Chronological
یەرمیا فڕێدرایە ناو ئەمباراوێک
38 ئینجا شەفەتیای کوڕی مەتان، گەدەلیاهوی کوڕی پەشحور، یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و پەشحوری کوڕی مەلکیا گوێیان لەو قسانە بوو کە یەرمیا لەگەڵ گەل دەیکرد و دەیگوت: 2 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، بەڵام ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ ناو بابلییەکان دەژیێت. ژیانی خۆی دەرباز دەکات و دەژیێت.“ 3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە دڵنیاییەوە ئەم شارە دەدرێتە دەست سوپاکەی پاشای بابل، دەستی بەسەردا دەگرێت.“»
4 جا پیاوە گەورەکان بە پاشایان گوت: «دەبێت ئەم پیاوە بکوژرێت. لەبەر ئەوەی بەو قسانەی ورەی ئەو سەربازانە دەڕووخێنێ کە لە شارەکەدا ماونەتەوە، هەروەها ورەی هەموو خەڵکیش دەرووخێنێ. ئەم پیاوە داوای چاکە بۆ ئەم گەلە ناکات، بەڵکو خراپە.»
5 سدقیای پاشا گوتی: «ئەوەتا لەبەردەستتانە، پاشا توانای هیچی نییە بەرامبەر بە ئێوە.»
6 ئەوانیش یەرمیایان برد و فڕێیان دایە ناو ئەمباراوەکەی مەلکیای کوڕی پاشا، ئەوەی لە حەوشەی پاسەوانەکانە. یەرمیایان بە گوریس شۆڕکردە خوارەوە، ئەمباراوەکەش ئاوی تێدا نەبوو، بەڵکو قوڕ. جا یەرمیا لەناو قوڕەکە چەقی.
7 بەڵام عەبەدمەلەخ، کە کاربەدەستێکی کوشی[a] بوو لە کۆشکی پاشا، بیستی کە یەرمیایان فڕێداوەتە ناو ئەمباراوەکە. پاشاش لە دەروازەی بنیامین دانیشتبوو، 8 عەبەدمەلەخ لە کۆشکی پاشاوە چوو و بە پاشای گوت: 9 «پاشای گەورەم، ئەم پیاوانە خراپیان کرد لە هەموو ئەوەی بە یەرمیای پێغەمبەریان کرد. ئەوان فڕێیان داوەتە ناو ئەمباراوەکەوە، ئەو لە شوێنەکەی خۆی لە برسان دەمرێت، چونکە نان لە شار نەماوە.»
10 پاشاش فەرمانی بە عەبەدمەلەخی کوشی کرد و گوتی: «لێرەوە سی پیاو لەگەڵ خۆت ببە، یەرمیای پێغەمبەر لە ئەمباراوەکەوە دەربێنە، هەتا نەمردووە.»
11 عەبەدمەلەخیش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد، چووە ژوورێک لەژێر گەنجینەی کۆشکی پاشا. لەوێ هەندێک پەڕۆوپاتاڵ و جلی کۆنی هەڵگرت و بە گوریس بۆ یەرمیای شۆڕی کردەوە ناو ئەمباراوەکە. 12 عەبەدمەلەخی کوشی بە یەرمیای گوت: «پەڕۆوپاتاڵ و جلە کۆنەکان لەبن هەنگڵت لەژێر گوریسەکەوە دابنێ.» یەرمیاش ئاوای کرد. 13 ئینجا بە گوریس یەرمیایان هەڵکێشا، لە ئەمباراوەکە دەریانهێنا. جا یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.
پرسیاری سدقیا لە یەرمیا
14 پاشان سدقیا پاشا بەدوای یەرمیای پێغەمبەردا ناردی، لە دەروازەی سێیەمی پەرستگای یەزدان هێنایە لای خۆی. ئینجا پاشا بە یەرمیای گوت: «دەمەوێت شتێکت لێ بپرسم، هیچم لێ مەشارەوە.»
15 یەرمیاش بە سدقیای گوت: «ئەگەر پێت بڵێم، ئایا نامکوژیت؟ تەنانەت ئەگەر ئامۆژگاریشت بکەم، گوێم لێ ناگریت.»
16 سدقیای پاشاش بەدزییەوە سوێندی بۆ یەرمیا خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو کە ژیانی بە ئێمە بەخشیوە، نە دەتکوژم و نە دەتدەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێ بتکوژن.»
