Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 35-37

ڕێکابییەکان

35 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا: «بڕۆ بۆ ماڵی ڕێکابییەکان و قسەیان لەگەڵ بکە، بیانهێنە بۆ ماڵی یەزدان، بیانبە ژوورەوە بۆ یەکێک لە ژوورە لاتەنیشتەکان و شەرابیان دەرخوارد بدە.»

منیش یازەنیاهوی کوڕی یەرمیای کوڕی حەڤەچینیا و براکانی و هەموو کوڕەکانی و هەموو بنەماڵەی ڕێکابییەکانم برد. ئەوانم بردە ماڵی یەزدان، بۆ ژوورەکەی نەوەکانی حانانی کوڕی یەگدەلیاهوی پیاوی خودا، ئەوەی لەتەنیشت ژووری پیاوە گەورەکانە، لەسەر ژوورەکەی مەعسێیاهوی کوڕی شەلوم کە پاسەوانی دەرگاکەیە. جامی پڕ شەراب و پەرداخم لەپێش کوڕانی بنەماڵەی ڕێکابییەکان دانا و پێم گوتن: «شەراب بخۆنەوە!»

بەڵام ئەوان گوتیان: «ئێمە شەراب ناخۆینەوە، چونکە یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان، فەرمانی پێ کردووین و گوتوویەتی: ”نە خۆتان و نە کوڕەکانتان بۆ هەتاهەتایە شەراب مەخۆنەوە. هەروەها خانوو بنیاد مەنێن، کشتوکاڵ مەکەن، ڕەزیش مەچێنن و نەتانبێت، بەڵکو بە درێژایی ژیانتان چادرنشین بن، بۆ ئەوەی تەمەنێکی درێژ لەسەر ڕووی ئەم خاکە بژین کە ئێوە تێیدا نامۆن.“ ئێمەش گوێڕایەڵی قسەکەی یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان دەبین. لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ کردووین، بە درێژایی ژیانمان نە خۆمان و نە ژنەکانمان و نە کوڕ و کچەکانمان شەراب ناخۆینەوە، خانوو بنیاد نانێن بۆ نیشتەجێبوونمان، ڕەز و کێڵگە و کشتوکاڵیشمان نابێت. 10 چادرنشین بووین، بە تەواوی گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بووین کە یۆنادابی باپیرە گەورەمان فەرمانی پێ کردووین. 11 بەڵام کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل هەڵیکوتایە سەر ئەو خاکە، ئێمەش گوتمان: ”دەبێ بچینە ئۆرشەلیم بۆ هەڵاتن لە دەستی سوپای بابلی و سوپای ئارامییەکان.“ جا لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووین.»

12 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، یەزدان بە یەرمیای فەرموو: 13 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ یەزدان پێتان دەفەرموێت: ”ئایا ئێوە تەمبێ نابن، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتەکانم بن؟ 14 یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانی بە کوڕەکانی کرد شەراب نەخۆنەوە، فەرمانەکەی جێبەجێ کرا. هەتا ئەمڕۆش شەرابیان نەخواردووەتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانی باپیرە گەورەیان بوون. بەڵام من بەردەوام قسەم لەگەڵ ئێوە کردووە، ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون. 15 من بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ئێوە ناردووە، بۆ ئەوەی پێتان بڵێن: ’هەریەکە و لە ڕەفتارە خراپەکانتان بگەڕێنەوە و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە، دوای خودای دیکە مەکەون بۆ پەرستنیان، بگەڕێنەوە بۆ ئەو خاکەی داومەتە خۆتان و باوباپیرانتان.‘ بەڵام ئێوە گوێتان پێنەدام و گوێتان لێ نەگرتم. 16 کوڕەکانی یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانەکەی باپیرە گەورەیان بەجێگەیاند کە فەرمانی پێ کردن، بەڵام ئەم گەلە گوێڕایەڵی من نەبوون.“

17 «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من هەموو ئەو خراپەیە بەسەر یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەهێنم کە سەبارەت بەوان فەرمووبووم. لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتم، بانگم کردن بەڵام وەڵامیان نەدامەوە.“»

