Chronological
نموونەی مەنجەڵ
24 لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا. 3 پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ،
دایبنێ و ئاوی تێ بکە.
4 پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە،
هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان،
پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.
5 باشترین مەڕی مێگەل ببە و
دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە،
بە تەواوی بیکوڵێنە،
با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.
6 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە،
ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە،
ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو!
پارچەپارچە دەریبهێنن،
تیروپشکی لەسەر مەکەن.
7 «”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لەناوەڕاستیدایە،
چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە،
نەیڕشتە سەر زەوی،
تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.
8 بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە
خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا،
تاکو دانەپۆشرێت.
9 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە!
هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.
10 دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە،
گۆشتەکە پێ بگەیەنە،
بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە،
لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.
11 دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ،
با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت،
جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و
ژەنگەکەی نامێنێت.
12 ڕەنجیان بە خەسار چوو،
ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا،
تەنانەت بە ئاگریش.
13 «”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.
14 «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
مردنی ژنی حزقیێل
15 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 16 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە. 17 بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»
18 بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.
19 ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»
20 منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21 لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن. 22 من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن. 23 مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە. 24 حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“
25 «تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە، 26 هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک. 27 لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
پێشبینییەک لەسەر عەمۆن
25 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە عەمۆنییەکان بکە و پێشبینییان لەسەر بکە، 3 بە عەمۆنییەکان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی گوتت ’هۆیها!‘ لەسەر پیرۆزگاکەم چونکە گڵاو بوو، لەسەر خاکی ئیسرائیل چونکە وێران بوو، لەسەر بنەماڵەی یەهوداش چونکە بە دیلی ڕاپێچ کران، 4 لەبەر ئەوە منیش دەتدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات داگیرت بکەن، جا خێوەتگاکانیان لەنێو تۆدا دادەمەزرێنن و نشینگەکانیان لەنێو تۆدا دادەنێن. ئەوان میوەکەت دەخۆن و هەر ئەوانیش شیرەکەت دەخۆنەوە. 5 ڕەبە دەکەم بە مۆڵگای وشتر و خاکی عەمۆنییەکانیش بە پشتیری[b] مەڕ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 6 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە دەست چەپڵەت لێدا و پێت دا بە زەویدا و بە هەموو قینی دڵتەوە بە ڕووخاندنی ئیسرائیل دڵخۆش بوویت، 7 لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆت درێژ دەکەم، وەک دەستکەوت دەتدەمە دەست نەتەوەکان. لەنێو گەلان ڕیشەکێشت دەکەم، لە خاکەکان لەناوت دەبەم. وێرانت دەکەم، جا دەزانیت کە من یەزدانم.“»
پێشبینییەک لەسەر مۆئاب
