Chronological
پشتبەستن بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر
7 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «لەناو دەروازەی ماڵی یەزدان بوەستە و لەوێ ئەم پەیامە ڕابگەیەنە و بڵێ:
«”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی هەموو گەلی یەهودا، ئەوانەی لەم دەرگایە بۆ کڕنۆش بردن بۆ یەزدان دێنە ژوورەوە. 3 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ڕێگا و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و منیش لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم. 4 پشت بەم قسە هەڵخەڵەتێنەرە مەبەستن، بڵێن: ’ئەمە پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە!‘ 5 چونکە ئەگەر بە تەواوی ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاککردەوە، ئەگەر لەنێو خۆتان بە تەواوی دادپەروەری پەیڕەو بکەن، 6 ئەگەر ستەم لە نامۆ و هەتیو و بێوەژن نەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان نەڕێژن، ئەگەر دوای خوداکانی دیکە نەکەون کە بۆ خراپەی خۆتانە، 7 ئەوا من لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم، لەو خاکەی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە بە باوباپیرانتانم داوە. 8 بەڵام ئێوە پشتتان بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر بەستووە کە بێ سوودە.
9 «”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن، 10 ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن: ’ئێمە پارێزراوین.‘ ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟ 11 ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «یەزدان دەفەرموێت: ”ئێستا بڕۆنە شوێنەکەم کە لە شیلۆیە، ئەوەی سەرەتا ناوی خۆمم لەوێ نیشتەجێ کرد، ببینن لەبەر خراپەی ئیسرائیلی گەلی خۆم چیم لێکردووە. 13 ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێوە ئەم کردەوانەتان کردووە، من پێش وەخت چەند جارێک قسەم لەگەڵتان کرد، بەڵام گوێتان نەگرت. بانگم کردن، بەڵام وەڵامتان نەدایەوە. 14 لەبەر ئەوە، چیم بە شیلۆم کرد،[a] ئاوا بەو پەرستگایە دەکەم کە ناوی منی هەڵگرتووە کە ئێوە پشتتان پێی بەستووە، ئەو شوێنەی دامە ئێوە و باوباپیرانتان. 15 لەبەردەمم دەرتاندەکەم، وەک چۆن براکانتانم دەرکرد، هەموو نەوەی ئەفرایم.“
16 «تۆش نزا بۆ ئەم گەلە مەکە، لەبەر ئەوان نوێژ و نزا بەرز مەکەوە و لێم مەپاڕێوە، چونکە گوێت لێ ناگرم. 17 ئایا نابینیت لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم چی دەکەن؟ 18 منداڵ دەچنە داران، باوک ئاگر دەکەنەوە، ژن هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی[b] ئاسمان بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن. 19 بەڵام ئایا ئەم پەستکردنە لە دژی منە؟ ئایا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بۆ شەرمەزاری ڕووی خۆیان؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا تووڕەیی و هەڵچوونی من بەسەر ئەم شوێنەدا هەڵدەڕژێت، بەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و درەختی کێڵگە و بەروبوومی زەوی، گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.
21 «”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: قوربانی سووتاندنەکانتان بخەنە سەر قوربانییە سەربڕدراوەکانتان و فەرموون گۆشت بخۆن، 22 چونکە کاتێک لە خاکی میسرەوە باوباپیرانی ئێوەم دەرهێنا لەگەڵیان دوام، تەنها سەبارەت بە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو فەرمانم پێ نەکردن، 23 بەڵکو فەرمانی ئەم شتەم پێ کردن و فەرمووم: ’گوێم لێ بگرن، من دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من، بە هەموو ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە فەرمانتان پێ دەکەم بۆ ئەوەی بۆتان چاک بێت.‘ 24 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان شل نەکرد، بەڵکو بە ڕاوێژ و کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆیان ڕێگایان گرتەبەر، جا دواکەوتن و پێش نەکەوتن. 25 لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانتان خاکی میسریان بەجێهێشت هەتا ئەمڕۆ، من بەردەوام یەک لەدوای یەک بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردوون. 26 بەڵام گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد و کەللەڕەقییان کرد، لە باوباپیرانیان زیاتر خراپەیان کرد.“
27 «جا تۆش بە هەموو ئەم پەیامە لەگەڵیان دەدوێیت، گوێت لێ ناگرن، بانگیان دەکەیت، وەڵامت نادەنەوە. 28 لەبەر ئەوە پێیان دەڵێیت: ”ئەمە ئەو نەتەوەیەیە کە گوێیان لە یەزدانی پەروەردگاریان نەگرت و تەمبێ نەبوون، ڕاستی نەماوە، لە دەمیان بڕاوەتەوە. 29 قژت ببڕە و فڕێیبدە، لەسەر گردۆڵکەکان شیوەن بگێڕە، چونکە یەزدان ڕەتی کردووەتەوە و وازی لەم نەوەیە هێناوە کە تووڕەییەکەی لەسەریەتی.“
دۆڵی کوشتن