18 یەرمیا بە بنەماڵەی ڕێکابییەکانی گوت: «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە گوێڕایەڵی فەرمانەکەی یۆنادابی باپیرە گەورەتان بوون، هەروەها هەموو فەرمانەکانی ئەوتان پاراست و هەموو ئەوەتان کرد کە فەرمانی پێ کردبوون.“ 19 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”بە درێژایی ڕۆژگار پیاو نابڕێت لە یۆنادابی کوڕی ڕێکاب بۆ خزمەتکردنم.“»

سووتاندنی تۆمارەکەی یەرمیا

36 لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «تۆمارێک بۆ خۆت بهێنە و هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا و هەموو گەلان، لە ماوەی پاشایەتی یۆشیاوە هەتا ئەمڕۆ، هەمووی تێدا تۆمار بکە. بەڵکو بنەماڵەی یەهودا گوێیان لە هەموو ئەو بەڵایە دەبێت کە بە نیازم بەسەریان بهێنم، بۆ ئەوەی هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی خۆیەوە بگەڕێتەوە، منیش لە تاوان و گوناهەکانیان خۆشدەبم.»

یەرمیاش باروخی کوڕی نێرییای بانگکرد، کاتێک یەرمیا هەموو وشەکانی یەزدان کە قسەی لەگەڵیدا پێکردبوو دەیگوت، باروخ لە تۆمارێکدا نووسییەوە. یەرمیا فەرمانی بە باروخ کرد و گوتی: «من بەندم و ناتوانم بچمە ناو پەرستگای یەزدانەوە. جا تۆ لە ڕۆژی ڕۆژووگرتن بڕۆ ناو پەرستگای یەزدان و وشەکانی یەزدان ئەوەی لەبەردەمم لە تۆمارەکەدا نووسیتەوە بیخوێنەوە. بۆ گەلی یەهودای بخوێنەوە، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە دێن. بەڵکو لەبەردەم یەزدان دەپاڕێنەوە، هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو تووڕەیی و هەڵچوونەی کە یەزدان سەبارەت بەم گەلە فەرموویەتی، گەورەیە.»

باروخی کوڕی نێرییاش هەموو ئەوەی کرد کە یەرمیای پێغەمبەر ڕایسپارد. بەوەی لە پەرستگای یەزداندا وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە خوێندەوە. لە مانگی نۆی ساڵی پێنجەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند بۆ هەموو گەل لە ئۆرشەلیم، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتبوونە ئۆرشەلیم. 10 لە ژوورەکەی گەمەریای کوڕی شافانی خامەی نهێنی[a]، لە حەوشەکەی سەرەوە، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی پەرستگای یەزدان، باروخ وشەکانی نێو تۆمارەکەی یەرمیای بۆ هەموو گەل خوێندەوە.

11 کاتێک میخایوی کوڕی گەمەریای کوڕی شافان هەموو وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە بیست، 12 دابەزی بۆ ژوورەکەی خامەی نهێنی لە کۆشکی پاشا، کە هەموو پیاوە گەورەکان لەوێ دانیشتبوون، ئەلیشاماعی خامەی نهێنی، دەلایای کوڕی شەمەعیا، ئەلناتانی کوڕی عەکبۆر، گەمەریای کوڕی شافان، سدقیای کوڕی حەنەنیا، هەروەها هەموو پیاوە گەورەکانی دیکە. 13 میخایوش هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاندن کە بیستبووی، لە کاتێک کە باروخ تۆمارەکەی بۆ گەل دەخوێندەوە. 14 جا هەموو پیاوە گەورەکان یەهودی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی کووشیان نارد بۆ ئەوەی بە باروخ بڵێت: «ئەو تۆمارەی لێیەوە بۆ ئەم گەلە خوێندتەوە، لەگەڵ دەستت هەڵیبگرە و وەرە.» ئینجا باروخی کوڕی نێرییاش تۆمارەکەی لەگەڵ دەستی هەڵگرت و چوو بۆ لایان. 15 پێیان گوت: «فەرموو دابنیشە، گوێمان لێبێت بیخوێنەوە.» باروخیش بۆی خوێندنەوە.

16 کاتێک گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو، بە ترسەوە تەماشای یەکتریان کرد و بە باروخیان گوت: «دەبێ تەواوی ئەم وشانە بە پاشا ڕابگەیەنین.» 17 ئینجا لە باروخیان پرسی: «تکایە پێمان بڵێ چۆن هەموو ئەم وشانەت نووسی؟ ئایا لە دەمی یەرمیا بیستت؟»

18 باروخیش وەڵامی دانەوە: «بەڵێ، بە دەمی خۆی هەموو ئەم وشانەی بۆ دەگوتم، منیش بە مەرەکەب لە تۆمارەکەدا دەمنووسییەوە.»

