Chronological
41 لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی پاشا، لەگەڵ دە پیاو هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام. کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، 2 ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو دە پیاوەی لەگەڵی بوون هەستان و بە شمشێر لە گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیان دا و کوشتیان، ئەوەی پاشای بابل کردبوو بە فەرمانڕەوای خاکەکە. 3 هەروەها ئیسماعیل هەموو ئەو جولەکانەشی کوشت کە لە میچپا لەگەڵ گەدەلیاهو بوون، هەروەها ئەو سەربازە بابلییانەشی کوشت کە لەو ناوە بوون.
4 لە ڕۆژی پاش کوشتنی گەدەلیاهو، بەر لەوەی کەس پێی بزانێت، 5 هەندێک پیاو لە شەخەم و شیلۆ و سامیرەوە هاتن، هەشتا پیاوی ڕیش تاشراو و جل دادڕاو، لەشی خۆیان بریندار کردبوو، هاتن و پێشکەشراوی دانەوێڵە و بخووری سادەیان بەدەستەوە بوو بۆ ئەوەی بیبەنە ناو ماڵی یەزدان. 6 ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆش لە میچپا هاتە دەرەوە تاکو پێشوازییان لێ بکات، دەڕۆیشت و دەگریا. کە پێیان گەیشت پێی گوتن: «وەرن بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام.» 7 کاتێک گەیشتنە ناوەڕاستی شارەکە، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون، ئەوانیان کوشت و فڕێیان دانە ناو ئەمباراوێک. 8 بەڵام دە پیاویان تێدابوو گوتیان: «مەمانکوژە، گەنم و جۆ و زەیت و هەنگوینمان هەیە و لە کێڵگەدا شاردراوەتەوە.» جا ئیسماعیل دەستی گێڕایەوە و لەگەڵ براکانیان نەیکوشتن. 9 ئەو ئەمباراوەی ئیسماعیل لاشەی هەموو ئەو پیاوانەی فڕێدا ناوی کە بەهۆی گەدەلیاهوەوە کوشتبوونی، ئەو ئەمباراوە بوو کە ئاسا پاشا بۆ بەرگری لە دژی بەعشای پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، جا ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بە کوژراوان پڕی کردەوە.
10 پاشان ئیسماعیل، هەموو پاشماوەی گەل کە لە میچپا بوون ڕاپێچی کردن، کچەکانی پاشا و هەموو ئەو خەڵکەی لەوێ مانەوە، ئەوانەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی بە سەرپەرشتیار بەسەریانەوە دانا. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ ڕاپێچی کردن و ڕۆیشت، هەتا بۆ لای عەمۆنییەکان بپەڕێتەوە.
11 کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی لەگەڵی بوون، ئەو خراپانەیان بیستەوە کە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ کردبووی، 12 هەموو پیاوەکانیان برد و چوون بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، لەلای گۆمەکەی گبعۆن تووشی بوون. 13 ئەو ڕاپێچکراوانەی لەگەڵ ئیسماعیل بوون دڵشاد بوون کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەحیان لەگەڵ هەموو سەرلەشکرەکان بینی کە لەگەڵی بوون، 14 جا هەموو ئەو گەلەی ئیسماعیل لە میچپاوە ڕاپێچی کردبوون گەڕانەوە و چوون بۆ لای یۆحانانی کوڕی قارێیەح. 15 بەڵام ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، بە هەشت پیاوەوە لە یۆحانان دەرباز بوون و چوونە لای عەمۆنییەکان.
هەڵاتن بۆ میسر
16 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لەگەڵی بوون، هەموو پاشماوەی گەلیان لە میچپا بردەوە، ئەوانەی لە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ وەریانگرتنەوە، دوای ئەوەی ئیسماعیل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، جەنگاوەرە بەتواناکان و ژن و منداڵ و کاربەدەستان بوون کە لەلای گبعۆن وەریانگرتبوونەوە. 17 جا چوون و لە گێروت کیمهام، ئەوەی لەتەنیشت بێتلەحمە، نیشتەجێ بوون، بۆ ئەوەی بڕۆن و بچنە ناو میسرەوە، 18 دوور لە بابلییەکان. لێیان دەترسان لەبەر ئەوەی ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، ئەوەی پاشای بابل کردبوو بە فەرمانڕەوای خاکەکە.
