Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 10-13

خودا و بتەکان

10 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت. یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و
    لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن،
    هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن.
چونکە نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە:
    درەختی بڕاوەی دارستانن،
    دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات،
بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و
    بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن
    بۆ ئەوەی نەلەقن.
وەک داوەڵی[a] لە بێستانی خەیاردان،
    بتەکانیان قسە ناکەن،
بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن،
    چونکە هەنگاو نانێن،
لێیان مەترسن، چونکە زیان نابەخشن،
    هەروەها ناتوانن هیچ سوود بگەیەنن.»

ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە،
    تۆ مەزنیت،
    لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە.
کێ لێت ناترسێت،
    ئەی پاشای نەتەوەکان؟
    چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە.
لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و
    لە هەموو شانشینەکانیان،
    کەس هاوتای تۆ نییە.

تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون،
    شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن.
زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و
    زێڕ لە ئوفازەوە.
دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە،
    بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە،
    هەمووی دەستکردی وەستایانن.
10 بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە،
    ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە،
زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و
    نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.

11 «ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»

12 بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
    بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
    بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
13 کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
    هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
    با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.

14 هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
    هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی[b] شەرمەزارە،
چونکە داڕێژراوی درۆن و
    ڕۆحیان تێدا نییە.
15 ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
    لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
16 بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
    چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە،
    یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.

هاتنی وێرانی

17 لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە،
    ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!
18 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
    «ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە
دەردەکەمە دەرەوە،
    تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»

19 وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم!
    برینەکەم بێ چارەیە!
بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و
    دەبێ بەرگەی بگرم.»
20 چادرەکەم تێکدراوە،
    هەموو گوریسەکانی پساون.
کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون،
    ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و
    پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.
21 شوانەکان دەبەنگ بوون و
    داوای یەزدانیان نەکرد،
لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و
    هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.
22 گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت،
    هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە،
تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن،
    بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.

نزاکردنی یەرمیا

23 ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە،
    کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.
24 ئەی یەزدان، تەمبێم بکە،
    بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت،
    نەوەک لەناوم ببەیت.
25 تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە
    کە دانت پێدا نانێن و
    بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن،
چونکە یاقوبیان خوارد،
    بە تەواوی خواردیان و
    نشینگەکەیان وێران کرد.

شکاندنی پەیمانەکە

11 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «گوێ لە بەندەکانی ئەو پەیمانە بگرن و لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم پێی بدوێن. پێیان دەڵێیت کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی گوێڕایەڵی بەندەکانی ئەو پەیمانە نابێت، کە من فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد، لەو ڕۆژەی لە خاکی میسر، لەناو کوورەی ئاسن دەرمهێنان.“ فەرمووم: ”گوێم لێ بگرن و کاریان پێ بکەن بەپێی هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکەم. جا دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە، بۆ ئەوەی ئەو سوێندە بەجێبهێنم کە بۆ باوباپیرانتان خواردم کە خاکێکیان بدەمێ شیر و هەنگوینی لێ بڕژێتەوە،“ هەروەک ئەو خاکەی ئەمڕۆ تێیدان.»

منیش وەڵامم دایەوە: «ئامین، ئەی یەزدان!»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەواوی ئەم پەیامە لەناو شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ڕابگەیەنە و بڵێ: ”گوێ لە بەندەکانی ئەم پەیمانە بگرن و کاریان پێ بکەن، چونکە لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانی ئێوەم لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە هەتا ئەمڕۆ، بە تەواوی و بەردەوام ئاگادارم کردوونەتەوە و بە ڕوونی فەرموومە: ’گوێم لێ بگرن.‘ نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد، هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوت، جا منیش هەموو نەفرەتەکانی ئەم پەیمانەم بەسەریاندا هێنا، ئەوەی فەرمانم پێکردن کە کاری پێ بکەن، بەڵام نەیانکرد.“»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «بە پیلانگێڕیم زانیوە لەنێو پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 10 گەڕانەوە سەر تاوانی باوباپیرانی پێشوویان، کە ڕەتیان کردەوە گوێ لە پەیامەکەم بگرن، کەوتنە دوای خوداوەندەکانی دیکە بۆ ئەوەی بیانپەرستن. بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا ئەو پەیمانەیان شکاند کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم. 11 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من بەڵایەکیان بەسەردا دەهێنم کە نەتوانن لێی دەرباز بن، جا هاوارم بۆ دەکەن و منیش گوێیان لێ ناگرم. 12 شارۆچکەکانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەچن و هاوار دەبەن بۆ ئەو خوداوەندانەی بخووریان بۆ دەسووتێنن، بەڵام ئەوان لە کاتی بەڵایان ڕزگاریان ناکەن. 13 ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت هێندەی ژمارەی شارۆچکەکانت بوون، قوربانگاتان هێندەی ژمارەی شەقامەکانی ئۆرشەلیم بوون بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندی بەعلی شەرمەزاری.“

14 «تۆش لە پێناوی ئەم گەلە نوێژ مەکە و لە پێناویان پاڕانەوە و نزا بەرز مەکەرەوە، چونکە لە کاتی هاوارکردنیان بۆم لەبەر بەڵاکەیان گوێیان لێ ناگرم.

