Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 23-25

لقە ڕاستودروستەکە

23 یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر ئەو شوانانەی مەڕی مێگەلەکەم دەفەوتێنن و پەرتوبڵاوی دەکەنەوە!» لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لەبارەی ئەو شوانانەی کە شوانایەتی گەلەکەی من دەکەن، ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە مەڕەکانی منتان پەرتوبڵاوکردەوە و دەرتانکرد و گرنگیتان پێنەدا، لەبەر ئەوە منیش لەسەر خراپی کردەوەکانتان سزاتان دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «بەڵام من پاشماوەی مێگەلەکەی خۆم لە هەموو ئەو خاکانە کۆدەکەمەوە کە دەرمکردن بۆی، دەیانگەڕێنمەوە بۆ لەوەڕگاکانیان و زاوزێ دەکەن و زۆر دەبن. ئینجا شوانیان بۆ دادەنێم و شوانەتییان دەکەن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
    لقێکی ڕاستودروست لە داودەوە هەڵدەستێنم،
پاشایەک بە دانایی پاشایەتی دەکات،
    ڕاستودروستی و دادپەروەری لە زەویدا پەیڕەو دەکات.
لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
    ئیسرائیل بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
    ”یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»

یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“ بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و لە هەموو ئەو خاکانەوە بۆ ئەوێ دەریکردن.“ ئەوانیش لەسەر خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ دەبن.»

پێغەمبەرە درۆزنەکان

سەبارەت بە پێغەمبەرەکان:

دڵم لە ناخمدا وردوخاش بووە،
    هەموو ئێسکەکانم دەلەرزن.
من وەک کەسێکی سەرخۆشم لێهات،
    وەک پیاوێک شەراب بەسەریدا زاڵ بووبێت،
لەبەر یەزدان و
    لەبەر فەرموودە پیرۆزەکانی.
10 چونکە خاکەکە پڕ بووە لە داوێنپیسان،
    خاکەکە لەبەر نەفرەت دەناڵێنێت،
    لەوەڕگاکانی چۆڵەوانی وشک بوون.
پێغەمبەران لەسەر ڕێڕەوی خراپە دەڕۆن و
    دەسەڵاتیان بۆ ستەم بەکاردەهێنن.

11 «پێغەمبەر و کاهین هەردووکیان گڵاوبوون،
    تەنانەت لە پەرستگاکەشم خراپەی ئەوانم بەرچاوکەوت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان خلیسکە بۆیان،
    بۆ ناو تاریکی دەردەکرێن و
    لەوێ دەخزێن،
چونکە بەڵایان بەسەردا دەهێنم
    لە ساڵی سزادانیان.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

13 «لەنێو پێغەمبەرەکانی سامیرەدا
    قێزەونییەکەم بینی،
بەهۆی بەعلەوە پێشبینی دەکەن و
    ئیسرائیلی گەلی من گومڕا دەکەن.
14 لەنێو پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمیش
    ئەوەی بینیم موچڕکە بە لەشدا دەهێنێت:
    داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووەتەبەر،
خراپەکاران هاندەدەن
    بۆ ئەوەی کەس لە خراپەکەی نەگەڕێتەوە.
ئەوان بۆ من وەک سەدۆمیان لێهاتووە،
    خەڵکی ئۆرشەلیمیش وەک عەمۆرا.»

15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار سەبارەت بە پێغەمبەرەکان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من زەقنەبووتیان دەرخوارد دەدەم و
    ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم،
چونکە لەلای پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمەوە
    گڵاوی بۆ هەموو زەوی بڵاو بووەوە.»

16 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن،
    چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن.
لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن،
    نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە.
17 ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن،
    ”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“
هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن،
    ”خراپەتان بەسەرنایەت.“
18 بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان[a] ڕاوەستا و
    بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟
    کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟
19 ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان
    لە تووڕەییدا هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە
    لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
20 تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
    هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
    بە تەواوی جێبەجێ نەکات.
لە داهاتوودا
    بە ڕوونی تێی دەگەن.
21 من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد،
    بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند،
من قسەم لەگەڵیان نەکرد،
    کەچی خۆیان پێشبینییان کرد.
22 بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان،
    فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و
لە ڕێگا خراپەکانیان و
    لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە.

23 «ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و
    لە دوورەوە خودا نیم؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24 «یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و
    من نەیبینم؟
    ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

25 «گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“ 26 هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟ 27 بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو. 28 با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 29 «ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

30 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە. 31 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“ 32 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پەیام و پێغەمبەرایەتی درۆزن