42 ئینجا هەموو سەرلەشکرەکان و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و یەزەنیای کوڕی هۆشەعیا و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە هاتنە پێش و 2 بە یەرمیای پێغەمبەریان گوت: «تکایە! گوێ لە پاڕانەوەمان بگرە و نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارت لە پێناو هەموو ئەمانەی ماونەتەوە. هەروەک دەبینی، چونکە پێشتر زۆر بووین و ئێستا کەم ماوینەتەوە. 3 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت پێمان بڵێت، بە کام ڕێگادا بڕۆین و چی بکەین.»
4 یەرمیای پێغەمبەریش وەڵامی دانەوە: «گوێم لێتان بوو، من وەک قسەکەی خۆتان داوا لە یەزدانی پەروەردگارتان دەکەم، جا یەزدان هەرچی فەرموو پێتانی ڕادەگەیەنم، هیچتان لێ ناشارمەوە.»
5 ئەوانیش بە یەرمیایان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەتێکی ڕاست و دڵسۆز بێت، ئەگەر ئێمە هەموو فەرمایشتەکەی یەزدانی پەروەردگارت کە بە تۆدا بۆمان دەنێرێت، ئاوا نەکەین. 6 چاک بێت یان خراپ، ئێمە گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان دەگرین، ئەوەی ئێمە دەتنێرین بۆ لای، چونکە ئەگەر گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان بگرین، چاکەمان لەگەڵ دەکات.»
7 ئەوە بوو دوای دە ڕۆژ، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات. 8 ئەویش یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی کە لەگەڵی بوون و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورەی بانگکرد، 9 پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی ئێوە منتان بۆ لای نارد بۆ ئەوەی پاڕانەوەکەتان بخەمە بەردەمی، ئەمە دەفەرموێت: 10 ”ئەگەر لەم خاکە نیشتەجێ بن، من بنیادتان دەنێم و ناتانڕووخێنم، دەتانچێنم و ڕیشەکێشتان ناکەم، چونکە پاشگەز بوومەوە لەو بەڵایەی بەسەرم هێنان. 11 هەروەها یەزدان دەفەرموێت: لە پاشای بابل مەترسن، ئەوەی ئێستا لێی دەترسن. لێی مەترسن، چونکە من لەگەڵتانم بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەم و لە دەستی ئەو فریاتان بکەوم. 12 جا بەزەییم پێتاندا دێتەوە، بۆ ئەوەی پاشای بابل بەزەیی پێتاندا بێتەوە و بۆ خاکەکەی خۆتان بتانگەڕێنێتەوە.“
13 «بەڵام ئەگەر ئێوە بڵێن: ”لەم خاکە نیشتەجێ نابین“ و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبن، 14 بەڵکو بڵێن: ”نا! ئێمە دەچینە خاکی میسر و لەوێ نیشتەجێ دەبین، لەوێ شەڕ نابینین و دەنگی کەڕەنا نابیستین و برسی نان نابین،“ 15 ئەی پاشماوەی یەهودا، ئێستا گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر مکوڕ بن لەسەر ئەوەی بچنە میسر و چوون و لەوێ نیشتەجێ بوون، 16 ئەوا ئەو شمشێرەی ئێوە لێی دەترسن لەوێ پێتان دەگات، ئەو قاتوقڕییەی ئێوە لێی دەترسن بۆ میسر دواتان دەکەوێت، لەوێ دەمرن. 17 جا هەموو ئەو پیاوانەی سوور بوون لە چوونە میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن، لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن، کەسیان نامێنێتەوە و دەرباز نابن لەو بەڵایەی من بەسەریان دەهێنم.“ 18 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک چۆن تووڕەیی و هەڵچوونم بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا ڕژا، ئاواش هەڵچوونم بەسەرتاندا دەڕژێت کاتێک بچن بۆ میسر، جا دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی، هەرگیز ئەم شوێنە نابیننەوە.“
19 «ئەی پاشماوەی یەهودا، یەزدان سەبارەت بە ئێوە فەرمووی: ”مەچنە ناو میسرەوە.“ باش بزانن کە من ئەمڕۆ ئاگادارم کردنەوە، 20 چونکە ئێوە هەڵەیەکی ترسناکتان کرد کاتێک منتان بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان نارد و گوتتان: ”نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان، یەزدانی خودامان هەرچی بفەرموێت، ئەوەمان پێ ڕابگەیەنەوە و دەیکەین.“ 21 ئەوا من ئەمڕۆ بە ئێوەم ڕاگەیاند، بەڵام ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون لە هەموو ئەوەی منی پێ ڕاسپارد پێتان بڵێم. 22 جا ئێستا باش بزانن کە لەو شوێنەی دەتانەوێ بۆی بچن و لێی نیشتەجێ بن لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن.»