8 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی مۆئاب و سێعیر دەڵێن، ’ببینە بنەماڵەی یەهودا وەک هەموو نەتەوەکانە،‘ 9 هەر لەبەر ئەوە من لەلای شارۆچکەکانییەوە سنووری مۆئاب دەکەمەوە، لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕییەوە، کە جوانترینی خاکەکەن، بێتیەشیمۆت و بەعلمەعۆن و قیریاتەیم. 10 مۆئاب لەگەڵ عەمۆنییەکان دەدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی ئیتر ناوی عەمۆنییەکان لەنێو نەتەوەکان نەهێنرێت. 11 مۆئاب سزا دەدەم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
فەرموودەیەک سەبارەت بە ئەدۆم
12 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئەدۆم تاوانێکی گەورەی کرد، بەوەی تۆڵەی لە بنەماڵەی یەهودا سەندەوە، 13 هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەستم بۆ سەر ئەدۆم درێژ دەکەم و مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ڕیشەکێش دەکەم. لە تێمانەوە بۆ دیدان بە شمشێر دەکوژرێن و خاکەکەش دەکەمە چۆڵەوانی. 14 بە دەستی ئیسرائیلی گەلەکەم تۆڵە لە ئەدۆم دەکەمەوە، جا ئەوەی بە ئەدۆمی دەکەن بەگوێرەی تووڕەیی و هەڵچوونی من دەبێت، ئەو کاتە تۆڵەی من دەزانن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
پێشبینییەک لەسەر فەلەستیە
15 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی فەلەستییەکان بە دڵێکی پڕ لە قینەوە تۆڵەیان لە یەهودا سەندەوە و کاریان کرد بۆ وێرانی و دوژمندارییەکی هەتاهەتایی، 16 هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم دەست بۆ سەر فەلەستییەکان درێژ دەکەم و کریتییەکان ڕیشەکێش دەکەم و پاشماوەی دانیشتووانی کەناری دەریا لەناودەبەم. 17 تۆڵەی مەزنیان لێ دەکەمەوە و بە تووڕەیی سزایان دەدەم، جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک تۆڵەی خۆمیان لێ وەردەگرمەوە.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە پاشایەتی سور
26 لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی دوازدەیەم،[c] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی سور دەربارەی ئۆرشەلیم گوتی: ”هۆیها! دەروازەکەی ڕوو لە گەلان شکا، دەرگاکانی کەوتنە سەر پشت، وێرانبوونی ئەو قازانجی منە.“ 3 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی سور، من لە دژی تۆم، هەروەک دەریا شەپۆلەکانی بەرز دەکاتەوە، من چەندین نەتەوە دەهێنمە سەرت. 4 جا ئەوان شووراکانی سور دەڕووخێنن و قوللەکانی تێکدەدەن، منیش خۆڵەکەی لەسەر ڕادەماڵم و دەیکەم بە بەردی ڕووت. 5 دەبێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی تۆڕ لەناو دەریا، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. سور دەبێتە دەستکەوت بۆ نەتەوەکان و 6 شارۆچکەکانی دەوروبەری بە شمشێر وێران دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
7 «چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە باکوورەوە نەبوخودنەسری پاشای بابل دەهێنمە سەر سور، پاشای پاشایان، بە ئەسپ و گالیسکە و سوار و لەشکرێکی مەزنەوە. 8 جا شارۆچکەکانی دەوروبەرت بە شمشێر وێران دەکات، سەنگەرت لە دەور لێدەدەن و قوللەت لەسەر بنیاد دەنێت، سەنگەرت لە دەور لێدەدات و قەڵغانت لێ هەڵدەگرێت. 9 مەنجەنیق دەخاتە سەر شووراکانت و بە چەکەکانی قوللەکانت دەڕووخێنێت. 10 لە زۆری ئەسپەکانی تۆزیان داتدەپۆشێت. لە دەنگی ئەسپ سوار و عەرەبانە و گالیسکەکان شووراکانت دەلەرزن، کاتێک دێتە ناو دەروازەکانتەوە، وەک چوونەناو شارێکی پڕ کەلێن. 11 بە سمی ئەسپەکانی هەموو شەقامەکانت دەپەستێتەوە، گەلەکەت بە شمشێر دەکوژێت، کۆڵەکە بەهێزەکانت دەکەونە سەر زەوی. 12 سامانت تاڵان دەکەن، بازرگانیت زەوت دەکەن، شووراکانت دەڕووخێنن، خانووە جوانەکانت تێکدەدەن، بەرد و دار و خۆڵت دەخەنە ناو دەریاوە. 13 دەنگی ناسازی گۆرانییەکانت کۆتایی پێ دەهێنم، چیتر دەنگی قیسارەکانت نابیسترێنەوە. 14 دەتکەمە بەردی ڕووت و دەبیتە شوێنی بڵاوکردنەوەی تۆڕەکان. جارێکی دیکە بنیاد نانرێیتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15 «یەزدانی باڵادەست بە سور ئەمە دەفەرموێت: ئایا ناوچەکانی کەناری دەریا لەگەڵ دەنگی کەوتنت، لەگەڵ هاواری بریندار و کەوتنی کوژراوان لەناوەڕاستی تۆدا نالەرزن؟ 16 هەموو میرانی کەناری دەریا لەسەر تەختەکانیان دادەبەزن و کەواکانیان دادەماڵن و کراسە نەخشینەکانیان دادەکەنن، بەرگی تۆقین دەپۆشن و لەسەر زەوی دادەنیشن و هەموو چرکەیەک دەلەرزن، واقیان لێت وڕدەمێنێت. 17 شینت بۆ دەگێڕن و پێت دەڵێن:
«”ئەی شارە بەناوبانگەکە، چۆن لەناوچوویت؟
چۆن هێزە دەریاییەکەت لەناوچوو؟
بەهێز بوویت لە دەریا،
خۆت و دانیشتووانەکەت،
هەموو ئەوانەی کە لەوێدا دەژیان
تۆ ترس و تۆقینت هێنایە سەریان.