19 ئینجا پیاوە گەورەکان بە باروخیان گوت: «بڕۆ خۆت و یەرمیا خۆتان بشارنەوە، با کەس نەزانێت ئێوە لەکوێن.»

20 دوای ئەوەی تۆمارەکەیان لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنی دانا، چوونە هەیوانەکە بۆ لای پاشا، هەموو ئەو شتانەیان بە پاشا ڕاگەیاند. 21 پاشا یەهودی نارد بۆ ئەوەی تۆمارەکە بهێنێت، ئەویش لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنییەوە تۆمارەکەی هێنا. یەهودی بۆ پاشا و بۆ هەموو ئەو پیاوە گەورانەی لای پاشا وەستابوون خوێندییەوە. 22 ئەوە لە مانگی نۆ بوو، پاشا لە ماڵی زستانە دانیشتبوو، ئاگردانێکیش لەبەردەمی داگیرسابوو. 23 کاتێک یەهودی سێ چوار ستوونی لە تۆمارەکە خوێندەوە، پاشا بە قەڵەمبڕی نووسەرەکە پارچەپارچەی کرد و فڕێیدایە ناو ئاگردانەکەوە هەتا هەموو تۆمارەکە لەناو ئاگرەکە بە تەواوی فەوتا. 24 جا نە پاشا و نە هیچ یەکێک لە خزمەتکارەکانی کە گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو نەترسان، جلەکانی بەریان دانە دڕی. 25 هەرچەندە ئەلناتان و دەلایا و گەمەریا تکایان لە پاشا کرد تۆمارەکە نەسووتێنێت، بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرتن. 26 بەڵکو پاشا فەرمانی دا بە میر یەرەحمێل و سەرایای کوڕی عەزریێل و شەلەمیاهوی کوڕی عەبدئێل بۆ گرتنی باروخی سەرقەڵەم و یەرمیای پێغەمبەر، بەڵام یەزدان ئەوانی شاردەوە.

27 دوای ئەوەی پاشا تۆمارەکەی سووتاند کە ئەو وشانەی تێدابوو باروخ لە دەمی یەرمیاوە نووسیبووی، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 28 «بگەڕێوە و تۆمارێکی دیکە ببە و هەموو ئەو وشانەی تێدا بنووسەوە کە لەناو تۆمارەکەی یەکەم جار بوو، ئەوەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا سووتاندی. 29 بە یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداش بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ ئەو تۆمارەیەت سووتاند و گوتت: ’بۆچی تێیدا نووسیت و گوتت، بێگومان پاشای بابل دێت و ئەم خاکە دەفەوتێنێت و مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا قڕ دەکات؟‘ 30 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: کەس لە ڕەچەڵەکی ئەو لەسەر تەختی داود دانانیشێت، تەرمەکەی فڕێدەدرێتە بەر گەرمای ڕۆژ و سەرمای شەو. 31 سزای خۆی و منداڵ و خزمەتکارەکانی دەدەم لەسەر تاوانەکانیان، هەموو ئەو بەڵایەی پێیانم گوت، بەسەر خۆیان و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و پیاوانی یەهودای دەهێنم، چونکە گوێیان لێ نەگرت.“»

32 ئینجا یەرمیا تۆمارێکی دیکەی برد و دایە باروخی کوڕی نێرییای سەرقەڵەم، ئەویش لە دەمی یەرمیاوە هەموو وشەکانی ئەو تۆمارەی نووسییەوە کە یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا لەناو ئاگردانەکە سووتاندی، هەروەها زۆر وشەی لەو جۆرەشی بۆ زیاد کرد.

یەرمیا لە بەندیخانە

37 ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل سدقیا کوڕی یۆشیای لە خاکی یەهودا کردە پاشا، لە جێی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیم. بەڵام نە خۆی و نە خزمەتکارەکانی و نە گەلی خاکەکە گوێیان لە پەیامەکەی یەزدان نەگرت کە لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی.

