Chronological
قوڕبەسەر پێغەمبەرە درۆزنەکان
13 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات فەرمووی: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە لەسەر پێغەمبەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەخۆیانەوە پێشبینی دەکەن: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن! 3 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو پێغەمبەرە گێلانەی بەدوای ڕۆحی خۆیان کەوتوون و هیچیان نەبینیوە. 4 ئەی ئیسرائیل، پێغەمبەرەکانتان وەک چەقەڵی ناو کەلاوەیان لێ هاتووە. 5 سەرنەکەوتن کەلێنی دیوارێک بگرن، شوورایەکیشتان بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بنیاد نەنایەوە بۆ ئەوەی لە جەنگ بەرگریتان لێ بکات لە ڕۆژی یەزدان[a]. 6 ئەوانەی بینینیان بەتاڵ و فاڵگرتنەوەیان درۆ بوو، دەڵێن: ’سروشی یەزدانە‘ و هەرچەندەش یەزدان ئەوانی نەناردووە، کەچی چاوەڕێی هاتنەدی پێشبینییەکەیان بوون. 7 ئایا بینینی بەتاڵتان بۆ ئاشکرا کرا و بە فاڵگرتنەوەی درۆ قسەتان نەکرد، کە دەڵێن: ’سروشی یەزدانە،‘ من قسەم نەکردووە؟
8 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە بە بەتاڵی قسەتان کرد و بینینەکانتان درۆ بوون، لەبەر ئەوە من لە دژی ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 9 دەستیشم لە دژی ئەو پێغەمبەرانە دەبێت کە بینینەکانتان درۆ بوون، بینینیان بەتاڵە و فاڵگرتنەوەیان درۆیە. لەناو ئەنجومەنی گەلەکەم نابن و لەناو کتێبی بنەماڵەی ئیسرائیل ناویان نانووسرێت و ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
10 «”لەبەر ئەوەی گەلەکەی منیان گومڕا کرد، دەڵێن: ’ئاشتی!‘ ئاشتیش نییە، ئەو دیوارە لاوازەی خەڵکی بنیادی دەنێن، ئەوان بە گەچ سواخی دەدەن. 11 بەوانە بڵێ کە بە گەچ سواخی دەدەن: ’دەکەوێت.‘ بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئەی تەرزە بەردینەکان ئێوەش دەبارن و بایەکی بەهێزیش کەلێنی تێدەکات. 12 ئەوەتا کە دیوارەکە دەڕووخێت، ئایا پێتان ناڵێن: ’کوا ئەو گەچەی پێتان سواخ دابوو؟‘
13 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە تووڕەییمدا بە بایەکی بەهێز کەلێنی تێدەکەم، لە هەڵچوونم بارانی بەخوڕ و تەرزەی بەردین دەنێرم بۆ لەناوبردنی. 14 ئەو دیوارە دەڕووخێنم کە بە گەچ سواختان داوە، لەگەڵ زەوی تەختی دەکەم، بناغەکانی دەردەکەون. کاتێک دیوارەکە دەکەوێت، ئێوەش لەناویدا دەفەوتێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 15 جا تووڕەیی خۆم دەڕێژم بەسەر دیوارەکە و ئەوانەی بە گەچ سواخی دەدەن، پێتان دەڵێم: ’دیوارەکە و ئەوانەش کە بە گەچ سواخیان داوە نەماون، 16 ئەو پێغەمبەرانەی ئیسرائیل کە پێشبینییان بۆ ئۆرشەلیم کرد و بینینی ئاشتییان ڕاگەیاند، هیچ ئاشتیش نەبوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.‘“
17 «ئێستاش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کچانی گەلەکەت بکە، ئەوانەی لە خۆیانەوە پێشبینی دەکەن، پێشبینی لەسەر ئەوان بکە و 18 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو ژنانەی نوشتە لە شێوەی بازووبەند دەدورن بۆ مەچەکیان، نوشتە لە شێوەی سەرپۆش بۆ هەموو سەرێک دروستدەکەن، بۆ ڕاوکردنی گیانەکان. ئایا ئێوە دڵ و دەروونی گەلەکەم ڕاو دەکەن و خۆتان بە زیندووی دەهێڵنەوە؟ 19 ئێوە لەلای گەلەکەم لەبەر مشتێک جۆ و هەندێک لەتە نان گڵاوم دەکەن. بە درۆکردنتان بۆ گەلەکەم کە گوێ لە درۆ دەگرن، ئێوە ئەو کەسانەی کە شایستەی مردن نەبوون کوشتووتانن و ئەوانەی شایشتەی ژیان نەبوون بە زیندوویی هێشتووتتانەوە.
