوداوەندت هەیە،
7 هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت،
دڕندەترینی نەتەوەکان،
شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت،
شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن.
8 لەناو جەرگەی دەریاکان
بە مردنی خوێناوی دەمریت،
شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان.
9 ئایا لەبەردەم بکوژەکانت
دەڵێیت: ’من خوداوەندم‘؟
نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر،
تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند.
10 بە مردنی خەتەنە نەکراوان دەمریت،
بە دەستی بێگانان.
چونکە من بەڵێنم دا. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
11 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 12 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت،
پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت.
13 لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت،
هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە:
یاقووت[a]، یاقووتی زەرد، زمروود،
زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب،
یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە[b] و زمروودی سەوز.
چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو،
لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران.
14 تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی،
ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو.
تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت،
بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد.
15 تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت،
لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە
هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا.
16 بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت،
پڕ بوویت لە ستەم و
گوناهت کرد.
لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان،
وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت،
لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت.
17 لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت،
لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا.
لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی،
تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن.
18 لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت
پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد.
لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو،
تۆی هەڵلووشی،
دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی،
لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت.
19 هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی
واقیان لێت وڕدەمێنێت،
چونکە بوویتە پەند و
ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە سەیدا
20 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە، 22 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و
لەناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم.
کاتێک سزای ئەو دەدەم و
پیرۆزی خۆم دەردەخەم،
ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
23 دەرد دەنێرمە سەری و
خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات.
لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لەناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون،
کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
24 «”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
25 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم. 26 ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە میسر
حوکم بەسەردادانی فیرعەون
29 لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم،[c] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە. 3 قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم،
ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل،
ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و
من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘
4 قولاپ لە شەویلگەت دەکەم،
ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم.
بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون،
لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم.
5 لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم،
خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت.
لە دەشتودەر دەمریت،
نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە.
تۆ دەکەمە خۆراکی
گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان.
6 ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم.
«”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. 7 کە تۆیان بە دەستی گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.
8 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم. 9 خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
«”چونکە گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘ 10 لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش. 11 نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت. 12 خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
13 «”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون. 14 ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر[d]، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ. 15 بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن. 16 لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»
پاداشتی نەبوخودنەسر
17 لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم،[e] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت. 19 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی. 20 خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
21 «لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
شیوەنێک بۆ میسر
30 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”واوەیلا بکەن،
’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘
3 چونکە ڕۆژەکە نزیکە،
ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە،
ڕۆژێکی بە هەورە،
کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.
4 شمشێرێک دێتە سەر میسر،
ترس دێتە سەر کوش.
کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون،
سامانەکەی دەبردرێت و
بناغەکانی دەڕووخێنرێت.
5 کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.
6 «”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و
هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی،
خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان
بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
7 «”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن،
شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.
8 بەوە دەزانن کە من یەزدانم،
کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و
هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.
9 «”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.
10 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم،
بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.
11 ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن،
بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن،
جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن،
خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.
12 چەمەکانی نیل وشک دەکەم و
خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران،
بە دەستی بێگانان
خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم.
من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
13 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”بتەکان لەناودەبەم و
کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم،
لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت،
ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.
14 پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و
ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و
لە تیب سزا دەسەپێنم.
15 تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم،
قەڵاکەی میسر،
ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.
16 ئاگر لە میسر بەردەدەم،
پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات.
تیب تەفروتونا دەبێت،
مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.
17 گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت
بە شمشێر دەکوژرێن،
ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.
18 لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت
کاتێک نیرەکانی[f] میسر دەشکێنم،
شانازی هێزی نامێنێت.
هەورێک میسر دادەپۆشێت،
شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.
19 لە میسر سزا دەسەپێنم،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
شکاندنی هێزەکانی فیرعەون
20 لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین،[g] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە. 22 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە. 23 میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. 24 هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە. 25 بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت. 26 میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
فیرعەون وەک دار ئورزێکی لوبنان ڕیشەکێش دەکرێت
31 لە یەکی مانگی سێی ساڵی یازدەیەمین،[h] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە فیرعەونی پاشای میسر و ئاپۆرەی سوپاکەی بڵێ:
«”لە گەورەییدا بە کێ خۆت بەراورد دەکەیت؟
3 سەیر بکە ئاشور دار ئورزێک بوو لە لوبنان،
چڵەکانی جوان و سێبەرەکەی پڕ بوو،
باڵای بەرز بوو،
لووتکەی گەیشتە هەور.