33 «کاتێک ئەم گەلە یان پێغەمبەر یان کاهینێک لێت دەپرسێت: ”سروشی یەزدان چییە؟“ پێیان بڵێ: ”سروشی چی؟ یەزدان دەفەرموێت: من لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە.“ 34 هەرکەسێک، پێغەمبەر یان کاهین یان لە گەل، ئەگەر وا بڵێت: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ خۆی و ماڵەکەی سزا دەدەم. 35 ئاوا بە یەکتری دەڵێن، هەریەکە بە برادەرەکەی و هەریەکە بە براکەی: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“ 36 بەڵام چیتر باسی ”سروشی یەزدان“ ناکەن، چونکە هەرکەسە و قسەکەی خۆی دەبێت بە سروشەکەی، ئێوە دەستکاری فەرموودەکانی خودای زیندووتان کرد، فەرموودەکانی خودامان، یەزدانی سوپاسالار. 37 ئاوا بە هەر پێغەمبەرێک دەڵێیت: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“ 38 هەرچەندە وا بڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی ئەم قسەیە دەکەن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ هەرچەندە من بۆم ناردوون کە وا نەڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ 39 لەبەر ئەوە بە تەواوی لەبەردەمی خۆم هەڵتاندەگرم و لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە، خۆتان و ئەم شارەش کە بە خۆتان و باوباپیرانتانم داوە. 40 ڕیسواییەکی هەتاهەتایی و سەرشۆڕییەکی هەتاهەتاییتان لەسەر دادەنێم کە هەرگیز لەیاد نەچێت.»

دوو سەبەتە هەنجیر

24 پاش ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل، یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچ کرد و هەموویانی هێنایە بابل، یەزدان دوو سەبەتە هەنجیری پیشاندام کە لەبەردەم پەرستگای یەزدان دانراون. یەکێک لە سەبەتەکان هەنجیرەکەی زۆر باش بوو وەک هەنجیری یەکەم بەر، لە سەبەتەکەی دیکەشدا هەنجیرێکی زۆر خراپ، لە خراپیدا نەدەخورا.

جا یەزدان پێی گوتم: «یەرمیا، چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «هەنجیر. هەنجیرە باشەکە زۆر باشە، هەنجیرە خراپەکەش زۆر خراپە، لە خراپیدا ناخورێت.»

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک ئەو هەنجیرە باشە، من ڕاپێچکراوەکانی یەهودا بە باش دادەنێم، ئەوەی لەم شوێنەوە ناردم بۆ خاکی بابلییەکان. چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم، دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم. دڵێکیان دەدەمێ بۆ ناسینم، کە من یەزدانم و ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دەگەڕێنەوە لام.“»

یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”وەک ئەو هەنجیرە خراپەش کە لە خراپیدا ناخورێت، ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی و پاشماوەی ئۆرشەلیمدا دەکەم، ئەوانەی لەم خاکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی لە خاکی میسر نیشتەجێن. هەموو شانشینەکانی زەوی لێیان دەتۆقن و دەیانکەمە بەڵا و ڕیسوایی و پەند و گاڵتەجاڕی و نەفرەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دەریاندەکەم بۆی. 10 شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە سەریان، هەتا بە تەواوی لەناودەچن لەسەر ئەو خاکەی دامە خۆیان و باوباپیرانیان.“»

ڕاپێچکردنی گەلی خودا بۆ ماوەی حەفتا ساڵ

25 ئەو پەیامەی لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کە دەکاتە ساڵی یەکەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا بۆ یەرمیا هات. ئەوەی یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا و بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند: «لە ساڵی سێزدەیەمینی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهوداوە هەتا ئەمڕۆ، ئەم بیست و سێ ساڵە، فەرمایشتی یەزدانم بۆ دەهات و منیش بەردەوام قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت.

«یەزدانیش بەردەوام هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆی بۆ ناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت و گرنگیتان پێنەدا. پێیان گوتن: ”لە ڕەفتارە ناشیرین و کردەوە خراپەکانتان بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن لەسەر ئەو خاکەی کە یەزدان داویەتییە ئێوە و باوباپیرانتان، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. شوێنی خوداوەندەکانی دیکە مەکەون بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن. بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم مەکەن و منیش سزاتان نادەم.“»

یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام گوێتان لێم نەگرت، بۆ ئەوەی بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم بکەن، بەخۆتان سزاتان بۆ سەر خۆتان هێنا.»

لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئێوە گوێتان لە قسەی من نەگرت، ئەوەتا دەنێرم و هەموو خێڵەکانی باکوور کۆدەکەمەوە، هەروەها نەبوخودنەسری خزمەتکارم، پاشای بابل، جا دەیانهێنمە سەر ئەم خاکە و سەر دانیشتووانەکەی و سەر هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەری. بە تەواوی قڕیان دەکەم[b]، دەیانکەمە پەند و تانە و تەشەر و وێرانییەکی هەتاهەتایی. 10 دەنگی بەزم و شادی، دەنگی بووک و زاوا، دەنگی دەستاڕ و ڕووناکی چرایان ناهێڵم. 11 هەموو ئەم خاکە دەبێتە وێرانەیەکی چۆڵ، ئەم نەتەوانەش حەفتا ساڵ خزمەتی پاشای بابل دەکەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

12 یەزدان دەفەرموێت: «کە حەفتا ساڵەکە تەواو بوو، سزای پاشای بابل و ئەو نەتەوەیە دەدەم، لەسەر تاوانەکانیان، سزای خاکی بابلییەکانیش دەدەم و دەیکەمە چۆڵەوانییەکی هەتاهەتایی. 13 هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە، ئەوەی یەرمیا سەبارەت بە هەموو ئەم نەتەوانە پێشبینیی کرد، هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی تێدا هاتووە کە سەبارەت بەو خاکە فەرموومە پەیڕەوی دەکەم، 14 چونکە ئەوانیش دەبنە کۆیلەی زۆر نەتەوە و پاشای گەورە، بەگوێرەی کردەوە و کارەکانی خۆیان سزایان دەدەمەوە.»