20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی نوشتەکانی ئێوەم کە لەسەر شێوەی بازووبەندە، کە وەک باڵندە مرۆڤی پێ ڕاو دەکەن، لەسەر بازووتان دەیدڕێنم و ئەو مرۆڤانەی وەک باڵندە ڕاویان دەکەن بەڕەڵایان دەکەم. 21 سەرپۆشەکانتان دەدڕێنم و فریای گەلەکەم دەکەوم لە دەستتان، لەمەودوا لەناو دەستتان نابن بۆ ڕاوکردنیان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 22 لەبەر ئەوەی بە درۆ دڵی ڕاستودروستتان خەمبار کرد کە من خەمبارم نەکردبوو، هەروەها خراپەکارتان هاندا هەتا لە ڕێگا خراپەکانی نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بژیێت، 23 هەر بۆیە لەمەودوا بینینی بەتاڵیان بۆ ئاشکرا ناکرێت و چیتر فاڵ ناگرنەوە، فریای گەلەکەی خۆم دەکەوم لە دەستتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
حوکمی بتپەرستان
14 چەند پیاوێک لە پیرەکانی ئیسرائیل هاتنە لام و لەبەردەمم دانیشتن. 2 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 3 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پیاوانە لە دڵەوە بتپەرستی دەکەن و کۆسپی تاوانکارییان لەبەردەمی خۆیان داناوە، جا ئایا لەلایەن ئەوانەوە هیچ پرسێکم پێ بکرێت؟ 4 لەبەر ئەوە قسەیان لەگەڵ بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرکەسێک لە بنەماڵەی ئیسرائیل لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەر ڕووی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە، ئەوا من کە یەزدانم بەگوێرەی دڵسۆزییە زۆرەکەی بۆ بتەکانی وەڵامی دەدەمەوە. 5 وا دەکەم بۆ ئەوەی دەست بەسەر دڵی بنەماڵەی ئیسرائیلدا بگرمەوە، چونکە هەموویان لەبەر بتەکانیان لە من هەڵگەڕانەوە.“
6 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆبە بکەن! لە بتەکانتان بگەڕێنەوە و ڕووتان لە هەموو نەریتە قێزەونەکانتان وەربگێڕن.