30 «یەزدان دەفەرموێت: ”نەوەی یەهودا لەبەرچاوم خراپەیان کردووە، بتە قێزەونەکانیان لەناو ئەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە، بەمە گڵاوییان کرد. 31 هەروەها نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکانی تۆفەت بنیاد ناوە، ئەوەی لە دۆڵی بەنهینۆمە بۆ سووتاندنی کوڕەکانیان و کچەکانیان بە ئاگر کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. 32 یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە، ئاگاداربن! سەردەمێک دێت ئیتر پێی ناگوترێ تۆفەت یان دۆڵی بەنهینۆم، بەڵکو دۆڵی کوشتن، چونکە لە تۆفەت دەنێژرێن هەتا شوێنی نامێنێت. 33 تەرمی ئەم گەلە دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، کەسیش نییە بیانڕەوێنێتەوە. 34 دەنگی شادی و دەنگی خۆشی، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ناهێڵم، چونکە خاکەکە وێران دەبێت.“
8 «یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن. 2 بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە. 3 هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“
گوناه و سزا
4 «پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟
یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟
5 بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟
بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟
دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە،
ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.
6 بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد،
بەڵام ڕاستی ناڵێن.
کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و
بڵێت: ’چیم کرد؟‘
هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی،
وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.
7 تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان
کاتی خۆی دەزانێت،
کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش
کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن،
بەڵام گەلەکەی من نازانن
یەزدان داوای چییان لێ دەکات.
8 «”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین،
چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘
لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات
بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟
9 داناکان ڕیسوا دەبن،
دەتۆقن و پێوە دەبن.
ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە،
ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟
10 لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە،
کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن،
چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە
هەموو پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین
هەموو ساختە دەکەن.
11 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘
بەڵام ئاشتی نییە.
12 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم،
نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت،
نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە،
گەڵاکانیش سیس دەبن.
ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»
14 «ئێمە بۆچی دانیشتووین؟
با کۆببینەوە!
با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و
لەوێ لەناوبچین!
یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە،
ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات،
لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد.
15 چاوەڕێی ئاشتی بووین،
بەڵام چاکە نەبوو.
چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین،
بەڵام ئەوەتا تۆقین.
16 پڕمەی ئەسپەکانی ئەو
لە دانەوە دەبیسترێت،
لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی
هەموو زەوی دەلەرزێت،
جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن،
زەوی و هەرچی تێیدایە،
شار و دانیشتووانەکەی.»
17 «ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان،
کە نوشتەیان لێ ناکرێت،
ئینجا پێتانەوە دەدەن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت،
دڵم دەردەدارە.
19 ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم
لە خاکێکی دوورەوە دێت:
«ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟
یان پاشاکەی تێیدا نییە؟»
«بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم،
بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»[c]
20 «دروێنە تێپەڕی،
هاوین تەواو بوو،
ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»[d]
21 لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم،
خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.
22 ئایا لە گلعاد هەتووان[e] نییە؟
ئایا پزیشک لەوێ نییە؟
ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم
ساڕێژ نابێت؟
9 خۆزگە سەرم گۆمی ئاو بووایە و
چاوەکانم جۆگەی فرمێسک،
جا شەو و ڕۆژ دەگریام
بۆ کوژراوەکانی گەلەکەم.
2 خۆزگە دیوەخانێکم لە چۆڵەوانی هەبووایە،
جا وازم لە گەلەکەم دەهێنا و لەلای دەڕۆیشتم،
چونکە ئەوان هەموو داوێنپیسن و
کۆمەڵی ناپاکانن.
3 «زمانیان ئامادە دەکەن
وەک کەوانێک بۆ هاویشتنی درۆ،
بەسەر خاکەکەدا زاڵ بوون،
بەڵام بە ڕێگای ڕاستی نەبوو،
چونکە لە خراپەیەکەوە دەچنە خراپەیەکی دیکە،
بەڵام دان بە مندا نانێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 «با هەریەکە وریای خۆی بێت لە برادەرەکەی،
پشت بە هیچ برایەک مەبەستن،
چونکە هەموو برایەک وەک یاقوب هەڵخەڵەتێنەرە[f] و
هەموو برادەرێک بوختانکەرە.
5 هەرکەسە و برادەری خۆی فریودەدات،
کەس بە ڕاستی نادوێت.