4 ئاو گەشەیان پێ کرد،
کانیاوە هەڵقوڵاوەکان گەورەیان کرد،
جۆگەکانی بە دەوریدا ڕۆیشتن،
ئاوبارەکانی نارد
بۆ هەموو دارەکانی دەشتودەر.
5 لەبەر ئەوە لە هەموو دارەکانی دەشتودەر
باڵای بەرزتر بوو،
لەبەر زۆری ئاو چڵەکانی زۆر بوون و
لقەکانی درێژ بوون،
چرۆیان کرد.
6 هەموو باڵندەکانی ئاسمان
لەناو چڵەکانی هێلانەیان کرد،
هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر
لەژێر لقەکانی زاوزێیان کرد،
لەژێر سێبەرەکەیدا
نەتەوە گەورەکان نیشتەجێ بوون.
7 بە چڵە درێژەکانی
لە جوانیدا بێ وێنە بوو،
چونکە ڕەگەکەی
لەسەر ئاوێکی زۆر بوو.
8 دار ئورزی باخچەی خودا
پێی نەدەگەیشتەوە،
دار سنەوبەر لەگەڵ چڵەکانی بەراورد نەدەکرا،
چنار وەک لقەکانی ئەو نەبوو.
هیچ دارێکی باخچەی خودا
لە جوانیدا لەو نەدەچوون.
9 بە زۆری لقەکانی جوانم کرد،
هەتا هەموو دارەکانی عەدەن،
ئەوانەی لە باخچەی خودان
بەغیلییان پێی دەبرد.
10 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی دار ئورزەکە باڵای بەرزبووەوە، لووتکەی گەیشتە هەورەکان، بە بەرزییەکەی دڵی لەخۆبایی بوو، 11 دامە دەست ڕابەری نەتەوەکان، بەگوێرەی خراپەکانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. من دەرمکرد و 12 بێگانەکان کە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بڕییانەوە و بەجێیان هێشت. چڵەکانی لەسەر چیاکان و لە هەموو دۆڵێک کەوتن، لقەکانیشی لەلای هەموو شیوەکانی خاکەکە شکێنرابوون. هەموو گەلانی زەوی لەژێر سێبەرەکەی لاچوون و بەجێیان هێشت. 13 هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەسەر قەدە کەوتووەکەی نیشتنەوە و هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەنێو لقەکانی بوون. 14 لەبەر ئەوە نابێت هیچ دارێکی دیکە کەوا لە کەناری ئاوە هەرگیز بە لووتبەرزییەوە بەرز بێتەوە، لووتکەی بگاتە هەور، هیچ دارێکی دیکەی تێر ئاو باڵای ناگاتە ئەو بەرزییە. بەڵکو چارەنووسی هەموویان مردنە، لەنێو ئادەمیزادان دەخرێنە ژێر زەوی، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.
15 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەی دار ئورزەکە کەوتە نێو جیهانی مردووان، من سەرچاوەی ئاوەکانی ژێر زەویم بە خەم داپۆشی. جۆگەکانیم گرتەوە، ئاوە زۆرەکان بڕان. بۆ ئەو لوبنانم بە بەرگی ماتەم پۆشی، لەبەر ئەویش هەموو دارەکانی دەشتودەر سیس بوون. 16 کاتێک لە گۆڕم نا لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لە دەنگی کەوتنی ئەو نەتەوەکانم ڕاچڵەکاند، جا هەموو دارەکانی عەدەن، هەڵبژێردراو و هەرەباشەکانی لوبنان، هەموو دارێکی تێر ئاو، لە دنیای خوارەوە دڵنەوایی کران. 17 هەروەها ئەوانەی کە لە سایەیدا دەژیان، واتە هاوپەیمانەکانی لەنێو نەتەوەکان، لەگەڵیدا شۆڕبوونەوە ناو جیهانی مردووان و چوونە پاڵ کوژراوان بە شمشێر.
18 «”کام داری عەدەن لە شکۆمەندی و گەورەیی بە تۆ بەراورد دەکرێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دارەکانی عەدەن دەکەویتە قووڵایی زەوی و لەنێو خەتەنە نەکراو و کوژراوان بە شمشێر ڕادەکشێیت.
«”ئەمە فیرعەون و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەیەتی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.