جامی تووڕەیی خودا

15 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئاوای بە من فەرموو: «جامی شەرابی ئەم تووڕەییە لە دەستم وەربگرە و دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەی بدە کە من دەتنێرم بۆ لایان. 16 کاتێک دەیخۆنەوە، بەلادادێن و شێت دەبن لەبەر ئەو شمشێرەی کە من دەینێرمە ناویان.»

17 منیش جامەکەم لە دەستی یەزدان وەرگرت، دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەم دا کە یەزدان ناردمی بۆیان: 18 بۆ ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا و پاشا و پیاوە گەورەکانی، تاکو وێران بن و ببنە پەند و مایەی تانە و تەشەر و نەفرەت لێکردن، هەروەک ئێستا؛ 19 بۆ فیرعەونی پاشای میسر و خزمەتکار و پیاوە گەورەکانی و هەموو گەلەکەی 20 و هەموو بێگانەکانی ئەوێ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی عوچ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی فەلەستییەکان؛ ئەسقەلان و غەزە و عەقرۆن و پاشماوەی ئەشدۆد؛ 21 بۆ ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆنییەکان؛ 22 بۆ هەموو پاشاکانی سور و هەموو پاشاکانی سەیدا؛ بۆ پاشاکانی کەنارەکان، ئەوانەی لەوبەری دەریان؛ 23 بۆ دیدان و تێما و بووز و هەموو قژبڕاوەکان[c]؛ 24 بۆ هەموو پاشاکانی عەرەبستان و سەرکردەی هەموو هۆزەکانی نیشتەجێی بیابان؛ 25 بۆ هەموو پاشاکانی زیمری و ئیلام و میدیا؛ 26 بۆ هەموو پاشاکانی باکوور، نزیک و دووریان، یەک لەدوای یەک؛ بۆ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی. لەدوای هەموویانەوە، هەروەها پاشای شێشەخ[d] ئەو جامە دەخواتەوە.

27 «پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بخۆنەوە و سەرخۆش بن و بڕشێنەوە، بکەون و هەڵمەستنەوە لەبەر ئەو شمشێرەی من دەینێرمە ناوتان.“ 28 ئەگەر ڕازی نەبوون جامەکە لە دەستت وەربگرن بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: دەبێت بیخۆنەوە! 29 ئەوەتا ئەو شارەی ناوی منی هەڵگرتووە، من دەستم پێکردووە بەڵای بەسەردا بهێنم، ئیتر ئایا ئێوە بێ سزا دەبن؟ نەخێر بێ سزا نابن! چونکە من شمشێر دەهێنمە سەر هەموو دانیشتووانی زەوییەکە.“ ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

30 «تۆش هەموو ئەو پەیامەی من لە دژی ئەوان ڕابگەیەنە و پێیان بڵێ:

«”یەزدان لە ئاسمان دەنەڕێنێت،
    لە نشینگەی پیرۆزیەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و
    بەهێز بەسەر خاکی خۆیدا دەنەڕێنێت.
وەک ئەوانەی ترێ پێپەست دەکەن بە هوتافەوە هاوار دەکات
    بەسەر هەموو دانیشتووانی زەوی.
31 هاتوهاوار گەیشتە ئەوپەڕی زەوی
    چونکە یەزدان سکاڵا لە نەتەوەکان دەکات،
دادوەری هەموو ئادەمیزاد دەدات و
    بەدکارەکان دەداتە بەر شمشێر.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

32 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئاگاداربن! بەڵا بڵاو دەبێتەوە
    لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک،
گەردەلوولێکی گەورە هەڵدەکات
    لەوپەڕی زەوییەوە.»

33 لەو ڕۆژەدا، ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن لەمپەڕی زەوییەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی دەبن، شیوەنیان بۆ ناگێڕدرێت و کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.

34 ئەی شوانەکان، واوەیلا و هاوار بکەن!
    ئەی سەرپەرشتیارانی مێگەل، خۆتان بگەوزێنن،
چونکە کاتتان هاتووە بۆ سەربڕین،
    وەک گۆزەیەکی بە نرخ دەکەون و تێکدەشکێنرێن.
35 پەناگا بۆ شوانەکان نامێنێت،
    دەربازبوونیش بۆ سەرپەرشتیارانی مێگەل.
36 گوێ بگرە لە هاواری شوانەکان و
    واوەیلای سەرپەرشتیارانی مێگەل،
    چونکە یەزدان لەوەڕگاکانیان تێکدەدات.
37 مێرگەکانی ئاشتی لەناودەچن
    لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
38 ئەو وەک بەچکە شێر لانەی خۆی بەجێدەهێڵێت،
    چونکە خاکەکە وێران دەبێت
لەبەر شمشێری ستەمکار و
    لەبەر جۆشی تووڕەیی خۆی.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.