43 یەرمیا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی پەروەردگاریانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند کە یەزدان پێی ڕایسپاردبوو. کاتێک تەواو بوو، 2 عەزەریای کوڕی هۆشەعیا و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو پیاوە لووتبەرزەکان قسەیان لەگەڵ یەرمیا کرد و گوتیان: «تۆ درۆ دەکەیت! یەزدانی پەروەردگارمان تۆی نەناردووە هەتا بڵێت: ”مەچنە میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن.“ 3 بەڵکو باروخی کوڕی نێرییا تۆی لە ئێمە هانداوە تاوەکو بماندەیتە دەست بابلییەکان، بۆ ئەوەی بمانکوژن یان بۆ بابل ڕاپێچمان بکەن.»
4 ئیتر یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان و هەموو گەل کەسیان گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون هەتا لە خاکی یەهودا ئۆقرە بگرن. 5 بەڵکو یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان، هەموو پاشماوەی یەهودایان برد، ئەوانەی لەناو ئەو نەتەوانەوە گەڕابوونەوە کە پەرتەوازە ببوون بۆ لایان، بۆ ئەوەی لە خاکی یەهودا بژین. 6 پیاو و ژن و منداڵ و کچەکانی پاشا و هەموو ئەوانەیان برد کە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لەلای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام کوڕی شافان بەجێی هێشتبوون. هەروەها یەرمیای پێغەمبەر و باروخی کوڕی نێرییاش لەگەڵیان بوون. 7 جا چوونە ناو خاکی میسر، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و هەتا تەحپەنحێس چوون.
8 ئینجا لە تەحپەنحێس فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، پێی فەرموو: 9 «لەگەڵ دەستت هەندێک بەردی گەورە ببە و لەبەرچاوی پیاوانی یەهودا، بیانخە ژێر قوڕەوە، لەو بەردڕێژەی لە بەردەرگای کۆشکی فیرعەونە لە تەحپەنحێس. 10 پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من دەنێرم و نەبوخودنەسری پاشای بابل، خزمەتکارەکەم، دەهێنم و تەختەکەی لەسەر ئەم بەردانە دادەنێم کە چەقاندم، ئەویش چەتری تەختەکەی بەسەردا هەڵدەدات. 11 جا دێت و لە خاکی میسر دەدات، ئەوەی بۆ مردنە بۆ مردن، ئەوەی بۆ دیلیێتیە بۆ دیلیێتی، ئەوەی بۆ شمشێرە بۆ شمشێر. 12 ئینجا ئاگر بەردەداتە پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر، پەرستگاکان دەسووتێنێت و خوداوەندەکانیان ڕاپێچ دەکات. خاکی میسر لە خۆی دەپێچێتەوە، وەک چۆن شوان کەواکەی لە خۆی دەپێچێتەوە، ئینجا لەوێوە بە سەلامەتی دەردەچێت. 13 کۆڵەکەکانی پەرستگای خۆر لە خاکی میسر دەشکێنێت، پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر بە ئاگر دەسووتێنێت.“»
لێقەومان بەهۆی بتپەرستی
44 ئەو پەیامەی بۆ یەرمیا هات سەبارەت بە هەموو ئەو جولەکانەی لە خاکی میسر نیشتەجێ بوون، لە مگدۆل و لە تەحپەنحێس و لە مەمفیس و لە پاشایەتی باشووری میسر: 2 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە هەموو ئەو بەڵایەتان بینی کە بەسەر ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی یەهودام هێنا. ئەمڕۆ وێرانە و ئاوەدانی تێدا نییە، 3 لەبەر ئەو خراپانەی کردیان. پەستیان کردم بە بخوور سووتاندن و پەرستنیان بۆ خوداکانی دیکە، ئەو خودایانەی نە ئەوان ناسیوویانن و نە ئێوە و نە باوباپیرانتان. 4 منیش بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردن، فەرمووم: ”تکایە! ئەم کارە قێزەونە مەکەن کە من ڕقم لێیەتی.“ 5 بەڵام نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد بۆ ئەوەی لە خراپەکەیان بگەڕێنەوە یان لە بخوور سووتاندن بۆ خوداکانی دیکە بوەستن. 6 جا هەڵچوون و تووڕەییم ڕژا، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا گڕی گرت، وەک ئەمڕۆ وێران بوو و بووە چۆڵەوانی.