زمانی خۆیان بە درۆ ڕاهێناوە،
خۆیان لە خراپە ماندوو بوون.
6 تۆ لەناو فرتوفێڵ دادەنیشیت،
بە فرتوفێڵ ڕەتیان کردەوە دان بە مندا بنێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من دەیانپاڵێوم و تاقییان دەکەمەوە،
لەبەر گوناهەکانیان چارەسەرێکی دیکە نییە بۆ گەلەکەی من.
8 زمانیان تیری کوشندەیە و
بە دەمیان فێڵ دەکەن.
هەرکەسە بە هاوڕێکەی دەڵێت، ”ئاشتی“،
بەڵام لە ناخییەوە بۆسەی بۆ دەنێتەوە.
9 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 بۆ چیاکان گریان و شیوەن دەگێڕم،
بەسەر لەوەڕگاکانی چۆڵەوانیدا دەلاوێنمەوە،
چونکە ئەوان وێران بوون و کەس پێیدا تێناپەڕێت،
دەنگی مێگەل نابیسترێت،
باڵندەی ئاسمان ڕایانکرد،
ئاژەڵ ڕۆیشتن.
11 «ئۆرشەلیم وێران دەکەم،
دەیکەمە داڵدەی چەقەڵ،
شارۆچکەکانی یەهودا دەکەمە کاولگە
بەبێ دانیشتووان.»
12 کێ کەسێکی دانایە و ئەمە تێدەگات؟ کێ ئەوەی یەزدان فێری کرد دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە؟ بۆچی زەوی لەناوچوو، چۆڵەوانی وێران بوو، کەس ناتوانێت لێی بپەڕێتەوە؟
13 یەزدان فەرمووی: «لەبەر ئەوەی وازیان لە فێرکردنەکەم هێنا، ئەوەی خستمە پێشیان پەیڕەویان نەکرد، گوێڕایەڵی من نەبوون. 14 لەبری ئەوە، بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتن، بەدوای بەعلەکان کەوتن، کە باوباپیرانیان فێریان کردن.» 15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووت دەرخواردی ئەم گەلە دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم. 16 بەناو چەندین نەتەوەدا پەرتیان دەکەم کە نە خۆیان و نە باوباپیرانیان نەیانناسیون، بە شمشێریش ڕاویان دەنێم هەتا لەناویان دەبەم.»
17 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«سەرنج بدەن! بانگی ژنە ماتەمگێڕەکان بکەن هەتا بێن،
بنێرن بەدوای ژنە شارەزاکان.
18 با خێرا بێن و دەنگی شیوەن بەسەرماندا هەڵبڕن،
چاوەکانمان فرمێسک بڕێژێت و
پێڵووەکانمان ئاویان لێ هەڵبقوڵێت.
19 چونکە دەنگی شیوەن لە سییۆنەوە بیسترا،
”چۆن تێکدراین!
چەند شەرمەزار بووین!
چونکە زەوییەکەمان بەجێهێشت،
چونکە ماڵەکانمان کاول کران.“»
20 ئەی ژنان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
گوێ لە فەرمایشتی دەمی ئەو بگرن.
کچەکانتان فێری شیوەن بکەن،
هەر ژنێکیش دەستەخوشکەکەی فێری ماتەم گێڕان بکات.
21 مردن بە پەنجەرەکانمان هەڵگەڕا،
هاتە ناو قەڵاکانمانەوە،
بۆ قڕکردنی منداڵان لە کۆڵان و
لاوان لە گۆڕەپانەکان.
22 بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”تەرمی مرۆڤ دەکەوێت،
وەک زبڵ بەسەر ڕووی کێڵگەوە،
وەک چەپکی دوای دروێنەکەر،
کەس نییە کۆی بکاتەوە.“»
23 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«با دانا شانازی بە دانایی خۆی نەکات،
با پاڵەوان شانازی بە پاڵەوانیێتی خۆی نەکات،
با دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندیێتی خۆی نەکات،
24 بەڵکو ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بەمە بکات:
کە لە من تێدەگات و دەمناسێت،
کە من یەزدانم، ئەوەی خۆشەویستی نەگۆڕ و
دادوەری و ڕاستودروستی لەسەر زەوی دەهێنمە دی،
چونکە خۆشی لەمانە دەبینم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
25 یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە تەنها بە لەش خەتەنە کراون، 26 خەڵکی میسر و یەهودا و ئەدۆم و عەمۆن و مۆئاب و قژبڕاوەکانی[g] دانیشتووی چۆڵەوانی. هەموو نەتەوەکان خەتەنە نەکراون و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش دڵیان خەتەنە نەکراوە[h].»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.