17 ئینجا یەرمیا بە سدقیای گوت: «یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل بکەیت، ئەوا گیانت بە زیندووێتی دەمێنێتەوە و ئەم شارەش بە ئاگر ناسووتێت، خۆت و خێزانەکەشت بە زیندووێتی دەمێننەوە. 18 بەڵام ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل نەکەیت، ئەوا ئەم شارە دەکەوێتە دەست بابلییەکان و بە ئاگر دەیسووتێنن، تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت.“»
19 سدقیای پاشا بە یەرمیای گوت: «من لەو جولەکانە دەترسم کە چوونەتە پاڵ بابلییەکانەوە، نەوەک بابلییەکان بمدەنە دەست ئەوان، ئەوانیش سووکایەتیم پێ بکەن.»
20 یەرمیاش گوتی: «ناتدەنە دەست ئەوان. گوێڕایەڵی فەرموودەی یەزدان بە کە من پێت ڕادەگەیەنم. ئینجا چاکەت بۆ دەبێت و ژیانت دەرباز دەبێت. 21 ئەگەر ڕازیش نیت خۆت ڕادەست بکەیت، ئەوا ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان پیشانی دام. 22 ئەوەتا هەموو ئەو ژنانەی لە کۆشکی پاشای یەهودا ماونەتەوە، بۆ سەرکردەکانی پاشای بابل دەبردرێن. ئەو ژنانە پێت دەڵێن:
«”ئەوانەی دۆستی تۆ بوون
فریویان دایت و زاڵ بوون بەسەرت.
کاتێک پێیەکانت لەناو زەلکاو چەقین
بەجێیان هێشتیت.“
23 «هەموو ژنەکانت و منداڵەکانیشت بۆ بابلییەکان دەبردرێن. تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت، بەڵکو بە دەستی پاشای بابل دەگیرێیت، ئەم شارەش بە ئاگر دەسووتێت.»
24 سدقیاش بە یەرمیای گوت: «با کەس ئەم قسانە نەزانێت، نەوەک بمریت. 25 ئەگەر پیاوە گەورەکان بیستیان من قسەم لەگەڵ تۆ کردووە، هاتنە لات و گوتیان: ”پێمان بڵێ چیت بە پاشا گوت و پاشا چی بە تۆ گوت، لێمان مەشارەوە، ئەگەر نا دەتکوژین،“ 26 تۆش پێیان بڵێ: ”لە پاشا پاڕامەوە تاوەکو نەمگەڕێنێتەوە بۆ ماڵی یۆناتان و لەوێ نەمرم.“»
27 جا هەموو پیاوە گەورەکان بۆ لای یەرمیا هاتن و لێیان پرسی، ئەویش بەگوێرەی هەموو ئەو قسانەی پاشا فەرمانی پێی کرد، وەڵامی دانەوە. ئیتر ئەوانیش لێی بێدەنگ بوون، چونکە کەس قسەکردنی ئەوی لەگەڵ پاشا نەبیست.
28 ئیتر یەرمیا هەتا ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم گیرا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.
داگیرکردنی ئۆرشەلیم
39 لە مانگی دەی ساڵی نۆیەمی سدقیای پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و گەمارۆی دا. 2 لە نۆی مانگی چواری ساڵی یازدەیەمی سدقیا شوورای شارەکە شکێنرا. 3 جا هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل هاتن و لە دەروازەکەی ناوەڕاست دانیشتن: نێرگەلسەرئەچەری سمەگەری، نەبۆسەرسەخیم کە سەرۆکی دیوان بوو، نێرگەلسەرئەچەر کە سەرۆکی مۆغەکان بوو، لەگەڵ پاشماوەی سەرکردەکانی پاشای بابل. 4 کاتێک کە سدقیای پاشای یەهودا و هەموو جەنگاوەرەکان ئەوانیان بینی، هەڵاتن و بە شەو بە ڕێگای باخچەی پاشادا بە دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەدا شارەکەیان بەجێهێشت، بەرەو دەشتایی عەراڤا[b] ڕۆیشتن.
5 بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوایان کەوتن، لە دەشتی ئەریحا گەیشتنە سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. 6 هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. 7 پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد بۆ ئەوەی بیباتە بابل.