7 «ئێستاش یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بۆچی ئێوە بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆتان دەهێنن، بە قڕبوونتان لەناوەڕاستی یەهودا بە پیاو و ژن، بە منداڵ و شیرەخۆرەوە، ئیتر هیچ پاشماوەیەکتان لێ نامێنێتەوە؟ 8 بۆچی بە کردەوەکانی دەستتان پەستم دەکەن کاتێک لە خاکی میسر بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، کە ئێوە بۆی هاتوون تاوەکو لەوێ ئاوارە بن؟ خۆتان قڕ دەکەن و دەبنە نەفرەت و ڕیسوایی لەنێو هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی. 9 ئایا خراپەکانی باوباپیرانتان و خراپەکانی پاشاکان و شاژنەکانی یەهودا و خراپەکانی خۆتان و ژنەکانتان لەیادچوو، ئەوەی لە خاکی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم کران؟ 10 هەتا ئەمڕۆش نە زەلیل بوون و نە لە من ترسان و نە ڕێگای فێرکردن و فەرزەکانی منتان گرتەبەر، ئەوەی لەبەردەم ئێوە و لەبەردەم باوباپیرانتان دامناوە.
11 «لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من مکوڕ دەبم لەسەر ئەوەی بەڵاتان بەسەربهێنم و هەموو یەهودا قڕ بکەم. 12 پاشماوەی یەهوداش دەبەم، ئەوانەی سوور بوون بچنە خاکی میسر هەتا لەوێ نیشتەجێ بن. هەموویان لە خاکی میسر لەناودەچن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن. لە بچووکەوە هەتا گەورە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن و دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی. 13 هەروەها سزای ئەوانەش دەدەم کە لە خاکی میسر نیشتەجێن، وەک چۆن بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئۆرشەلیمم دا. 14 پاشماوەکەی یەهودا، ئەوانەی هاتوون بۆ ئەوەی لە خاکی میسر لە ئاوارەیی بکەون، ئەوانەی تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ نیشتەجێبوون تێیدا، نە پاشماوە و نە دەربازبوویان نابێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا. کەسیان لێ ناگەڕێتەوە، جگە لە کەمینەیەکی دەربازبوو.»
15 ئینجا هەموو ئەو پیاوانەی کە دەیانزانی ژنەکانیان بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، هەروەها هەموو ئەو ژنانەی ڕاوەستابوون، کۆمەڵێکی گەورە بوون، هەموو ئەو خەڵکەی لە پاشایەتی باکوور و پاشایەتی باشووری میسر نیشتەجێن، وەڵامی یەرمیایان دایەوە و گوتیان: 16 «ئێمە گوێ لەم پەیامە ناگرین کە بە ناوی یەزدانەوە بە ئێمەت گوت. 17 بەڵکو هەر شتێک لە دەمی خۆمانەوە هاتووەتە دەرەوە، ئەوە دەکەین: بخوور بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەین، وەک چۆن خۆمان و باوباپیرانمان و پاشاکانمان و پیاوە گەورەکانمان لە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم ئەنجاممان داوە. ئەو کاتە تێر نان بووین و لە خۆشیدا بووین و خراپەمان نەبینی. 18 بەڵام لەو کاتەوەی وازمان لە بخوور سووتاندن هێناوە بۆ شاژنی ئاسمان و پێشکەشکردنی شەرابی پێشکەشکراو بۆی، پێویستمان بە هەموو شتێکە و بە شمشێر و قاتوقڕی لەناوچووین.»