7 «”ئەگەر هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل یان لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن لە من دووربکەوێتەوە و لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەردەمی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە هەتا پرس بە من بکات، من کە یەزدانم خۆم وەڵامی دەدەمەوە. 8 ڕووی خۆم لەو کەسە وەردەگێڕم و دەیکەمە نیشانە و پەند. لەنێو گەلەکەم ڕیشەکێشی دەکەم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
9 «”ئەگەر پێغەمبەرەکە بە فریودراوی قسەیەکی کرد، من کە یەزدانم ئەو پێغەمبەرەم فریوداوە[b] و دەستی بۆ درێژ دەکەم و لەنێو گەلەکەم دەیفەوتێنم. 10 تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت، تاوانی پێغەمبەرەکەش وەک تاوانی داواکارەکە دەبێت. 11 ئیتر جارێکی دیکە بنەماڵەی ئیسرائیل نە لە من گومڕا دەبن و نە دەگەڕێنەوە سەر هیچ لە یاخیبوونەکانیان و نە ئیتر گڵاو دەبن، بەڵکو دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
دەربازبوون لە حوکمی یەزدان مەحاڵە
12 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 13 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەگەر هەر خاکێک دەرحەق بە من گوناه بکات، بەوەی ناپاکییەکم لەگەڵ بکات، منیش دەستم درێژ کردە سەری و نانیم بڕی و قاتوقڕیم ناردە سەری، مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد، 14 هەرچەندە ئەم سێ پیاوەشی تێدابێت، نوح و دانیال و ئەیوب، ئەوان بە ڕاستودروستی تەنها خۆیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15 «ئەگەر گیانلەبەری دڕندە بەناو خاکەکەدا ڕەت بکەم و وەجاخکوێری بکەن و بەهۆی گیانلەبەرەکانەوە ببێتە چۆڵەوانی بەبێ ڕێبوار، 16 بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لەناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها فریای خۆیان دەکەون و خاکەکەش دەبێتە چۆڵەوانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
17 «یان ئەگەر شمشێرم هێنایە سەر ئەو خاکە و فەرمووم: ”با شمشێر بەناو ئەم خاکەدا تێبپەڕێت،“ ئیتر مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد، 18 بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لەناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها خۆیان دەرباز دەکەن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
19 «یان ئەگەر دەردم ناردە سەر ئەو خاکە و بە خوێن تووڕەیی خۆم لێی دەربڕی، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە، 20 ئەگەر نوح و دانیال و ئەیوبیش لەناوەڕاستی بوون، بە گیانی خۆم، ئەوان فریای کوڕ و کچێکیش ناکەون، بەڵکو بە ڕاستودروستییەکەیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
21 «چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی چەند زیاتر، ئەگەر چوار حوکمە توندەکانم بنێرمە سەر ئۆرشەلیم، شمشێر و قاتوقڕی و گیانلەبەری دڕندە و دەرد، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە. 22 بەڵام هەندێکیان ماونەتەوە و دەربازبوون، کوڕان و کچان کە لە شارەکەوە دەردەهێنرێن. ئەوەتا بۆ لاتان دێنە دەرەوە و ئێوەش تەماشای ڕەفتار و کردەوەیان دەکەن و دڵنەوایی دەکرێن لەبەر ئەو بەڵایەی بەسەر ئۆرشەلیمم هێنا. 23 کە ڕەفتار و کردەوەی خراپیان دەبینن، ئەوا دڵنەوایی خۆتان دەکەن، چونکە ئەو کاتە دەزانن کە من بەبێ هۆ هەموو ئەوانەم تێیدا نەکرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
ئۆرشەلیم دار مێوێکی بێ کەڵکە
15 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە بەراورد لەگەڵ لقی هەر دارێک لەو دارانەی لە دارستاندان، لقی دار مێو چییە؟ 3 ئایا دار لەم لقە دەبردرێت بۆ دروستکردنی هەر شتێک لە هەر کارێک، یان سنگۆلکەی دیواری لێ دروستبکەن بۆ ئەوەی کەلوپەلێکی پێدا هەڵبواسن؟ 4 دوای ئەوەی دەبێت بە خۆراکی ئاگر و ئاگر لە هەردوو سەرەوە دەیخوات و ناوەڕاستەکەی دەسووتێنێت، ئایا ئیتر بە کەڵکی هیچ شتێک دێت؟ 5 ئەو کاتەی کە ساغ بوو بە کەڵکی هیچ نەدەهات، دوای ئەوەی ئاگر خواردی و سووتا ئیتر چۆن بە کەڵک دێت؟
6 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: وەک لقی دار مێو لەنێو لقەکانی دارستان، ئەوەی کردم بە خۆراکی ئاگر، ئاواش لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکەم. 7 ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم. هەرچەندە لە ئاگر هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام ئاگرەکە دەیانخوات. کاتێک ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم، ئەوا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 8 خاکەکە وێران دەکەم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.