8 هەروەها بابلییەکان کۆشکی پاشا و ماڵەکانی خەڵکیان سووتاند، شووراکانی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند. 9 ئەو پاشماوەیەی خەڵکی کە لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵی و پەنایان بردبووە بەر پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن بۆ بابل. 10 بەڵام هەندێک لەو خەڵکە هەژارەی هیچیان نەبوو، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە خاکی یەهودا بەجێی هێشتن، هەر لەو کاتەدا ڕەز و کێڵگەی پێدان.
11 نەبوخودنەسری پاشای بابل لەبارەی یەرمیاوە فەرمانی بە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا کرد: 12 «بیبە و با چاوت لەسەری بێت، زیانی پێ مەگەیەنە، بەڵکو ئەوەی داوای دەکات بۆی بکە.» 13 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، نەبوشەزبانی سەرۆکی دیوان، نێرگەلسەرئەچەری سەرۆکی مۆغەکان، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل 14 ناردیان و یەرمیایان لە حەوشەی پاسەوانەکان دەرهێنا، دایانە دەست گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، بۆ ئەوەی بیباتە ماڵەوە، ئیتر لەنێو خەڵکەکەی مایەوە.
15 کاتێک یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان گیرابوو، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: 16 «بڕۆ و بە عەبەدمەلەخی کوشی بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: هەموو ئەوەی سەبارەت بەو شارە فەرمووم خەریکم پەیڕەوی دەکەم، بۆ خراپە نەک چاکەی، لەو کاتەدا لەبەرچاوت جێبەجێ دەکرێت. 17 بەڵام لەو ڕۆژەدا تۆ ڕزگار دەکەم و نادرێیتە دەست ئەوانەی لێیان دەترسیت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 بێگومان دەربازت دەکەم، بە شمشێر ناکوژرێیت و ژیانت ڕزگار دەبێت، چونکە پشتت بە من بەست. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
بەڕەڵاکردنی یەرمیا
40 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، پاش ئەوەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە ڕامە یەرمیای بەڕەڵا کرد، کە بینیبووی یەرمیا بە زنجیر بەند کراوە و لەنێو هەموو ڕاپێچکراوەکانی ئۆرشەلیم و یەهودایە کە بۆ بابل ڕاپێچ کراون. 2 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا یەرمیای برد و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگارت سەبارەت بەم شوێنە ئەم بەڵایەی فەرموو. 3 ئێستاش یەزدان ئەنجامی دا، هەروەک فەرمووی کردی. هەموو ئەو شتانەتان لەبەر ئەوە بەسەرهات گوناهتان کرد لە دژی یەزدان و گوێڕایەڵی نەبوون. 4 ئەمڕۆ من ئازادت دەکەم لەو سندمانەی بەدەستتەوەیە. جا ئەگەر پێت باشە لەگەڵم بێیتە بابل، وەرە و منیش چاوم لێت دەبێت. بەڵام ئەگەر حەز ناکەیت، مەیێ. تەماشا بکە، هەموو خاکەکە لەبەردەمتە، جا کوێت پێ باشە و بۆت دەگونجێ، بڕۆ ئەوێ.» 5 بەڵام بەر لە گەڕانەوەی یەرمیا، نەبوزەرەدان گوتی: «بگەڕێوە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، ئەوەی پاشای بابل بەسەر شارۆچکەکانی یەهوداوە دایناوە، لەنێو خەڵکەکە لەلای ئەو بمێنەوە، یانیش هەرکوێیەک پێت باشە و بۆت دەگونجێ بڕۆ ئەوێ.»
پاشان فەرماندەی پاسەوانانی پاشا توێشو و دیارییەکی پێیدا و بەڕەڵای کرد. 6 یەرمیاش هاتە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام لە میچپا و لەلای ئەو مایەوە، لەناو ئەو خەڵکەی لە خاکەکەدا مابوونەوە.