19 ژنەکانیش گوتیان: «ئێمە کاتێک کە بخوورمان بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتاند و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەشی دەکرد، ئایا بەبێ ئاگاداری پیاوەکانمان کولێرەمان بۆ دەکرد لەسەر وێنەی ئەو و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەش دەکرد؟»
20 ئینجا یەرمیا بە هەموو خەڵکەکەی گوت، پیاو و ژنەکان، بە هەموو ئەو خەڵکەی بەم قسەیە وەڵامیان دایەوە: 21 «ئایا یەزدان بیری لەو بخوورە نەکردەوە و بەیادیدا نەهات کە لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم سووتاندتان، ئێوە و باوباپیر و پاشا و میر و هەموو گەلی خاکەکە؟ 22 ئیتر یەزدان لەبەر کردەوە خراپەکان و شتە قێزەونەکانتان کە ئەنجامتان داوە زیاتر بەرگەی نەگرت، جا خاکەکەتان بووە ڕووخاوی و وێرانە و نەفرەت و بێ ئاوەدانی، وەک ئەمڕۆ. 23 لەبەر ئەوەی بخوورتان سووتاند و گوناهتان کرد لە دژی یەزدان، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و ڕێگای فێرکردن و فەرز و یاساکانی ئەوتان نەگرتەبەر، لەبەر ئەوە تووشی ئەم بەڵایە بوون، وەک ئەمڕۆ.»
24 ئینجا یەرمیا بە هەموو گەل و بە تایبەتیش بە هەموو ژنەکانی گوت: «ئەی هەموو خەڵکی یەهودا، ئەوانەی کە لە خاکی میسرن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: 25 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە و ژنەکانتان بە قسە بەڵێنتان دا و بە ئەنجامتان گەیاند، گوتتان ”بێگومان ئێمە ئەو نەزرانەمان[a] جێبەجێ دەکەین کە نەزرمان کردبوو بۆ شاژنی ئاسمان، بخوور دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراوی پێشکەش دەکەین.“
«کەواتە فەرموون، بەڵێنەکانتان بهێننە دی و نەزرەکانتان بپارێزن! 26 بەڵام ئەی هەموو ئەو خەڵکەکەی یەهودا کە لە میسر نیشتەجێن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: ”من بە ناوی مەزنی خۆم سوێند دەخۆم، لەمەودوا کەس لە خەڵکی یەهودا لە هەموو خاکی میسر ناوی من بەسەر زاریدا نایەت، کە بڵێت: ’بە یەزدانی زیندووی باڵادەست.‘ 27 ئەوەتا من بۆ خراپە نەک بۆ چاکە چاودێرییان دەکەم، جا هەموو پیاوانی یەهودا، ئەوانەی لە خاکی میسرن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن، هەتا ئەوەی کەسیان لێ نامێنێتەوە. 28 ئەوانەش کە لە شمشێر دەرباز دەبن لە خاکی میسرەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا، خەڵکانێکی کەم دەبن. ئینجا هەموو پاشماوەی یەهودا ئەوانەی هاتنە میسر تاکو لەوێ بژین، دەزانن قسەی کێ سەردەگرێت، هی من یان هی ئەوان.“»
29 یەزدان دەفەرموێت: «”ئەمەش نیشانەیە بۆ ئێوە، من لەم شوێنە سزاتان دەدەم، بۆ ئەوەی بزانن هەر دەبێت قسەی من سەربگرێت کە لە دژی ئێوەیە و بۆ خراپەیە.“ 30 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من حۆفرەعی فیرعەونی میسر دەدەمە دەست دوژمنەکانی کە دەیانەوێ بیکوژن، وەک چۆن سدقیای پاشای یەهودام دایە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەو دوژمنەی دەیویست بیکوژێت.“»
پەیامێک بۆ باروخ
45 ئەو پەیامەی یەرمیای پێغەمبەر بە باروخی کوڕی نێرییای گوت، لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتێک ئەم وشانەی لە دەمی یەرمیاوە لە تۆمارێکدا دەنووسییەوە: 2 «ئەی باروخ! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە تۆ ئەمە دەفەرموێت: 3 تۆ گوتت: ”قوڕبەسەرم! چونکە یەزدان سەرەڕای ئازارم خەمیشی بۆ زیاد کردووم، لەناو ناڵاندنم لە هۆش خۆم چووم و حەوانەوەم نەبوو.“»
4 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەی پێ بڵێ: ”ئەوەتا من لە هەموو ئەم خاکەدا ئەوەی بنیادم ناوە دەیڕووخێنم و ئەوەی چاندوومە ڕیشەکێشی دەکەم. 5 ئایا ئیتر تۆ داوای شتی گەورە بۆ خۆت دەکەیت؟ داوا مەکە، چونکە ئەوەتا من خراپە بەسەر هەموو خەڵکێکدا دەهێنم، بەڵام بۆ تۆ، ژیانت دەرباز دەبێت لە هەموو ئەو شوێنانەی بۆی دەچیت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.