15 «ئەی ئەویندارەکەم، لە پەرستگاکەم چی دەکەیت،
    پلانگێڕیت لەگەڵ زۆر لایەن داڕشتووە،
    ئایا گۆشتی قوربانی پیرۆزکراو سزات لەسەر لادەبات؟
کاتێک خراپە دەکەیت،
    ئینجا دڵخۆش دەبیت.»

16 یەزدان ناوی لێنایت زەیتوونی سەوز
    لەگەڵ بەروبووم بە شێوەی جوان،
بەڵام بە دەنگی هاتوهەرایەکی گەورە
    ئاگری لەسەر کردەوە
    جا لقەکانی دەشکێنرێن.

17 یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی تۆی چاند، بڕیاری دا تووشی بەڵاتان بکات، لەبەر خراپەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا، کە بخووریان بۆ بەعل سووتاند، بەو خراپەیە پەستیان کردم.

پیلان لە دژی یەرمیا

18 یەزدان پیلانی ئەوانی بۆ من ئاشکرا کرد، جا زانیم، لەم کاتەدا کردارەکانی ئەوانی پیشاندام. 19 منیش وەک بەرخێکی دەستەمۆ بۆ سەربڕین ببردرێت، نەمزانی پیلانیان لە دژی من گێڕاوە و دەڵێن:

«با دارەکە بە بەرەکەیەوە لەناو ببەین،
    با لە خاکی زیندووان بیبڕینەوە،
    ئیتر یادی ناوی ناکرێتەوە.»
20 بەڵام تۆ، ئەی یەزدانی سوپاسالار، دادوەری ڕاستودروست،
    تاقیکەرەوەی مێشک و دڵ،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
    چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.

21 «لەبەر ئەوە فەرمایشتی یەزدان ئەمەیە سەبارەت بە پیاوانی عەناتۆت، ئەوانەی داوای گیانی تۆ دەکەن و دەڵێن: ”بە ناوی یەزدانەوە پەیام ڕامەگەیەنە، با بە دەستی خۆمان نەتکوژین.“ 22 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”من سزایان دەدەم، لاوان بە شمشێر دەمرن و کوڕ و کچیشیان بە قاتوقڕی دەمرن. 23 پاشماوەشیان بۆ نامێنێتەوە، چونکە لە ساڵی سزادانیان بەڵا بەسەر پیاوانی عەناتۆتدا دەهێنم.“»

سکاڵانامەی یەرمیا

12 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت
    کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم.
لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم:
    بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟
    بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟
ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا،
    گەشەیان کرد و بەریان دا.
تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت
    بەڵام لە دڵیان دووریت.
بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت،
    دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە.
وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە!
    بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!
هەتا کەی زەوی بگریێ و
    گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟
لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی
    ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون،
    چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»

وەڵامی خودا

«ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت،
    ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟
ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت،
    ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟
چونکە براکانت و بنەماڵەکەشت،
    ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت،
ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد.
    لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.

«واز لە ماڵی خۆم دەهێنم،
    میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە،
ئەویندارەکەی خۆم
    دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.
میراتەکەم لێم دەبێتە
    شێرێک لە دارستان،
بەسەرمدا دەنەڕێنێت،
    لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.
میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە،
    مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟
بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە،
    بیانهێنن بۆ خواردن.
10 زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن،
    کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن.
کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من
    دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.
11 دەیکەنە کاولگە،
    کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت.
هەموو زەوی کاول دەبێت،
    چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.
12 لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی
    تاڵانکەران دێن،
چونکە شمشێری یەزدان
    لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات،
    ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.
13 گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە،
    ماندوو دەبن و قازانج ناکەن.
ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان،
    لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»

14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لەناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم. 15 لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە. 16 لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن. 17 بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پشتێنێکی کەتان

13 یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.» منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.

ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستاوە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات[c] و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.» منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.

دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.» منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم. 10 ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت. 11 وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

نموونەی گۆزەی شەراب

12 «جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“ 13 تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 14 بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

مەترسی ڕاپێچکراوان

15 گوێ بگرن و گوێ شل بکەن،
    لووتبەرز مەبن،
    چونکە یەزدان فەرموویەتی.
16 شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان
    بەر لەوەی تاریکی دابێنێت،
بەر لەوەی پەل بکوتن
    لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو.
ئێوە خوازیاری ڕووناکین
    بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ،
    دەیکاتە ئەنگوستەچاو.
17 بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن،
    بە نهێنی دەگریێم
    لەبەر لووتبەرزیتان،
چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و
    فرمێسک دەڕێژێت،
    چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.

18 بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ:
    «لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە،
چونکە تاجی شکۆمەندیتان
    لەسەرتان دێتە خوارەوە.»
19 شارەکانی نەقەب دادەخرێن و
    کەس نییە بیانکاتەوە.
هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ،
    سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.

20 چاوت هەڵبڕە[d] و
    ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن!
کوا ئەو مێگەلەی پێت درا،
    ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟
21 چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت
    کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟
ئایا ژان ناتگرێت
    وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟
22 ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی،
    «بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟»
لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا
    دەستدرێژییان کردە سەرت.
23 ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت،
    یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟
ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن،
    کە لە خراپە ڕاهاتوون!

24 «وەک پووش پەرتیان دەکەم
    کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»
25 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە،
    ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە،
    لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و
    پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.
26 منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە،
    ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!
27 داوێنپیسی و حیلاندنت،
    بێڕوویی لەشفرۆشیت!
لەسەر گردەکان لە کێڵگە
    قێزەونییەکانی تۆم بینی.
ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت!
    هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.