جا سدقیای پاشا یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی بۆ لای یەرمیای پێغەمبەر نارد و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە لە یەزدانی پەروەردگارمان بپاڕێوە.»

لەو کاتەدا یەرمیا بە ئازادی هاتوچۆی ناو خەڵکی دەکرد، چونکە هێشتا نەیانخسبووە بەندیخانەوە. سوپاکەی فیرعەونیش لە میسرەوە بەڕێکەوتبوون، کاتێک ئەو بابلییانەی کە گەمارۆی ئۆرشەلیمیان دابوو هەواڵی ئەوانیان بیست، لە ئۆرشەلیم کشانەوە.

ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، پێی فەرموو: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: پاشای یەهودا کە ئێوەی ناردووە بۆ لام تاکو لێم بپرسێت، پێی بڵێن: ”ئەوەتا سوپاکەی فیرعەون کە بۆ یارمەتیتان بەڕێکەوتوون، دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، میسر. بابلییەکانیش دەگەڕێنەوە و شەڕ لەگەڵ ئەم شارە دەکەن، دەیگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن.“

«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خۆتان مەخەڵەتێنن و بڵێن: ”بابلییەکان بە تەواوی لە کۆڵمان دەبنەوە.“ لە کۆڵتان نابنەوە! 10 تەنانەت ئەگەر هەموو سوپای بابلییەکانیش ببەزێنن کە لە دژتان دەجەنگن، تەنها چەند پیاوێکی برینداریان لێ بمێنێتەوە، ئەوا هەریەکە لە چادرەکەی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و ئەم شارە بە ئاگر دەسووتێنن.»

11 دوای ئەوەی سوپای بابلییەکان لە ئۆرشەلیم بەرامبەر بە سوپاکەی فیرعەون کشانەوە، 12 یەرمیاش دەستبەجێ ئۆرشەلیمی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە خاکی بنیامین، تاکو لەوێ لەنێو گەل بەشی خۆی لە زەوی وەربگرێت. 13 بەڵام کە گەیشتە ناو دەروازەی بنیامین، سەرکارێکی پاسەوانان لەوێ هەبوو، ناوی یرئیا ی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی حەنەنیا بوو، یەرمیای پێغەمبەری گرت و پێی گوت: «تۆ دەچیتە پاڵ بابلییەکان!»

14 یەرمیاش گوتی: «درۆیە! من ناچمە پاڵ بابلییەکان.» بەڵام یرئیا گوێی لێ نەگرت، ئینجا یەرمیای گرت و هێنایە لای پیاوە گەورەکان. 15 پیاوە گەورەکانیش لە یەرمیا تووڕە بوون، لێیاندا و لە ماڵی یۆناتانی خامەی نهێنی بەندیان کرد، چونکە ئەوێیان کردبووە بەندیخانە.

16 یەرمیایان خستە کونجی زیندانەوە لە بەندیخانەکە، ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە. 17 ئینجا سدقیا پاشا ناردی و لەوێ دەریانهێنا، پاشا لە ماڵەکەی خۆی بەدزییەوە پرسیاری لێکرد و گوتی: «ئایا هیچ پەیامێک لەلایەن یەزدانەوە هەیە؟»

یەرمیاش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، هەیە. تۆ دەکەویتە دەست پاشای بابلەوە.»

18 ئینجا یەرمیا بە سدقیا پاشای گوت: «تاوانی من دەرهەق بە تۆ و خزمەتکارەکانت و ئەم گەلە چییە، هەتا بمخەنە بەندیخانەوە؟ 19 ئەی کوا پێغەمبەرەکانتان، ئەوانەی پێشبینییان بۆ کردیت و گوتیان: ”پاشای بابل نایەتە سەر ئێوە و ئەم خاکە“؟ 20 ئێستاش، ئەی پاشای گەورەم، تکایە گوێ بگرە. تکایە با لەبەردەمت بپاڕێمەوە: مەمگەڕێنەوە بۆ ماڵەکەی یۆناتانی خامەی نهێنی، با لەوێ نەمرم.»

21 سدقیای پاشاش فەرمانی دا کە یەرمیا بخرێتە حەوشەی پاسەوانەکان، ڕۆژانە یەک نانی لە بازاڕی نانەوایانەوە پێبدرێت، هەتا بە تەواوی نان لە شارەکە دەبڕدرێتەوە. یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.