Chronological
37 کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ،
ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟
38 ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە
بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟
39 بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات
کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟
40 با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و
بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.
41 با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە
بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:
42 «ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین،
تۆش لێمان خۆش نەبوویت.
43 «خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین،
بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.
44 بە هەور خۆت داپۆشی
بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.
45 ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو
لەنێو گەلان.
46 «هەموو دوژمنانمان
دەمیان لێمان کردەوە.
47 ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا،
لەناوچوون و وێرانی.»
48 چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن
لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.
49 چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن
بەبێ پسانەوە،
50 تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە
تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.
51 ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات
لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.
52 ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ
وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.
53 بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ،
بەردیان تێمگرت.
54 نوقومی ئاو بووم،
گوتم: «خەریکە بمرم.»
55 ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە
بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.
56 گوێت لە دەنگم بوو:
«گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»
57 ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە،
فەرمووت: «مەترسە!»
58 ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد،
ژیانی منت کڕییەوە.
59 ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی.
دادوەری کێشەکەم بکە!
60 هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی،
هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.
61 ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو،
هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛
62 ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من
باسی دەکەن و دەیچرپێنن.
63 تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان،
بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.
64 ئەی یەزدان، سزایان بدە،
بەپێی کردەوەکانی دەستیان.
65 پێچە لەسەر دڵیان دابنێ،
با نەفرەتت لەسەریان بێت!
66 بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە
لەژێر ئاسمانی یەزداندا.
4 چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات،
زێڕی بێگەرد گۆڕا!
بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە
لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
2 چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن،
ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران،
ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران،
دەستکردی دەستی گۆزەکەر!
3 تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان
بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن،
بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە
وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.
4 لەبەر تینووێتی
شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا.
منداڵەکان داوای نان دەکەن،
بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.
5 ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد
لە شەقامەکاندا وێران بوون،
ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران
لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.
6 سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو
لە سزای گوناهەکەی سەدۆم،
ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو
بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.
7 میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون،
لە شیر سپیتر بوون،
جەستەیان لە یاقووت[a] سوورتر بوو،
وەک یاقووتی شین[b] بوون.
8 بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە،
لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە.
پێستیان بە ئێسکیانەوە نووسا
وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕا.
9 ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون
لەوانەی بە قاتوقڕی مردن.
ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت
چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.
10 دایکە میهرەبانەکان
بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا،
بوونە خۆراکیان
کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.
11 یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت،
هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت.
ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد
بناغەکانی سووتاند.
12 پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان
باوەڕیان نەکرد
کە دوژمن و ناحەز
دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.
13 بەڵام ڕوویدا، لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی[c] و
تاوانی کاهینەکانی،
ئەوانەی لەناوەڕاستیدا
خوێنی ڕاستودروستان دەڕێژن.
14 بە شەقامەکاندا وێڵ بوون
وەک کوێر.
خۆیان بە خوێن گڵاوکرد،
کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.
15 خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە!
دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!»
کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون،
لەناو گەلاندا گوتیان،
«جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»
16 یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن،
ئیتر چاودێرییان ناکات.
خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت،
لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.
17 سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو
بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی،
لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین
بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.
18 تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە
بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین.
کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە،
چونکە کۆتاییمان هات.
19 ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون
لە هەڵۆکانی ئاسمان،
بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن،
لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.
20 پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە،
لە بۆسەکانیان گیرا،
ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا
لەنێو گەلان دەژین.
21 ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە،
ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ.
بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت،
سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.
22 ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت،
ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە.
بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات،
گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.
5 ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات،
تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە.
2 میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو،
ماڵمان بۆ بێگانە.
3 هەتیو و بێ باوک بوون،
دایکانمان وەک بێوەژنن.
4 دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە
دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت.
5 ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە،
ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە.
6 دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە
بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست.
7 باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان،
ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین.
8 کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن،
کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات.
9 بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە
هەتا بژێوی پەیدا دەکەین.
10 پێستمان وەک تەنوور سووتاوە،
لەبەر برسیێتی برژاوین.
11 لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان،
پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا.
12 میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن،
ڕێز لە پیران ناگیرێت.
13 لاوانیان دەهاڕدرێن،
منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن.
14 پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن،
لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا.
15 خۆشی دڵمان نەما،
شاییمان بوو بە شیوەن.
16 تاجی سەرمان کەوت.
قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد!
17 لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا،
لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو،
18 لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو،
چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن.
19 ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت،
تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
20 بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟
بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟
21 ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە،
وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە،
22 یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و
بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.