18 گەلانی کەناری دەریاکان
لە ڕۆژی کەوتنت دەلەرزن،
دوورگەکانی ناو دەریا
لەبەر نەمانت دەوروژێن.“
19 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک وەک شارە بێ ئاوەدانییەکان دەتکەمە شارێکی وێران، کاتێک قووڵایی دەریاکان دەهێنمە سەرت و ئاوە زۆرەکان داتدەپۆشن، 20 لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان تۆش دەخەمە ناوی، بۆ لای ئەو گەلانەی کە لەمێژەوە مردوون و لە نزماییەکانی زەوی داتدەنشێنم. لە کاولگە هەتاهەتاییەکان لەگەڵ ئەوانەی کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، بۆ ئەوەی لە خاکی زیندوواندا ئاوەدان نەبیت و نەدرەوشێیتەوە. 21 دەتکەمە کارەسات و ئیتر بوونت نابێت، بەدواتدا دەگەڕێن و چیتر نادۆزرێیتەوە، هەتاهەتایە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
شیوەنێک بۆ سور
27 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە. 3 بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی سور، تۆ گوتت
’من تەواو جوانم.‘
4 سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان،
بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.
5 هەموو تەختە دارەکانیان
لە دار سنەوبەری سنیر[d] بۆت دروستکرد.
لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا
تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.
6 لە دار بەڕووەکانی باشان
سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد.
تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون،
بە عاج ڕازاوەن.
7 کەتانی نەخشێنراوی میسر
چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا.
قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە
چەترت بوون.
8 خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد
سەوڵیان بۆ لێدەدایت.
ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون،
ئەوان کەشتیوانت بوون.
9 پیرانی جوبەیل[e] و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون،
کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە.
هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت،
بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.
10 «”پیاوانی فارس و لوود و پووت
لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون،
قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.
11 نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت
بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون،
گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون،
قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.
12 «”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
13 «”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
14 «”دانیشتووانی بێتتۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
15 «”خەڵکی ڕودس[f] بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی قۆچی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.
16 «”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە،[g] قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین[h]، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان[i] بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
17 «”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان[j] بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
18 «”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
19 «”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت کرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا[k] و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
20 «”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.
21 «”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
22 «”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
23 «”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت. 24 ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
25 «”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن.
لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.
26 ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن
بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن،
بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو
جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.
27 سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت،
کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت،
ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان،
هەموو سەرنشینەکانت کە لەناوەڕاستی تۆن،
لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت
دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.
28 لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت
کەنارەکان دەلەرزن.
29 هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و
کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا،
لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و
لەسەر کەنار ڕادەوەستن،
30 دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و
بە تاڵییەوە دەقیژێنن،
خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و
لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.
31 بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و
جلوبەرگی گوش دەپۆشن.
بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ
بۆت دەگریێن.
32 لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە،
بۆت دەلاوێننەوە:
’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا
بێدەنگی نواند؟‘
33 کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە،
گەلانێکی زۆرت تێر کرد.
بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت
پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.
34 کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت
لەناو قووڵایی ئاوەکان،
کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت
لەگەڵت نوقوم بوون.
35 هەموو دانیشتووانی کەنارەکان
واقیان لێت وڕدەمێنێت،
پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
ڕوخساریان دەشێوێت.
36 بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن،
کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و
ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.