کوشتنی گەدەلیاهو
7 کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان، ئەوانەی لەناو کێڵگەکان بوون، خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کردووە بە فەرمانڕەوای خاکەکە و سەرپەرشتیاری ژن و پیاو و منداڵان، ئەو هەژارانەی خاکەکە کە بۆ بابل ڕاپێچ نەکراون، 8 هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، یۆحانان و یۆناتانی کوڕانی قارێیەح، سەرایای کوڕی تەنحومەت، کوڕەکانی عێفەیی نەتۆفاتی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان. 9 گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «مەترسن لەوەی خزمەتی بابلییەکان بکەن. لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت. 10 منیش لە میچپا دادەنیشم، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەو بابلییانە نوێنەرایەتی ئێوە بکەم کە دێنە لامان. بەڵام ئێوە شەراب و هەنجیر و زەیت کۆبکەنەوە، بیخەنە ناو کۆڵەبارەکانتانەوە، لەو شارۆچکانەی گرتووتانە نیشتەجێ بن.»
11 کاتێک هەموو ئەو جولەکانەی لە مۆئاب و لەنێو عەمۆنییەکان و لە ئەدۆم و ئەوانەی لە هەموو خاکەکانی دیکە بوون، بیستیان کە پاشای بابل پاشماوەی بۆ یەهودا هێشتووەتەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کردووە بە فەرمانڕەوایان، 12 هەموو جولەکەکان لە هەموو ئەو شوێنانەی پەرتەوازە بوون بۆی گەڕانەوە، هاتنەوە خاکی یەهودا، بۆ لای گەدەلیاهو لە میچپا. شەراب و هەنجیرێکی گەلێک زۆریان کۆکردەوە.
13 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لە کێڵگەکان بوون هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو، 14 پێیان گوت: «ئایا تۆ نازانیت کە بەعلیسی پاشای عەمۆنییەکان، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی ناردووە تۆ بکوژێت؟» بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام باوەڕی پێ نەکردن.
15 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح بەدزییەوە لە میچپا قسەی لەگەڵ گەدەلیاهو کرد و گوتی: «ڕێم بدە بچم ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بکوژم، بێ ئەوەی هیچ کەس پێی بزانێت. بۆچی ئەو تۆ بکوژێت، هەموو ئەو جولەکانەی لە دەوری تۆ کۆبوونەتەوە پەرتەوازە بن و پاشماوەی یەهودا لەناوبچێت؟»
16 بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام بە یۆحانانی کوڕی قارێیەحی گوت: «ئەم شتە مەکە، چونکە ئەوەی تۆ سەبارەت بە ئیسماعیل دەیڵێیت ڕاست نییە.»
هۆنراوەیەکی ئاساف.
74 ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟
بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟
2 کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە،
هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە،
ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.
3 هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی،
هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.
4 ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان،
ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.
5 لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە،
لەسەر داری دارستانەکان.
6 بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند،
هەموو نەخشێنراوەکان.
7 ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا،
ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.
8 لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!»
هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.
9 پەرجووەکانمان[a] نابینین و
هیچ پێغەمبەرێک نەماوە،
کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.
10 ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟
ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟
11 بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟
دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!
12 بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی،
دروستکەری ڕزگاریت لەناوەڕاستی زەوی.
13 تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد،
سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.
14 تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت[b] وردوخاش کرد،
کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.
15 تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە،
تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.
16 ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە،
تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.
17 هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون،
تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.
18 ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد،
گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.
19 گیانی کۆترەکەت[c] مەدە زیندەوەرەکان،
هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.
20 پەیمانی خۆت لەبیر بێت،
چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.
21 ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە.
با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.
22 ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە!
لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.
23 قسەی دژەکانت لەبیر مەکە،
ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.
زەبوورێکی ئاساف.
79 ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ،
پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە،
ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
2 تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان
کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و
گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
3 لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن،
کەس نەبوو بیاننێژێت.
4 بووین بە پەندی دراوسێکانمان،
بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.
5 ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟
هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
6 تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن،
بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە.
7 چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە،
نیشتیمانیان خاپوور کردووە.
8 گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە،
با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت،
چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
9 ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە،
لەبەر شکۆی ناوی خۆت.
دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە،
لە پێناوی ناوی خۆت.
10 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
«کوا خوداکەیان؟»
با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان
تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە.
11 با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات،
بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە
ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە.
12 ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی
دراوسێکانمان پێیان کردی،
لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە.
13 ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ،
هەتاهەتایە ستایشت دەکەین،
نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.